٢٧\٤\٢٠١٣
عێراق، کێڵگەی
ئاژەڵان!

کازم قادر
سەرەتا پێویستە چەند شت ڕوون بکەمەوە،یەکەم مەبەست لە ئاژەڵان هیچ
ئامانجێکی سوکایەتی کردنی لەپشتەوە نییە بە مرۆڤ،واتە ئامانج و
لێچوواندنەکە هەر شتێک بێت کە لەم نوسینەدا ڕوون دەبێتەوە سوکایەتیی
نییە.
دوووەم:هەروەها سوکایەتییش نییە بە ئاژەڵان،ئەوە کە گوایە ئاژەڵان
دڕندەن و ئێمەی مرۆڤ لە دڕندەییماندا وەک ئاژەڵمان لێهاتووە.دڕندەیی
ئاژەڵان بەرهەم و پێدراوێکی ڕەهای سروشتییەو بە هیچ جۆرێک دەستی خۆیانی
تێدا نییە.ئاژەڵان بە ڕێی سروشتیی خۆیان ژیان دەکەن و لەو ڕێسایەشدا
هەموو کوشتن و هەڵدڕیین و لەناوبردنێکی ئەوانیتر ڕەوایە،یانیش لە
لەناوبردنی ئەوانیتردا بۆ مانەوە هیچ ناڕەوایەتییەک نییە.پێکهاتەی
بایۆلۆژیی ئاژەڵان بەو جۆرەیە کە دەبێت یەکتر بخۆن تاکو بژین،ددانەکانی
سەگ،گورگ و شێرو ئەوانیتر،بە جۆرێک گەشەی کردووەو پێگەیشتووە تا گۆشت
بخۆن و گۆشت خۆرییش یەکسانە بە خواردنی ئەوانیتر،بە واتاێکیتر،دەم و
ددانی باێۆلۆژیی ئاژەڵە دڕندەکان لە ڕەوتی پەرەسەندن و گەشەکردنی
سروشتیی خۆیدا بە گیاو ڕووەک خۆریی نەگەیشتووە،بەڵکو بە ئاراستەو
پێکهاتەی گۆشت خۆرییدا ڕسکاوەو بە ناچاریی دەبێت گۆشت بخۆن،گۆشت خۆریی
ئاژەڵە دڕندەکان،یەکەم دوا یاسای سروشتیی ئەوانە بۆ ژیان و مانەوە...
بەڵام دڕندەیی مرۆڤ لە ناو شارستانیی و کۆمەڵگە
مرۆڤایەتییەکەیدا،سەرباری مێژووە دڕندایەتییە زۆر کۆنەکەی،ئیتر بەرهەمی
سروشت و پێدراوی سروشتیی نییە،ئاژەڵیکی بە سروشت گۆشت خۆر نییە تەنها
لەڕێی گۆشت خواردن و کوشتنی ئەوانیترەوە بژێت و ئەگەر کوشتن و گۆشتی
دەست نەکەوێت بمرێت،بەڵکو دڕندەیی مرۆڤ،ئیتر بەرهەمی کۆمەڵگە
مرۆڤایەتییەکەیەتی،بەرهەمی کولتور،پەروەردەو ئەو ستراکتۆرە هزریی و
مادییەکانەیە کە هەر خۆی بەرهەمی هێناوەو دواجار خۆی کردۆتە دڕندە
بەسەرسەری خۆیەوە.یان ئەگەر بە جۆرێکی زۆر دروستترو کۆنکریتتر بڵێین،لە
بەرەبەیانی ئەو مێژووەوە کە مرۆڤ لە ڕێی دەسەڵات و پاوانخوزیی و دەست
بەسەراگرتنی ئەوانیترەوە،کە دواجار کۆمەڵگەی چینایەتیی و موڵکایەتیی
تایبەتیی چەسپاندو هێنایە ئاراوە،واتە سیستەم و کۆمەڵگەی چینایەتیی
بەرهەم هێنا،بووە بە دڕندە،دڕندەی مرۆڤ.مرۆڤی کۆمەڵگەی چینایەتیی،یان
مرۆڤی سەرمایەداریی،مرۆڤێکی دڕندەو هاوتای دڕندەێکەشی گەندەڵەو
ترسناکیی گەندەڵییش هیچی کەمتر نییە لە دڕندایەتیی.دڕندایەتیی و
گەندەڵییش ئامانج و هۆکاری خۆیان هەیەو بۆ ڕێشەکێش کردنیشیان دەبێت
سیستەمی چینایەتیی و موڵکایەتیی تایبەت لە ڕیشەوە دەربێنیت...!
لێرەوە دێمە سەر مەبەستەکەم، عێراق کێڵگەی ئاژەڵان.
ئەگەر لەوەگەڕێین کە مرۆڤ،کۆمەڵگە،لە سایەی دەسەڵاتێکی دڕندەی وەک
بەعسدا بە چ ئاراستەێکدا دەڕوات و لە دواجاردا چ بێباێخ لە خۆیی و
ئەوانیترو ژیان دەڕوانێت،واتە لە دواجاردا چ فەزاێکی
کۆمەڵایەتیی،سیاسیی و کولتوریی ترسناک و ژیانکوژ دەخولقێت و مرۆڤ و
کۆمەڵگە ناوئاخن دەکات،ئەوا لە دوای ڕوخانی ئەو ڕێژیمەشەوە،هەمان
کولتوری سیاسیی و فەرهەنگیی بەربەرییانە، بێگومان گەشەسەندووترو
ئاواڵاتر هاتۆتەگۆڕێ.ئەوەی پێی ئەڵێن سیاسەت و دەوڵەت و بەرێوەبەریی و
ئەو ڕەگەزانەش کە ئەو سیاسەت و دەوڵەت و بەڕێوەبەرایاتییانە تان و پۆ
دەکات،کەم و زۆر پەیوەندییان بە ژیانەوە نییە،ژیان واتە
ئازادیی،یەکسانیی،خۆشگوزەرانیی و ژیاندۆستیی،هەست کردن بە ئاساییش و
ئەوە کە هەست بکەی لە ماڵەوەیت و ژیانت پارێزراوە،لەوانەش کارەساتترو
ترسناکتر، سیاسەت لە عێرقدا بە هەموو هێزو ڕەوتە
جۆراوجۆرەکانێوە،ئەوانەی کە پێگەێکیان لە دروستکردنی ئەوفەزا
ناشیریینەدا هەیەو شوێنێکیان بۆ خۆیان و ئەو دۆخە بەربەرییە
داگیرکردووە ،خاوەنی هیچ بەهاێکی ئەخلاقیی و سیاسیی و فەرهەنگیی بەرز
نیین،کە دواجار بتوانێت فەازای گشتیی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئاراستە
بکات و لەسەر خوانێکتر،خوان و هاوبەشییەکیتر جیا لەو خوانە بەربەرییە
کە هەموان ددان لێکتر جیڕ دەکەنەوە،کۆ بکاتەوە.بە واتاێکیتر،ئەوەی
ددانەکانی دەسەڵات و ڕەوتە فرەچەشنەکانی بەرەی ڕەشی لێکتر
جیڕکردۆتەوە،خەم و جیاوازیی نییە لەسەر ئازادیی و دادی کۆمەڵایەتیی و
لاێنی زۆر کەمی کۆمەڵگەێکی ستانداردی هاوچەرخ،بەڵکو مەزهەب و دین و
لۆژیکی شمشێری دینیی و مەزهەبییە،بەهاو ئەخلاقە بەربەرییەکانی دین و
خێڵ و تائیفیە.ئەم گەرای بەربەرییە دەمێکە چێنراوەو ئێستا لە ساتی
تەقینەوەێکی ترسناکدایە.
دەرککردنی ئەو دۆخە ترسناک و بەربەرییە سەخت نییە،ئەوەش کە جەنگی
مەزهەبیی ڕوودەدات و منداڵانی یەکتریش سەردەبڕن،ئەوەی سەختە وەڵامی ئەم
پرسیارەیە:ئایە چ بکرێت تا دەستی دین و مەزهەب و کۆی بەرەی ڕەش ،لەو
جەنگە چاوەڕوانکراوە کۆتا بکرێت کە بەڕێوەیە؟ئەوە پرسیارێکی کراوەیەو
من گومانم لەبەرپێگرتنی هەیە...!
٢٦\٤\٢٠١٣
ماڵپهڕی کازم قادر
|