٢١\٦\٢٠١٢
ئەقڵ یا دڵ؟

ئەیوب رەحمانی
- بەشی دووھەم (کۆتایی) -
ئەخیر پرسیارەکانی کە لە کۆتایی بەشی یەکەمی وتارەکە بە تەواوی ولامیان
پینەدراوە، ئەمانە بوون کە ئایا مرۆڤ ئەتوانێت پێش بە ئاڵ و گۆڕ بگرێت
و ئایا داھاتووی مرۆڤایەتیی بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات، دڵگەرا دەمێنێتەوە
یا خۆ ئەقڵگەرایی ئەگرێتە پێش؟ دیارە من ھەوڵ دەدەم ڕای خۆم، کە من
کامەیانم پێ باشتر یا خراپترە، باس نەکەم و حەول بەم بێلایەن بمێنم،
بەڵام نازانم بێلایەنی من لەم وتارەدا تا چەندە سەرکەوتوو دەبێت!
لە بەشی یەکەمدا جەختم لەسەر بوونی ئاڵ و گۆڕ ھەر لە ئوڕکناڵەوە تا
ئێستا کە ژیان لە سەر زەوی ھەیە، کردەوە. ئەم ئاڵ و گۆڕ پێھاتن و
پێکردنانە بەشێکی بە ھۆی ئاڵ و گۆڕ پێھاتنی شوێن و پۆزیسیۆنی ئێمە
(زەوی) لە گەردووندایە کە دایمە لە دوور کەوتنەوە لە گاڵاکسییەکانی
دیکەداین و ئەویش ئاڵ و گۆڕ بەسەر سرووشتدا دێنێت کە ڕاستەوخۆ و بە بێ
ئیرادەی خۆمان کارتێکەری لەسەر ئێمە ھەیە و بەشەکەی تریش ئاڵ و
گۆڕگەلێکە کە خۆمان پێکمان ھێناون، وەک تێکنۆلۆژیا و زانست و ھتد و
ئەمانەش بە ھۆی ژیر و ژیرتر بوونەوەمانە. ستیفن ستێڕس (Stephen
Stearns, Evolution Forscher, Yale Uni) لێکۆڵەری تەکامول یا
تەکامولناس لە دانشگای یاڵە لەمبوارەدا دەڵێت: "ھیچ ھۆیەک بۆ ئەوە نییە
کە ئێمە وای دابنەین کە مرۆڤ دەست لە پێشکەوتن و پێشبڕکێ و خۆ
گەشەپێدان لە داھاتوودا ھەڵدەگرێت و ڕادەوەستێت، بەس تەنیا دیارنییە کە
ئێمە خۆمان چۆن دەگۆڕین و بەرەو کوێ دەچین!" کەسانێک بڕوایان وایە کە
تەنیا شتێک کە ئێمە ئەتوانین بە دڵنییاییەوە جەختی لەسەر بکەینەوە
ئەمەیە کە قۆناخی ھۆمۆ ساپیەنەکان (Homo Sapiens) لە باری زەمەنییەوە
سنووردارە و ڕۆژێک ھەر دێت کە کۆتایی پێ بێت، جا ئەو سەردەمە زوو دەگات
یا زۆر درەنگ دیار نییە و بۆ کەس نەناسراوە! شارەزایانێکی دیکەش دەڵین
قۆناخی بوون و ژیانی ھەر جۆرە بوونەوەرێک تەنیا یەک میلیۆن ساڵە و
پاشان کۆتایی بەو جۆرە بوونەوەرە دێت، ھەر وەک چۆن کۆتایی بە
دایناسۆڕەکان ھات و بەم پێیەش ئێمە بە مرۆڤ و ئاژەڵەوە لە سەر زەوی کە
دووسەدھەزارساڵە دەژین، کەواتە ھێشتا ھەشتسەدھەزار ساڵی دیکەمان کات
ماوە!! (تەقریبی و ڕێژەیی)
ئەمڕۆ ئیتر تێکنۆلۆژی ئێمە ھێندە چۆتە پێشەوە کە کەسانێکی زۆر پسپۆڕ و
شارەزا لە بوارە جۆربەجۆرەکانی تێکنیک و فەلسەفە و کۆمەڵناسی و ھتد.
کەوتوونەتە شک و گومان لەوەی کە ئەسڵەن "من" بوونی ھەیە یا نییەتی؟
ئایا کاتێک فەیلەسووفی فەڕانسەیی ڕێنە دیکاڕت (١٦٥٠-١٥٩٦) وتی "من بیر
دەکەمەوە، کەواتە من ھەم" و ئەمە تا بە ئەمرۆش وەک قەبووڵکردنی "خوود"
جێ کەوتووە، ئایا قسەی قۆڕی نەکردووە؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیاریان
ھێناوەتە پێش: کە ئایا ئێمەی مرۆڤ تەنیا سیمولاسیۆنێکی گڕافیکیی نێو
پڕۆگرامێکی یاریی کۆمپیوتریی نین، کە بوونەوەرانێکی زۆر شارستانییتر و
لە ئیمە ژیرتر و شارەزاتر خەڵقیان کردبین و کەسایەتییگەلی کازبیان بۆ
درووست کردبین و باوەڕیان خستبێتە مێشکمانەوە کە "ئێمە" ھەین و مرۆڤمان
ناوە؟ ئێمە لەم حاڵەتەدا ئەگەرچی وادەردەکەوێت کە وەک مرۆڤێکی خاوەن
"من" و خاوەن کەسایەتیی، لەمەڕ بوون و نەبوونمان کۆمەڵێک بیر و ھزرمان
خووڵقاندووە و ھێناوماننە ئاراوە، بەڵام ئایا چارەنووسیشمان لە چنگ
خۆماندایە؟ یا لە دەست پڕۆگرام نووسەکە یا پڕۆگرام نووسەکاندایە کە
ئێمەیان لەم یارییەدا سیموولاندووە؟ مرۆڤ ئەمڕۆ بۆخۆی بە کۆمپیوتر وەھا
یاریگەلێک و سیموولاسیۆنگەلێکی درووست کردووە، کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ
پێشکەوتووتر دەبن و واقیعیتر دەنوێنن. پرسیار ئەمەیە کە ئایا ئەو
کاراکتێرانەی ناو یارییەکانی ئێمەش، وەک ئێمە ھەست بە کەسایەتیی و
بوونی خۆیان دەکەن و خاوەن "منی" خۆیانن؟ ئەگەر ئێستا نایکەن، لە
داھاتوودا چی؟ ئایا ئەوانیش دەزانن کە ئێمەی مرۆڤ ئەوانمان خەلق کردووە
و خوودای ئەوانین؟ پێدەزانن؟ ھەستی دەکەن؟ ئایینگەلێکی ئاسمانی بۆ
پەرەستنمان دەخووڵقێنن؟ چارەنووسی خۆیان دەگرنە دەست و خۆیان لە
کۆیلایەتیمان ڕزگار دەکەن و لە دژمان ڕادەوەستن؟ فەیلەسووفی سۆئێدی
دانیشتووی ئینگلیس نایک بۆسترۆم (Nick Bostrom) لە زانستگای ئۆکسفۆڕد،
ئەم گریمانە و ئیحتماڵەی کە ڕەنگە ئێمە لە سیمولاسیۆنێکی کامپیوتیریی
بوونەوەرانێکی دیکەدا بژین، بە ئیحتماڵێکی مەعقوول و پلاوزیبل دەزانێت!
ئەم ئیحتماڵە بۆ پرۆفسۆر ڕۆبین ھانزن (Robin Hanson) لە زانستگای جۆرج
مازۆن لە فایرفاکسی ڤیرجینیاش ھەر قابیلی قەبووڵ و تێڕامانە و ناوبراو
دەڵێ: "کۆمەڵێک سیمولاسیۆنی بچکۆلە لە پاڵ یەکدا لە واقیعیتر دەچن تا
یەک سیمولاسیۆنی زۆر گەورە و نایشی شارێتەوە کە ئەو، ئەو گریمانەی کە
خۆی وەک بوونەوەرێکی ئاگاە لە نێو سیمولاسیۆنێکی ڕێئالکراودا بژی، پێی
مەعقوولە"! کەواتە ئەبێ ئێمە ئەمەش بزانین کە مرۆڤ ئەمڕۆ
تێکنۆلۆژیگەلێکی بەدەستەوەیە کە دیکارتی فەقیر لە سەرەتای سەدەی
حەڤدەدا لە خەونیشدا پێی وانەبووە مرۆڤ ڕۆژێک، سێسەد ساڵێک پاش ئەو،
دەستی بە شتی وا بگات! ئێمە ئەمڕۆ دەتوانین جەرەیان و شەپۆلی
ئێلێکتریکی مەغزیی خۆمان و ھی بوونەوەری دیکەش ئەندازە بگرین، تا ئەو
ئاستە! ھەر بۆیە زۆر لە عەسەب ناسان پاش ئەم ئەندازە گرتنە بەو ئاکامە
گەیشتن کە قسەکەی دیکاڕت "من بیردەکەمەوە، کەواتە من ھەم" زیاتر لە
خەیاڵ و ئیلۆزیۆن دەچێت تا واقیعی! ھەر لەمبوارەدا پاول سکۆکۆوسکی
فەیلەسووف (Paul Skokowski) لە دانشگای ستانفۆڕدی کالیفۆڕنیا دەڵێت: کە
"ئەو خۆی و ھەموو کەسێکی دیکەش، واتە ھەموومان، تەنیا کۆیلەی ھزر و
بیروباوەڕی ناو مێشکی خۆمانین!" ئەمباسەش درێژە و با بمێنێت لێرە، تا
مەجالێکیتر، بەڵام:
لەوانەی سەرەوە بەدەر، وەک دەزانین و دەبینین کە مرۆڤ ئەمڕۆ ھەر بە ھۆی
ئاڵ و گۆڕ بەسەرھاتندا و بە ئیرادەی خۆی دەستی بە تێکنۆلۆژیگەلێکی زۆر
پێشکەوتوو لەبوارگەلی نانۆ تێکنۆلۆژی و ڕۆبۆتیک و بیۆتێکنۆلۆژی، وەک
زۆر بواری دیکەش گەیوە و ئەمەش ھەمووی لە سەدەی ھەژدەوە بەملاوە و لە
شۆڕشی سەنعەتی بریتانیاوە دەستی پێکردووە (دەستەواژەی شۆڕشی سەنعەتی
یەکەمجار لە ڕۆژنامەی فەڕانسەیی مۆنیتۆر یوونیڤێرسێڵ (Moniteur
Universel) لە ساڵی ١٨٢٧ (بیستەکانی سەدەی نۆزدە) بەکار ھێنراوە و دە
ساڵ دواتر لە ساڵی ١٨٣٧ لە ڕاپۆرتێکی ئادۆڵف جێرێمی بڵانکۆدا بەکار
ھێنراوە و دواتریش وات و ئاڕکڕایت بەکاریان ھێناوە و ئیتر تا بە ئەمڕۆ
جێکەوتووە و دەستەواژەکەش لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی فەڕانسەوە وەگیراوە،
بەڵام شۆڕشی سەنعەتی خۆی زووتر، واتە لە نیوەی سەدەی ھەژدە بەملاوە
دەستی پێکردووە) و ساڵەکانی سەرەتا ھەندێک بە خاوی و ھێواشی دەچووە
پێش و بەڵام لە بیست-سی ساڵی ڕابردوودا، لە پاش کۆتایی شەڕی سارد و یەک
قووتبی بوونەوەی جیھانی سیاسی ئەوکات، وە سەرھەڵدان و گەشە کردنی تۆڕی
کۆمەڵایەتی ئینتێڕنێت، ئیتر گەشە کردنی تێکنۆلۆژیی بە خێراییەکی بێ
وێنە دەچێتە پێش. لێرە کارم بەمەش جارێ نەداوە کە ئەم پێشکەوتنە بە چ
نرخ و بەھایەکی گەزاف لە سەر سرووشت تەواو بووە، چوون ئەمەش بۆخۆی
باسێکی گەورە ھەڵدەگرێت و پێشتریش لەسەر ئەو بابەتە نووسیومە، بەڵام
ئەوەی کە ئێستا مەبەستی باسەکەی منە ئەمەیە کە ئەم پێشبڕکێی زانیاری و
تێکنۆلۆژیایە، کە کورد لێی بێ بەشە، سەری ڕاوەستانی نییە و گەیشتۆتە
ئاستێک کە زانایان بیر لە درووستکردنی مرۆڤی سناعی و کۆپیکراو
دەکەنەوە! ئەمە چیرۆک و ڕۆمان و فیلمی عیلمی تەخەیولی یا ساینسفیکشن
نییە، بەڵکوو عەینی حەقیقەتە!
کەواتە تێکنۆلۆژی کە مرۆڤ خالقییەتی ھەروا خەریکە سنوورەکان دەبەزێنێت،
یاسا نوێکان دەخووڵقێنێت و یاسا کۆنەکان دەشکێنێت. بەو ھۆیەشەوە و بە
ھۆی ژیرتر بوونەوەی مرۆڤ، مرۆڤ تا دێت بەرزەفڕتر، پڕ ئیدیعاتر، بەھێزتر
و ھتد و ھاوکات بێڕەحمتر و لە عەینی حاڵدا و بە سەرسووڕمانەوە لە عەینی
بێ ڕەحمتربوونەوەدا "ناتووندوتیژتر"یش دەبێتەوە!! (دیارە ھەمووی
ڕێژەییە). مرۆڤی ئەمڕۆ لە توانایدا ھەیە دەسکاری ژنێتیک بکات و
بوونەوەری سەیر و عەجایەب بخووڵقێنێت، دەتوانێت دەسکاری ژنێتیکی ئاژەڵ
بکات و ئاژەڵی ژیر بخووڵقێنێت، بەڵام جارێ دەستی لەمانە ڕاگرتووە و زۆر
بە ئیحتییاتەوە لەو زانستە چۆتە پێش، بۆ ئەوەی دەترسێت لەوەی کە سبەینی
شەریک لە سەر زەوی بۆخۆی بخووڵقێنێت!! ئەگەر چی کەسانێک لەگەڵ ئەمەدان
کە مرۆڤی سیناعی بۆ کەشفیی ھەسارە و گاڵاکسییە دوورەدەستەکان درووست
بکرێت. ئەوان ھۆکاری ئەم پێ باش بوونە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، کە ئەگەر
ئێمە، مرۆڤی سیناعیی (ڕۆبۆتیکی) بێ ھەست درووست بکەین، ئەو مرۆڤە
سیناعییە ڕەنگە ھەست بە سەرما و ئازاریش نەکات و مردنیشی ئاسایی بێت،
بۆیە بوونیان و ڕەوانە کردنیان بۆ فەزای دوور کە ھەم ساردە و ھەم
مەتەرسیی زیندوو نەمانیان لەسەرە، بە قازانجی مرۆڤە! ئەمڕۆ مرۆڤ بە
پشتبەستن بە زانیاریی ژنێتیکی بە تەمایە ئەندامانی لەش درووست بکات،
سلوولە بنەڕەتییەکان بپارێزێت و لە بانکی تایبەتی ھەڵگرتنی سلول
ھەڵیانگرێت و ھەرکات خاوەنەکەی پێویستیی بە پێست و دەست و لاق و یا ھەر
ئەندامێکی دیکە بوو، لە ڕووی سلول و ژنێتیکی خۆیەوە بۆی درووست کەنەوە!
بە گشتیی مرۆڤ دەیەوێت خۆی نەمر کات و تەمەنی ھەتایی بۆخۆی مسووەگەر
کات! ئەمانە ھەموو لە بواری پزشکی و ژنێتیکەوەیەن، دیارە لە بوارەکانی
دیکەی زانست و تێکنۆلۆژیاشەوە مرۆڤ ھەر ڕانەوەستاوە و بە خێرایی
دەڕواتە پێش. تێکنۆلۆژیای ئینفۆڕماتیک و ئێلێکتڕۆنیک ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ
گەشەی زیاتر دەکەن، ھەسارە ناسی و دۆزینەوەی گاڵاکسی و مەنزوومەی نوێ
لە گەردوون لە تڕێند و گەشەدان و مرۆڤ ھەر بە شوێن دۆزینەوەی بوونەوەری
دیکە، لە فەزای نەک زۆر دووردا، بەڵکوو دەور و بەر، دەگەڕێت. ھاوکات
مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی ھەسارەگەلی دیکەی قابیلی ژیان، کە داگیری بکات،
بێوچان ھەر لە گەڕاندایە و بۆ ئەو مەبەستانەش سەرتاسەری پشت جەوی
ئاسمانی بە سەتەلایت وەک تان و پۆی جانجالۆکە تەنیوە و لەم
سەتەلایتانەش سیستمەکانیش ئیستفادە و سووئیستفادەی خۆیان لە قازانج و
بەرژەوەندیی خۆیان بە باشی دەکەن و ھتد!
ھەموو ئەم ھەوڵ و تەقەلایانەی مرۆڤیش بۆ تموحی زیاتر، بە گشتیی ژیانی
مرۆڤی لە سەر زەوی، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ سەنعەتیتر و مەجازیتر کردۆتەوە و
پەیوەندییەکان بە تایبەت لە وڵاتانی گەشە سەندوو و نیوە گەشە سەندوو کە
زۆرینەی دانیشتوانی زەوی پێک دێنن بوونەتە ئیتێڕنێتیی، بە جۆرێک کە لە
ماڵەوە بە تەنیان و بە شێوەی مەجازی لەگەڵ خەڵکانێکی زۆر، ناسیاو و
نەناسیاو لە پەیوەندیی مەجازیدان و ئەمانە ھەموو کارتێکەری خێراتر
لەسەر مرۆڤی ئەمڕۆ و داھاتوو دادەنێن. مناڵانی ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمپیوتر
گەورە دەبن و خوو بە یارییە جۆربەجۆرە (سیمولاسیۆنە) کامپیوتریەکان
دەگرن و لەگەڵیدا گەورە دەبن و ھەموو ئەمانە وا دەکەن کە پەیوەندییە
سۆزداریی و ھەستیارییەکان لاواز و لاوازتر ببنەوە و ئەمەش کاری دڵ و
دڵگەریی زەحمەت و دشوارتر دەکەنەوە، بێ ئەوەی بمانھەوێت یا
نەمانھەوێت، وەزعەکە لە ئیرادەی گشتیی تا ئاستێک چۆتە دەرەوە و لە
داھاتووشدا زیاتر لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت! ئەوانەی ڕەنگە لە داھاتوودا زۆر
زەرەر بکەن و لە وەزعەکە وەدووا بکەون، دڵگەراکانن بە تایبەتیتر
ئەوانەی لە نۆڕماڵ زیاتر دڵگەرا و عاتفی و ھەستیار و خەمخۆرن!!
لە باری سرووشتیی و ناخودئاگای مرۆڤەوە ئەگەر چاوی لێبکەین، ئێمەی مرۆڤ
تایبەتمەندییەکمان ھەیە کە ھەزاران ساڵە (٢٠٠،٠٠٠ ساڵ) ڕەگەزمانی لە
تووانەوە و ئینقڕاز پاراستووە و ئەویش تایبەتمەندی خۆ گوونجاندنە لەگەڵ
سرووشت بۆ زیندوو مانەوە. وەک پێشتر وتبووم، ھەسارە و گاڵاکسییەکان
دایمە لە لێک دوورکەوتنەوەدان و بەم پێیەش زەوی ئێمە دایمە لە ئاڵ و
گۆڕ و گەڕاندایە، ڕەنگە زەوی لە خۆر دوور بکەوێتەوە یا نەخێر نزیک
بێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی کە سەلماوە کە گاڵاکسی و مەنزوومەی خۆریی
ئێمە لە گاڵاکسییەکانی دیکە بێوچان دوور دەکەوێتەوە و ھەتا زەمەن زیاتر
تێدەپەڕێت، ئێمە لە بۆشایی ئاسمان و گەردووندا تەنیاتر و ئیزۆلەتر
دەبینەوە! ئەم ئاڵ و گۆڕانە زۆر بە وردی دەڕۆنە پێش و ڕاستەوخۆ
کارتێکەریی زۆر ھێواشی لەسەر گۆڕانیی سرووشت و ئاو و ھەوای زەوی ھەیە و
مرۆڤیش کە خاوەنی تایبەتمەندیی خۆگوونجاندنە لەگەڵ سرووشت بۆ زیندوو
مانەوە، کەواتە ئەویش خۆی دەگۆڕێت و دەگوونجێنێت، چوون ئەیەوێت زیندوو
بمێنێت، بەڵام زۆرجار بێ ئەوەی بۆخۆی ئاگادار بێت یا بۆخۆی کارێکی بۆ
کردبێت. ئەم ئاڵ و گۆڕانە لە مرۆڤدا، بە شێوەی ناخودئاگا بەرەو
"ئەقڵگەراییمان" دەبات! ئەمەش بە جێگای خۆی کە سەنعەتیی بوونەوەی
مرۆڤایەتیی و سووتاندنی کانە فوسولییەکان وەک نەوت و گاز و درووست
بوونی گازە گووڵخانەییەکان و گەرم بوونیی زیاتری زەویی و درووستکردن و
تاقیکردنەوەی چەکە ناوەکییەکان و بڵاوبوونەوەی تەشەعشووعاتی
ڕادیۆئاکتیڤ و ھتد، ھەموو ئەمانەش کارتێکەریی ڕاستەوخۆیان ھەم لەسەر
سرووشت و ژینی سەر زەوی و ھەم لەسەر مرۆڤایەتیش داناوە و لە داھاتووشدا
ھەر بەردەوام دەبێت و ئەمانەش خۆیان ھۆکارگەلێکن بۆ ئاڵ و گۆڕ بەسەر
ھاتنی مرۆڤ و مرۆڤایەتیش!
ژیان لە ھیچەوە پێکھات (دیارە ئەگەر نەبوونی ژیان لەسەرەتاوە بە ھیچ
بگرین و تەقینەوەی ئەوەڵ بە حیساب نەھێنین!) و بوونەوەران و پاشانیش
مرۆڤی ئاقڵ ھاتنە بوون و بە گەشەی ژیری و وشیاری زیاتری مرۆڤ، بەمڕۆ
گەیشتووین و بە گەشەی زیاتری ژیریی مرۆڤیش لە داھاتوودا بەرەو
ئاقارگەلی دیکە دەچین. لەمبوارەدا ھەرکەس دەتوانێت کۆمەڵێک شت بۆ
داھاتوو لە مێشکی خۆیدا تەخمین لێبدات، کە بەرەو کوێ دەچین! من چەند
نموونەگەلێکم لە ھەر دوو بەشی توێی وتارەکەدا باس کردووە کە لە فیلمی
عیلمی تەخەیولی دەچن بەڵام ڕاستن و دەشتوانم چەندین نمونەی دیکە باس
بکەم بەڵام لێی دەگەڕێم و تەنیا ئاماژە بە وتەیەکی فێئۆدۆر میخایلۆڤیچ
داستایوڤسکی (١٨٨١-١٨٢١) نووسەری ڕووسی دەکەم کە لە ناوەڕاستی سەدەی
نۆزدەھەم لە ڕۆمانی "بیرەوەرییەکانی ماڵی مردووان" یا بە فارسی "خانە
اموات"دا کە لە ساڵی ١٨٦٢ چاپ و بڵاویکردەوە ئەڵێت: "مرۆڤ بوونەوەریکە
کە ئەتوانێت خوو بە ھەموو شتێکەوە بگرێت و من پیموایە کە ئەم ھێزی
خووگرتنەی مرۆڤ بە سرووستی دەور و بەری خۆی، یەکێک لە گەورەترین
خەڵاتەکانە کە سرووشت بەڕۆڵەکانی خۆی دەبەخشێت". وە منیش ڕێک پێموایە
کە ئەوە ئەو ھێزی خۆگوونجاندنە لەگەڵ ئال و گۆڕدایە کە مرۆڤ تا ئەمڕۆ
نەک ھەر توانیویەتیی بەقای خۆی لە تووانەوەی ڕەگەزیی سەرکەوتووانە
بپارێزێت، بەڵکوو خۆیشی کردووە بە خاوەن و حاکمی زەوی و ھەموو
بوونەوەرانی دیکەش. تا ئێستا وابووە و واھاتووە، ئایا ئەمە لە
داھاتووشدا ھەروا دەمێنێت؟ دیار نییە، چوون نازانیین چی بە سەر زەویدا
دێت لە داھاتوودا. ئایا توربولێنسێکی بەھێزیی خۆریی کە ھەموو سەر زەوی
بە سرووشت و بوونەوەرانیشیەوە بسووتێنێت، نامانگرێتەوە؟ نازانین! ئایا
بوونەوەرانێکی فەزایی زۆر لە مرۆڤ پێشکەوتووتر و بە ھێزتر و تەسلیحتر
ھێرشمان بۆ ناھێنن لە دوورە دەستەکانەوە و زەویمان لێ داگیر ناکەن؟
نازانین و گرنگترین پرسیار، ئایا ئەگەر ئێمە کارتۆن و یا یارییەکی نێو
پڕۆگرامێکی کۆمپیوتەری کۆمەڵە بوونەوەرێکی دیکە بین، ئایا ئەوان ڕۆژێک
دووشاخەی بەرقی کۆپیوتەرەکەیان دەرناھێنن؟ یا پڕۆگرامەکە ناسڕنەوە، کە
ئێمەش ھەموو بە کوونفەیەکوونێک لە ناو بچین؟ وە زۆر پرسیاری لەم
چەشنانەی بێ وڵامی دیکەش! بەڵام دیارە مرۆڤ وەک سرووشتیی خووگرتوویی
خۆی بە شتەکان، بێشک لەوکاتیشدا ھەروا بۆ بەقا و زیندوومانەوەی ڕەگەزیی
خۆی ھەوڵ دەدات. بەڵام ئایا سەرکەوتوو دەبێت و ئەسڵەن دەسەڵاتی دەبێت
بەرگری و مووقاومەت بکات؟ کە دیارە ئەویش نازانین و ......!
ئەوەی ئێستا ڕێئالیتە دەنوێنێ و بە ڕوونی دیارە، ئەمەیە کە ئایینە
ئاسمانییەکان شکستییان خواردووە و ئاواتەکانی نیچە کە خودای مراند، وا
ئیتر بەرەو ھاتنە دیی چووە و وەعدە و وەعیدی بەھەشت و ھەڕەشەی سووتان
لە جەھەندەم ھەر ئێستا جێگای باوەڕی زۆرینەی دانیشتوانی زەوی نین و بە
دڵنیاییەوە جێگای باوەڕی جیلە نوێکانی داھاتووش نین و نابن. ھەروەھا
ئایدیۆلۆژییەکان و ڕادیکالیزم و فووندامێنتالیزم جێگایان زۆر زۆر لێژ
بۆتەوە و کەمتر خەڵک بەلایاندا دەچن. بە گشتیی وەزعەکە بەرەو شۆڕشێکی
گشتیی ئینفۆڕماتیکی چووە و دەچێت، بە چەشنێک کە سۆزداریی لە داھاتوودا
تا ئاستی نەمان دەچێت، واتە مرۆڤ بەرەو ڕۆباتیی بوون دەچێت!! ئەمەش لە
پێخۆشبوون و پێخۆشنەبوون تێپەڕ بووە و دەسەمۆ ناپەزیرە!! ئایا ئەمانە
چەندەی بەرھەمیی نیزامی دەسمایەداریی حاکمە و چەندەی بەرھەمیی ئەو
نییە، لێرە ناخەمە بەر تیشکی لێکۆڵینەوە، چوونکە ھەموو دەزانین کە
ئەمڕۆکە چاوپۆشیی لە دەسمایەداریی و دەسەڵاتیی حاکمییەتی بەھێزی ئەو لە
ھەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤایەتیی و بەسەر زەویدا، ناکرێت، بەڵام ئەمەش
دەزانین کە زۆرینەی کۆمەڵگا لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتیی
دەسمایەداریدان و ئەگەر ئەم زۆرینە گەورەیە بتوانێت خۆی بە شێوەیەکی
ئاقڵانە و لۆژیکیانە بەسیج بکات، ئەوا دەشتوانێت وەزعەکە بە قازانجی
خۆی بگۆڕێت و لە دەست دەسمایەداری دەری بھێنێت، دیارە ئەوکاتیش بەر بە
ئاڵ و گۆڕ و یا پێشکەوتنیی زیاتر و یا تەنانەت بەر بە تیاچوون و
تووانەوەی ڕەگەزی مرۆڤیی، ئەگەر بێتە پێش، ھەر ناگیردرێت! سووسیالیزم و
دونیایەکی پڕ لە عەداڵەت حاکم بێت یا نەخێر دەسمایەدارییەکی خوێنخۆر و
خوێنڕێژ و یا بیلعکس!!
دیارە بۆ بەربەرەکانێش ھێزی چەپ بە گشتیی لە ھەموو جیھان کۆمەڵێک
ھەنگاوی باشی ھەڵگرتووە و درووشمگەلێکی عەداڵەتخوازانەی جوانی بەرز
کردۆتەوە، بەڵام کۆمەڵێکیش ھەڵەی زەق و بەرچاو لە ناو چەپدا دیارن کە
ڕێگرن لەمەڕ بەرەوپێشەوە چوونیی. یەکێک لەو ھەڵانەی کە حەز دەکەم لێرە
جەختی لەسەر بکەمەوە ئەمەیە کە چەپ ھەر وەک لە مێتۆدۆلۆژی خۆیەوە دیارە
و دەرکەوتووە، لە پۆل یا قووتبی دژی ئایین ڕاوەستاوە، بەڵام مێتۆد و
ڕەوشتیی چەپ لەگەڵ وەزعەکە و دەور و بەری خۆی، ھەر بەو شێوەیە کە
ئایینیەکان دەیکەن!!! ئایینی دڵگەرایە، چەپیش ھەر وایە! چەپ، سوونەتی
چەپی کردووە بە ئایەی قودووس، ئایینیش ھەموو بوون و وجوودی لە قەداسەتی
ئاسمانیی و جادووییە، چەپ ھەست و سۆزی تێکەڵ سیاسەت کردووە، ئایینیش
ھەر وایە، ئیسلام خۆی سیاسی دەکاتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست و
کۆماری ئیسلامی دابمەزرێنێت، چەپیش دەیەوێت کۆماری سوسیالیستی
دابمەزرێنێت. بە گشتی لەمخاڵە مووشتەرەکانە لە بەینی چەپ و
ئایینیەکاندا کەم نین، بێ ئەوەی ڕەخنەیەکی جیدیی لەمبوارەدا لە چەپ
گیرابێت!
ڕێگا چارەی چەپ بەڵام بە بڕوای نووسەر، ئەمە نییە کە چەپ ئیلانە و
بیللانە دەوڵەتێکی ھەبێت و قوودرەتی مادی و نیزامی و لۆژێستیکی لەبەر
دەستدا بێت بۆ ئەوەی بە شێوەی وڵاتانی سۆڤییەتی کۆن و کۆریای باکور و
کوبا و ھتد حکومەتی تەک حیزبیی،کومونیستی (دیکتاتۆڕی) لە وڵاتەکەی
دابمەزرێنێت، چوون ئەمانە تاقی کرانەوە و شکستیان ھێنا، بەڵکوو ڕێگا
چارەی چەپ ئەمەیە کە بە چەکی پێشکەوتن، نەک ھەر لە درووشمدا، بەڵکوو بە
کردەوەش بچێتە شەڕی بەربەرەکانێی دەسمایەداریی! ئەقڵگەرایی بگرێتە دەست
و لە داخی ئەقڵگەرا بوونی دەسمایەداریی، نەچێتە باوەشی ئایینەوە! واز
لە ھەوڵی ڕادیکاڵە کردن و بە کومونیزم کردنی کۆمەڵگا لە شێوەی ئایینی
سیاسی بێنێت و لێگەڕێت لە پاش کارێکی بێوچانی بێ تەوەقووع، خەڵک
بۆخۆیان بڕیار بدەن دەنگ بە کۆمەڵگا سووسیالیستییەکەی چەپ بدەن و دەستی
خەڵک لە ھەڵبژاردنی سوسیالیزمی عەداڵەتخواز و دەسمایەداریی خوێنخۆر
ئاواڵە بێڵن! بلەخەرە مرۆڤی ژیر بۆخۆی ھەمیشە باشترینەکان ھەڵدەبژێرێت
و ئەگەر بەم ئاکامە بگات کە لە سووسیالیزمدا ئەمنییەت و ئاسایشی خۆی و
منداڵی و "بنەماڵەی" و داھاتووی تەزمینە، ئیتر پێویست ناکات بە زۆری
بیکەیتە کومونیست، بەڵکوو بۆخۆی دەیبینێت و دێت و ھەڵیدەبژێرێت، چوون
ئاسایش و ئەمنییەت و ئازادی و دێمۆکڕاسی تێدا دەبینێت. کەواتە ئەمە
کاری لۆژیکی و ئەقڵگەرایانەی بێوچانی گەرەکە! (بنەماڵەشم بۆیە خستۆتە
گیومەوە، لەبەر ئەوەی کە داھاتوو ئاڵ و گۆڕیش بەسەر بنەماڵەدا دێنێت،
وە خوودی فرێدریش ئێنگڵسیش (١٨٩٥-١٨٢٠) وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی
کومونیزم لە کتێبەکەیدا بە ناوی "منشاء خانوادە، مالکیت خێوێی و دولت"
لە ساڵی ١٨٤٤ لەسەر بنەماڵە نووسیویەتی، بەڵام من لێرە ناچمە سەر ئەم
باسە، ئەوانەی حەزیان لە خوێندنەوەی ئەو باسەیە، کتێبەکەی بخوێننە،
کامل و پوختە!).
جێی خۆیەتیی، مادام لە باسەکە کەمێک لامدا، ھەندێکیش کۆمەڵگای سوونەتی
خۆمان و شێوەی پەروەردەمان لە کوردستان بخەمە بەر تیشکی باس و
لێکۆڵینەوەیەکی ھەرچەند کورت و ئەگەر ڕەخنەگەلێکیش لەمبوارەدا ھەبێت
باسی بکەم. من لەسەر ئەوەی کە کورد ئەبێت دەوڵەتێکی سەربەخۆی ھەبێت و
چارەنووسی خۆی لە دەستی خۆیدا بێت، وەک مافی بێ ئەملاو و ئەولای مرۆڤیی
کورد زمان لە سەر خاکی خۆی ھیچ شک و گوومانم نییە و پێشتریش لەسەر ئەمە
زۆر دووام و ڕاکانی خۆمم بە ڕاشکاوانە نووسیون و بڵاوم کردوونەتەوە،
بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە من ڕەخنەشم لەو کۆمەڵگایە نەبێت. کۆمەڵگای
کوردیی، کۆمەڵگایەکیی یەکپارچە سوونەتییە بە داب و نەریتیی کوردانەوە،
تێکەڵ بە ئایینی ئیسلام! کۆمەڵگایەک پڕ لە ھەست و ئیحساسی شاعیرانە و
سۆزمەند و ھتد.! کۆمەڵگایەک کە بەرەو ئەقڵگەرایی کەمتر ھەنگاوی ناوە و
لە نێو دڵگەراییدا بێوچان شەپۆلان دەدات، بە شێوەیەک کە حیزبە
مۆدێڕنخوازەکانیشی، بە ھۆی خەڵکییبوون و پۆپۆلیزمییانەوە نەیانتوانیوە
ھەنگاوگەلێکی کارامە بەرەو ھاتنەدەر لەو سوونەتگەراییە تۆخە ھەڵبگرن!
ھەڵس و کەوتی ئەوانیش لەگەڵ زرووف، لەگەڵ وەزعییەت و ڕەوشی سیاسی
ناوچەکە، لەگەڵ بوونی دیاردەی زیندانیانی سیاسی، لەگەڵ شەھید پەروەریی
و ھتد ھەموو کەم تا زۆر جێگای ڕەخنەن و کەمتر لە جێگای خۆیاندان و
درووستکردنی بوت و بە باڵایدا ھەڵکووتن بۆتە کاری ڕۆژانەیان بە چەپ و
ڕاستیانەوە و ئەمانە وادەردەکەون کە جارێ بەمزووانە چارەسەر ناکرێت
بۆیان، چوونکە کۆمەڵێک کێشەی گەورەی چارەسەرنەکراوی دیکەی خۆیان لە ناو
خۆیاندا ھەیە کە پێویستە ئەوەڵ ئەوانە چارەسەر بکەن. نووخبەی کوردیش کە
پەروەدەی ئەو کۆمەڵگایەیە و لە ژێر کارتێکەری کۆمەڵگادا ماوەتەوە،
کەمتر ھەنگاوی بوێرانە و کارامەی بەرەو تێکشکاندنی ھەندێک داب و نەریت
ھەڵگرتووە. دیارە یەکەم ھەنگاو ھەمیشە لە خوودی مرۆڤ خۆیەوە
دەسپێدەکات، ئەو کەسەی کە توانیی خۆی بگۆڕێت، ڕەنگە بشتوانێت کارتێکەری
لەسەر دەور و بەری خۆی ھەبێت، بەڵام ئەگەر گۆڕانەکەی بەس تێئۆریک بێت و
بۆ خەڵک بێت و لە خۆی بە دوور بێت، دیارە ناشتوانێت ئاکامی ببێت.
شوێن و بوارێکی دیکەی کۆمەڵگای ئێمە کە زۆر گرنگە کار و باس و نەقدیی
لەسەر بکرێت شێوەی پەروەردەیە، کە دایک و باوکەکان و تەنانەت
مەکتەبخانەکان بە گشتیی زۆر بە ھەڵە کار لەسەر پەروەردەی مناڵان و
لاوان دەکەن. جارێ ئەوە کۆمەڵگاکەمان بۆخۆی بە شیدەت سوونەتیی و
ئایینیشە، ئەمە خۆی کەم نییە، بەڵکوو نیوەی پەروەردە لێرەوە
وەردەگیرێت، باقییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خوودی دایکان و باوکان کە
مناڵان، عاتفیی، کەمجوورئەت، عەمەڵڵیی، نامۆ بە لەش و جەستەی خۆیان بە
تایبەت ئەندامانی "عەورەت" بار دێنن و ھتد کە دیارە چاکتر وایە ناوی
پەروەردە لەمانە نەنەین، چوون ئەمە ھەرچی بێت، پەروەردە نییە! بەکار
ھێنانی وشەگەلی مەمک و قوون و کێر و کوز و گان و ئەمانە ھێشتا لە
ئەدەبییاتی ئێمەدا گووناھی کەبیرەن، لە ھیچ زمانێکدا ئەم وشانە وەک لە
کوردیدا ھەیە قایم ناکرێن!!! لاوی کوڕ و کچی ئێمە بیست و چوار تا سی و
پێنج ساڵییانە، ھێشتا جارێک خۆشەویستیی و جارێک سێکسیان نەکردووە! ئەی
ئەمە چۆن نابێتە عووقدە؟ جا چ لە کووڕانماندا بێت و چ لە کچانمان؟
تابووی پەردەی کچێنیی ھێشتا لە زۆربەی زۆری بنەماڵەکانی کوردستان
تەنانەت لە دەرەوەی وڵات و لە ئازادیشدا، نەشکاوە! شەرەف و نامووسی
پیاوی کورد ھێشتا لە ناو گەڵی ژنان دایە!! منداڵ کە یاری دەکا و
دەکەوێت، جا بریندار دەبێت یا شوێنی دەشکێت، دایک و باوکیش دێن بە
سەریدا شین و ڕۆڕۆ دەکەن و منداڵی بێچارە بریندار بووە و خوێنی لێ
دەتکێ، لە باری ڕۆحیشەوە داغانی دەکەن بە سەر یەکدا، بە جێگای ئەوەی
دایک و بابەکەی خوێنسارد بن و مناڵەکە نەتۆقێنن، بەڵکوو بە ھێمنی
بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەیەک و بیدەنە دەست دوکتۆرێکی پسپۆڕ کە بەر بە
خوێنڕێزیی و شکانی زیاتر لە جەستەی منداڵەکە و بەر بە ڕووخانی
کەرامەتیشی بگیرێت! منداڵ ناوێرێت بە حووڕڕی یاری بکات، ئەمەچییە
جلەکانی پیس دەبێت، وەک ئەوە وابیت کە ئیتر جلیتر دەست ناکەوێت کە بۆی
لەبەر کەن! یانەخێر نابێ دەست بۆ شت بەرێت بۆ ئەوەی شتەکە لەکە دەگرێت!
دووایەش مناڵی بێچارە ھێند دەشۆن و دەیشۆنەوە، عەمەڵڵیی و وەسواسی باری
دێنن، بە شێوەیەک کە بێز لە زۆر شت بکات! بەڵام ھێشتا فێریان نەکرددوە
دەم و دانی ھەموو شەوێک بشووات!! زۆر لە شتەکانمان پێچەوانن!! وەھا
منداڵێک کە گەورە بوو و چووە کۆمەڵگا بە تایبەت کە چووە کۆمەڵگا
ئازادەکان، لە ھیچکوێ ڕاحەت نییە و ناحەسێتەوە و پێش ناکەوێت و ھتد.
دیارە ئەمدیاردانە لە ھەموو کۆمەڵگایەک تاقە تاقە دەست دەکەون، بەڵام
ئەگەر زۆرینەیەک بەم شێوە بن، واوەیلانی دەوێت! ئەمانە و زۆر زۆر شتی
ورد و درشتیی دیکە لە کۆمەڵگای ئێمە پێویستە ئاڵ و گۆڕیان بەسەردا
بھێنرێت و با کوردیش لە ئاڵ و گۆڕ نەترسێت، مەگەر نەمانووت مرۆڤ
جانەوەرێکی ژیری سەیرە کە خۆی بە ھەموو شتێک عادەت دەدات یا خوو بە
ھەموو شتێک دەگرێت، ھەر وەک چۆن خووی بەو سوونەتە دەست و پێگیرانە
گرتووە، ئاواش خوو بە مۆدێڕنیتە و ئەقڵگەرایی دەگرێت، کە ئەمەیان
شایانییەتی و پەڕ و باڵی دەکاتەوە و بیر و شووعاعی مێشک و ھزری
بەرفراوانتر دەکات و ئازادی دەکات، ئازاد! ئەو ئازادییە کە ئێمە
دەیانساڵە ھاواری بۆ دەکەین، ھەر ئەوە نییە کە خاکمان بە دەست خۆمانەوە
بێت و خۆمان فەرمانڕەوای چارەنووسی خۆمان بین، ئەمە تەنیا بەشێکیی
ئازادییە، ئازادیی ڕاستیی و واقیعی لە ئازاد بوونی دەروونی مرۆڤدایە،
دەی کەواتە با لە پێشدا خۆمان لە چنگ کۆمەڵێک زنجیر و قوودسییەت و داب
و نەریت و قەید و بەندیی ناپێویست ڕەزگار کەین، ئەوجار کە باڵمان
کردەوە و بیر و ھزرمان بەرفراوانتر بووەوە، ئەوجار ھێند ئازادین کە لە
سنووری خاک و وڵات سەھلە، لە سنووریی زەوی و ئاسمانیش تێدەپەڕین، بەو
شەرتەی بە ئازادییەکەمان مووزاحیمی ھاوڕەگەزەکانی دیکە و بوونەوەرانی
دیکەی سەر زەوی و سرووشتیش نەبین! دەبا ھزرمان و کار و پیشە و کردەوە و
باوەڕمان ئازاد کەین، دە با بە ئەقڵ بیر بکەینەوە و نەک تەنیا بە دڵ!
با بەس بگریین بۆ حاڵ و وەزعمان بەڵکوو وەزعەکە بە جورئەتەوە و بە
قازانجی خۆمان بیگۆڕین، با کام دەرگا لەسەرمان داخراوە، بە شەق
بیشکێنین!!
٣٠ی جۆزەردانی
٢٧١٢
ماڵپهڕی ئهیوب رهحمانی
|