ئێرانیچیگه‌ری و
میکانیزمه‌کانی!!
-
وتارێکی ڕه‌خنه‌گرانه
له حیزبه کوردیه‌کان -

ئه‌یوب
ره‌حمانی
به ته‌جروبه ده‌رکه‌وتووه که کورد یا با بڵێین حیزب و ڕێکخراوه
کوردستانیه‌کان له باری تاکتیکیه‌وه شێوه‌ی توند و تیژییان بۆ درێژه‌ی
خه‌بات و پاراستنی خۆیان به کار هێناوه و به کاری دێنن و ئه‌مه‌ش
هۆکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان که دایمه
به توند و تیژی و سه‌رکوت و بگره و بکوژه له گه‌ڵ کورد و
ئازادیخوازان و ناڕازاییانی کورد هه‌ڵس و که‌وتییان کردووه و له
ڕاستیدا ئه‌وان هه‌م به داگیر کردنی کوردستان و هه‌م به سه‌رکوتی
خوێناوی و دوژمنکارانه‌یان له دژی ئه‌م گه‌له زوڵملێکراو و به کۆیله
کراوه، توند و تیژییان به سه‌ر کورد و حیزبه کوردیه‌کاندا سه‌پاندووه
و ناچارییان کردون به چه‌ک هه‌ڵگرتن و خۆی ئه‌مه پێشینه‌ی مێژوویشی
هه‌یه که کورد له ناوچه‌یه‌کی زۆر ئاڵوز و له سه‌ر حاسڵخیزترین زه‌وی
سه‌ر ئه‌ستێره‌ی ئه‌رز ده‌ژی که له جیهاندا پێی ده‌وترێت
'' نیوه‌ی مانگی پڕ به‌ره‌که‌ت
''*
یا به عه‌ڕه‌بی الهیلال الخصیب و به
ئاڵمانی (Fruchtbarer Halbmond) که هه‌مو ئه‌مانه ده‌ستیان داوه‌ته
ده‌ستی یه‌ک و هه‌مو ناوچه‌که‌یان به شه‌ڕ و ئاژاوه کێشاوه. هه‌ر
بۆیه کاتێک حیزبه کوردستانیه‌کان وێنه‌کانی قاڕنێ و قه‌ڵاتان و گولله‌بارانه‌کانی
شاری پاوه و فڕۆکه‌خانه‌ی سنه و وێنه‌کانی ته‌رمی گیانبه‌ختکردووانیان
بڵاو ده‌که‌نه‌وه، له سه‌ریشی ده‌نوسن "نه له بیری ده‌که‌م و نه
ده‌شبه‌خشم"! ئه‌مه خۆی فه‌رهه‌نگی تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌یه و شتێکه که
وه‌ک دروشم به‌رزییان کردۆته‌وه و به خه‌ڵکی کوردی نیشان ده‌ده‌ن، بۆ
ئه‌وه‌ی توڕه‌یی و بێزاری خۆیان له داگیرکاریه‌کانی کۆماری ئیسلامی
ئێران و به گشتی چه‌ند سه‌د ساڵ داگیرکردنی کوردستان نه‌رێنی و قه‌بێحی
بکه‌ن و ناڕه‌ز‌ایه‌تی خۆیان له دژی ده‌رده‌بڕن. دیاره فه‌رهه‌نگی
تۆڵه و توند و تیژی و غه‌زه‌بی شۆڕشگێڕانه ئه‌مڕۆکه له جیهاندا ڕه‌ت
ده‌کرێته‌وه و ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه له داهاتودا یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئاشتی
جیهانی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێمنی بۆ هه‌مو جیهان. مهاتما گاندی سیاسه‌تمه‌داری
ئه‌فسانه‌یی فریشته‌ی ڕزگاری هێندوستان یه‌که‌م مرۆڤ بوو که به کرده‌وه
شێوه‌ی خه‌باتی ناتوند و تیژی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیی گه‌ل و
وڵاته‌که‌ی به‌رز کرده‌وه و هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش له دژی ئیستیعماری
بریتانیا له وڵاته‌که‌ی خه‌باتی کرد و توانی وڵاته‌که‌ی به سه‌ربه‌خۆیی
بگه‌یه‌نێت. کورد نه‌یتوانی شوێن گاندیزم بکه‌وێت و ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر به
جێگای توند و تیژی که وه‌ک وتم به سه‌ریدا سه‌پابو ڕێگای نا توند و
تیژی و گاندیزمی بگرتایه‌ته به‌ر، جیهان ده‌که‌وتنه پشتیوانی لێکردنی
و ئێستا ڕه‌نگ بو له مێژ بوویایه سه‌رکه‌وتو و ڕزگار ببوینایه، وه‌ک
چۆن ئه‌مڕۆ جیهان پشتیوانی له دالای لامای تێبه‌تی ده‌که‌ن و هه‌ر
ناکا تێبه‌تیش سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت، بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک تاقه فیشه‌کیشیان
ته‌قانبێت. به‌ڵام کورد شوێن سیسته‌می توند و تیژانه‌ی لێنینی و
ستالینی و ڕوسی که‌وت و تا ئه‌مڕۆش نه ته‌نیا تێیدا سه‌ر نه‌که‌وتووه،
به‌ڵکو ڕه‌نگه هه‌رگیزیش ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی به چاوی خۆمان نه‌بینین،
که من خۆم ئاسۆ ڕون ده‌بینم و پێم وایه که کاتی ڕزگاری هاتووه و ده‌بێت
ڕزگاریمان بێت و له‌گه‌ڵ توند و تیژیشدا نیم و زیاتر گاندیزمانه بۆ قه‌زیه‌که
ده‌ڕوانم و باوه‌ڕم به ڕاپرسیێکی گشتی و ئازاد و دێمۆکڕاته، که خه‌ڵک
له دواڕۆژی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی بڕیار بده‌ن، که ئایا سه‌ربه‌خۆییان
ده‌وێت و له ئێران جیا ده‌بنه‌وه یا خۆ له گه‌ڵ ئێران ده‌مێننه‌وه،
ئه‌وجار ده‌بێت باسی فیدڕاڵی و ئه‌مانه بێته گۆڕێ؟ به‌ڵام ئایا ئه‌وان
(ده‌سه‌ڵاتی فارسی) ماف به منی کورد ده‌ده‌ن که خۆم له پێشدا بڕیاری
مانه‌وه له گه‌ڵ ئێران یا نه‌مانه‌وه بده‌م ئه‌وجار باس له پێکه‌وه
مانه‌وه بکه‌ین و ڕێگاکانی بۆ بدۆزینه‌وه؟!! پرسیارێکی گرنگه، وا
نیه؟
دروشمی نه له بیری ده‌که‌ین و نه ده‌یبه‌خشین، ئه‌گه‌ر چی دروشمێکی
توند و تیژانه و تۆڵه سه‌ندنه‌وانه‌یه، به‌ڵام له کرده‌وه‌دا بۆ
حیزبه‌کان "ئه‌مڕۆکه" تاکتیکێکی گاندییانه‌یه و ئه‌وه‌تا ده‌بینین که
حیزبه‌کان که ئه‌و دروشمه ده‌ده‌ن نه ته‌نیا بکه‌رانیان به‌خشیوه و
ڕابردوشیان له بیر چۆته‌وه، به‌ڵکو له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستیش
له یه‌ک سه‌نگه‌ردان بۆ له ناو بردنی کۆماری ئیسلامی. به‌ڵام ئه‌وان
نایانهه‌وێت ئه‌م ڕاستیه ببیستن که ده‌ست و په‌یوه‌نده‌کانی کۆماری
ئیسلامیش له سه‌ره‌تاوه کوردیان نه‌ده‌کوشت، ته‌نیا کاتێک ده‌ستییان
کرد به کورد کوشتن که کورد دروشمی خۆ به‌ڕێوه بردن و ئازادی و پێشکه‌وتنخوازانه‌ی
به‌رزکردبووه‌وه ئه‌وجار که‌وتنه کورد قڕان. ئه‌وکاتیش کورد و فارس و
ئازه‌ری و هه‌موان له دژی نیزامی پاشایه‌تی له یه‌ک سه‌نگه‌ردا بوین،
دواتر ڕاونراین، چونکو فارس ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێران و ده‌سه‌ڵاتدارێتی
قه‌ومی فارسی ده‌ویست به تاقی ته‌نیا به سه‌ر هه‌مو ئێران‌دا. که‌واته
ئێستاش له‌گه‌ڵمانن بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، له دواڕۆژدا هه‌م له
ئێمه به‌هێزترن و هه‌م پڕچه‌کتر و هه‌میش سه‌روه‌ت و سامانی هه‌مو
ئێرانیان له به‌ر ده‌ست دایه و پێت ده‌ڵێت، ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێران،
به بێ قه‌ید و شه‌رت، ئه‌وجار مه‌عامه‌له‌ت له‌گه‌ڵ ده‌کات، هه‌ر بڵه‌ی
له‌ل، ڕاستت ده‌کاته‌وه!! تا ئێره ڕونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست، ئێستاش
دێمه سه‌ر باسه‌که‌م.
کاتێک که وشه‌ی ئێرانیچیگه‌ری به چاوی هه‌ر کام له به‌رپرسانی
حیزبه کوردستانیه‌کاندا به چه‌پ و ڕاست و ئایینییه‌وه ده‌ده‌یه‌وه،
خێرا هه‌ڵوێست ده‌گرێت و ده‌ڵێت که نه‌خێر شتی وا نیه و ئێمه
ئێرانیچی نین و ئه‌وه تۆمه‌ته و دیپلۆماسی و هه‌ڵس و که‌وت له‌گه‌ڵ
حیزبه ئێرانیه‌کان به مانای ئێرانیچیگه‌ری نیه و ئه‌مه پێویستیی
سیاسه‌ته و ده‌بێت بکرێت و هه‌ندێکیشیان ئه‌م ته‌وجیهاته به
ڕێئالیزم له سیاسه‌تدا پێناسه ده‌که‌ن و خۆیان ده‌خه‌نه ڕیزی هه‌وادارانی
قوتابخانه‌ی ڕێئالیستی! ئه‌مه هه‌مو وه‌ڵامی ئه‌و به‌ڕێزانه‌یه و به‌م
وشانه خۆیان ده‌په‌ڕێننه‌وه و بۆ کاتێکیش بوبێت خۆیان له وڵامی
ڕاسته‌قینه ده‌دزنه‌وه! به‌ڵام نازانین که ئایا، مرۆڤ باوه‌ڕ به
سوێند خواردنه‌که‌یان بکات یا به کلکی که‌ڵه‌شێره‌که؟ ته‌شبیی نه‌بێت!
ئایا مرۆڤ باوه‌ڕ به ته‌وجیهاتیی به‌رپرسانی حیزبه‌کان بکات یا به
کار و کردار و وته‌کانیان که له‌م لا و له‌ولا ده‌یکه‌ن و ده‌بیندرێت؟
هه‌مومان مانای حیزبایه‌تی ده‌زانین و ده‌شزانین که ئه‌وه‌ی به ته‌مایه
حیزبه‌که‌ی ڕابگرێت، به شوێن به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌که‌یه‌وه‌یه و هه‌مو
حه‌ولی خۆی ده‌دات حیزبه‌که‌ی پێش بخات. که‌واته به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی
وا ده‌خوازێت که ئێمه له وڵامی پرسیار و ڕه‌خنه‌کانمان له به‌رپرسی
حیزبه‌کانی ئه‌مڕۆمان، ته‌نیا ئه‌وه ببیستین که ناوبراو ده‌بێت بیڵێت
و خۆی له باسکردن له هه‌ڵه‌ی سیاسی و تاکتیکی حیزبه‌که‌ی ده‌بوێرێت و
وڵامی دروست به پرسیاره‌که ناداته‌وه! ئه‌مه ڕاسته که حیزب که‌ره‌سته‌یه
بۆ گه‌یشتن به ئامانج و هه‌مو ئه‌مه په‌سه‌ند ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی
که ئامانجه‌کان چین، جیاوازییان هه‌یه پێکه‌وه. یه‌کێک ئامانجی گه‌وره
کردنه‌وه‌ی حیزبه‌که‌یه‌تی، یه‌کی دی ئامانجی خۆ گه‌وره کردنه‌وه له
حیزبه‌که‌یدایه، یه‌کی دی ئامانجی گه‌یشتنی به پله و پایه‌ی سه‌ره‌وه‌ی
حیزبه‌که‌یه‌تی و یه‌کی دی به ته‌مایه نان له حیزبه‌که‌ی بخوات و
کار و کاسبی بکات، به‌ڵام ڕاستیه‌که‌ی هیچکام له‌مانه ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی
نین و ته‌نیا ئامانجی حیزبی و تاکه که‌سین. کاتێک ده‌ڵێین ڕێکخراوه
یا حیزب که‌ره‌سته‌یه بۆ گه‌یشتن به ئامانج، ئه‌و ئامانجه ده‌بێت نه‌ته‌وه‌یی
بێت و ئامانج گه‌یاندنی به‌رژه‌وه‌ندی به نه‌ته‌وه‌که‌ت بێت، جا ده‌توانێت
ئامانجی ئابوری بێت یا خۆ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی. که‌واته ئامانجی
سیاسی ته‌نیا کاتێک که‌ره‌سته ته‌وجیه ده‌کات، که ئامانجێکی پیرۆزی
نه‌ته‌وه‌یی بێت و نه‌ک ئامانجی حیزبی و تاکه که‌سی. له لایه‌کی دیکه‌وه
ئه‌گه‌ر شتێکمان پێ باش نیه و ڕه‌تی ده‌که‌ینه‌وه که ئه‌و شته بین
و سوێند ده‌خۆین که ئه‌و شته نین، ئه‌ی بۆ ده‌یکه‌ین و ئه‌گه‌ر سوار
بوونی وشترمان پێ خراپه، بۆ سواری ده‌بین و خۆمان دولا ده‌که‌ینه‌وه
که که‌س نه‌مان بینێت؟
که لاوێکی کورد له کوردستان ده‌بێته پێشمه‌رگه و ده‌چێته ڕیزه‌کانی
شۆڕش و پێشمه‌رگایه‌تی، لاوێکی ساکار و بێگرێیه که له‌و قۆناخه‌دا چه‌ند
شتی گرنگ و سه‌ره‌کی مۆتیڤ و هانده‌ریه‌تی بۆ شۆڕش. دو له‌و هۆیانه که
سه‌ره‌کین، یه‌کیان زوڵم و زۆرێکه که له ناو زێدگه و نیشتمانه‌که‌ی
خۆیدا هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ی که له دایک ده‌بێت، له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کی
باڵاده‌ستی وه‌ک فارس و بگره ئازه‌ریش به سه‌ریدا دێت و که گه‌وره‌تر
ده‌بێت ئیتر به شوێنێک ده‌گات که یاخی ببێت و ئه‌و هه‌مو ناعه‌داڵه‌تیه
و داگیر کردنی وڵاته‌که‌ی ئیتر پێ ته‌حه‌مول ناکرێت و به جێگای خوێندن
و مانه‌وه له ناو بنه‌ماڵه‌دا، ڕێگای شۆڕش ده‌گرێته به‌ر. یه‌کی
دیکه له‌و هۆیانه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و کوردایه‌تی و ئه‌دا کردنی ده‌ینی
خۆی به گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یه‌تی وه‌ک سه‌ربازێک بۆ ئه‌و وڵاته‌ی که
خۆشی ده‌وێت و خۆی به هی ئه‌و ده‌زانێت و ئه‌ویش به هه‌مو که‌م و
کوڕیه‌کانیه‌وه به هی خۆی ده‌زانێت و هه‌ر بۆیه‌شه که ئاماده ده‌بێت
گیانی خۆی له پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیی وڵاته‌که‌یدا
به‌خت بکات. ئه‌و لاوه هێشتا پێچ و پڵوچه‌کانی حیزبایه‌تی نازانێت،
هێشتا له سه‌داقه‌ت و ڕاستگۆیی ڕێبه‌ره‌کانی نه‌گه‌ییوه و هێشتا به
کرده‌وه بێ دایک و باوکی سیاسه‌تی بۆ ڕون نه‌بۆته‌وه و ته‌نیا
بیستویه‌تی که سیاسه‌ت دایک و باوکی نیه. له پاش مانه‌وه له
ڕێکخراوه‌که‌یدا ئه‌وجار زۆر شت ده‌بینێت و فێر ده‌بێت و خه‌تی فیکری و
چۆنیه‌تی هه‌ڵس و که‌وتی وه‌ک ئه‌ندامێکی ئه‌و ڕێکخراوه‌ی لێدێت.
به چونه ناو حیزبه‌وه‌ی ئه‌م لاوه یه‌کێک له سه‌ره‌تایی ترین شته‌کانی
که فێری ده‌بێت پیرۆز کردنی سینتێڕالیزمی دێمۆکڕاتیکه و ئه‌وه‌یه که
ئه‌وه‌ی فه‌رمان له سه‌ره‌وه واته کۆمیته‌ی ناوه‌ندی دێته خواره‌وه،
هه‌ر هه‌مویان ئایاتی پیرۆزن و ده‌بێت پیرۆز ڕابگیرێن و به ڕێوه بچن
و ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه یا قسه‌ی له سه‌ریان هه‌یه، با پاش جێبه‌جێ کردنی
فه‌رمانه‌که قسه بکات و ئێستا ته‌نیا کاتی جێبه‌جێ کردنی فه‌رمانی
موقه‌ده‌سه و هاوکات هه‌ر ئه‌ندامێکیش ڕه‌خنه‌گر بێت، ئه‌وا ورده
ورده شکی ده‌خرێته سه‌ر و به‌رپرسایه‌تی نادرێتێ یا خۆ ئه‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌ی
که هه‌یه‌تی لێی ده‌ستێندرێته‌وه و ئیتر باقیه‌که‌یشی که هه‌مومان
ده‌زانین چی به سه‌ر دێت، ده‌بێت تۆبه بکات یا ده‌ر ده‌کرێت!
دیاره ئه‌م شتانه تا ئه‌و جێگایه‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر حیزبێکی
حیرفه‌یی و چه‌کدار که له گه‌ڵ دوژمنه‌که‌ی له شه‌ڕدایه و حاڵه‌تی
نائاساییه زۆر کێشه نیه یا بشتر وایه بڵێین که ڕێگا چاره‌یه‌کی
دیکه نیه و ده‌بێت وا بێت هه‌م بۆ ئه‌ندامه‌که که ده‌یهه‌وێت بژی و
هه‌م بۆ حیزبه‌که که ده‌یهه‌وێت به ئامانجه‌که‌ی خۆی بگات، به‌ڵام
کێشه‌که له شوێنێکی دیکه‌دایه، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که فیکره‌یه‌کی وه‌ها
ژاراوی و ترسناک به سه‌ر حیزب و سیاسیه کۆنه‌کانماندا زاڵن که مرۆڤ
بیری لێده‌کاته‌وه، ته‌رز به هه‌مو له‌شیدا دێت و موچڕکه ده‌یگرێت.
که بیر ده‌که‌مه‌وه ئێستاش نازانم که ڕێکخراوه‌کانمان له کام
قوژبنی پاتریۆتیزمدا بۆ گه‌له‌که‌مان وه‌ستاون؟! هه‌مو گیانفه‌دای یه‌ک
ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆخۆیانی ده‌که‌ن و نه‌ک بۆ گه‌له‌که‌یان! کاتێک یه‌کێک
خه‌بات ده‌کات، زه‌حمه‌ت ده‌کێشێت، گیانی خۆی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و
کاتی به فیڕۆ ده‌چێت و زۆر شتی دیکه‌ش، به‌ڵام خه‌باته‌که‌ی به گشتیی،
ناڕاسته‌وخۆ ده‌چێته گیرفانی نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ره‌وه، ده‌بێت
مانای ئه‌مه چی بێت؟ حیزبه‌کانمان ناڕاسته‌وخۆ و یا ڕه‌نگه‌ڕاسته‌وخۆ
و به ئه‌نقه‌ستیش قازانج به نه‌ته‌وه‌ی دوژمنی باڵاده‌ست ده‌گه‌یێنن،
هه‌ر ئه‌و دوژمنه‌ی که به خه‌یاڵی خۆمان له دژی ئه‌جه‌نگین و سه‌دان
و هه‌زاران قوربانیشمان له دژی داوه به‌ڵام له هه‌ر دوک سه‌ره‌وه
قازانجمان پێ گه‌یاندووه، هه‌م قوربانی و هه‌م قازانج بۆ ئه‌و! له
دژی کۆماری ئیسلامی ئه‌جه‌نگن و له‌م ڕێگایه‌شدا قوربانی ده‌ده‌ن و کوڕ
و کچانی هه‌ژاری کورد وه‌ک گۆشتی قوربانی ده‌به‌خشرێنه‌وه و خوێنی
ڕۆڵه‌کانی کورد به سه‌ر به‌رد و داری کوردستاندا ده‌چۆڕێن و ئه‌وه‌ی
فه‌داکاری و له خۆ بوردوییه ڕۆڵه‌ی کورد ده‌یکرد و ده‌یکات و هه‌ر دو
مانگ له‌مه پێش یازده قاره‌مانی کورد له چه‌ند سه‌نگه‌ری جیاوازدا
له خوێنی خۆیان گه‌وزان و ماته‌مینیان بۆ کوڕ و کچانیان و ژن و که‌س و
کاریان و ئێمه‌ش به جێ هێشت به‌ڵام ئه‌وه‌ی به ناو سیاسه‌تمه‌داره‌کانمان
بیریان لێنه‌کردۆته‌وه سیاسه‌تێکی نیشتیمانی به‌رز و قه‌ڵه‌مێکی
پۆخته‌ی کوردی پاراو بۆ ته‌سکینی دڵی دایکانی گیانبه‌ختکردووان و بردنه
سه‌ره‌وه‌ی ئاستی نه‌ته‌وه خوازییه! له‌و فیکره زاڵه‌دا ئه‌وه‌ی
کوردی و نیشتمانی کوردان بێت و باسی لێبکرێت ئه‌وا ناسیونالیزم و بڤه‌یه
و زه‌ره‌ر به ئێرانیچیگه‌ریان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام فارسی زمانی شیرین
و ڕه‌سه‌نه و ئێران مه‌رزی پڕ له گه‌وهه‌ر و هه‌مو جیهانه،
کوردستانیش لادێ یه‌کی بچکۆله و بڤه‌ی ئه‌و ئێرانجیهانه‌یه! په‌ڕتوکی
شیعر و ئه‌ده‌بی فارسی به به‌ربڵاوی له به‌ر ده‌ستدان و وێنه‌کانی ئه‌حمه‌دی
شاملو و حافز و سه‌عدی و فرده‌وسی و هتد به شیعره‌کانیانه‌وه به ده‌ر
و دیواری ناو ژوری پێشمه‌رگه‌کانه‌وه هه‌ڵده‌واسرێن و هه‌ر که‌سیش ڕه‌خنه‌ی
لێ بگرێت که بۆچی شیعرێکی کوردی هه‌ڵنه‌واسراوه، پێی پێ ده‌که‌نن به
جۆرێک که ئیتر ڕه‌خنه‌ی وا نه‌گرێت و ئه‌مانه فیکری زاڵی ناو حیزبه‌کانمانه!
به گشتی دوژمن له بواری فه‌رهه‌نگییه‌وه له ده‌ستمان حه‌ساوه‌ته‌وه
و پێویست ناکات که له کوردستان کاری فه‌رهه‌نگی بۆ خۆی و زمانه‌که‌ی
خۆی بکات، چونکه حیزبه‌کانمان بۆی ده‌که‌ن! له ناو مه‌قه‌ڕێکی چل –
په‌نجا که‌سی ئوردوگای حیزبه‌کاندا ئه‌گه‌ر تاقه فارسزمانێکی لێ بێت،
ده‌بێت هه‌مو به فارسی بدوێن با ئه‌و فارسه دڵی لێمان نه‌ئێشێت و به
جوانی له باسه‌کان بگات و ئه‌ویش زانایانه یا نازانایانه ئه‌م هه‌لانه
ده‌قۆزێته‌وه. دیاره ئه‌وه فه‌رمانی سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کانه که
نابێت زه‌خت له فارس بکرێت فێری کوردی ببێت، چونکه ڕه‌نگه ئه‌و تاقه
که‌سه پێیان بێژێت ناسیۆنالیست، ئه‌مه چیه ئوردوگایه‌ک به زمانی
زگماکی خۆی ده‌دوێت! زۆر ڕوونه که هه‌ر فارسێکی منداڵ یا باڵغ مادام
ده‌توانێت له شه‌ش مانگ تا یه‌ک ساڵدا له کاتی په‌نابه‌ری له تورکیه
یا ئوروپا یا ئه‌مریکا و هتد فێری زمانی ئه‌و وڵاتانه ببێت، له ناو
ئوردوگاکاندا و له ناو ئه‌و قه‌ره‌باڵیغیانه‌دا ته‌نیا به شه‌ش مانگ
فێری کوردی ببێت، که‌چی نایهێڵن و ده‌شێت ئه‌و عاله‌مه هه‌مو به
زمانی ئه‌و بدوێن، ئه‌گه‌ر ئه‌وی لێ بوویایه! ئه‌وانه هه‌مو پێش زه‌وینه‌ی
ئێرانیچیگه‌ریه‌کانی ئه‌مڕۆی حیزبایه‌تی له گۆڕه‌پانی سیاسی
کوردستاندایه. ئه‌مجۆره له خه‌باتی ئازادیخوازی به درێژایی مێژوو
له هیچ شوێنێکی ئه‌م جیهانه نه‌بیندراوه و له داهاتوشدا شتی وا ڕو
نادات، ئه‌وه‌ی که بوو و تا به ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه و ئێستاش هه‌ر
په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن، تاقانه و ته‌نیا له ئێمه‌ی به ناو خه‌باتکاری
کورد ده‌وه‌شێته‌وه و به‌س له ئێمه ڕویداوه و ڕو ده‌دات و به داخه‌وه
ئه‌مه جێگای گه‌لێک داخ و که‌سه‌ر و پێکه‌نینیشه. هه‌ر که‌سیش له‌و
ئێرانچیانه که ئه‌م وتاره‌ی من ده‌خوێنێته‌وه، ڕه‌نگه هه‌ر ئێستا
ده‌یان به‌رچه‌سپم لێ بدات که گۆیا من له دژی فارسان بم، به‌ڵام
دڵنیای ده‌که‌مه‌وه که من له دژی هیچ قه‌وم و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه
نیم و ته‌نیا دڵسۆزی نه‌ته‌وه‌ی خۆمم و پێم وایه که مادام من خۆم
زمان و خه‌ت و فه‌رهه‌نگ و هه‌مو شتێکم هه‌یه، بۆ ده‌بێت منیش هاوڕا
له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌دان تلویزیۆنه فارسانه منیش خزمه‌ت به زمانی ئه‌وان
بکه‌م، له حاڵێکدا زمانه‌که‌ی خۆم و تلویزیۆنه‌کانی خۆم زمانهه‌ژارن
و ئه‌م زمانه کوردیه سه‌دان ساڵیشه سه‌رکوت ده‌کرێت وده‌سڕێته‌وه و
به سه‌دان فێڵ و که‌ڵه‌ک له بیرمانیان بردۆته‌وه و هه‌ر له‌م وتاره‌ی
مندا بۆ وشه‌ی کوردی داده‌مێنم و هی ئه‌وان خۆیان له هه‌مو لایه‌که‌وه
خزمه‌تیان پێ ده‌کرێت و سه‌دان ساڵیشه به ئێمه‌شه‌وه خزمه‌تی ده‌که‌ین.
من ده‌ڵێم ئیتر به‌سه، با خزمه‌تێک به زمان و فه‌رهه‌نگ و کولتوری
خۆمان بکه‌ین، ئایا ئه‌مه تاوانه؟ ده‌ی با من تاوانبار بم هیچ کێشه‌یه‌کم
نیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر واش بێت، هه‌رگیز به قه‌ده‌ر ئێرانچیه‌کان موجرم
نیم و دواڕۆژیش زه‌مانه ده‌ری ده‌خات و زیاتر ڕونی ده‌کاته‌وه!
وه‌ک پێشینیانمان ده‌ڵێن له سه‌ر چووان مه‌چۆ و چاو له ئاسۆ ببڕه،
که منیش پێم باشه و پێم وایه به نۆبه‌ی خۆم وانه‌م له‌و مێژووه وه‌رگرتووه
و ئه‌مڕۆش چاو له ئاسۆ ده‌که‌م، به‌ڵام به‌م حاڵه‌ش و به‌و ڕابردووه‌شه‌وه
ئه‌وه‌ی ڕۆشنایی بێت له ئاسۆی فه‌رهه‌نگی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ییدا
نای بینم یا زۆر دوری ده‌بینم و ئه‌وه‌ی ده‌یبینم ته‌نیا ئاسۆی ڕونی نه‌ته‌وه‌ی
داگیر که‌ره و هه‌مومان به کوردیشه‌وه وا له خزمه‌ت ئه‌و نه‌ته‌وه
باڵا ده‌سته‌داین و چ به سیاسه‌ت و چ به قه‌ڵه‌م و چ به وتووێژ و چ
به کۆنفڕانس و کۆبونه‌وه‌ش هه‌ر له خزمه‌ت به داگیرکه‌رداین!
ئه‌م شتانه بۆیه ده‌ڵێم که ئه‌گه‌ر سبه‌ی ڕۆژ حیزبه‌کانیشمان عاقیبه‌ت
گۆڕان و له‌گه‌ڵ زمانه‌که‌ی خۆیان نۆڕماڵ هه‌ڵس و که‌وتیان کرد یا
گریمان موعجیزه‌یه‌ک ڕوی دا و گه‌له‌که‌مان سه‌ربه‌خۆیی به ده‌ست هێنا،
با نه‌ڵێن ئه‌م شتانه پێشتر نه‌گوتراوه و ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تای له‌دایک
بونی حیزبه‌که‌مانه‌وه کوردی ڕه‌سه‌ن بوین و به کوردی په‌تی و ڕه‌سه‌ن
دواوین! چونکو ده‌زانم که ڕه‌وتی ئاڵ و گۆڕی فیکری و سیاسی حیزبه‌کان
له ڕابردودا و ئه‌مڕۆ نیشان ده‌ده‌ن که دایمه له ئاڵ و گۆڕی سیاسی
و تاکتیکی و ته‌نانه‌ت فیکریشدان، سبه‌ی که جیهه‌تی با گۆڕا و کا به
با دانیش ده‌گۆڕێت و بازاڕی سیاسه‌تیش له‌م ئیستیسنایه به دور نیه و
هه‌ر ئه‌م ئێرانچیانه‌ی ئه‌مڕۆ سبه‌ی ده‌ڵێن ئێمه له هه‌مو که‌س کورد
تر بوین، پێویسته ئه‌وکات به چاویاندا بدرێته‌وه، ئه‌گه‌ر چی ئه‌مڕۆ
ته‌نیا من و ئه‌مسالی من له وتنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستیانه زه‌ره‌ر ده‌که‌ین
و هه‌ر ئێستاش حیزبه‌کان مۆڕه‌مان لێ ده‌که‌ن!!
گوتاری زاڵی ئێرانچیه‌تی ئه‌مڕۆی حیزبه کوردیه‌کان
له پێناو چیدا؟!
پێشتر که حیزبه‌کان تلویزیۆنیان نه‌بو قسه‌شیان ڕو له خه‌ڵک که‌متر
ده‌کرد، ته‌نیا یه‌ک سه‌عات ڕادیۆ و گۆڤارێک له مانگدا که هه‌موشتێک
تێیاندا پێش بڵاو بونه‌وه کۆنتڕۆڵ ده‌کران نه‌یده‌توانی ڕواڵه‌تی
ڕاسته‌قینه‌ی ئێرانیچیگه‌ری له‌واندا پێناسه بکات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ حاڵه‌ته‌کان
گۆڕاون و ئه‌وان خاوه‌نی مێدیان و پێویستیشه قسه ڕو له خه‌ڵک زیاتر
بکه‌ن و ناچاریشن که‌متر کۆنتڕۆڵی قسه‌کان بکه‌ن. کاتێک هه‌ر کام له‌و
پێنج کاناڵه تلویزیۆنیه‌ی حیزبه کورده ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان ده‌که‌یه‌وه،
به ئاشکرا ده‌بینین که گوتاری زاڵی ئه‌م پێنج حیزبه خاوه‌ن مێدیایه
ئێرانچیگه‌ری و ته‌بلیغات بۆ ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێرانه و ئه‌مه‌ش ته‌نیا
له پێناو ئه‌وه‌دا که له سبه‌ی ڕۆژی ڕه‌وتی ئاڵ و گۆڕ و ڕوداوه‌کاندا
جێگاێکیان پێ بدرێت و به‌ڵکو ئیشاڵا نوریزاده و ئه‌مساله‌هوم بیانخه‌نه
نێو لیسته‌که‌یانه‌وه بۆ دواڕۆژی شه‌ترنجی سیاسی له تاران و به‌ڵکو
جێگایه‌ک بۆ سبه‌ی ڕۆژی تاکی خۆیان و حیزبه‌کانیان بکه‌نه‌وه. به‌ڵام
جێگایه‌ک له پێناو چ نرخێکدا؟
نمونه و به‌ڵگه بۆ قسه‌کانم زۆرن و هه‌مو ئه‌وانه‌ی سه‌یری کاناڵه‌کان
ده‌که‌ن ده‌توانن خۆیان ده‌یان نمونه باس بکه‌ن. دیاره ڕه‌نگه بۆ که‌سانێک
که خۆیان ئه‌ندامگه‌لی ئه‌و حیزبانه‌ن و فیکری زاڵی ئێرانچیگه‌ری کاری
تێکردون و خۆشیان به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕۆن زۆر به‌ر چاو نه‌بێت و یا ڕه‌نگه
به قورس و قایمی پشتیوانیشی لێ بکه‌ن، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی که هێشتا
ئێرانچیگه‌ری ته‌ئسیری له سه‌ریان دانه‌ناوه یا خۆ دواتر لێی بێزار
بوون، ئه‌و شتانه جوانتر و ڕونتر ده‌بینن و زۆر جاریش که تلویزیۆنێک
مه‌جالی به خه‌ڵک دابێت که به ته‌له‌فون ڕای خۆیان باس بکه‌ن، ڕه‌خنه‌یان
له ئێرانیچیه‌تی حیزبه‌کان و کاناڵ و پڕۆگرامه‌کانیان گرتووه که به‌ش
به حاڵی خۆم ده‌ست خۆشانه له‌و بینه‌ره دڵسۆزانه ده‌که‌م.
به‌ڵام وه‌ک چه‌ند نمونه ته‌نیا به بینینی پڕۆگرامه فارسیه‌کانیان
زۆر شت ده‌بینین و ئه‌و هه‌مو مه‌جاله که به کۆمه‌ڵێک فارس دراوه
که پڕۆگرامی فارسی به ڕێوه ده‌به‌ن و له کۆتایی ماڵئاوییدا ده‌ڵێن،
""به ئومێدی ئازادی گه‌لی قاره‌مانی ئێران"" و ئه‌وان هه‌مو ئێران به
یه‌ک گه‌ل ده‌بینن و گه‌لێک وه‌ک کورد له ئێران به فه‌رمی ناناسن و
له کاناڵی کوردیشه‌وه پڕۆگرامیان هه‌یه! یا له‌م ڕۆژانه‌دا له یه‌کێک
له کاناڵه کوردیه‌کان به‌شی فارسی ئاغای منوشه ئه‌میری ئیسڕائیلی
فارس ته‌بار داوه‌ت کرابو و به ته‌له‌فون به‌شداری به‌رنامه‌کان بوو.
ناوبراو سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵێک قسه‌ی تێئۆری باشی له‌مه‌ڕ
ئازادی و دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ و ئه‌مانه‌ی که ئه‌مڕۆکه بوونه‌ته
مۆده و هه‌مو له سه‌ر زاریانه‌ی کرد، ئه‌وجار چه‌ند که‌ڕه‌ت ته‌ئکیدی
ده‌کرده‌وه که ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئێران ده‌بێت به هه‌ر نرخێک
بپارێزرێت و ئه‌مه له قازانجی هه‌مو وڵاتانی ناوچه‌که‌یه! دیاره ئه‌وه
نه‌زه‌ری شه‌خسی ئه‌و به‌ڕێزه‌یه به‌ڵام هیچکام له میوانانی به‌رنامه‌که
که یه‌کیشیان کورد و به‌رپرسی تلویزیۆنه‌که‌ش بوو وڵامی ناوبراویان نه‌داوه،
ته‌نیا له ته‌ئیدی ئه‌ودا نه‌بێت، که‌س قسه‌کانی ڕه‌ت نه‌کرده‌وه و به‌رپه‌رچییان
نه‌داوه. به نه‌زه‌ری ناوبراو ده‌بێت کورد هه‌تا هه‌تایه کۆیله و
ژێرده‌سته و ده‌ره‌جه دو بمێنێت، ئه‌مه چیه ئه‌مه له قازانجی
وڵاتانی ده‌ورو به‌ر و گه‌لی باڵاده‌ستی فارسه و گه‌لی کوردیش له‌م
ناوه‌دا هیچ مافی ده‌نگدان یا خۆ هه‌ڵبژاردن یا مافی چاره‌ی خۆ نوسین
به ده‌ستی خۆی نیه و ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دیگه‌ران کورد ده‌بێت
هه‌ر وه‌ک خۆی بمێنێت و به هه‌ر نرخێک ده‌بێت دایپڵۆسێنن، ئه‌گه‌ر
باسی مافی چاره‌ی خۆ نوسین یا ڕێفڕاندۆمی کرد! من لێره‌دا پرسیارێک له
به‌ڕێز منوشه ئه‌میر ده‌که‌م، ئایا وڵاتی ئیسڕائیل که خۆی به
دێمۆکڕاتیکترین وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌زانێت، له منی کوردی قه‌بوڵ
ده‌کات ئه‌گه‌ر بڵێم که ته‌واویه‌تی ئه‌رزی فه‌ڵه‌ستین له قازانجی هه‌موانه
و ده‌بێت به هه‌مو نرخێک بپارێزرێت؟ له سه‌دا سه‌د ئه‌مه له من قه‌بوڵ
ناکات و به‌ر په‌رچم ده‌داته‌وه و خێرا باسی مافی مرۆڤ و دێمۆکڕاسی و
مافی چاره‌ی خۆ نوسین دێنێته پێشه‌وه و ڕه‌نگه به‌ر چه‌سپی دژه
ئیسڕائیلی و دژه یه‌هود بونیشم لێ بدات!!
یه‌ک نمونه‌ی دیکه ئه‌و کرده‌وه شرمێونانه بوو که له شاری له‌نده‌ن
له کۆڕی یادی 28ی گه‌لاوێژدا ڕویدا و ئێرانپه‌ره‌ستێکی دژه کورد وه‌ک
نوریزاده که خۆی به فێڵ به دۆستی کورد ده‌ناسینێت، وه‌ک هه‌میشه
ده‌ست ده‌کات به نه‌سیحه‌تی کورد و به‌شدار بووان و به‌ڕێوه‌به‌رانی
ئه‌و کۆڕه و ده‌یهه‌وێت به شێوه‌یه‌کی گوماناوی و دیکتاتۆڕمنشانه
پێیانحاڵیکات که ئێوه ئێرانین و ئێرانیش ده‌مێننه‌وه، جا به زمانی
خۆش بێت یا هه‌ر به‌و شێوه‌ی که کۆماری ئیسلامی و ڕژیمگه‌لی فارسی ده‌سه‌ڵاتداری
پێش‌و له گه‌ڵی کردون، که خۆشبه‌ختانه له گه‌ڵ وڵامی توند و
شۆڕشگێڕانه‌ی زۆربه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌شداربووانی کۆڕه‌که ڕوبه‌ڕو
ده‌بێته‌وه و به‌رپه‌رچ ده‌درێته‌وه و پێی ده‌وترێت که ئه‌و ده‌ورانه
به سه‌رچووه و گه‌لی کوردستان له داهاتودا بۆخۆی بڕیار ده‌دات که
ئایا چ جۆره حکومه‌تێکی ده‌وێت و چۆن ده‌ژی و هه‌ر جۆره ئیلقا کردن و
دیکته کردنێک له سه‌ره‌وه و له لایه‌ن هه‌ر که‌سێکه‌وه بێت په‌سه‌ند
ناکه‌ن و ئه‌وه خه‌ڵکن که بۆخۆیان له داهاتودا بڕیار ده‌ده‌ن. ئه‌و
به ناو دۆسته‌ی کورد که شه‌و و ڕۆژ قسه له دێمۆکڕاسی بۆ داهاتوی
ئێران ده‌کات، به‌ڵام که ده‌که‌وێته باری عه‌مه‌لی قه‌زیه‌که و به
تایبه‌تیش له به‌شی کوردستاندا خێرا ده‌که‌وێته په‌له قاژه و
ڕوخساری ڕاسته‌قینه‌ی ده‌ر ده‌که‌وێت و ناوبراو له‌و کۆڕه‌دا که وه‌ک
میوان به‌شدار بووه و ده‌بو ڕێز له به‌شدار بووان بگرێت به‌ڵام به
پێچه‌وانه ئه‌م سه‌ره‌تاییترین باس و خواستیی دێمۆکڕاسییه‌ی پێ ته‌حه‌مول
ناکرێت و ناو جه‌رگی ئاگر ده‌گرێت و ده‌ڵێت له هه‌ر شوێنێک باسی جیایی
خوازی بکرێت ئه‌و لێی دانانیشێت و هه‌ڵده‌ستێت و به‌و په‌ڕی بێ ڕێزیی
به به‌شدار بووان کۆڕه‌که به جێ دێڵێت. ئه‌وه‌ی که ئه‌و به‌ڕێزه ئا
به‌م شێوه له دێمۆکڕاسی گه‌ییوه که ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ ئێران به
زمانی خۆش ده‌مێنیته‌وه مافی ژیانت پێ ده‌ده‌م و ئه‌گه‌ر نامێنیته‌وه
وه‌ک کۆماری ئیسلامیت لێ ده‌که‌م و به سه‌لیبت ده‌کێشم بۆ ئێمه‌ی کورد
زۆر له مێژه ناسراوه و هه‌ر له کاتی یه‌که‌مین دابه‌ش‌کرانی وڵاته‌که‌مان
له ساڵی 1514ی زایییه‌وه ئه‌م مڵهوڕی و زۆرداریه‌مان ته‌جروبه کردووه
و تا به ئه‌مڕۆش له به‌رانبه‌ریدا به‌رگری و خۆڕاگریمان کردووه و وه‌ک
دڵدار ده‌ڵێت، ماوه قه‌ومی کورد زمان، نای شکێنێت تۆپی زه‌مان و به
میلیونان کوردستانی باوه‌ڕی قوڵییان به‌م کۆتله شیعره هه‌یه و با
نوریزاده‌کانیش هه‌ر به شێوه‌ی ترساندن و تۆقاندن له گه‌ڵمان بجوڵێنه‌وه،
به‌ڵام ئه‌وه‌نده بزانن که ده‌وران و زه‌مه‌ن گۆڕاوه و ئه‌وانیش تا
ئه‌به‌د زوڵم و زۆر و سه‌رکوتیان بۆ ناچێته پێش و عاقبه‌ت ئه‌وه ئێمه‌ین
که سه‌رده‌که‌وین و چۆک به دیکتاتۆڕی ئه‌وان دێنین و ئوسوله‌ن ئه‌و و
ته‌ره‌فدارانیشی ئه‌و سه‌ڵاحیه‌ته‌یان نیه که ده‌خاله‌ت له کار و
باری ناوخۆیی ئێمه‌دا بکه‌ن و گه‌لی کوردستانیش زۆر له‌وه وشیارترن که
گوێ به‌و تۆره تۆره‌ی ناوبراو و ئه‌مسالی ئه‌و بده‌ن. به‌ڵام وه‌ک وتم
ئه‌و ئێرانیه و مافی خۆیه‌تی چۆن ده‌کات ئه‌گه‌ر چی ئه‌و کرده‌وه‌شی
له‌و ڕۆژه‌دا بێ ڕێزی به گه‌لی کوردستان و به هه‌مو گیانبه‌ختکردوانی
ڕێگای ئازادی و به‌رگری له سی ساڵی ڕابردوی گه‌له‌که‌مانه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی
جێگای سه‌رنج و شه‌رمه ئه‌وه‌ی که سه‌رۆکی یه‌ک له کۆمه‌ڵه‌کان که
هه‌ر له‌و کۆڕه‌دا، نوریزاده کردویه به سه‌رۆککۆماری ئێران، و ئه‌وانه‌ی
ئیسکۆڕتیان کردبو و هاوکات چه‌نددانه له نوێنه‌رانی حیزبه دێمۆکڕاته‌کانیش
به دوا نوریزاده‌دا کۆڕه‌که به جێ دێڵن و پشت له گه‌لی خۆیان و 28ی
گه‌لاوێژیش ده‌که‌ن و هه‌ر هه‌مویان ده‌چن دڵداری نوریزاده ده‌ده‌نه‌وه،
نه‌کا له لیستی سه‌رۆککۆماری و وزیر و وزرای دواڕۆژی ئێرانی خه‌یاڵی
ده‌ریان بهاوێژێت!! به ڕاستی ئه‌م سه‌رۆک و نوێنه‌ری حیزبانه چیان له
کورد ده‌وێت، ئه‌گه‌ر نوێنه‌رایه‌تی و پشتیوانی له فارسان ده‌که‌ن؟
قسه له‌مباره‌وه زۆره و ته‌نیا من به‌م کورته‌یه که باسم کرد
ئیکتیفا ده‌که‌م و زیاتری له سه‌ر ناچم با خوێنه‌رانی ئه‌م وتاره
خۆیان وڵامی ئه‌و کرده‌وانه بدۆزنه‌وه!
نمونه‌یه‌کی دیکه باسی فیدڕالیزمه که چوار کاناڵ له‌و پێنج کاناڵه
کوردیه ته‌بلیغی بۆ ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش خاڵی موزمێنی ئێرانچیگه‌ری ئه‌و
حیزبانه‌یه. دیاره من سیسته‌می فیدڕالیم بۆ کورد له چوار چێوه‌ی
ئێران قه‌بوڵ نیه و به ته‌واو مانا ڕه‌تی ده‌که‌مه‌وه، به‌ڵام من
تاقه که‌سێکم و ته‌نیا یه‌ک ده‌نگم هه‌یه و له سبه‌ی ڕۆژدا ده‌نگی
خۆم به فیدڕالیزم ناده‌م و هیوادارم زۆر کوردی دیکه‌ش وه‌ک من بیر بکه‌نه‌وه،
به‌لام وه‌ک ده‌بینین که ئه‌مڕۆکه حیزبه کوردیه‌کانیش ئه‌م دروشمه
واته فیدڕاڵیان بۆ دوا ڕۆژی "ئێران"و ته‌واویه‌تی ئه‌رزی ئه‌و وڵاته
به کوردیشه‌وه به‌رز کردۆته‌وه و شه‌و و ڕۆژ له بۆقی ئه‌م که‌ڕه‌نایه
ده‌سڕن! ئه‌گه‌ر باری ئینسانی و مافی مرۆڤی قه‌زیه‌که جارێکه له به‌ر
چاو نه‌گرین ئه‌وا له باری حوقوقی و قه‌زاییه‌وه، ئه‌و باسه باسێکی
به ته‌واو مانا مه‌ردوده، بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر حیزبه‌کان دروشمی
ئازادی و دێمۆکڕاسیان به‌رز کردۆته‌وه، که‌واته ئه‌وه ئه‌وان نین که
بڕیار له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌ده‌ن، به‌ڵکو له دێمۆکڕاسیدا ئه‌وه
خه‌ڵکن که له ڕێفراندۆمێکی ئازاد‌دا ده‌نگ به مانه‌وه له چوار چێوه‌ی
ئێران‌دا ده‌ده‌ن یا خۆ نایده‌ن، ئه‌وجار که ده‌نگیان به مانه‌وه دا
دواتر باسی چۆنیه‌تی پێکه‌وه ژیان و چۆنیه‌تی سیسته‌می سیاسی له‌و
وڵاته دێته پێشه‌وه و ئه‌وجار خه‌ڵک نوێنه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و
ده‌ینێرن و هیچکام له حیزبه‌کان بۆیان نیه که خۆیان بکه‌نه خاوه‌نی
ئه‌و خه‌ڵکه و سواری مه‌وجه‌که ببن، خۆ ده‌ورانی عه‌شیره به سه‌ر
چووه و خۆ ئه‌وانیش به قسه حیزبی سیاسین و نه‌ک حیزبی عه‌شیره‌یی.
له ڕوی ئه‌م ئه‌سڵه‌وه هه‌ر جۆره موعامه‌له و موجامه‌له‌یه‌ک له‌سه‌ر
گه‌لی کوردستان به بێ پرسی خۆیان مه‌ردود و مه‌منوعه و له باری قه‌زایی
و حوقوقییه‌وه بێ ڕه‌بته! ئه‌گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر باری مافی مرۆڤیشه‌وه
هه‌ر ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و ئه‌سڵه و مادام دروشمی پاراستنی مافه‌کانی
مرۆڤ له لایه‌ن حیزبه‌کانه‌وه به‌رز ده‌کرێته‌وه، ده‌زانین که
کوردیش مرۆڤن و نه تورکی کێوین و نه فارس و نه عه‌ڕه‌بن، به‌ڵکو نه‌ته‌وه‌یه‌کی
به ته‌واو مانا جیاوازن به زمان و فه‌رهه‌نگ و کولتور و مێژوو و
ئایین و خه‌تی خۆیانه‌وه که له سه‌ر خاکی ئه‌جداده‌کانی خۆیان ده‌ژین
و داگیریان نه‌کردووه، به‌ڵکو ئه‌وه گه‌لانی دیکه‌ن که زۆربه‌ی
ناوچه‌کانی کوردستانیان داگیر کردووه و کوردی‌یان تێیاندا قڕاندووه و
گه‌لی خۆیانیان تێدا ته‌پاندووه و ئێستا به هی خۆیانی ده‌زانن و چه‌ند
سه‌د ساڵه که کورد له‌و ناوچانه و زۆر ناوچه‌ی دیکه‌ش خاک و زێد و
نیشتیمانیان لێ داگیر کراوه و به کۆیله‌کراون و کۆیله ڕاگیراون و
ئێستا که باسی مافی مرۆڤ بۆته دروشمی مۆدی سه‌ر زاری هه‌مووان، که‌واته
ئه‌م گه‌له‌ش ده‌بێت له‌م به‌خته‌ی که دوای چه‌ند سه‌د ساڵ بۆی هه‌ڵکه‌وتووه
که‌ڵک وه‌ربگرێت و خۆی له ده‌ست ئاپاڕتایدی نه‌ته‌وه‌یی بۆ هه‌میشه
ڕزگار بکات. ئه‌مه مافی بێ که‌م و کوڕی ئه‌م گه‌له‌یه و هه‌ر کات گه‌لی
کوردستان بۆخۆی توانای خۆبه‌ڕێوه بردن و وڵات به‌ڕێوه بردنی نه‌بو، ئه‌وجار
با که‌سانی دیکه بێن وڵاتمان بۆ به‌ڕێوه به‌رن، ئێمه‌ش کۆیله‌یان ده‌بین،
به‌ڵام تا ئه‌مه نه‌سه‌لماوه، ده‌بێت گه‌لی کوردستان هه‌مو حه‌ول و
ته‌قه‌لای خۆی بدات بۆ خۆ به‌ڕێوه بردن و خۆ ئیداره کردن و ئه‌مه
مافی له پسان نه‌هاتو و زه‌وت نه‌کراوی ئه‌م گه‌له‌یه. که‌واته
ئیتر نا بۆ ئاپاڕتایدی نه‌ته‌وه‌یی له نیشتمانه‌که‌م و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش
نا بۆ ئێرانچیگه‌ری بێ سنور و با سنور له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی
حیزبایه‌تی و تاکه که‌سی، به‌ڵێ بۆ کوردستانیگه‌ری له پێناو نیشتمانه‌که‌م
و ئازادی بۆ گه‌ل و وه‌دی هاتنی هه‌مو ئاواته به‌رزه‌کانی گه‌ل و
وڵاته‌که‌م!!
________________________________________
*پێشتر
له سه‌ر ئه‌م نیوه‌ی مانگه وتارم نوسیوه و له ئینتێڕنێتیشدا زۆر
زانیاری له‌و باره‌وه هه‌یه بۆ خوێندنه‌وه.
22ی ڕه‌زبه‌ر (ڕه‌زبڕ)ی
2709
rahmayub@yahoo.de
|