په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٢

ئەنفال.. زامێکی ساڕێژنەبوو.


عەبدوڵا ئەحمەد حەمید  


رژێمی تۆتالیتاریزمی بەعسی لەساڵی ١٩٨٨دا بڕیاری قڕکردنی گەلی کورد بەپلان و نەخشەبۆراکێشراو دابوو و لەچەندین پرۆسەی ھەڵکوتانە سەر گەلەکەماندا لەناوچە جیاجیاکانی باشوری کوردستاندا بەھێزێکی زۆر لەسوپا و ئیستیخبارات و ئەمن ... ھتد وە بەپاڵپشتی جاشە خۆفرۆشەکان توانی ھەزاران رۆڵەی ئەم نیشتمانە لەپیر و منداڵ و ژن و گەنج راپێچی نوگرەسەلمان و زیندانە تاریکەکانی تری عێراق بکات و بەئاشکرا و لەپێش چاوی ھەموو دونیادا ئەنفال و زیندەبەچاڵیان بکات و بەبێ ئەوەی نەھیچ رێکخراوێکی مافی مرۆڤی جیھانی بێتە گۆ لەمەڕ ئەو کارەساتە و نەھیچ ھێز و لایەن و دەوڵەتێکی دەرەکی ھەڵوێستی مرۆڤانەیان پیشانبدەن بەوەی کە رژێمی بەعسی عەفلەقی بەسەر گەلی کوردا ھێنای و توانی زیاتر لە ١٨٢ھەزار کەس ئەنفال و بێسەروشوێن بکات.


ئەوەی کەمێک ویژدانی بێت بێگومان گەورەی ئەو کارەساتەی ھەرگیز بیرناچێ کە کوردان لەچ دۆخێکدا ژیابوون ئەوی رۆژێ وەتا ھەنوکەش ئەوەتا کاردانەوەی ئەنفالمان لەپێش چاوە ئاسەوارەکەی ھەر ماوە وەک زامێکی سارێژنەبووی لێھاتوە و ھەزاران دایک و کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ھەن تا ئێستاش جل و بەرگ و شت و مەکی ئازیزانیان ھەڵگرتوە و ئێستاش بەخەیاڵ و ئەندێشەی ئەوانەوە دەژین کەم کەس ھەیە لەم کوردستانە کە خزم و کەس و کاری ئەنفال نەبوبێ و ئەو رۆژە رەشانەی بیرنەبوبێ و کاردانەوەکانی لەبیر نەچوبێ کە ھەزاران ژنی بێوەژن کرد و ھەزاران پیاوی بێوەپیاو کرد و ھەزاران منداڵی بێ دایک و باوک کرد ئاخر ئەوە چ ویژدانێک بوو؟! ئاخر ئەوە چ ئاینێک بیرو باوەڕیەکە کە رێگە بەزیندەبەچاڵکردنی خەڵکی بێتاوانیدا؟!


ئەوەی کە لەم سەردەمەدا لەسەر ئێمەیە بەوەی کە بتوانین بەھەموو ھێزێکمانەوە لەھەموو لایەکەوە دەبێت ھەوڵی بەجینۆساید ناساندنی کارەساتی ئەنفال بدرێت، چونکە ئەو کارەساتەی کە بەسەر کوردا و لەئەنفالی شومدا ھێنرا ھیچی لەکارەستاکەی ھیرۆشیما کەمتر نییە، وە بۆ ئەوەی نەوی نوێشمان لەروداوەکانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو نامۆ نەبن دەبێت کە ئەو کارەسات و روداوانەی کە بەسەر کوردا ھێنراون ھەمیشە ئەو رۆژانەیان بیربخەینەوە کەوا کورد قڕان راگەیەندرابوو.


ئەوەی کە دەبێت ھەردوو حکومەتی ھەرێم و ناوەندی بیکات بۆ ئەوەی ھەندێ دڵی خاوەن ئەنفالکراوەکان ھێروربکاتەوە وە برینەکانیان سارێژبکاتەوە ئەویش ئەوەیە کەوا دەبینین و دەیان جاریش باسکراوە،بەڵام جێبەجێ نەکراوە، کە ئەویش دادگایی کردنی جاشەکانە و بەشێکی زۆر لەو جاشانەی کە دەستیان ھەبووە لەئەنفالکردندا وە بەگەواھی سەدان کەس تاوەکو ئێستا بەئارەزووی خۆیان لەشارەکانی ھەرێم و عێراقدا دەژین و چەندین جار و چەندین رێکخراو بەلیست ناوی جاشەکانیان بڵاوکردوەتەوە کە دواین لیست ناوی نزیکەی ٢٥٠ جاشی تێدایە دەبێت ھەوڵی دەستگیرکردن و دادگاییکردنیان بدرێت.


ھەروەھا خاڵی ھەرە گرنگ ئەوەیە پێویستە ھەموو ساڵێک لەرۆژی ١٤/٤دا ئاڵای رەش ھەڵبدرێت و ھەروەک چۆن شیعەمەزھەبەکان لەمانگی موحەرەمدا ئەوەندە باوەڕیان بەرێبازەکەیان ھەیە دەبینین ھەزاران ئاڵا ھەڵدەدەن و بەھەزاران چالاکی ئاینی یادی موحەرەم دەکەنەوە، بۆیە ئێمەش دەبێت بەو شێوەیە و بەھەمان حەماسەتەوە یادی ئەنفال بکەینەوە.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک