١٩\٤\٢٠١٦
ئەنفال چی
پێگوتین، ئەنفال چی فێرکردین!

ستار محەمەد قادر
بەیەقینەوە هیچ، کورد نایەوێ کۆدەکانی ئەنفال بشکێنێ و لێی تێبگا، تا
لێیشی تێنەگا، وانەی لێ وەرناگرێ، بۆیە وەکو بینیمان جارێکی تر لەسەر
دەستی دەوڵەتی بەنێو ئیسلامی، کوردانی یەزیدی ئەنفال دەکرێنەوە. کورد
میللەتێکی شەرمنە، بۆیە تا ئێستا ناتوانێ بەشێوەیەکی شێلگیرانە ئیش بۆ
کەیسی ئەنفال بکا و لە ئاستی دادگای نێو دەوڵەتی بەجینۆساید بیناسێنێت،
چونکە تەنها سەر قاڵی موجامەلەکردن و خۆش دووانیە، میللەتێکیش توانای
ئەوەی نەبێ هۆکارەکان، بەشێوە زانسیتی و مەعریفیەکەی دەستنیشان بکاو
ئازایانە تیشک بخاتە سەریان، دەبێت لەژێر چرپەی لێوەوە بۆ ئەوەی خۆی
لەخشتەبەرێ، لە یادی تاوانەکاندا بە شیعر و پەخشانەوە خۆی سەرقاڵ بکا!
کورد تا ئێستا ئەوەی نەورژاندوە، بەعس بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال
بهرەی لەچییەوە وەرگرتووەو پشتی بەچی ئایدیا یان ئایدۆلۆژیایەک
بەستووە؟ وا بێ سڵەمینەوە لە هیچ شتێک، تاوانێکی بەو شێوەیە قەبارە
گەورە ئەنجام ئەداو، ناویشی لێی ئەنێت (ئەنفال) ئایا ئەو ناوە بە واتای
ئەوە دێت کە کورد وەکو کافر بەوانیتر بناسێنێ؟ یان وەکو موسڵمانێکی
یاخی بەناسنامەی نەتەوەیەکی ترەوە؟ نەتەوەیەک بووە بەموسڵمان، لێ
نەبووە بە عارەب!
لێرەدا دەخوازم، ئەو پاساوانە بەدرۆ بخەمەوە کە گوایا ووڵاتانی عارەبی،
تا ئەم ساڵانەی دوایی، نەیانزانیوە کورد میللەتێمی مووسڵمانە، ئەگەر
لەماوەی پتر لەهەزار ساڵ ئەو راستییەیان نەزانیبێت، کەواتا پرۆسەی
داگیرکردنی کوردستان و بەمووسڵمانکردنی، رەنگە لەنێو مێژوویاندا رەش
کرابێتەوە، چونکە کورد بووە بەمووسڵمان، بەڵام دەسبەرداری ناسنامەی
کورد بوونی خۆی نەبووە، ئەمەش لەلای ئەقڵییەتی عارەبی و دونیا بینی
ئەوان قابیلی قبووڵ نییە، بۆیە ئەوان نایانەوێت هەر نەتەوەیەک کە لە
ژێر قەڵەمڕەو و دەسەڵاتی ئەواندا بێت و دەسبەرداری ناسنامەی خۆی نەبێت
بیناسن و لەڕێی ناسنامە ئیسلامیەکەوە وەکو نەتەوەیەکی خاوەن ماف
تەماشای بکەن، بەواتایەکی تر ئەمە بەشێکە لەکلتووری عارەب، لەنێو
فەرهەنگیاندا جێگیرە، ئەو " تعارف " ەیش، کە لەقورئاندا هاتووە، بۆ
ئەوە نەبووە کە عارەب نەتەوەکانی تر بناسێ و بەچەمکی پێکەوە ژیان
ئاشنایان بکات، بەڵکو بۆ ئەوە بووە تا کۆتایی بەو شەڕە شڕە خۆرییە
بهێنن، کەلەنێو خێڵەکانی عارەبدا رەگی داکووتابوو، ئەگینا عارەب
دەبوایە هەر لەسەرەتای ئیسلامەوە کوردیان بناسیایەو وەکو برا یان
دراوسێیەک مامەڵەیان لەگەڵیدا بکردبایە!
بۆ کردنەوە کۆدەکانی ئەنفال، کورد دەبێت سڵ لەهیچ شتێک نەکاتەوە، ئەگەر
بارو دۆخی ناوچەکەش ئەو بووراەمان پێ نادا، پێویستە لەسەر نووسەران و
ئەکادیمیستەکان، نەک تەنها قسە لەسەر ئەنفال بکەن، بەڵکو قسە لەسەر
ئەوە بکەن، کەلەنێو کام فەرهەنگ و کلتووردا شوێنی ئەنفال کراوەتەوە، تا
نەگەڕێینەوە بۆ ئەو پاشخانە فیکریەی کە بیرۆکەی ئەنفالی لەسەر
بونیاتنراوە، ناتوانین لەحەقیقەتی ئەنفال بگەین، دەبێ خۆمان لەئاستی
پەیامی ئەنفال و وانەوەرگرتنی بدزینەوە؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|