٧\٨\٢٠١٣
ئێران و
هاوسەرگیریی لە تەمەنێکی نەگونجاودا.

شهونم ههمزهیی
هەر کۆمەڵگایەک خاوەنی کۆمەڵێک نەریتی جوان و بە جێیە کە وەک میراتێک
بۆ ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایە دەمێنێتەوە، لە پاڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک نەریت و
سوننەتی نابەجێ و کۆن لە نێو بیرکردنەوە و مێشکی کەسانی نێو کۆمەڵگادا
دەبن بە پێوەری ژیانی کۆمەڵایەتی. کەم نین ئەو سوننەتە خراپانەی کە تا
ئێستاش کۆمەڵگای ئێمە نەیتوانیوە لە یەخەی خۆی بکاتەوەو هەروا ئاکامی
خراپ و ناخۆشی چ بۆ ئێستا و چ بۆ داهاتوو لێ دەکەوێتەوە.
بۆ هەموو لایەکیش ئاشکرایە کە خێزان یەکەیەکی کۆمەڵایەتیەو کۆمەڵگای
لەسەر دروست بووە ،مرۆڤ و ژیان پێویستیان بە هاوسەریەتی هەیە،مرۆڤ دەبێ
ئازاد بێ لە هاوسەر گرتن،بە شێوەیەک کە ئیرادەی خۆی تێدا بەرجەستە
بکات،چونکە لە بنەڕەتدا هاوسەرگیریی بریتیە لە یەکگرتنی ئیرادەی ژن و
پیاوو رەزامەندیان لەسەر پێکهێنانی خێزان.
یەکێک لەو سوننەتانە بەشوودانی کچان بێ ویستی خۆیان و لە تەمەنێکی
نەگونجاو دایە، کە هاوسەرگیریی کچان و کوڕانی خوار تەمەنی قانونی لە
زۆربوون دایەو بۆتە قەیران و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و بە پێی ئامارەکان
بەردەوام لە تەشەنەکردن دایه.
یەکێک لەو شتانەی کە پێویستە باسی بکەین باوەڕێکی ناشیرینە کەبەشێک لە
خەڵکی ئێمە خوویان پێوە گرتوەو بە پێی ئەم باوەڕە ڕێگە نادەن کچەکانیان
وەک کوڕان درێژە بە خوێندن بدەن و پێیان وایە دەبێ لە تەمەنێکی زوودا
ژیانی هاوسەری پێک بێنن و کاروباری ماڵان بکەن و بە واتایەک ژنیان
نەگوتوە خوێندن وکار کردن لە دەرەوە،کە دەتوانین ئەوە زیاتر بگەڕێنیەوە
بۆ هەژاری بنەماڵەکان کە لە جیاتی ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە
ڕەوانەی ماڵی شوویان دەکەن یان کچەکانیان دەفرۆشن،کە زۆر جار لەم
نێوەدا ژمارەیەکی زۆر کچ هەن کە بە پلەیەکی باش لە خوێندن دەرچووەو
ڕێگەیان نەداوە درێژە بە خوێندن بدا،پێیان گوتووە کە زوتر شوو بکا
چونکە خوێندن بۆ ژنان بێکەڵکە.وە بە پێێ زۆرێک لە لێکۆلینەوەو
ئامارەکان دەرکەوتووە کە لەم دواییانەدا جگە لە کچان ژمارەی ئەو
کوڕانەش زیادی کردووە کە لە تەمەنی خوار (١٠) ساڵی هاوسەرگیریی دەکەن.
هەرچەندەحاشا لەوە ناکرێ کە ئەوە لە کۆنەوە لە کۆمەڵگادا هەبووەو
ئێستاش ماوەتەوه، بەڵام بەشێکی ئەو باوەڕە دەسەڵاتی زاڵ بە سەر
وڵاتەکەمان وای کردوە بچێتە نێو بیرو زەینی خەڵکەوە.
کە بە پێێ زۆرێک لە ئامارەکانی ئیدارەی سەبتی ئەحواڵ(دەزگای تۆمارکردنی
لەدایک بوون و هاوسەرگیریی و تەڵاق ) ژمارەیەکی زۆر لە کچان و کوڕانی
ژێر تەمەنی یاسایی هاوسەرگیرییان کردووە.
هەر لەم بارەوە یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی مافی منداڵانی
ئێران دەڵێت،ژمارەی هاوسەرگیریی لە تەمەنێکی کەم داو بەزۆر بەشودانی
کچان بێ خواستی خۆیان و لە تەمەنێکی نەگونجاودا ،بەردەوام لەگەشە کردن
دایەو مەترسیەکی گەورە لەسەر داهاتووی کۆمەڵگای ئێران دروست دەکات.
ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە کە لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا ڕیگە دراوە کە
مندالانی خوار تەمەن (١٠) ساڵ هاوسەرگیریی بکەن بە سەردانی کردنیان بۆ
دادگا،کە لە دادگادا بە شێوەیەکی فەرمی ئەم هاوسەرگیرییانە ئەنجام
دەدرێت.
هەروەها لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا ،هیچ ماددە یاسایەک نیە کە ڕێگر بێت
لەبەردەم بەزۆر بەشودانی کچان و هاوسەرگیریی کچان و کوڕانی خوار تەمەنی
یاسایی،کە بەردەوامیش دەزگاکانی پاراستنی مافی منداڵان داوا دەکەن کە
ڕێو شوێنی گونجاو لەم بارەوە بگیرترێتە بەر.
کە ئەگەر بێت و ئاماژەیەک بە یاسا جیهانیەکان بکەین چەندین خاڵ ڕەچاو
کراوە لە هاوسەرگیرییدا ،کە بە هیچ شێوەیەک لە یاساکانی کۆماری
ئیسلامیدا کاری لەسەر نەکراوە ئەوانیش:
- بە پێی یاسا کاتێک هاوسەریەتی دروست دەبێت کە بە رەزامەندی هەردوو لا
( واتە کچ و کوڕ ) بێت و زۆرە ملێی تێدا نەبێت.
- تەمەنی هاوسەریەتی لە (١٥) ساڵ کەمتر نەبێت ،لە ڕووی یاساییەوە
هاوسەرگیریی دروست نابێت ئەگەر لەو تەمەنە کەمتر بێت.
بە پێێ ئامارەکان بەزۆری ئاماژە بەوە کراوە کە زیاتر بڵاو بوونی ئەم
دیاردانە لە باشوری ئێران بەربڵاوە واتە ناوچە گەرمەسێرەکان ئەویش
بەهۆی زوو باڵغ بوونیانەوە،کە بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، زۆر جاریش
هۆکاری ئەمە دەگەرێندرێتەوە بۆ پەیوەندی سێکسی ناشەرعی کە لە زۆرێک لەم
ناوچانەدا لە تەشەنەسەندن دایە.یان لە هەندێ گوند و شارەکانی ئێراندا
هاوسەرگیریی هەیە کە لە لایەن مەلاکانەوە لەسەر کاغەزێک دەنوسرێت و لە
پاشان لە شوێنی فەرمی تۆمار دەکرێت.
لە هەندێ لێکۆلینەوەو توێژینەوەدا کە لەسەر چەندین شاری پارێزگاکانی
بوشەهر و بلوجستان وسیستان و خوزستان و لورستان کراوە،دەرکەوتووە کە
ژمارەی هاوسەرگیریی کچان و کوڕانی لەم تەمەنەدا لە زیادبووندایە،وە
بەداخەوە رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم لایەنەوە پشکێکی زۆری بەرکەوتووە بە
تایبەت لە پارێزگاکانی ئیلام و لورستان و گەلێک ناوچەی تر.
جگە لە هەموو ئەوانەی کە باس کرا قەیرانی ئابوری و بێکاری،نەتوانینی
دابین کردنی بژێوی ژیان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی بەزۆر بەشودانی
کچانە کە لە بەرامبەڕ بڕیکی پارە کچەکانیان دەفرۆشن و بێ ویست و
ئارەزووی خۆیان لە تەمەنی زۆر نەگونجاودا هاوسەرگیرییان پێ دەکەن.
هەمووی ئەم جۆرە کردەوانە دەرحەقی کچان و کوران لە کۆمەڵگادا دەبێتە
هۆی ئەوەی کە ئەوان نەتوانن لە ژیانی هاوسەری دا سەرکەوتوو بن و
ژیانێکی زۆر ناخۆشیان لەگەڵ مێرد و منداڵەکانیان لە داهاتوو دا هەبێت.
رێژەی کەسانێک کە بە هۆی ئەو شتانەوە ژیانیان لێک دادەبڕدرێ و ناتوانن
درێژە بە ژیانی هاوسەری بدەن بە باشی ئەو راستیە دەسەلمێنن کە ئەو
کارانە نە تەنیا ناتوانێ خزمەت بە منداڵەکان بکا بەڵکوو غەدرێکی
گەورەیە کە بنەماڵەکان لە کچەکانی مندالەکانیان دەکەن و لە پاڵ ئەوەش
زەبرێکی گەورە لە کۆمەڵگاکەیان دەدەن. کاتێک کچ و کوڕێک بێ ئەوەی هیچ
هەستێکیان بۆ یەک هەبێت یان ئەوەی کە لە رووی هێندێک پێوەری دیکەوە کە
بنەماڵەکان بە سەریاندا دەیسەپێنن بچنە نێو ژیانی هاوبەشیەوە دەبینین
کە ئەو ژیانە ژیانێکی پڕ لە بێ هیوایی و رق و قین و ناخۆشی دەبێت.
ئەنجامی ئەوانە هەمووی کێشەی کۆمەڵایەتی زۆری لێ دەکەوێتەوە،کە زۆر لە
دەرونناسان پێیان و وایە زۆرینەی ئەوانەی توشی نەخۆشیە دەرونیەکان
دەبنەوە هاوسەرگیریی کچانی منداڵ لەگەڵ پیاوانی بەساڵاچووە ،کە زۆر
کێشەی وەک لێکترازانی خێزانەکان و هەروەها زیادبوونی دیاردەی لەشفرۆشی
و خۆکوشتنی لێ دەکەوێتەوە ،کە بەداخەوە دەبینین ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەیەن لە
زیاد بووندایە،واتە لەگەڵ بەرز بوونەوەی ئاماری هاوسەرگیریی لە ئێران
دا ئاماری تەلاقیش بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە،هەروەها
خاڵێکی تری کە جێگای ئاماژەیە ئەوەیە کە لەم نێوەدا کچانی منداڵ زیاتر
کاریگەری خراپ لەسەریان دەبێت ئەویش بەهۆی مندال بوونەوە ،چونکە
لەوانەیە توانای جەستەیی لەو تەمەنەدا بۆ منداڵ زەحمەت بێت کە زۆر جار
گیان لەدەست دانی دایکەکەی لێ دەکەوێتەوە.
|