په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەنفال ...
مەزلومیەتى کوردو دڕندەیى بەعسى گەیاندە لوتکەى تاوانەکان.


بەهرەوەر مەرزانى


ئەگەر بۆ رابردوو بگەرێینەوەو چاوێک بەمێژوودا بگێڕینەوە دەبینین سروشتى داگیرکەران وایە کەبەپێى بەرنامەیەکى نەخشە بۆ داڕێژراوى شۆڤێنیانەى دوور لە هەموو بەهایەکى مرۆڤایەتى هەوڵدەدەن گەلانى ژێر دەست لەسادەترین مافەکانى مرۆڤ بوون بێبەش بکەن و لەپێناو درێژەدان بەو داگیرکارییە کولتورو فەرهەنگێک بەسەریاندا بسەپێنن جگە لە بەرژەوەندى داگیرکارانەى خۆیان هیچى ترى بۆ گەلانى ژێر دەست تێدا نەبێت .


گەلى کورد وەک یەکێک لە نەتەوە ژێر دەست و هەرە مەزلومەکانى دونیا هەر لەسەرەتاى داگیرکردن و دابەشکردنى نیشتمانەکەى لەدواى شەڕى چاڵدێران لەساڵى 1514 بەدڕندانەترین شێوە چەوسێندراوەتەوەو کۆنەپەرستترین کولتورو فەرهەنگى بەسەردا سەپێندراوەو لەزۆربەى هەرە زۆرى قۆناغەکاندا تەنانەت مافى هاوڵاتى بوون و کورد بونیشى لێزەوت کراوە ، باشورى کوردستان وەک بەشێکى داگیرکراوى نیشتمانەکەمان دواى لکاندنى بەدەوڵەتى عێراقەوە جگە لەکوشت و بڕین و ماڵوێرانى هیچى ترى لەو وڵاتە نەبینیوەو بەدرێژایى مێژووى دروستبوونى ئەو وڵاتە رژێمە یەک لەدواى یەکەکانى هەریەکەو بەپێى بەرنامەیەکى دوژمنکارانەى نەخشە بۆ داڕێژراو بەدڕندانەترین شێوە کەوتونەتە وێزەى خەڵکى نیشتمانەکەمان بەمەبەستى لەناو بردنى بیرى نیشتمانى تاکى کوردو سڕینەى ناسنامە نەتەوەییەکەى ، رژێمى بەعسى روخاو کە بەیەکێک لەمەترسیدارترین و دڕندەترین رژێمەکانى ئەو وڵاتە دادەنرێت هەر لەسەرەتاى هاتنە سەر دەسەڵاتیەوە بەهەموو شێوەیەک هەوڵى قڕکردنى گەلەکەمانى داوە هەر لە تەعریب و راگواستن و روخانى زیاتر لەچوار هەزار گوندى کوردستان و ئەنفالى بارزانیەکان و کیمیا بارانکردنى گوندو شارۆچکەکانى کوردستان تادەگاتە ئەنفالە بەدناوەکان کە بەچەند قۆناغێک لەدژى گەلەکەماندا جێبەجێکراو زۆربەى ناوچەکانى باشورى کوردستانى گرتەوە .


ئەنفال یەکێکە لەقێزەونترین تاوانى دژى مرۆڤایەتى کە لەکۆتایى هەشتاکانى سەدەى رابردوودا روو بەڕووى گەلەکەمان بوەوەو لەئاکامدا زیاتر لە (182) هەزار مرۆڤى سڤیلى کورد لە کچ و کوڕو ئافرەت و پیاوو منداڵ بەرەو زیندان و کولانە تاریکەکانى رژێمى سەدامى گۆڕ بەگۆڕ کراو راپێچکران و دواتر دوور لەهەموو بەهایەکى ئەخلاقى و ئینسانى و بەپێچەوانەى بەندەکانى جاڕنامەى مافى مرۆڤ بەکۆمەڵ زیندە بەچاڵ کران و بوونە قوربانى سیاسەتە رەگەز پەرستانەکەى رژێمى بەعس کە تەنها تاوانێک هەیانبووبێت کورد بوون .


عێراق ئەو وڵاتە پڕ لەمەرگەسات و روبارى خوێنەى جگە لەزڕاندنى خەون و ئاواتەکانى گەلانى ژێر چەپۆکى رژێمە شۆڤێنیە یەک لەدواى یەکەکانى تا بەئەمڕۆش دەگات بۆ ساتێکیش نە گەلى کوردو نەگەلانى ترى ئەو وڵاتە خێریان لەو نیشتمانە نەدیوەو بەدرێژایى مێژووى دروستبوونى گەلەکەمان تیایدا بەشى هەر قڕکردن و وێرانکردنى نیشتمانەکەى بووە کە لەداهاتوشدا مەحاڵە بتوانرێت لەو وڵاتە سەقەت و بەزۆر داتاشراوە عێراقێکى ئارام و سەقامگیرى دوور لە شەڕو کوشتن و بڕین پێک بهێنرێت چونکە ئەو وڵاتە پێکهاتەیەکى سەقەتى هەیەو لەچەند نیشتمان و نەتەوەیەکى جیا کە هەریەکەیان خاوەن کولتورو فەرهەنگى تایبەتى خۆیانن و بەبێ پرسى دانیشتوانەکەى پێک هێنراوە .


ئەمڕۆ لەکاتێکدا بیست و یەک ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێپەڕدەبێت و هێشتا زامەکانى ئەو کارەساتە سارێژ نەبووەو بەهەزاران لەرۆڵەکانى گەلەکەمان بێسەرو شوێنن ، ئەنجام دەرانى ئەو تاوانە کەم وێنەیە بەفەرمانى دادگا حوکمى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە ، کەچى تا ئێستا ئەو حوکمە جێبەجێنەکراوەو هەندێک لایەن و کەسانى کوردى عێراقى بێشەرمانە داواى جێبەجێنەکردنى حوکمى لەسێدارەدانى ئەو تاوانبارانە دەکەن .


بۆیە پێویستە سەرکردایەتى سیاسى کورد هەرچى زوترە هەموو هەوڵ و کۆششێکیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەى تاوانبارانى ئەنفال بەپێى یاسا سزاى ئەو تاوانە نامرۆڤانەیەى خۆیان وەربگرن تاکو سەرانى ئەو رژێمە ببنە عیبرەت بۆ هەموو دیکتاتۆرەکانى دونیاو داگیرکەرانى بەشەکانى ترى کوردستان ، کە تازووە دەست لەکوشتن و بڕینى رۆڵەکانى گەلەکەمان هەڵبگرن ، ئەگینا ئەوانیش هەمان چارەنووسى رژێمى سەددام و دارو دەستەکەى چاوەڕێیان دەکات .


لەلایەکى دیکەوە ئەرکى پەرلەمان و حکومەتى کوردستانە بەرنامەى سڕینەوەى ئاسەوارەکانى ئەنفال و کیمیابارانکردنى هەڵەبجەو دەیان دەڤەرى دیکەى کوردستان و زیاتر گرنگیدان بەئاوەدانکردنەوەى زیاتر لەچوار هەزار گوندى خاپوورکراوى نیشتمانەکەمان بخەنە پێشینەى بەرنامەى کارە خزمەتگوزاریەکانیان و قەرەبووى کەسوکارى ئەنفالکراوەکان و قوربانیانى دەستى رژێم بکەنەوە .

 


Bahrawar_s@yahoo.com