په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٦\٢٠١٢

ئەقڵ یا دڵ؟

ئەیوب رەحمانی    

- بەشی یەکەم -
 

ئەفلاتوون لە کۆمارەکەیدا (کتێبەکەی) دەروونی مرۆڤی بە سێ بەش دابەش کردووە، یەکەمین، بەشی ئارەزوو و حەزە کە بە ئەندامانی سێکسی مرۆڤ ئیرزا دەکرێت. دووھەمینیان تووڕەیی و ھەست و سۆزە کە مەڵبەندەکەی دڵە و سێھەمینیش ژیرییە کە مەڵبەندەکەی مێشکە و لە سەردایە! ناوبراو ئەم دەروونشیکارییە بۆ کۆمەڵگاش بە کار دێنێت بە شێوەیەک کە خەڵک بە بەشی یەکەم واتە ئارەزوو و حەزەکان دەشووبھێنێت، سەربازەکان بە بەشی دووھەم واتە ھەست و سۆز و تووڕەیی و فەرمانڕەواکانیش بە ئەقڵ و ژیری وەسف دەکات. ئەفلاتوون ئەم یاسا تێئۆریکە گشتییانەی بۆ کۆمەڵگای سەردەمی خۆی کە چوارسەد ساڵێک پێش زایین ژییاوە، واتە سەردەمی ھەخامەنەشییەکان لە ئێران! (لە دایکبووی ٤٢٧ی پێش زایین لە ئاتن بووە) نووسیوە و پێموانییە ئەمڕۆ پاش زیاتر لە ٢٤٠٠ ساڵ زۆر سەرنجی خەڵک و زانایان و ڕامیاران و فەرمانڕەوایانیش بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، چوونکە زەمەن گۆڕاوە و مرۆڤ بە ئاقارێکی زانایی زیاتردا تێپەڕیوە و ئەمڕۆ یاسای گشتیی نوێ ڕەچاو دەکرێت. چوونکە ئاڵ و گۆڕی زۆر لە مرۆڤی ئەمڕۆدا پێک ھاتووە، بەڵام خوێندنەوەی ھەر بۆ دەکرێت!
‌ ‌
ئاڵ و گۆڕ لە ژیاندا لە بوون و نەبووندا، لە فکر و ھزر و بیر و باوەڕدا و لە داب و نەریتدا، لە ھوونەر و مووزیک و مۆسیقادا و بە گشتیی لە ھەموو تان و پۆیەکی ژیاندا بوونیان بووە و ھەیە و بوونیشیان ھەر دەبێت و دەمێنێت. بە جۆرێک کە زۆر ڕاشکاوانە دەتوانم بڵێم کە کۆنتڕۆڵ و دەسەمۆکردنی ئاڵ و گۆڕ لە دەسەڵاتی مرۆڤ و ھیچ ھێزێکی دیکەشدا نییە. ئاڵ و گۆڕ دەسەمۆ ناپەزیرە و لە سرووشتیی بوون و نەبووندایە. بۆیە مرۆڤ ناگووزیرە لەوەی کە ئەبێت ئاڵ و گۆڕ قەبووڵ بکات و خۆی لەگەڵیا ھاوئاھەنگ و تەتبیق بدات. شتی نەگۆڕ بوونی نییە و موقاومەت لە ئاست ئاڵ و گۆڕدا تەنیا شکستە و ھیچی دیکە!‌ ئەوانەی لە باری ھزرییەوە نەتوانن یا نەیانھەوێت خۆیان لەگەڵ ئاڵ و گۆڕدا تەتبیق بدەن، خۆ ناتوانن ئاڵ و گۆڕ بووەستێنن، بەڵکوو سەریان بە دیواری بتوونیدا دەکووتن و تەمەنی کورتیی ژیانیان، لە خۆیان ڕەش دەکەن و ژیانێکی پڕ لە کێشە و چەرمەسەریی ھزرییان دەبێت تا ئەو ڕۆژەی کە دەمرن. بۆ ئەوەی جیھان و سرووشت ھەر چییەک بێت و ھەر چۆنێک بێت، مرۆڤ تەنیا بەو شێوەیە ئەیبینێت کە لە مێشکی خۆیدا فەڕزی دەکات. چوونکە ئەگەر مرۆڤێک جیھانی دەرەوەی خۆی ھەموو بە ڕەش ببینێت، دیارە لە جوانییەکانی سرووشت و پەیوەندییە جوانەکان و ئەشق و خۆشەویستیی کەمتر حاڵی دەبێت و زۆربەی بە خراپی دەبینێت و بە ڕەشبینیی و پووچگەرایی دەگات و دایم پەشۆکاوە! بە پێچەوانە ئەوەی ئاڵ و گۆڕ قەبووڵ دەکات، تۆلێرانسی ھەیە بۆ شتەکان و جووانی دەبینێت لە سرووشت و لە پەیوەندییەکاندا، وە دیارە ژیانیشی جوان و پاک و بێگەردترە و دەروونیشی ھادیئترە و ئارامترە!

