١٤\٤\٢٠١١
ئەنفال... زامێکی
ساڕێژنەبوو.

عەبدوڵا ئەحمەد حەمید
رژێمی تۆتالیتاریزمی بەعسی لەساڵی 1988دا بڕیاری قڕکردنی گەلی کورد
بەپلان و نەخشەبۆراکێشراو دابوو و لەچەندین پرۆسەى هەڵکوتانە سەر
گەلەکەماندا لەناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستاندا بەهێزێکی زۆر لەسوپا
و ئیستیخبارات و ئەمن ... هتد وە بەپاڵپشتی جاشە خۆفرۆشەکان توانی
هەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانە لەپیر و منداڵ و ژن و گەنج راپێچی
نوگرەسەلمان و زیندانە تاریکەکانی تری عێراق بکات و بەئاشکرا و لەپێش
چاوى هەموو دونیادا ئەنفال و زیندەبەچاڵیان بکات و بەبێ ئەوەى نەهیچ
رێکخراوێکی مافی مرۆڤى جیهانى بێتە گۆ لەمەڕ ئەو کارەساتە و نەهیچ هێز
و لایەن و دەوڵەتێکى دەرەکی هەڵوێستی مرۆڤانەیان پیشانبدەن بەوەى کە
رژێمی بەعسی عەفلەقی بەسەر گەلی کوردا هێنای و توانی زیاتر لە 182هەزار
کەس ئەنفال و بێسەروشوێن بکات.
ئەوەى کەمێک ویژدانی بێت بێگومان گەورەی ئەو کارەساتەى هەرگیز بیرناچێ
کە کوردان لەچ دۆخێکدا ژیابوون ئەوی رۆژێ وە تا هەنوکەش ئەوەتا
کاردانەوەی ئەنفالمان لەپێش چاوە ئاسەوارەکەى هەر ماوە وەک زامێکی
سارێژنەبووى لێهاتوە و هەزاران دایک و کەسوکارى ئەنفالکراوەکان هەن تا
ئێستاش جل و بەرگ و شت و مەکى ئازیزانیان هەڵگرتوە و ئێستاش بەخەیاڵ و
ئەندێشەى ئەوانەوە دەژین کەم کەس هەیە لەم کوردستانە کە خزم و کەس و
کارى ئەنفال نەبوبێ و ئەو رۆژە رەشانەی بیرنەبوبێ و کاردانەوەکانی
لەبیر نەچوبێ کە هەزاران ژنی بێوەژن کرد و هەزاران پیاوی بێوەپیاو کرد
و هەزاران منداڵی بێ دایک و باوک کرد ئاخر ئەوە چ ویژدانێک بوو؟! ئاخر
ئەوە چ ئاینێک بیرو باوەڕیەکە کە رێگە بەزیندەبەچاڵکردنی خەڵکی
بێتاوانیدا؟!
ئەوەى کە لەم سەردەمەدا لەسەر ئێمەیە بەوەى کە بتوانین بەهەموو
هێزێکمانەوە لەهەموو لایەکەوە دەبێت هەوڵی بەجینۆساید ناساندنی
کارەساتى ئەنفال بدرێت، چونکە ئەو کارەساتەى کە بەسەر کوردا و
لەئەنفالی شومدا هێنرا هیچی لەکارەستاکەى هیرۆشیما کەمتر نییە، وە بۆ
ئەوەى نەوی نوێشمان لەروداوەکانی هەشتاکانی سەدەى رابردوو نامۆ نەبن
دەبێت کە ئەو کارەسات و روداوانەى کە بەسەر کوردا هێنراون هەمیشە ئەو
رۆژانەیان بیربخەینەوە کەوا کورد قڕان راگەیەندرابوو.
ئەوەى کە دەبێت هەردوو حکومەتى هەرێم و ناوەندی بیکات بۆ ئەوەى هەندێ
دڵی خاوەن ئەنفالکراوەکان هێروربکاتەوە وە برینەکانیان سارێژبکاتەوە
ئەویش ئەوەیە کەوا دەبینین و دەیان جاریش باسکراوە،بەڵام جێبەجێ
نەکراوە، کە ئەویش دادگایی کردنی جاشەکانە و بەشێکی زۆر لەو جاشانەى کە
دەستیان هەبووە لەئەنفالکردندا وە بەگەواهی سەدان کەس تاوەکو ئێستا
بەئارەزووى خۆیان لەشارەکانی هەرێم و عێراقدا دەژین و چەندین جار و
چەندین رێکخراو بەلیست ناوى جاشەکانیان بڵاوکردوەتەوە کە دواین لیست
ناوى نزیکەى 250 جاشی تێدایە دەبێت هەوڵی دەستگیرکردن و دادگاییکردنیان
بدرێت.
هەروەها خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە پێویستە هەموو ساڵێک لەرۆژی 14/4دا
ئاڵای رەش هەڵبدرێت و هەروەک چۆن شیعەمەزهەبەکان لەمانگى موحەرەمدا
ئەوەندە باوەڕیان بەرێبازەکەیان هەیە دەبینین هەزاران ئاڵا هەڵدەدەن و
بەهەزاران چالاکى ئاینی یادى موحەرەم دەکەنەوە، بۆیە ئێمەش دەبێت بەو
شێوەیە یادى ئەنفال بکەینەوە.
ماڵپهڕی عهبدوڵا ئهحمهد
|