په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٣\٢٠١٠

ئەنیتا ئێسپاندەر:
هونەری شێوەکاری لە توانایدایە تێڕوانینی مرۆڤ لە بارەی خۆی و دنیاوە بگۆڕێت.

شوان سدیق و....


هونەرمەندى شێوەکارى دانیمارکى ئەنیتا ئێسپاندەر، دەڵێت "دوورى و نزیکى بۆ کێشانى وێنە پەیوەندى بەوەنییە کە هونەرمەند خۆى ئامادەگى هەبێت، یان لەبەردەم دیمەنى ناوچەیکدا، یاخوود لە تەنیشت شەلالى ئاوێک وێنەکان بکێشێت، چونکە ئەو هونەرە زۆرجار پەیوەندى بەتێڕامانەوە هەیە"، ئەو لە نزیکەوە زۆرێک لە هونەرمەندانى شێوەکارى کورد دەناسێت و بوونى مۆزەخانەیەکیش بەگرنگ دەزانێت، بۆ کۆکردنەوەى تابلۆى هونەرمەدانى کورد.


ئەنیتا ئیسپاندەر لەم دیمانەیەدا، سەرەتا باسى لە کێشانى هونەرى شێوەکارى کردو وتى "دووری و نزیکی، پەیوەندییان بە تێڕامانەوە هەیە بۆ ئەو شتەی، کە مەبەستمانە لێی ڕابمێنین، چونکە نە بەزەمەن و نە کیلۆمەتر حیساب ناکرێن، لەبەر ئەوە دەکرێت، ئێمە شتەکانی ناو ماڵەکەی خۆمان نەبینین، بەڵام لە دوورەوە هەست بە شتی دیکە بکەین، کە لە ڕۆحمانەوە نزیکن"، ئەنیتا بڕواشى بەبۆچوونى خۆیەتى و وتیشى "نابێت لە بیرمان بچێت، هیچ شتێک لە دەرەوەی مرۆڤەوە نییە، بۆیە هەر کاتێ لە خۆمان دەڕوانین، واتە لە دنیامان ڕوانیووە.


ئەو خانمە هونەرمەندە ئاشنابوونى خۆیشى لەگەڵ سروشتى کوردستان، ئاشکراکرد و دەڵێت "پەیوەندیی من بە کوردستان و سروشتی کوردستانەوە، بۆ ئەو کارەساتانە دەگەڕێتەوە، کە لەساڵانى هەشتاکاندا بەسەر ئەو نەتەوەیەو سرووشتەکەی هاتوون. بۆیە هەر ئەمەش وایلێکردم هێندە هەست بە نزیکی نێوان کوردستان و خۆم بکەم.


هونەرمەندى شێوەکار کە زۆربەی تابلۆکانى لە زەیتی ئاوی پێکهاتوون، ڕەنگەکان تاڕادەیەکی زۆر ڕەنگی بەهارین کە واتای ژیان و بەردەوام بوونیان تێدا بەر جەستە دەکرێت و تابلۆکانى سەرجەم جوانن و سەرنج راکێشن، ئەو لە و بڕوایەدایە، کارى شێوەکارى لەگەڵ ئەوەى پەیوەندى بە تێڕامانەوە هەیە، هاوکات دەشتوانێت گوزارشتێکى رووناک بینانە بەرجەستە بکات، لە ناو کۆمەڵگاو وێنە نەبینراوەکان نیشان بدات، لە کاتى ئاسایدا، ئەنیتا ئێسپاندەر دەڵێت "هونەری شێوەکاریش وەکو هەر هونەرێکی دیکە دەتوانێت، کار لە مرۆڤ و لە کۆمەڵگا بکات، لەبەر ئەوە مادام هونەرەکە پشت بە تێڕامان و ڕەنگ و هێڵەوە دەبەستێت، کە ئەوانەش ژیانن. بۆیە هونەری شێوەکاری دەتوانێت ئەو وردەکارییانەی دنیامان نیشان بدات، کە لە کاتی ئاساییدا نەماندیون.


ئەو خاتوونە نیگار کێشە پێیوایە، ناوچەیەک بەراورد بە ناوچەیەکى تر جیاوازییەکى ئەو تۆیان نییە، لە سرووشتدا، چونکە هەمووى مرۆڤەکانن دەبن هۆکار بۆ ناشیرن بوون و تێکدانى سروشت، ئەگینا سروشتەکان وەک یەکن، ئەنیتا دەڵێت "هەرچەندە من لە ڕێگای کارەساتەکانەوە کوردستانم ناسی و لێێ نزیک بوومەوە. بەڵام شوێنەکان لە یەکتر جیاوازن، کە هەر ئەمەشە وایکردووە، ئێمەش بینینی جیاواز لە خۆماندا بدۆزینەوە. بەڵام بە بۆچوونى من لە سرووشتدا، شوێنێک نییە لە شوێنێکی دیکە جوانتر بێت، پێموایە ئەو سروشتەى کە خراپ بووە، ئەوە مرۆڤەکانن دەشێوێنن. بۆیە ناتوانم بڵێم کوردستانى باشووریش لە شوێنێکی دیکە جوانترە.


لەگەڵ ئەوەى ئەنیتا ئێسپاندەر دیمەنى ناوچەکانى کوردستانى لە رێگاى تێڕامانەوە، بە وێنە کێشاوە، بەڵام بەرهەمى شێوەکارانى کوردستان، بە جوانى وەسف دەکات و دەڵێت "کوردستان هونەرمەندی شێوەکاریی زۆر باشی هەیە و من بەش بە حاڵی خۆم ئاگاداری بەرهەمی هەندێکیانم. هاوڕێیەتییم لەگەڵ (ڕێبوار سەعید)یشدا هەیە، کە بەڕاستی یەکێکە لەو هونەرمەندانەی خاوەنی ستایلی تایبەتی خۆیانن. چونکە پێموایە هونەری شێوەکارییش وەکو هونەری موزیک دەتوانێت ئەو کارەسات و ناخۆشییانەی بەسەر ئەو گەلەدا هاتوون بۆ شێوەیەکی دیکە بگوازێتەوە، چونکە هونەری شێوەکاری لە توانایدا هەیە تێڕوانینی مرۆڤ لە بارەی خۆی و دنیاوە بگۆڕێت، کە ئەمە ئەو شتەیە ئەمڕۆ کورد زۆر پێویستی پێیەتی.


هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان، مۆزەخانەیەکی تایبەت نییە بە ئەرشیفکردنى وێنەى شێوەکاران، بۆ ئەوەى وەک هەر جێکایەکى ترى حەزارى تۆریست و خەڵکانى دەرەوە کە دێنە ناو کوردستان ئاشنای بەرهەمى هونەرمەندان بن، چونکە بوونى مۆزەخانە روویەکى شارستانى بە هەموو کۆمەڵگەکانى تر نیشان دەدات، بەبڕوای ئەنیتا ئێسپاندەرى هونەرمەندیش "بوونى مۆزەخانە بۆ هونەری شێوەکاری زۆر پێویستە، چونکە لە لایەک هەموو ئەو تابلۆیانە دەپارێزێت، کە کورد سەرەڕای وێرانکردنی نیشتیمانەکەی لە لایەن داگیرکەرانەوە، پاراستوونی و نەیهێشتووە، لە ناو بچن‌ و لە لایەکی دیکەش ڕووی شارستانی کوردستان نیشان دەدات.


ئەنیتا ئیسپاندەر باس لە رۆڵى هونەرمەندانى کوردستان دەکات، بۆ کردنەوەى مۆزەخانەیەک و روونیکردەوە "کاتێک مۆزەخانە هەبێت، هونەرمەند زیاتر هەست بە دڵنیایی دەکات و دەزانێت بەرهەمەکانی بایەخیان پێ دەدرێت. لەبەر ئەوە ئەوەندەی من ئاگام لێ بێت هەوڵ بۆ دامەزراندنی مۆزەخانە دراوە، بەڵام بەهۆی خراپی ئیشکردن لە بیناکەوە، مەترسیی ڕووخانی هەیە. وەک بزانم زۆر لە هونەرمەندان لەو ڕووەوە ناڕەزاییان دەربڕی و هەقی خۆشیانە.


هەرچەندە ئەو سەردانى کوردستانى نەکردووە، بەڵام وەک خۆى وتى "لە مێژە ئاواتم خواستووە سەردانی کوردستان بکەم. پلانم هەیە بۆ سەردانی، بەڵام نازانم کەیە. ڕەنگە لەم نزیکانەش بێت"، ژنە هونەرمەندى شێوەکار ئەو بەهۆی ئەم ئاشنایەتییەوە، لەتەک کورددا،‌ بەتایبەتی لەگەڵ زۆرێک لە ڕوناکبیرانى کوردی نیشتەجێی وڵاتى دانیمارک، هێدی هێدی شارەزای ژیان و کەلتوورو هونەری کوردی بووە و لە ڕێگەی بینینى وێنەو بەرنامەی تیڤییە کوردیەکانەوە، بە سرووشتی جوانی کوردستان سەرسامە، هەر ئەم خۆشەویستی و سەرسامیەی هانیداوە کە پێشتر پێشانگایەکی تایبەت بە کوردستان بکاتەوە، ئەو وێنە زهنیانەی سەبارەت بە سرووشتی کوردستان هەیەتی لە پێشەنگاکەدا بەرجەستەیان بکات، دەربارەى پەیوەندى لەگەڵ هونەرمەندان و رۆشنبیرانى کورد، ئەو خاتوونە شێوەکارە، وتى "زۆر هاورێی کوردم هەیە لە ئەدیب و رۆشنبیر و هونەهەرمەندان، مامۆستا رێبوار سیوەیلی یەکێکە لە هاوڕێ ئازیزەکانم و دەزانم یەکێکیشە لە نووسەرە گەورەکان. بۆیە پێشتر وتوومە رێبوار سیوەلى لە سلڤادۆر دالی دەچێت، من مەبەستم لە شێوەیەتی، کە ئەو لە هونەرمەندی سوریالی‌ سەلڤادۆر دالی دەچێت. چونکە سەلڤادۆر دالی خاوەنی ڕێبازێکی زۆر تایبەتە لە هونەر. ئەگەرچی من سوڕیالی نییم، بەڵام هەر کاتێ لە تابلۆکانی ئەو هونەرمەندە ڕادەمێنم، وا دەزانم دنیا گوم بووە و سەلڤادۆر دالی دۆزیویەتیەوە".

 

 

7\3\2010