کەواتە لێرەوە من بەم ئاکامە دەگەم کە مرۆڤەکان دوو بەشن، بەشێکیان باوەڕیان بە ئاڵ و گۆڕ، تەکاموول و ئێڤۆلووسیۆن ھەیە و بەشەکەی دیکە باوەڕیان بە ئاڵ و گۆڕ و بە تەکاموول یا نییە یا کەمترە!


ئەوانەی باوەڕیان بە تەکاموول و ئاڵ و گۆڕ ھەیە واتە دەستەی یەکەم: ماتریالیستەکان، زانستخواز و زانستپەروەرەکان، مۆدێڕنیستەکان، پێشکەوتنخوازەکان، بروونگەراکان و ھتد، وە بە گشتیی دەکەونە خانەی "ئەقڵگەراکان"ەوە!


ئەوانەی باوەڕیان بە تەکاموول و ئاڵ و گۆڕ نییە، واتە ئەوانەی دەستەی دووھەم: ئایینی و ئایدیۆلۆژیستەکان، ڕۆحگەراکان، سوونەت و داب و نەریتچییەکان، خوداپەرەستەکان، دەروونگەراکان و ھتد، وە بە گشتیی "دڵگەراکان" لە خۆ دەگرن!

ھەندێک کەس لە مابەینی ئەو دوو بەشەدان، ئەمانە ئەو کەسانەن کە ھێشتا نە بە دڵ و نە بە ئەقڵ بڕیاریان بۆ نەدراوە کە لە کام لا دەبن یا بە تەمان لەکام دەستە و کاتێگۆریدا بن! ھەندێکجار ماتریالیست و ئەقڵگەران، بەڵام ناخودئاگا پشتیوانیی لە ھەست و نەست و دەروونگەرایی و دڵگەرایی دەکەن، ھەندێکجار دڵگەران بەڵام باس لە مودێڕنیتە و زانست و پێشکەوتن دەکەن! ئەڵبەت شەرت نییە مرۆڤەکان خۆیان بڕیار بدەن یا بڕیاریان دابێت کە لە کام بەشدا بن یا لەکام بەشدا دەیانەوێت ببن. زۆر جار ھەڵبژاردەکە ناخودئاگایە و مرۆڤەکان بە بێ ئەوەی خۆیان بڕیاریان دابێت، لە ڕووی ھەڵس و کەوت و ھزریانەوە خۆبەخۆ لە ئەم بەش یا ئەو بەشدا دەستەبەندی و کاتێگۆریزە دەکرێن. خۆیان بڕیاری بۆ نادەن، داب و نەریت و کۆمەڵگا و پەروەردە پێشتر بۆیانی دیاری کردووە کە لە کام دەستە بن. لە کۆمەڵگا سوونەتییەکاندا بە گشتیی دڵگەرایی حاکمە و ئەقڵگەرایی واتازە کاری لەسەر دەکرێت کە مرۆڤەکان بە لایدا ڕابکێشرێن، بە بێ ئەوەی خۆیان بیانھەوێت! جا لەم ناوەدا کەسانێک کە ئاگاترن، خوێندەوارترن، بۆخۆیان بڕیار دەدەن کە لە کاملادا بن. بۆ نمونە شاعیران بە زۆریی دڵگەران، ئەھلی دڵن و سیاسەتمەداران بە گشتیی ئەقڵگەران و لە وڵاتی ئێمەش، لە کوردستان دڵگەرایی دەستی باڵای ھەیە و کوردەکان بە گشتیی ھەستیار و سۆزدار و دڵگەرایین و دایمە دەڵەی پیرێژنی دۆ لێ ڕژاوین و پرتە و بۆڵەمانە لە دەست دار و بەرد، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و گەشە سەندوو بە گشتیی ئەقڵ حاکمە و نەک دڵ.

دیارە بە پێویستیی دەزانم کە جەخت لەسەر ئەمەش بکەمەوە کە من ئەم باسەم بە شێوەی گشتیی و ڕێژەیی ھێناوەتە ئاراوە و بە ھیچ شێوەیەک بەو مانا نییە کە ئەوانەی ئەقڵگەران ئیتر دڵیان نییە و یا ئەوانەی دڵگەران، ئیتر ئەقڵیان نییە! نا ئەم باسە بەم شێوە ناکرێت، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە کە باسەکە کوولی و ڕێژەیشە! حاڵەتێکی تێئۆریی گشتیی دەگرێتە خۆی!

بۆ ڕوونتر کردنەوەی ئەم بابەتە پێویستە بە شێوەیەکی بنچینەیی ئاوڕێک لە تێئۆریی بوون و نەبوون، ئەوەی وا ئێستا زانست پێی گەیشتووە بدەمەوە. ئەم زانستە تێئۆریکە نوێیە کە بە تەمام وەک بەڵگەی باسەکەم بیھێنمەوە و زانستیی مرۆیی ئەمڕۆ پشتیی پێ دەبەستێت، سەرەتاکەی ناگەڕێتەوە بۆ تێئۆرییی تەکاموولی داروین (١٨٨٢-١٨٠٩) لە سەدەی نۆزدەدا، کە دیارە ئەمیش زۆر گرنگە، بەڵکوو ئەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە نەوەت ساڵ پێش ئێستا (سەدەی بیستەم). کاتێک کە لە ساڵی ١٩٢٠ ھەسارەناسی ئەمریکی بە ناوی ئێدوین ھابڵ (Edwin Hubble) بە تێلێسکۆپێکی سەد ئینجی لە مۆنت ویڵسۆنی (Mount Wilson) لۆس ئانجلێسەوە بە سەرسووڕمانەوە بینی و بەم ئاکامە گەیشت کە تەقریبەن ھەموو گاڵاکسییەکانی ئاسمان لە ئێمە و لە یەکتر دوور دەکەونەوە و ھەتا دوورتریش دەبنەوە خێراتر دەبنەوە و گەردوون و سرووشت دایمە لە ئاڵ و گۆڕدایە!

ئەمانە چ پەیوەندییەکیان پێکەوە ھەیە؟ دوواتر دێمەوە سەری، چوونکە ھەموو عیللەت و مەعلولی یەکن!! ئەم زانیارییە نوێیەی ئەوکات کە ناوی ئێکسپانسیۆن (Expansion)ی لێنرا، بە خێرایی سەرنجی ھەسارەناسان و فیزیکناسانی بۆلێکۆڵینەوە لە سەری ڕاکێشا و تەنانەت زانایانێکی زۆری ئەو کات (دڵگەراکان) لە پاڵ ڤاتیکاندا لە دژی ڕاوەستان، بۆ ئەوەی پێیان وابوو ئەم زانیارییە نوێیە ھەموو مەعادیلات و زانیارییە پێشووترەکان تێک دەشکێنێت و بۆ چەندەمینجار بوونی خودایەک وەک خالقی ھەموو شتێک دەباتە ژێر پرسیار کە بۆ ماوەیەکیش تا ساڵی ١٩٤٨ ھەر وای لێھات. ساڵی ١٩٤٨ تێئۆرییەکی دیکە بە ساپۆڕتی ئایین و بە بێ پشت بستن بە زانیارییەکی تاقیکراوە ھاتە ئاراوە بە ناوی (Steady-state-Theorie) یا تێئۆریی ڕاگرتنی باڵانس و ئەویش ھەر ئەوە بوو کە جەختی لەسەر تێئۆرییە کۆنە پێشووترەکان دەکردەوە و ئەویووت گەردوون ھەتا بووە و ھەیە ھەر وا بووە کە ئێستا ھەیە و ھیچ تەقینەوەیەک لە ئارادا نەبووە و تێئۆریی و تاقیکراوەکانی ئێدوین ھابڵ ڕاست نین و ڕووداوێکی ئیتیفاقی بوون کە بیندراون! بەڵام ھەمدیسان حەڤدە ساڵ دواتر لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٦٥ شتێکی سەرنجڕاکێشیی دیکە لە دوور دوورەکانی ئاسمان (گەردوون) بە تێلێسکۆپی بە ھێزتر لە تێلێسکۆپە سەد ئینجییەکەی ئێدواڕد ھابل بیندرا. ئەویش تیشکێکی لاواز و خەفیفی مایکڕۆوێڵەیی بوو لە پشت کۆمەڵە ھەورمانەندێکی تێک ئاڵۆز و فشوردە!‌ تەنیا تاریفێک کە لەوە دەکرێت لە بواری تێئۆری زانستییەوە ئەمە بوو کە ئەوانە کۆمەڵە ھەسارەیەکن کە ژیلەمۆ ئاسا لە تەقینەوەی گەورەوە ھەر دایسێن و دوور کەوتوونەتەوە و ھێشتا سارد نەبوونەتەوە و دەور و بەریشیان کۆمەڵێک گازی ڕەشی ناشی لە ئەو سووتانە درووست بوون، ھەر ئەوەی کە میلیۆنەھا ساڵ پێشتر بە سەر زەویدا ھاتووە و زەوی سارد بۆتەوە و بەم شێوەیەی ئەمڕۆی لێ ھاتووە و ژیان لە سەری سەوز بووە. ئەم زانیارییە نوێیانە کە تێئۆریی ڕێژەیی ئاڵبێرت ئاینشتاینیشی لەمەڕ کات و زەمەن پشتڕاست دەکردەوە، ئاکامی لێکۆڵینەوەکانی پڕۆفسۆر شتێفن ھاوکینگ (Stephen Hawking) ئاستڕۆفیزیکێڕی بریتانیایی بە ھاوکاری پرۆفسۆر ڕۆژێ پێنڕۆز (Roger Penrose) بوو کە دواتر ناویان نا ئینفلاشن یا ئینفلاسیۆن (Inflation). وە ئەمەش بەڵگەیەکی ئاشکرا و حاشالێنەکراوی تازە بوو کە تێئۆرییەکەی ئێدواڕد ھابلی کە ساڵی ١٩٢٠ پێی گەیشتبوو دیسانەوە پشتڕاست کردەوە و جێگای شک و گوومانی نەھێشتەوە کە ھەسارەکان پێشتر ھەموو کۆمەڵەیەکی لێک نیزیک بوون کە لە ئاکامی تەقینەوەیەک ڕوویانداوە و پاشانیش، پاش زیاتر لە سێزدە میلیارد ساڵ بەو شێوەی ئەمڕۆ لێک دوورکەوتوونەتەوە. ئەمڕۆکە ئەو سەرنجەی ھابل بە گرنگترین زانیاریی مرۆڤایەتیی لەمەڕ بوونی گەردوون و ژیان دەزانرێت لە دیدی زانستی ھەسارەناسییەوە، ئەگەرچی کەنیسە و ئایینەکان (دڵگەراکان) بە گشتیی تا ئەمڕۆکەش لە دژییی ڕاوەستاون، چوونکە بیرۆکە نەسەلمێندراوە ئایینییەکانی ئەوان پووچەڵ دەکاتەوە!

کەواتە ئەو پرسیارە گرنگەی کە ساڵی ١٩٢٠ بە تێئۆرییەکەی ھابل وڵامی وەرگرتبوو ئەمە بوو کە ئەگەر گاڵاکسییەکان لە ئێمە (زەوی) و لە یەکتر دوور دەکەونەوە و دایمە لە ئاڵ و گۆڕدان، کەواتە ئەبێت سەردەمانێک زۆر لە ئێمە و لە یەکتر نزیکتر بووبن، دراوسێ بووبین، دیارە ئەوکاتە کە زەویش بۆخۆی پشکۆیەکی گڕاویی بووە! کەواتە ئەو کاتەی کە زۆر لێک نزیک بووین، کە ئەگەڕێتەوە بۆ ١٣.٧ میلیارد ساڵ پێش ئێستا ئەبێت تەقینەوەی گەورە واتە ئووڕکناڵ ڕووی دابێت و بەو تەقینەوە ھەموو شتێک لە ئاسمان بڵاوبووبێتەوە و وردە وردە لێک دوور کەوتوونەتەوە.‌ مێژووی درووست بوونی ژوور و کاتیش (Raum und Zeit) ھەر ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووی تەقینەوەی گەورە،‌ ھەر ئەو کاتیش کات و مەکان درووست بووە، بەڵام وەک باسیکرا ئەم تێئۆریانە ھێشتا لە گووماندا مابوونەوە تا ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٦٥ سەلمێندرا کە ڕاستە!

ئەم باسەی سەرەوە کە لە ئەسڵدا زۆر ئاڵۆز و دوور و درێژە و ئەمە تەنیا دڵۆپێکە لە ھەموویم بۆیە ھێنایە پێش بۆ ئەوەی سەلماندبێتم کە "بوون" ئەوەتای درووست بووە ھەر لە پاش تەقینەوە گەورەکەی زیاتر لە سێزدە میلیارد ساڵ پێش ئێستاوە ھەتا ئەمڕۆ ھەر لە ئاڵ و گۆڕدا بووە و لە داھاتووشدا پێش بەو ئاڵ و گۆڕە ناگیرێت و لە دەسەڵاتی بەھێزترین زانستی مرۆڤایەتیشدا نییە کە بەر بەو ئاڵ و گۆڕانەی داھاتوو بگرێت.‌ لە ئاکامی ئەو ئاڵ و گۆڕانەدا و لە توێی میلیۆنەھا ساڵدا لە ئاکامی تێکەڵ بوونی گازەکاندا، ئۆکسیژن و ھیدرۆژن و زۆر گازی دیکە درووست بوون، ھەموو بە سرووشتی و بە بێ دەخالەتی "خالقێک"! لە تێکەڵ بوونی ئەم گازە نوێیانە بۆ نمونە ئۆکسیژن و ھیدرۆژن و تیشکی خۆری موناسب، ئاو (H2O) لە سەر زەوی درووست بووە. پاش میلیۆنەھا ساڵ لە ناو ئاودا و بە تیشکی خۆر و گەرمای موناسب ئامیبەکان و بوونەوەرە مایکرۆسکۆپییەکان ھاتوونەتە بوون، ھەموو بە شێوەی سرووشتی و ئەوجار پاش میلیۆنەھا ساڵی دیکە ماسییەکان لە ناو ئاودا و ئەوجار دووزیستەکان لە ئاو و وشکاییدا و ئەمە ھەر وا درێژەی کێشاوە تا چەندین جۆر بوونەوەری وشکایی بە شێوەی سرووشتیی ھاتوونەتە بوون و شاخەی جیا جیایان لێ بۆتەوە تا بە ڕەگەزێکی جیاواز کە ئەمڕۆکە ئێمەین گەیشتووە. ئەگەر ئێمە ژێنێتیکی ڕەگەزی مرۆیی خۆمان بخوێنینەوە، بەو ئاکامە دەگەین کە مرۆڤ لە سەرەتاوە لە ڕەگەز و بنەماڵەی دوڵفین و واڵەکان بووە کە ڕەگەزێکیان لێ جیا بۆتەوە و ھاتۆتە وشکایی و دارستانەکان و وردە وردە ڕەگەزێکی لە جۆری مشکیی گەورە ھاتۆنەتە بوون و بە دارەکاندا ھەڵگەڕاون (بۆیە ژنێتیکی مرۆڤ و مشک زۆر بە یەک دەخۆن و لە لابڕاتوارە پزشکییەکاندا ئەوەی دەرمانە لە سەر مشک و مەیموونی تاقی دەکەنەوە و ئەوجار بە مرۆڤی نەخۆش و ھەژاری دەدەن و ئەوجار کە سەرکەوتوو بوو، دەیخەنە بازاڕ!) وە مشکە گەورەکانیش ڕەگەزەی جۆربەجۆری مەیموون و عەنتەر و شامپانزەکانیان لێبۆتەوە و یەک لەو ڕەگەزە مەیموونییانە ھاتوونەتە سەر دوو پێ و ڕاست بوونەتەوە و میوەی دارەکانیان خواردووە و خێرا ڕایان کردووە و توانیویانە ڕاو بکەن و بە شێوەی گرووپ بژین و زا و زێ بکەن و وردە وردە ژیر (ئاقڵ) بوونەوە یا ژیر کراونەتەوە، ئاگریان کردۆتەوە و لە کوونە دار و کوونە ئەشکەوتەکاندا ژیاون و ھتد! (کە دیارە من دوو ساڵێک پێشتر لەسەر ئەم چۆنییەتیی ژیر بوونی ئەو بابەگەورە و دایەگەورانەی مرۆڤ وتارێکم نووسیوە بە ناوی " مرۆڤ لەشی ئاژەڵە و ئەقڵی فەزاییە" کە دیارە بۆ ئەوانەی حەزیان لەو باسەیە دەتوانن ئەو وتارە بخوێننەوە و لێرە لە سەر چۆن ژیر بوونی ئەو ئاژەڵە دوو پێیانەی کە بوونە مرۆڤ، ناچم، چوون ئەویش باسێکی زۆر ئاڵۆز و دوور و درێژە بۆخۆی.) بەڵام بۆ ئەوەی لە بەشی دووھەمی باسەکەم بگەن، خوێندنەوەی ئەو وتارە کۆنترە تەوسییە و پێشنیاز دەکەم!

با بێمەوە سەر جادەی سەرەکیی باسەکەی کە مەبەستمە، ئەویش ئاڵ و گۆڕە و ئایا مرۆڤایەتی بەرەو دڵگەرایی دەڕوات یا ئەقڵگەرایی و ئایا دەتوانرێت ئەو پڕۆسەی ئاڵ و گۆڕەی مرۆڤ بوەستێندرێت؟


٢٥ی جۆزەردانی ٢٧١٢

ماڵپه‌ڕی ئه‌یوب ره‌حمانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک