په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٤\٢٠١٤

عێراق لە بەردەم ھەڵبژاردندا.


شیرزاد وڵاتدۆست    


لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە ٣٠ی نیسان، ئەو پرسیارە خۆی دێنێتە پێشەوە کە ئاخۆ ھەڵبژاردن دەبێتە ڕێچکەی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات؟ یاخود درێژە دەردەبێت بە دەسەڵاتی فەرمانڕەوایەتی ئێستا؟


ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەروڵات و ناوچەیەک دەرخەری دیموکراسیەتی حکومڕانیەی ئەو وڵاتە و ناوچەیە ، بەڵام بێگومان ئەم دەستەواژەیە تەنھا بۆ ئەو وڵات و ناوچەنە ڕاستە ، کە ھەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە ساختەکاری و ئازادانە بەڕێوەبچێت و لە سایەی ئەم ھەڵبژاردنە کەسانی ھەڵبژێردراو دەسەڵاتی حکومڕانی بگرنە دەسەت ، بەڵام زۆر جار ھەڵبژاردن لە زۆرێک لە وڵاتانی دیکتاتۆر حکوم ھەڵبژاردن وەک سیناریۆیەک بۆ درێژەدان بە حکومڕانی ئەو دیکاتەتۆرانە و نیشاندانی دیموکراسیبونیان بەکاردێنن.


ئاڵوگۆڕکردن و ڕادەستکردنی دەسەڵات لە ڕێی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی مێژوویەکی تاریکە ، بەڵکو دەتوانین لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پرۆسەی ھەڵبژاردن تا ساڵنێک نیزک لە ئێستا بوونی نەبوە و تەنانەت تائێستاش لەچەند لەم بەشەی جیھان کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە پرۆسەی ھەڵبژاردن بوونی نیە ، لەگەڵ نەبوونی ئەم پرۆسیەش کۆمەڵێک کەس و بنەماڵە وحزب توانیویانە لە کورسی دەسەڵاتدا بمێنەوە و حکومڕانیەکی دیکتاتۆرانە بەرقەراربکەن، ھەربۆیەش بۆ گۆرانکاریکردن و ڕادەستکردنی دەسەڵات چەندین شۆرش و ڕاپەڕین بەرپابوون ، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە دوای ئەوەی سەرکەوتنی ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینەنانە و وەرگرتنی دەسەڵات لەڕێی چەکداریەوە دووبارە ئەو کەسە شۆڕشگێرانە ڕێگەی حوکمڕانی دیکتاتۆریان ھەڵبژاردووە و پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەو ڕێچکەیەدا ڕۆیشتووە ھاوشێوەی دەسەڵاتی پێشووتر ،واتا ئەم پڕۆسەیە لە دوای شۆڕشیش ھەر وەک دەسەڵاتی لەکار لابراوی پێش خۆی لە بیرکراوە.


لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ، ئەو دەرفەتە بۆ عێراقیەکان ھاتە کایەوە کە بواتنن لە ڕێی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و سوندوقەکانی دەنگدان دەسەڵاتی حکومڕانی لە عێراق دیاری بکەن ، بەڵام دوابەدوای ئەنجامدانی چەندین ھەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پێکھێنانی چەندین حکومەت ، نەتواندرا عێراق لە باردۆخی ناھەمواری ناوخۆیی ڕزگار بکەن و بیگەینە کەناری ئارامی ، بەڵکو زۆرێک لە ناوچەکانی عێراق بە تایبەتی ناوارەستی عێراق واتا ناوچە عەرەبە سوننە مەزھەبەکان و ناوچە کوردستانیە دابراوەکان بونەتە مەیدانی جەنگی نێوان حکومەت و گروپە چەکدارە توند ڕەوەکان و مەیدانی ململانێ ناخۆیی و دەرکیەکان.


لە ئێستادا ھاوڵاتیانی عێراقی لە چاوەڕوانی ڕۆژی ٣٠ ی مانگی نیسانن بۆ ھەڵبژاردنەوەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، بەڵام ئەوەی ترسی ھاوڵاتیانی عێراقە ئەوایە دووبارە ئەم ھەڵبژاردنەش روبەڕووی ساختەکاری بێتەوە و ھەروەھا لەبەر بوونی ڕووبونەوەی سەربازی توند لە لە ناوچە عەربیە سوننە مەزھەبەکان لە نێوان سوپا و چەکدارانی گروپی داعش نەتوانرێت ھاوڵاتیانی ئەو ناوچەنە بتوانن دەنگ بدەن بەشێوەیەکی گونجاو ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لای ھاوڵاتیان ترسی زیاترە ئەم جارەش دوای کۆتایی ھاتنی پرۆسەی دەنگدان کاندیدە دەرچووەکان پشت لە جەماوەرەکانیان بکەن و ھەموو بەڵێن و بانگەشەکانی کاتی ھەڵبژاردن لەبیر بکەن و دووبارە دەسەڵات حکومەتێکی دیکتاتۆر و مەزھەبی و تاکڕەوانە لە عێراق دروستبێتەوە.


سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە دەوڵەتی عێراق بەژدار دەبێت لە ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نێونەرانی عێراق ، بەڵام ئەوەی ھەرێمی کوردستان جیاوەزی کردەوەتەوە لە ناوچەکانی تری عێراق ، لەم ھەڵبژاردنە ھاوشان لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نێونەران ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی ھەر سێ پارێزگای ھەرێمی کوردستان بەرەوەدەچێت لەگەڵ ئەوەی ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ماوەی چەند ساڵ لە وادەی خۆی لەلایەن چەند لایەنێلی سیاسی ھەرێمەوە دواخرا ، بەڵام لەژێر گوشاری جەماوەر و چەند لایەنێک بڕیاردا لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٣٠ ی ئەم مانگە ئەم ھەڵبژاردنەش بەڕێوەبچێت ، کە ئەمەش وای کردووە گەرموگوریەکی زیاتر بە بانگەشەکانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستانەوە دیار بێت ، چونکە ھەرلایەنێک لەگەڵ ھەوڵدانی بۆ زیاتر کردن کورسیەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھاوشان لەگەڵ ئەوەش دا لە ھەوڵدانێکی زیاتر دان بۆ بەدەستھێنانی زۆرترین کورسین لە ھەر سێ ئەنجومەنی پارێزگای ھەرێم.


لەگەڵ تێپەڕینی زیاتر لە ٦ مانگ بەسەرھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت، ھەر لەبەر ئەمەش ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ھاوڵاتییان وەک ھەڵبژاردنی پێشوی پەرلەمانی کوردستان بەگەرموگوریەوە بەژداری ھەڵبژاردن نەکەن ، چونکە دوای ماوەیەکی زۆر بەسەر تێپەڕبوونی ئەو ھەڵبژاردنە دەنگداران پەرلەمانێکی سڕکراو و حکومەتێکی کاربەڕێکەر نەبێت ھیچی تریان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نەبینی ، لەگەڵ ئەوەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری بەسەر نەخشەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دا ھێناو گۆرانکاری بەسەر ڕیزبەندی ھەردوو ھێزی سیاسی بزووتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا داھات ،بەجۆرێک یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕیزبەندی دووەم ھێزی سیاسی چووە ڕیزبەندی سێییەم و بزووتنەوەی گۆڕان توانی ڕێژەی دەنگەکانی زیاد بکات و ببێتە دووەم ھێزی سیاسی لەدوا پارتی دیموکراتی کوردستان ، بەڵام لێرەدا پرسیارێک خۆی دێنێتە پێشەوە کە ئاخۆ لەدوای ھەڵبژاردنەکانی ڕۆژی ٣٠ ی نیسانە وە ئەم گۆڕانکاریە لە ھەر بەم شێوەیە دەمێنتەوە یاخود دووبارە گۆرانکاری بەسەر ڕیزبەندی ھێزە سیاسیەکان دادێتەوە ؟ بۆ بەدەستھێنانی وڵامی ئەم پرسیارەش پێویستە چاوەڕی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ ی نیسان بکەیەن.


ئەوەی ماوەتەوە بڵێین لەگەڵ زیاتر ئاڵۆز بوون یان وەھا مانەوەی باردۆخۆی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، ھاوشان بەوەش باردۆخی ناوخۆی عێراق زیاتر ئاڵوزتر دەبێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەنجامی بەدەستھاتووی ھەڵبژرادنی ئەنجومەنی نێونەران دەبێت ، چونکە بەدرێژەکێشانی قەیران و جەنگی ناوخۆیی سوریا و زیاتر ئاڵۆز بوونی پەیوەندیەکانی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران ، کاریگەری تەواوی دەبێت لە زیاتر تێکچوونی باری ئاسایشی ناوخۆیی عێراق و دەرکەوتنی زیاتری ناکۆکی لە نێوان ھێزە سیاسیە شیعی و سوننیەکان،ھەر ئەمەش وادەکات ئەم ھێزە سیاسیەنە توشی ململانێی زیاتر ببنەوە و لە پێکھێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی عێراق درەنگ یاخود نەگەنە ڕێکەوتنێکی کۆتایی ، ھەرەوەھا پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان ھەولێر و بەغداش یەکێک دەبێت لە گیرو گرفتانەی ، کە کاریگەری نەرێنینان دەبێت لە ڕێکەوتنی ھێزە سیاسیەکانی عێراق لە دوای بەدیارکەوتنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ، لەگەڵ ئەوەش دا ئەوەی ڕوونە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەنی عەربی شیعەدا دەبێت و لەگەڵ بەژداری کردنیان بە چەندان لیستی جیاواز لە ھەڵبژاردن ، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان دورستبوونی ترس لەلایان بە لەدەستانی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای لە عێراق و دووبارە دەستکەوتنی دەسەڵات بە عەربە سوننەکان لە ژێر گوشاری وڵاتی ئێران و مەرجەعی شیعی لە عێراق خۆیان وەک یەک لیستی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕادەگەیەنن ھاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٩ دووبارە لیستی زۆرینە پێکدەھێنن و ڕادەسپێردرێن بۆ پێکھێناوەی حکومەت ، ھەر لەم سۆنگەیەشەوە دەتوانین بلێین لە دوای ھەڵبژاردنی ٣٠ ی نیسان ھەر دەسەڵاتی ھێزە عەرەبییە شیعیە مەزھەبەکان زاڵ دەبێت بەسەر جومگە بنەڕەتییەکانی حکومڕانی لە عێراق و ئەگەری بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەنێکی ترەوە زۆر لاوازە.
 


Sherzad.wllatdost@Gmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌ران