| 
			 
			٢٦\٤\٢٠١٢ 
			
			ئەنقەرە نیوەی 
			رێگەت بێ. 
			
			  
			
			جەلال محەمەد     
			 
			
			 
			لە سەردەمی بەعسدا و بە تایبەت لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا ، هەر 
			کاتێک بەعسیەکان دووچاری تێکشکاندن دەهاتن هانایان بۆ مستەشارە 
			کوردەکان دەبرد و سەدام حسێن لە ئامێزی دەگرتن ، لە کاتی پڕۆسەی 
			ئەنفالی بەدناویشدا ڕۆڵێکی زیاتر درا بە مستەشارەکان و ڕێگەیان بۆ 
			ئاواڵا کرا تاکو ماڵی ئەنفالکراوان تاڵان بکەن ، ئەمە جگە لە 
			ئامێزگرتنی دووبارە و بەخشینی " نیشانەی ئازایەتی "ش . 
			
			 
			دەوڵەتی تورکیش ٢٨ ساڵە لە جەنگێکی هەمەلایەنەدایە لەگەڵ پارتی 
			کرێکارانی کوردستان ، لەم ٢٨ ساڵەدا هەموو جۆرە چەکێک تاقیکرایەوە 
			لەسەر کوردان ، هەموو چەواشەکاریەک بەکار هێنرا ، هەموو تۆمەتێکی 
			ناشیرین بۆ کوردان هۆنرایەوە و تەنانەت یەک ڕێگەش نەما کە دژ بە کوردان 
			بەکاری نەهێنن ، بەڵام هیچی دادی نەدان . 
			
			 
			لە دوای سەرهەڵدانی گەلانی سوریا ، تورکەکان کەوتنە خۆ تاکو لە ڕێگەی 
			ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە دەسکردی خۆیانە سوریا کۆنترۆڵ بکەن و دژ بە کوردان 
			بەکاری بێنن ، لێ بەڵێ ئەم خەونەشیان مایە پووچ دەرکەوت . 
			
			 
			ئەو کات کەوتنە زەمینەسازی بۆ تێکدانی شیرازەی کوردان و لێکدابڕانیان . 
			سەرەتا بە زیندانیکردنی زیاتر لە ٧٠٠٠ سیاسەتمەداری کورد دەستیان پێکرد 
			و پاشان پیلانەکەیان خستە واری کرداریەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی مەسعود 
			بارزانییەوە . 
			
			 
			مەسعود بارزانیش لە ژێر ناوی ( کۆنفرانسی نەتەوەیی بۆ کوردانی سوریا ) 
			ژمارەیەک حیزبۆکەی لە شاری هەولێر کۆکردەوە کە هەموویان دەسکردی خودی 
			بنەماڵەی بارزانی بوون و تەنانەت هەندێک لەو حیزبانە هێندە بچوک و بێ 
			کاریگەر بوون هەتا خودی خانەوادەکانیشیان نەیاندەزانی کە حیزبێکی لەو 
			جۆرە هەیە ، کۆکردنەوەی ئەم حیزبانە ئەگەرچی لە ژێر ناوی کۆنفرانسی 
			کوردانی سوریادا پێکهات بەڵام لە ڕاستیدا بۆ تێکدانی یەکڕیزی کوردانی 
			ڕۆژئاوا و بە ئەنجام گەیاندنی پیلانەکەی ئەردۆغان بوو . کاتێک ئەم 
			پیلانەش سەری نەگرت ئەو کات دەعوەتی بورهان غەلیونی گەورە شۆڤێنیست کرا 
			بۆ شاری هەولێر و بارزانیش ژمارەیەک لەو حیزبۆکانەی پەیوەست کرد بە " 
			ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا " کە لەلایەن بورهان غەلیونەوە ڕێبەرایەتی 
			دەکرێت . 
			
			 
			یەکێک لە پیشەی شۆڤێنیستەکان ئەوەیە کە ناتوانن تا سەر دەردی دڵی خۆیان 
			بشارنەوە ، بۆ نموونە لەگەڵ ئەو هەموو خۆش خزمەتییەی سەرانی باشوور بۆ 
			تورکەکان کەچی لە بەرامبەردا خودی ئەردۆغان وەکو دوو سەرۆک خێڵە 
			دواکەوتۆکەی باکووری عێراق ناوی بردن . بورهان غەلیونیش لە شۆڤێنیستیدا 
			پوشووی پشت چاوی ئەردۆغان نییە و لە یەکەم کاردانەوەیدا گوتی ( جێگەیەل 
			لە سوریا نییە بە ناوی کوردستان و تەنانەت ئۆتۆنۆمیش بەو کوردانە 
			نادەین کە لەسەر خاکی سوریا نیشتەجێن ) . 
			
			 
			ئەم گوتەیەی بورهان غەلیون بێ کاردانەوە نەبوو لەلایەن کوردانی 
			ڕۆژئاواوە ، لە بەرامبەردا هەم کوردان زیاتر یەکڕیزی خۆیان پاراست و 
			هەم ئەو حیزبۆکانەشیان نابووت و ڕیسوا کرد کە لەلایەن بارزانییەوە 
			پەیوەست کرابوون بە " ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا "وە . 
			
			 
			دواین ویستگەی تورکیا تاقیکردنەوەی کردەوەکانی سەدام حسێن بوو لەسەر 
			کوردان ، واتە بەکارهێنانی کورد لە بەرامبەر کوردا . ئەگەر سەدام حسێن 
			مستەشارەکانی لە ئامێز دەگرت و ئەنفالی پێ ئەنجام دەدان ، ئەوا 
			ئەردۆغان کەسانێک لە ئامێز دەگرێت کە زیاتر لە نیو سەدەیە کوردایەتیمان 
			پێ دەفرۆشنەوە و بە دەمامکی کوردایەتیەوە تاوان نەما ئەنجامی نەدەن ، 
			باشترین دەمامکداریش مەسعود بارزانییە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 
			سەردانی تورکیای کرد و لەلایەن هەر یەک لە ئەردۆغان و گول و داود 
			ئۆغڵۆوە لە ئامێز گیرا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ . 
			
			 
			سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ڕاگەیاندنە ڕوو قایمەکانی سەر بە بنەماڵە زۆر بە 
			کەیفخۆشییەوە باسیان لە پێشوازی ئەردۆغان و دارودەستەکەی دەکرد بۆ 
			مەسعود بارزانی ، ئیتر بەبێ ئەوەی چاویان توانای بینینی ئەو هەموو 
			تاوان و سوکایەتیانەی هەبێت کە ئەردۆغان و کەمالیستەکان ئەنجامی دەدەن 
			لە بەرامبەر نەتەوەی کورد بە گشتی و کوردانی باکوور بە تایبەتی . خۆ لە 
			ڕابردوودا سەدام حوسێن و بەعسیەکانیش پێشوازی گەرمیان لە مستەشارەکان 
			دەکرد کەچی لە بەرامبەریشدا سەدان هەزار کوردیان زیندە بەچاڵ کرد و 
			سوکایەتیش نەما دەرهەق بە نەتەوەی کوردی نەکەن . 
			
			 
			ئەردۆغان زۆر بە ڕاشکاوی گوتی ( من و بارزانی هاوهەڵوێستین لە مەسەلەی 
			پکک و سوریا )دا .  
			
			 
			لە مەسەلەی پەکەکەدا ، ئاشکرایە کە هەڵوێستی ئەردۆغان چییە . ئەو 
			هەڵوێستەش بریتییە لە نەمانی پکک و کپکردنی دەنگی ئازادیخوازن . 
			
			 
			هەرچی مەسەلەی سوریاشە ، بەجێگەیاندنی مەرام و نیازەکانی دەوڵەتی تورکە 
			، ئەو مەرامانەش بریتییە لە خنکاندنی کوردانی ڕۆژئاوا و بە 
			دەسەڵاتگەیاندنی شۆڤێنیستێکی وەکو بورهان غەلیون تاکو فاتیحەی یەکجاری 
			لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بخوێندرێت . 
			
			 
			هەڵوێستی لە جێدا :- 
			
			 
			کوردانی باکوور وەکو هەر جارێکی دیکە بێ هەڵوێست نەمان لە بەرامبەر 
			پیلانە ژەهراویەکانی دەوڵەتی تورکدا و هەر لە دووەم ڕۆژی لە 
			ئامێزگرتنەکەی بارزانیدا دەستەیەک لە سیاسەتمەدارانی باکووری کوردستان 
			سەردانی مەسعودیان کرد . سەلاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی " بەدەپە " لە 
			کاتی دیداری بارزانیدا ، زۆر بە زوڵاڵی و ڕاشکاوانە گوتی ( مەسعود 
			بارزانی موخاتبی کوردانی باکووری کوردستان نییە ) واتە مەسعود بارزانی 
			قسەکەری کوردانی باکوور نییە و ئەو قسانەش هیچ بایەخ و گرنگییەکیان 
			نییە لەلای ئێمە و ئەو مافەشی نییە ساتوسەودا بکات بە کوردانی 
			باکوورەوە . 
			
			 
			لە ناوەڕۆکی ئەم گوتانەی بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە دەردەکەوێت کە 
			بارزانی گفتی زۆری داوە بە ئەردۆغان و هەموو گفتەکانیش دژ بە کوردانی 
			باکوور و باڵادەست هێشتنەوەی تورکە فاشستەکانە . 
			
			 
			منیش وەک دواین گوتەم دەڵێم ، با بارزانی جەسارەت لە دەستەمۆیی حیزبی 
			دیموکراتەوە وەرنەگرێت ، چونکە ئەگەر وابزانێت پکک هاوشێوەی حیزبی 
			دیموکراتە ئەوە خەیاڵی خاوە . لە ڕابردوودا توانیتان کاک سولەیمانی 
			موعینی و هەڤاڵەکانی شەهید بکەن ، توانیتان پێش سوپای پاسداران بکەون و 
			ئاشبەتاڵ بە حیزبی دیموکرات بکەن و لە ئۆردوگای قایم بکەن ، لە 
			بەرامبەریشدا حیزبی دیموکرات هەم دەستی بە کڵاوەکەی خۆیەوە گرت تاکو با 
			نەیبات و هەم بوشنە دەستەمۆ ونانەخۆرەتان . 
			
			 
			بەڵام ئەگەر بتانەوێت هەمان ڕەوش لەسەر پکک و کوردانی باکوور دووبارە 
			بکەنەوە ئەوە هەیهات و هەیهات . ئەگەر ئەمڕۆ بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش 
			ڕوو بەڕوو پێت دەڵێت ( تۆ موخاتبی کوردانی باکوور نیت ) ئەوا سبەی ڕۆژ 
			کچانی گەریلا و دایکانی ئاشتی پێت دەڵێن ( ئەنقەرە نیوەی ڕێگەت بێت ) . 
			
			  
			
			
											
											
											ماڵپهڕی جهلال 
											
			
			
			محهمهد  
			
			  
			
			  
			
			  
			
			  
			 |