په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠١٤

ئێران، بە رواڵەت دوژمن و لە ژێرەوە هاوپەیمانی داعش.

 

 عەبدولڕەحمان راشید

وەرگێڕانی: وشەجاڕ  

سەرهەڵدانی بەئاشکرای سەرۆکی "داعش" مەترسییەکان دەگەشێنێتەوە. ئێستا کەسێک سەریهەڵداوە دەیەوێت ئەو گروپە لەو بارودۆخە شپرزەی پێشوو ڕزگار بکات؛ گروپێک کە لەسەر بنەمای هێماخوازی و مێژوو و ئاین پێکهاتووە. ئەبوو بەکر بەغدادی توانیی لە کاتێکدا قاعیدە لە دۆزینەوەی جێنشینی "ئوسامە بن لادەن" (ڕێبەری سیمبولیکی ڕێکخراوەکە کە بە دەستی ئەمریکییەکان کوژرا) دامابوو، بۆشاییەکەیان بۆ پڕ بکاتەوە.


سەرهەڵدان لە کات و شوێنێکی وەهادا پرسیارگەلێکی زۆر دێنێتە ئارا لەمەڕ ئەوەی کە ئەو گروپە لە لایەن کێوە بەکارهێنراوە و نوێنەری کێیە و چ لایەنێک توانیویەتی دزە بکاتە ناو ڕێکخستنەکانیەوە. گروپی "داعش" لە کاتێکدا کە ڕژێمی ئەسەد خەریک بوو دەڕوخا، کتوپڕ لە وڵاتی سووتاوی سوریاوە سەری هەڵدا. ئەو سەرهەڵدانە بووە هۆی نانەوەی شەڕ لە ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریادا و بەو شێوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەترسی ئەوەی جێگرەوەی (دیکتاتۆرەکەی سوریا) تیرۆریست دەبێت، ڕژێمی ئەسەدی لەسەر دەور هێشتەوە.


هەمان سیناریۆی لە عێراقدا دووبارە کرایەوە. نوری مالیکی کە دۆستێکی زۆر نزیکی ڕژێمی ئێرانە، خەریک بوو بە کۆی دەنگی سەرۆک و کەسایەتییە سیاسییە شیعە و سوننە عەرەبەکان لە لایەکەوە و سەرۆک و کەسایەتییە سیاسییە کوردەکان لە لایەکی دیکەوە،مافی دووبارە کاندیدبوونەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەکیس دەدا. بەڵام کتوپڕ داعش سەری هەڵدا و موسڵ واتە دوهەمین گەورەشاری عێراق و بەهێز و پتەوترین شار لە باری سەربازییەوە، لە لایەن چەکدارانی ئەو گروپەوە دەستی بەسەردا گیرا. ئەستێرەی بەختی مالیکی درەوشایەوە و خۆی وەکوو ڕێبەرێکی پێویست بۆ ئەم کاتە مێژووییە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریسم لەقەڵەم دا!


ئەوەتا ئێستاش "داعش" لە باتی شەڕ لەگەڵ دوژمنە ڕووکەشییەکانی واتە ئەسەد و مالیکی، هێزەکانی لە سنوورەکانی باکووری نیمچەدورگەی عەرەبستان، واتە نێوان ئەو وڵاتە و عێراقدا کۆ کردووەتەوە و خەریکە شەڕێکی دیکەش لە سنوورە باشوورییەکانی عەرەبستان و یەمەن‌دەڵدەگرسێنێت.


بن لادەن کوژرا بەڵام بەغدادی زیندووە! بۆ ئەوەی ئەرکەکانی باوکی ڕۆحی و پێشینی خۆی جێبەجێ بکات و هاوکات خۆی لە مەکرووه و ڕێگەپێنەدراوەکانی ڕێبازەکەی ئەو بپارێزێت. لە بانگەشەئاینییەکانی ئەواندا، هەمیشە ڕژێمی ئێران دوژمنێکی ڕووکەش، بەڵام هاوپەیمانێکی نهێنی بووە. ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ئێران لە نەوەدەکاندا و پاش تێکشکانی قاعیدە لە ئەفغانستان سەنگەر و پەناگایەکی باشی بەشێک لە ڕێکخستنەکانی ئەو گروپە بوو کە کەسایەتییەکی بناژۆخوازی میسری بە ناوی "سیف العدل" بەڕێوەبەری بوو.


ئەوەشمان لە یاد بێت کە ئوسامه بن لادەن تاقمێک لە منداڵەکان و یەکێک لە ژنەکانی نارد بۆ ئێران کە پاش کوژرانی سەرۆکی قاعیدە لە تارانەوە نێردران بۆ سوریا بۆ ئەوەی لەوێوە بنێردرێنەوە بۆ عەرەبستان و ڕادەستی ئەو وڵاتە بکرێنەوە. بەڵام کۆمەڵێک لە پێشەوایان و سەربازە سعودی و عەرەبەکانی قاعیدە هێشتا لە ئێران دادەنیشن، ئەو وڵاتەی کە قاعیدە سەرەڕای لێدوان و بۆچوونە تیژە دژەشیعەکانی، هەرگیز هێرشی نەکردووەتە سەری و هیچ مەترسییەکی لەسەر بەرژەوەندی و بنکەکانی دروست نەکردووە!


بەغدادی وەشانی نوێی بن لادەنە. نموونه‌یبێزاری و ماندوێتیی ئاینیە لەو کۆمەڵگا سوننە مەزەبانەدا کە نەیانتوانیوە کولتووری بناژۆخوازی و توندڕەوانە ڕیشەکێش بکەن و نەشیانتوانیوە جێگرەوەیەکی کولتوریی دیکەی بۆ بدۆزنەوە.
 

ماڵپه‌ڕی وشەجاڕ

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک