٢٩\٤\٢٠١٣
عێراق داواتان
لێدەکا.. چەکەکانتان داگرن!

خالید مەشعەل
گۆڕینی: رەزا ساڵح
زمانی هەڕەشە و گوڕەشە و، ئەو وتارانەی بۆنی
خوێنیان لێدێ و .. وتارە زیاتر ورووژێنەر و فیتدەرەکانی مامۆستایانی
پێشنوێژی مزگەوتەکان، لە نوێژەکانی رۆژانی هەینیدا و .. لێدوانەکانی
سەرکردەکانی مانگرتووەکان و .. هەڕەشەی بە کارهێنانی چەک لە لایەن
سەرکردەکانی هۆزە عەرەبە سونییەکانەوە لەلایەکەوە .. قسە و لێدوان و
هەڕەشەکانی مالیکی و هاوشیوەکانی لە لایەکی ترەوە .. بوونەتە هۆی، خوێن
بە فیرۆدان و ، گیان لە دەستدانی هاوڵاتیان و ، خزبوونەوەی وڵاتیش
بەرەو تاریکی و بێسەرەوبەرەیی و لە دەستان .. هەر وەکو چۆن خەونەکانی
خەڵکی ، لە حکومەتی بەش بەش و ، گەنەڵی و ، شکسهاتوو ، ونبوون و
نەهاتنەدی.
ویژدانە زیندووەکان ، هاواردەکەن و داوا لە هەمووان دەکەن ، ئەوە
بێننەوە یادتان کە ئێوە رۆڵەی گەلێکن و ، خاوەنی هیوا و مێژوو و
ئایینێکن ، کە خوێنڕشتنی بە ناهەقی حەرام کردووە .. سوپاکەشتان سوپای
عێراقە و ، سوپای مالیکی نییە هەروەکو هەندێ کەس وای ناوی دەبەن ..
نووری مالیکی دەگۆڕێت و نامێنێت ، بەڵام مادام عێراق ماوە سوپاش
دەمێنێت.
لەسەر رۆڵە جوامێرەکانی عێراق پێویستە ، بواری ئەو هەلپەرستانە نەدەن ،
کە بارو دۆخەکە بقۆزنەوە و ، سوپا لە ڕێ دەرکەن و ، تووشی شەڕێکی
ناوخۆیی بکەن و ، هەمووانی پێوەی بگلێنن و ، بکەوینە ململانێ و
بەربەرەکانی یەکتری.
عێراق داواتان لێدەکات ، غیرەتان هەبێ و ، خوێنڕشتن رابگرن .. وا دە
ساڵە ، وڵات لەت لەت دەبێ .. بە فیڕۆ خوێنی هاوڵاتییان دەڕێژرێ و ،
بەبێ نرخ دەمرن .. نە پرۆژەی ژێرخان و بنیاتنان هەیە ، نە ئاوەدانی و
گەشەکردن بوونیان هەیە .. سامان و خێروبیری ئەم وڵاتە ، بەشی هەژاران
.. لەلایەن سیاسییەکان و سەرکردە تایفییەکان و سەرکردکانی کوشتن و بڕین
و تاوانەوە ، دەدزرێن .. هەر وەکو سیاسەتمەدار دکتۆر (عادیل
عەبدولمەهەدی ـ جێگری پێشووی سەرکۆماری عێراق ) وەسفی دەکا و دەڵێ: "حکوومەتێکی
بێدەسەڵات ، کە لە دابینکردنی ئاساییش و لە خزمەتگوزاری و لە
کۆمەڵایەتیدا شکستی هێناوە .."
وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و رەوشتی ، داوا لە هەمووان دەکەین ، لە
هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بیڕووخێنن.
داوا لە هەموو رۆڵە سەربەرزەکانی وڵاتی دووڕووبار دەکەین ، کە ئاگری
شەڕ و بەربەرەکانی تایفی بکوژێننەوە ، ژیرانە رەفتاربکەن و ، بەزەییتان
بە خەڵکی بێتاوندا بێتەوە .. با چیتر تەڕ و وشک پێکەوە نەسووتێن ..
برایەتی راستی و هاووڵاتیبوونتان بێننەوە بەرچاوتان .. کە هەموو
رۆڵەکانی ئەم گەلە یەک دەخات .
داواش مالیکی دەکەین کە بە خۆیدا بچێتەوە و ، ئاقڵ بێت و ، بە دەنگی
ئەو هەوڵ و دەستپێشکەرییانەوە بچێت ، کە دەیانەوێ بارودۆخەکە
هێوربکەنەوە.
پێویستە سوپای عێراقیش ، لە ململانییە سیاسییەکان و لە لێدانی گەل و لە
لایەنگیریی تەرفێک و ، لە توندوتیژی و ، لە بە کارهێنانی چەک بۆ
سەرکوتکردنی هاوڵاتیان خۆی بە دوور بگرێت و لە ئەرکی نیشتمانیی سۆپا
لانەدات و ، خۆی نەخاتە لیستی رەشەوە.
ئەو تاوانانەی کە ( سەدام ) ی دیکتاتۆر ، دەرهەق بە گەلی عێراق کردنی ،
ئەمە لە مالیکی قبووڵ ناکەین .. با مالیکی چارەنووسی رەشی دیکتاتۆری
گۆڕبەگۆڕ سەدام بێنێتە یاد و بەرچاوی خۆی .
_____________________________________________
* ئەم نووسینە، لە نووسینی (فلاح المشعل)ە، کە لە (٢٨\٤\٢٠١٣)
دا، لە ماڵپەڕی (کتابات)دا، بە زمانی عەرەبی بڵاوی کردۆتەوە.. بە کەمێک
دەستکارییەوە گۆڕیومەتە سەر زمانی کوردی.
نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|