په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٦\٢٠١٢

ئێران و گەمەی دەوڵەتان.


ئەنوەر عەباسی     


دیسانەوە کۆبونەوەکانی رۆژئاواییەکان لەمەڕ پرسی ناوەکی ئێران دەستی پێکردووە و ئەمە لە حاڵێک دایە کە بە پێی لێدوانەکانی ھەردولا پێش ئەم مانگە ھیچیان نەیاندەویست کە لە قەراری خۆیان بکشێنەوە، بەڵام ئەم کۆبونەوانە ھەموو ئەو ھەراو ھوریای بە درۆ خستەوە و پیشانی دا کە ھەردوو لا و بە تایبەت رۆژئاوا لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان دا ھیچ پێوەرێکی ئەخلاقی و ئینسانی بۆیان گرینگ نیە. ھەموو لایان وابوو رۆژئاوا لەبەر ئەو دروشمەی کە ئاڵاکەی ھەڵگرتوە واتە دیموکراسی و ئازادی لانی کەم لە بواری وزەی ناوەکیەکەشەوە بێت گوشارێکی زۆرتر دەخاتە سەر حکومەتی ئیسلامی ئێران و رەنگە خەڵکی ئێران تەنانەت بە شێوەیەک بە تەما بوون کە رۆژئاوا لەم بوارەدا گێچەڵ بە ئێران بگێڕێت بەڵام دیسانەوە سیاسەت روخسارە ناشرینەکەی خۆی دەرخست... لە لایەکەوە رۆژ نیە چەند کەس لە ئێران لە سێدارە نەدرێت، زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئاخێنراوە لە خوێندکار و قوتابی و رۆژنامەڤان و... ئاستی داھاتی خەڵک گەشتوەتە خراپترین رەوشی خۆی لە چەند دەیەی رابردوودا. ماوەیەکی زۆرە گوشار گەلێکی نێودەوڵەتی خراوەتە سەر ئێران بەڵام ئەو گوشارانە تەنیا و تەنیا خەڵکی ھەژار و برسی تر کرد و ھیچ فشارێکی نەخستە سەر دەوڵەت، بە ئاسانی لە روسیا و چین و ... چەک و چۆل و تەقەمەنی و دەگاتە ئێران و ئەویش بەردەوامە لە پیتاندنی یورانیوم. رۆژئاوا لەم ساڵانەدا کارنامەیەکی ئێجگار رەشی بۆ خۆی تۆمار کرد و بە داخەوە کە مێژووش ھەر بۆ خۆیان دەینوسن و دیاریشە چۆنی دەنوسن.


ئێران باش دەزانێت ئەگەر دەست لەو ھاوکێشە پێوەندیدارانە بە پرسی وزەی ناوەکیەوە ھەڵبگرێت ئیدی ھیچ شتێکی دیکەی بۆ مەعاملە کردن لەگەڵ رۆژئاوا دا نامێنێت بۆیە دەیھەوێ ئەم کێشە و کێشەکانی پێوەندیدار ھەرچی زۆرتر درێژ بکاتەوە تا بتوانێت زۆرترین ھەڵ بقۆزێتەوە و زۆرترین باج وەربگرێت و بە دڵنیاییەوە یەکێک لەو شتانەی کە ئێران دەیھەوێ لە درێژەی گفتوگۆکان پی بگات یان ھیچ نەبێ لێی نزیک بێتەوە رۆڵی لە دەستچووی خۆیەتی لە ناوچەکەیا، ھەر ئەو رۆڵەی کە ئێستاکە تورکیا پێشەنگیەتی و توانیویە لە رێگای ئەم رۆڵە کە پی بەخشراوە پوەنی باش وەربگرێ و تەنانەت سەرکردایەتی بەشێک لە ئاڵوگۆڕە بنەڕەتیەکانی ناوچەکە لە ئەستۆ بگرێت.


لەم لاشەوە رۆژئاوا کە بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو سەلماندویەتی کە نایھەوێ ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی لە ئێران دا روبدات لە دووی ئەوە دەگەڕێت کە بەم گوشارانە ئێرانێکی دەستەمۆ و ھەمیشە مەحکوم لە نێو دەستوباڵیدا ھاتوچۆ بکات، بۆیە درێژەکێشانی وتووێژە ناوەکییەکان دەکرێ لەم روانگەوە ببینرێ کە کێشەی حەقیقی پرسی ناوەکی نیە ، بەڵکوو کێشەی ئەوان کێشەی دو بنەماڵەیە لە گەرێکێک دا کە یەکیان عەشیرەتێکی لە پشتە و زۆربەی دراوسێکان و پۆلیسیش ھاوپەیمانین و ئەوەی دیکەیان چەند مناڵێکی توخس و سەرشێتی خۆی پشتیوانی دەکەن کە خۆ لە بەرد ھاویشتن و سەر و شوشە شکاندن نابوێرن. روسیا و چینیش ھەرکات لەبەرژەوەندیان دا بێت درگای لێدەکەنەوە و نەبێ لە ماڵیشەوە نین. لە وەھا بارودۆخێک دا رەنگە نەتوانین شانسێکی زۆر بۆ ئێران قایل بین بەڵام رابردوو بە پێچەوانەی ئەوەمان پێ ئەڵێ کە رەنگە ئەوەش لەبەر چەند ھۆکارێک بێت؛


١- بە روخانی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئەمجارە خەڵکی ئێران ھەڵەی پێشو دوپات ناکەنەوە و سیستەمێکی دیموکراتیک دێتە سەر کار کە بەو پێیەش ھاوپەیمانی جیھانی و ھاوسۆزی رای گشتی خەڵکانی دنیای لەگەڵ دەبێت و وەک دیارە لە وەھا حاڵەتێک دا ئیتر رۆژئاوا ناتوانێ درێژە بە کەڵەگایی کردنی خۆی بدات و ئەمجار دەبێ بکەوێتە ئاستێکی تر لە دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی ئێران دا کە حاڵەتێکی بەرابەرە و ئیتر ئێران بەم شیوەی ئێستا ناکەوێتە مەوزعی زەعفەوە و کەواتە وەک جاران بۆ رۆژئاوا نالوێ.


٢- پرسی نەتەوەکانی نێو چوار چیوەی ئێران.


ا) کورد، لە دو حاڵەت بەدەر نیە، یان ھەوڵەکانی ھێزە شۆڕشگێڕەکان دەگاتە ئەنجام و کوردی رۆژھەڵات لە بگرەوە و بەردە کیشمەکێشی سەرھەڵداندا دەگەنە کیانی سەربەخۆی خۆیان و ئێران پارچە دەکەن و یان بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت لە ئێرانێکی فدراڵ دا بە شێوەی فدراتیوێک درێژە بە ژیانی سیاسی خۆیان ئەدەن کە ھیچ کام لە حاڵەتەکان لە ئێستا دا بەلای رۆژئاواوە پەسەند نیە. جیاوازی گەلێکی زۆر ھەیە لە نێوان پرسی عێراق و باشوری کوردستان لەگەڵ پرسی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بۆیە لە ئێستا دا رۆژئاوا پی باشە کە رۆژھەڵاتی کوردستان وەکوو چەکێکی کارامە بیھێڵێتەوە بەرانبەر بە ئێران و بەم زوانە لە بەرنامەی دا نیە کە ئەم چەکە تەقەی پێبکرێت. من پێم وایە کە بەشێکی ھۆکاری ئەم جۆرە سیاسەتە لەبەر ئەوەیە

کە کورد و بزاڤەکانی بە گشتی زۆر لە پێشبینی نایەن و رۆژئاوا ناتوانێ قۆناغی پاش بەکارکەوتنی پراکتیکی کورد پێش بینی بکات و ئەمە لە خۆی دا وای کردوە کە کورد چەکێکی مەترسیدار و بە ریسکی زۆر بێت بەدەستی رۆژئاواوە. ئەمە زیاتر لەبەر ئەوەیە کە کورد وەکوو ئەو نەتەوانە نیە کە رۆژئاوا شەرعیەتی پێبدات و بیکا بە نەتەوە بەڵکوو کورد شەرعیەی خۆی بە خەبات وەدەست ھێناوە و ھەموو فاکتەرەکانی نەتەوە بوونی تێدا ھەیە ، لەوانە مێژوو، فەرھەنگ، زمان و جوگرافیای دیاری کراو کە کۆی ئەوانە لەگەڵ مێژووی خەبات و فرەحزبی و رۆشنبیری خەڵکەکەی و مافێک کە بە پێی ھەموو یاسا نێونەتەوەییەکان ھەیەتی کوردی کردوە بە ھەمارێکی پڕ لە باروت کە تەنیا ئاورینگێکی پێویستە تا بتەقێتەوە و رۆژئاوا لەم ئاگرە بێمەھارە سڵ دەکاتەوە،‌ ھەمووی ئەمانە و چەپ بوونی ھەموو ئەحزابی سیاسی کوردیشی بخەینە سەر مەبەستەکەم رونتر دەبێتەوە.


ب) نەتەوەکانیتر، لە زۆر شوێندا بە تایبەت پان ئێرانیستەکان دەڵێن رۆژئاوا یان بەشێک لەو(با بۆ پەزەکانیش زەرەری نەبێ) دەیانھەوێ بە پارچە پارچە کردنی ئێران ، ئەم زلھێزە ناوچەییە لە نێو بەرن. ئەم وتە ناتوانێ راست بێت یەکەم لەبەر ئەوەی کە لە جیھانی ئەمڕۆ دا گەورە و چکۆلە بوونی وڵاتێک زەمانەتی بە ھێز یان لاواز بوونی ناھات و دوھەم ئەگەریش بیکات بە پارچە بوونی ئێران دەوڵەتێک وەک پاکستان یان تورکمانستان یان عێراق بە ھێزتر دەبن و ئەمجا دنیا لەگەڵ چەندانە ئێرانی کێشە ساز بەرەو ڕوو دەبێتەوە(ھەرچەن ناکرێ بڵێین رۆژئاوا وەھا مەبەستێکی نیە و رەنگە لایەنی پۆزتیڤی زۆریشی ھەبێت بۆی)کە ئیدی ھیچکامیشیان کێشەیەکی ئەوتۆیان نابێ لەباری نەتەوەکانەوە، کە لەم حاڵەتە دا لە درێژخایەن مانەوەی رۆژئاوا لە رۆژھەڵاتی ناوین واتای خۆی لەدەست ئەدا و ئەمە ھیچ لە قازانجی رۆژئاوا دا نیە.


ئەبینین کە لە ھەر حاڵەتێک دا مانەوەی ئەم ئێرانە و رژیمەکەی کەم مەترسیترین و پڕسودترین بارودۆخە بۆ رۆژئاواییەکان. لەم نێوانەدا تەنیا رۆڵی گەلانی ئێران ئەیتوانی رەوتی گەمەکان بگۆڕێ کە ئەویش لە ئێستادا بە پۆلتیکێکی کارامە کە لە ھەردولاوە پەیڕەو کرا ئەختە بوو . سەرکووتی ھەمە لایەنە و کۆنتڕۆڵی ھەر جۆرە جوڵانەوەیەکی دژی رژیم(جێگەی ئاماژەیە تا ئێستاش لە توانای ئێران بۆ وەھا کۆنتڕۆڵیک گومان ھەیە و کەس ناتوانێ بیشارێتەوە کە ئێران بە تەنیا نەبوو لەوەدا، لەوانە فرۆشتنی ئامێری پێشکەوتووی کۆنتڕۆلی ئینترنێت و تەلەفون و... بە ئێران بۆ ئەو مەبەستە ) چۆڵ کردنی کۆمەڵگا لە نوخبەی سیاسی بە لە زیندان خستن و کوشتن و کڕینی کەسایەتیان لە لایەک و گیرساندنەوەیان لە وڵاتانی دەرەوە و لە کار خستنی رێژەیەکی زۆری ئەوان لە لایەکی دیکەوە، بە پیرۆزکردنی چوارچێوەی ھەنوکەیی ئێران و تۆقاندنی خەڵک بەوەی کە لە ئەگەر ھەر جۆرە سەرھەڵدانێک ئێرانی پیرۆز! پارجە پارچە ئەبێت و...


وتووێژەکانی ئێستای رژیمی ئێران و رۆژئاوا لەسەر پرسی ناوەکی ئێران لە پاش چەند ساڵ درێژ کردنەوە خەریکە دەجێتە ئاستێکی دیکەوە. ھیچ دور نیە لە کۆبوونەوەی داھاتوودا ببینین کە دەرفەتێکی چەند ساڵەی دیکەش بدرێتە ئێران و بە روکەش چەند دیدارێک لە وێستگە ئەتومیەکانی ئێران بکرێت. لە لایەکەوە رۆژئاوا دڵنیایە کە ئێران بەم زوانە دەست ناداتە ھەڵەیەکی وا گەورە کە بە پیتاندنی یورانیوم خۆی بەرەو ساز کردنی چەکی ناوەکی بەرێت و لە لایەکی دیکەشەوە دەزانرێ کە ئێران لە ئێستادا ئەو توانای نیە. بۆیە بە رای من رۆژائاوا لە ئێستاوە بۆسەی بۆ رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران داناوە کە لە ٤تا ٧ ساڵی داھاتوودا کە ئیدی رێکەوتی مەسرەفی بەسەر دەچێت و ھێشتنەوەی بە قازانج نامێنێت یان بە رێگای نیزامیەوە و یان بە رێگای خەڵک و ھیچ دور نیە تێکەڵێەک لەو دو رێگایە کۆتایی بە کاری رژیم بھێنێت. لە بیرمان نەچێت رۆژئاوا لە ھەمبەر وڵاتانی ناوچەکەدا کارنامەی سەبری چەن ساڵەی عێراق و لیبی ھەیە و ھەموو ھەوڵەکانی ئێستای تەنیا لەبەر لاواز ھێشتنەوەی رژیمی کۆماری ئیسلامیە تا وەکوو نێچیرێکی لاواز لەم ماوەیەی کە بۆی داناوە ھەر لە نێو چنگی خۆیدا بمێنێتەوە.
 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک