په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠١٢

ئەنفال نەک جینۆساید.


فەلاح مورادخان شاکرم


ئەنفال سورەتی ٨ کتێبی قورئان بەمانای "دەسکەوت ، تاڵانکردن ، بەحەڵاڵ زانینی موڵک و ماڵی دەستبەسەراگیراوی شەڕ " ئەنفال باشترین پێناسەیە بۆ چڕکردنەوەو کۆکردنەوەی سەرجەمی ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردوستان ئەنجامدراوە بەتایبەتی تاوانە ڕێکخراوە پلان دارێژراوەکانی حیزبی بەعس کە ھاوکات لەگەڵ ھەڵگیرسانی شەڕی ئێران عێراق کە سەرەتاکانی لە ساڵی ١٩٧٩ وە دەستپێئەکات بە چۆڵکردنی گوندە سنوریەکان و دامەزراندنی گۆمەڵگە زۆرە ملێییەکان تا ترۆپکی تاوانەکان کە لەساڵی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨ و ھەر ھەشت قۆناغەکەی ئەنفال و کیمیابارنی ناوچەکانی کوردوستان لە شێخ وەسانانەوە تا ھەڵەبجە و لەو نێوەندەشدا چەندان گوندو شارو شارۆچکەی دیکە ..


ئەنفال وشەیەکە گەورەترە لە جینۆساید .. ئەنفال وشەیەکە وەک " ھۆلۆکۆست " ئەگەر بە ھەر جولەکەیەک بڵێیت بۆ ھۆلۆکۆستتان بە جینۆساید نەناساند " ڕەنگە بە نەفام و کەم عەقڵت بزانێت " چونکە ھۆلۆکۆست باشترو پڕماناتر و مەزنتر لە جینۆساید پێناسی کارەساتەکانی کوشتن و سوتاندنی نزیکەی ١٢ ملیۆن جولەکە ئەکات نەک جینۆساید ، مانای ھۆلۆکۆست " سوتانی تەواوەتی قوربانیەکانە بۆ خواوەندەکان " لەم مانایەوە ئەنفال وەک سورەتێکی ئاینی بەکار ھات بۆ قڕکردنی مرۆڤەکان و شێواندنی دیمۆگرافیا و لەناوبردنی ژینگەو ژێرخانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ..


بەکار ھێنان و سودوەرگرتن لە ئەنفال بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم ئەو تاوانە گەورانەی بەرانبەر بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردوستان کراون کەمکردنەوەو دابەزاندنی ئاست و پلەی ھیچ یەکێک لەو تاوانانە نیە و ھەڵەش نیە تاوانێک پێش یان پاش پرۆسەی ئەنفال ڕویدابێت بخرێتە چوارچێوەی ئەنفالەوە ! ئەگەر نا ئەبێت ڕۆژێک کاولکردنی گوندەکان بناسێنین ڕۆژێکی دی تاوانەکانی کیمیابارانی یەک لەدوای یەک بەتایبەتی ھەڵەبجە ، ڕۆژێک تەعریب ، ڕۆژێک تەبعیس ، ڕۆژێک تاوانی فەیلیەکان ، ڕۆژێکی دیکە بەرزانیەکان ، ڕۆژێک گەرمیان یاخود کوێستان .. تادوایی ؟ بێجگە لە قوربانیانی بەندیخانەکان گۆڕە بەکۆمەڵەکان ..شێواندنی کەسایەتی مرۆڤ و جەنگە یەک لەدوای یەکەکان و ئەسیربوون و کوژران و چەندان و چەندان نەھامەتی دیکە ، مەبەستی سەرەکی کۆی ئەم تاوانانە ئەنفالە و ئەنفال گونجاوترین ناوە بۆ کۆکردنەوەی تاوانەکان وە ناساندنی ئەنفال ئەبێتە پێناسە بۆ ھەموو تاوانەکانی دیکە نەک وەک بەڕێز " عمری حاجی عەنایەت " کە ڕۆشەنبیرێکی ھەڵەبجەیە پێی وایە بە ناساندنی ئەنفال لە پەرلەمانی سوید کەیسی ھەڵەبجە بەکارھاتوەو ناوی ھەڵەبجە نەھاتوە !


جولەکەکان نزیکی ٣٠ ساڵێکیان پێویست بوو تا ھۆلۆکۆستیان ناساند .. لە تاوانی دژە مرۆڤایەتی وا مەترسیدار دا ، چەندە کاتیشی بەسەردا تێپەڕێت ھێشتا بواری ئیشکردنی تێدایە .. ھەربۆیە من بەگرنگی ئەزانم لەباتی خۆسەرقاڵکردن بەوەی سوید چی ناساند و لەچ کون و قوژبنێکی دیکەی ئەم گەردونەدا ھەوڵ بدەین ھەڵەبجە .. گۆپتەپە .. گەرمیان و کوێستان بناسێنین با لەناوخۆ ئیش بۆ زیندو ڕاگرتنی پرسەکان و تێگەیشتنی زیاتر لێیان بکەینە ئامانج ..


تێزە گشتیەکان خەریکە لە ناوەرۆک بەتاڵ ئەبنەوە بۆ نمونە گەورەترین دز باسی گەندەڵیت بۆ ئەکات .. زبر ترین مرۆڤ فەلسەفەی توندوتیژیت بۆ شیئەکاتەوە.. چەندین نمونەی دیکە ھەیە!! وڵاتانێکیش کە قات و قڕی مرۆڤەکان ئەکەن تاوانێک بە جینۆساید ئەناسێنن یان نایناسێنن ئەو تێزە گشتیانە ئەگەر ناوەرۆکێکی بەھێز و تایبەتمەندیان لەگەڵ نەبێت ھیچ مانا بەخش نابن .


گەورەترین ماناش بۆ تاوانەکانی ڕژێمی بەعس ئەنفالە بەپێوەری نەتەوەیەکگرتوەکان و سوید و ڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمریکا نا بەڵکو بە پێوەری ھاوڵاتیەکی کورد کە لەساڵی ١٩٧٩ چەندین جار گوندەکەی ڕوخاوە .. کوڕەکەی براوەتە بەرەکانی شەڕ .. ناوچەکەی تەعریب کراوە .. خزمەکانی لە زیندان ئەشکەنجەدراون .. دراوسێکانی کیمیابارن کراون .. زاوایەکی فەیلیە ..بوکەکەی بەرزانیە .. حەزی لەھەناری کانی عاشقان بوەو ئێستا ئەو ھەنارە پڕە لە ژەھر ..لە عەرعەرەوە ئیسک و پروسکێکی بۆ دێتەوە لەھی ھەموو کەس و کارو دراوسێ و میوەو داروپەردوی گوندو شارو شارۆچکە ڕوخاوەکان ئەچێت ..


ناساندنی ھەمووئەم تاوانانە بەجینۆساید .. تاوانێکی دیکەیە بەرانبەر بە مێژوی تاوانەکان و ئەنفال یەکەم ڕاستە ھەنگاوە لەدوای ٢٥ ساڵ بۆ ناسینی تاوانە گەورەکانی دژە مرۆڤایەتی لە ھەرێمی کوردوستاندا .
_________________________________
من بۆ خۆم دەربازبویەکی تاوانی ئەنفالم بەتایبەتی کیمیابارانی ھەڵەبجە.

 

 

shakaramm@gmail.com
07701588173

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک