په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

ئێران لە نێوان شەڕى شێر و سەماى کەمتیارەکاندا !!


نیا کامیل    


 

ئێستا ئێران لەو نێچیرە دەچێت کە لاشەى دادەچڵەکێت لە وێنەى ئەو ساتەوەختەى کە کەڵبەو چڕنوکەکانى ئەمریکاى دەیگاتێ ، وە جەستەى شەلالى خوێن دەکات و ڕۆحى لەبەر دەبڕێت .
                        ئەجەل قولابى گیرکردوە لەجەرگى ،
                        نیشانى ئەدات نیشانەى مەرگى .
بەڵام پێدەچێت مام شێر کاڵفام و بێ‌ئه‌زموون نەبێت ، لەکاتێکدا تەواوى تەمەنى خەریکى ڕاوکردن بووە ، تێدەگاتت ، کە ئەم نێچیرە ڕەنگە خاوەنى قۆچێکى تیژ و پاشویەکى بەهێز و ئەستوربێت ، کە ڕەنگە لە یەکەم پەلاماردا بەیەک پاشو چەند دانێکى بشکێنێت ، یان قۆچێک بەر دەستى بکەوێت تەواو ئازارى بدات یان برینداریبکات و چیتر ڕاوى بۆنەکرێت ، کە ئەمەش یەکسانە بەمەرگى . ئەم جەنگەى ئەمریکا فەزا و زەمینە بۆ بەرپا کردنى خۆشدەکات بەهچ شێوەیەک ، دوور و نزیک ، پەیوەندى نیە بەو بیانوەى کە گوایە ڕژێمى جمهورى ئیسلامى لە هەوڵى بەدەست خستنى چەکى ئەتۆمیدایە ، وە هەرگیز لەگەڵ خواست و بەرژەوەندیەکانى خەڵکى ئێران یەکناگرێتەوە ، چونکە بۆ ئەوان هێشتا ئەزمونى عێراق زیندوە ، هەروەک ئەو بیانوەى ئەمریکا بۆ لێدان لەم ووڵاتە پیشانیدا پوچ و بێبنەمادەرچوو . سەرەنجام ڕایگەاند کە ئەو داگیرکەرە ، وە دەریشکەوت ئەمریکا ئازادى و دیموکراسى بۆ خەڵکى ئەم ووڵاتە پێنەبوو ، بەڵکە چارەنووسیانى سپارد بە نوێنەرانى قەبیلە و خێڵ و هێزە کۆنەپەرستەکان . ئەمە بەواتاى ئەوە نایەت خەڵکى ئێران خوازیارى سەرنگوم کردنى جمهورى ئیسلامى نین .


خۆ هەرچى بەناو ئۆپۆزسیۆنى ئێرانیشە ، بەشى هەرە زۆریان پێیان لە زەوى بڕاوە و ژێر پێیان بۆشە و بێ تەڕح و بەدیل ماونەتەوە .  لە ئاکامدا دابەشبوون بۆ گروپى بچوک بچوک و لێک جودا . کە دەورى ئەو کەمتیارە شەرمنانە دەبینن کە لیکە ڕژێنیان خەریکە دەتەقێت ، چاویان لەو ژەمە چەور و بەلەزەتەیە ، بەڵام تاقەت و تواناى ڕاوکردنیان نیە . بۆیە لە چاوەڕوانى ساتى دەست پێکردنى هێرشەکەى مام شێردا خۆیان مەڵاسداوە . تاپاش ئەوەى جەنابلعالیان تێرى خوارد و تەشریفى فەرموو ، وە لەبەردەم ئەم کەمتیارە بەستەزمانانەدا پۆزى غرورى لێدا و بۆى سەلماندن کە هێشتا پاشاى دارستانە ، ئەمانیش بەیەک نوزەى بچوک ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن ، ئەو کات بەفیزەوە ئەو لاشە پەرتوکا و بێفەڕە بەجێدەهێڵێت . ئینجا ئەمانیش خۆیان لە خوێناوەکەى هەڵدەکێشن چونکە ئەمە هیوایەت و خەێیێەى کەمتیارە ، کە ڕەنگە بیەوێت بەمە ئەو بۆشاییە سایکۆلۆژیە پڕبکاتەوە وە بیسەلمێنێت کە بێتوانیە ، ئێستا دەتوانێت لەسەر کەوڵەکەى یاریبکات . ئەو نێچیرەى ڕۆژانێک لە دوریشەوە ئاستەم بوو سەیرکردنى ، ها ، ئێستا بە ئارەزوو کەڵبەى لێگیر دەکرێت . لەبەر ئەوەى ئەم جەنابانە ڕاوى دوێنێى مام شێریان لەبەرچاوە کە لاشەیەکى ترى بۆ کۆمەڵێک لە هاوڕێیانیان بە جێهێشتوە ، بۆیە خوازیارى هەرچى زوترى ئەم پەلامارەن ، کە مسۆگەرە پاشماوە و کەوڵەکەى بۆ ئەمان دەبێت . بۆیە دانیشتون بەدیار موشەک و فڕۆکەکانى ئەمریکا و ئسرائیلەوە ، چاویان لەگەلڕ میلى کاتژمێرەکانیان جوت کردوە و لێى غافلڕ نابن .


بەڵام مەسەلەکە بۆ خەڵکى ئێران جۆرێکى ترە ، ترس و نیگەرانى ئەوان لەوەنیە کە هێرش دەکرێتە سەر جمهورى ئیسلامى یان نا، ئەم ڕژێمە لەناودەچێت و بنەماکانى لێک هەڵدەوەشێت ، بەڵکە خەمى گەورەى ئەوان ئەوەیە چارەنووسى خەڵک و کۆمەڵگاى ئێران بەچى هێز و گروپ و دەستە و تاقمێک دەسپێردرێت . کە بەپێى تەجروبەى شەڕەکانى ئەمریکا ئیمکانى نیە قبوڵى دەخالەتى خەڵک بکات بەئارەزوى خۆیان چارەنووسى خۆیان دیارى بکەن ، وە حکومەت و ئیدارەى دڵخوازى خۆیان دابمەزرێنن . ڕژێمى هار و دڕندەى جمهورى ئیسلامى زەمانێکە کەوتۆتە بەر نەفرەت و ڕقى خەڵکى ئێران ، چونکە دوژمنێکى سەرسەختى ئازادى و مافەکانى مرۆڤە ڕۆژانە ڕیکۆردى نوآ تۆمار دەکات ، سامپڵێکى کەم وێنە و هەرە دواکەوتوى ڕژێمەکانى سەردەمە . بۆیە دیسان مانەوەى ئەم ڕژێمە بۆخۆى نەهامەتى و خەتەرێکى گەورەیە . ئەمە جگە لەو فەزاى ترس و یەئسەى ئێستا بۆ ئەم خەڵکە پێشهاتوە ، کە ڕۆژێک هێرش و لێدان و حەملەکردن بە جمهورى ئیسلامى حەتمیە و دوا ساتەکانى تێدەپەڕێنێت ، ڕۆژێکى تر مفاوەزات و گفتوگۆى دبلۆماسى ممکنە و شەبەحى شەڕە دیارنامێنێت ، ڕاگرتنى ئەم فەزاى چاوەڕوانى و دڵەڕاوکێیە بارێکى دەرونى خراپى بۆ خەڵکى ئێران بارهێناوە . هەروەک بینیمان ئەوانەى لە خانەى دواوەى تانکەکانى ئەمریکادا گەیشتنە بەغدا چیان کرد ، چۆن کۆمەڵگایان لە خوێن هەڵکێشا ، سەروەت و سامانى ئەم ووڵاتەیان بۆ کوێبرد و بۆ کوێى دەبەن . هەروەک پێشتریش ئەوانەى لەسەر کەوڵى ڕژێمى بەعس لە کوردستان ئاهەنگیان گێڕا ، هەمان چارەنووسیان بۆ خەڵکى کوردستان بەدیارى هێنا ، وە هەمان ئەو سیناریۆ تاڵانەیان بە خەڵکى نیشاندا . کە تا چونیان بۆ بەغدا جگە لە ماڵوێرانى و نەهامەتى و مەحرومیەت نەیانتوانى لەسەر بچوکترین شت ڕێکبەون .


جارێکیتر ئەم هێزو گروپانە لەو گورگە برسیانە دەچن کە لە پەلامارێکدا ملى دەیان مەڕ دەشکێنن و دەیانی تر خڵتانى خوێن دەکەن ، بەڵام کاتێک دەست دەکەن بەخواردن تەنها یەکدانە دەخۆن ، ئەم سیفەتەى گورگ تەواو ترسنۆکانەیە . لە خۆڕانەبینانەیە ، ترسى ئەوەى هەیە کە لەبرسا بمرێت ، بە پێچەوانەى شێرەوە کە هەرکات ویستى ڕاوى خۆى دەکات ، بەڵام ئەم یەک دانە نێچیر ڕاودەکات ، لەبەر ئەوەى پشت ئەستورە بە توانا و لێهاتویى خۆى . بۆیە کۆمەڵگا ڕێگە نادات گورگ ڕابەرایەتى بکات ، وە ئەویش دڵنیایە کە مانەوە و لە برسا نەمردنى زەمانەتى نیە ، بۆیە کاتێک پەلاماردەدات نیوەى کۆمەڵگا لە خوێن هەڵدەکێشێت . بۆیە ئەوە دەمێنێتەوە بۆ خەڵک و کۆمەڵگاى ئێران تەنها ئەو خوێنەیە کە لەبەر ئەم لاشەیە دەڕوات ، کەسەرەتا لە دەست و مەچەکى مام شێر دەچۆڕێت و پاشان کەمتیار و گورگەکان تیایدا مەلە دەکەن ، تا دوا تنۆکى دەخۆنەوە . بۆیە پێناچێت خەڵى ئێران چەپڵە بۆ هیچ یەکێک لەمانە لێبدەن یان خۆشیانبێت لە هیچیان .

 


nyakamil@hotmail.com