١١\١٠\٢٠١٩
عێراق لەبەردەم
ھەڕەشەی گۆڕانکاریدا.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر
بە تەفسیرێکی لۆژیکیانە دەکرێت وای بناسێنین کە خۆپیشاندان کارێکی
سیاسی بە کۆمەڵە کاتێک چەند دیاریدەیەکی نەشیاوو نامۆ باڵدەکێشن بەسەر
جومگەکانی تەواوی وڵاتتدا ناڵە لەگەڵ ھەڵدەستێت و ناتوانێت تا کۆتای
لەژێر ئەم بارە سەخت و دیاریدە ناشیاوانەدا بژیت . ئەم خۆپیشاندانانەی
چەند ڕۆژێکە لە عێراق سەریھەڵداوە دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری
دەرئەنجامی داواکاری ھاوڵاتیانی عێراقە لە دەسەڵاتداران، بۆ
بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانیان بەتایبەت داوای گۆڕانکاری سیستەمی سیاسی
لە عێراق لە ٢٠٠٣، عێراقیەکان ھیوایەکی زۆریان لەسەر دیموکراسی و
سیستەمە پەرلەمانیەکەیان ھەڵچنی بوو، بەڵام دوای ١٦ ساڵ لە حکومڕانی،
عێراقیەکان ئەمڕۆ ھاتونەتە سەرشەقام و داوای گۆڕانکاری و چاکسازی دەکەن،
چەندین ھۆکار ھەیە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان کارتێکی بەھێزی گەل بێت لە
عێراقدا بۆ گۆڕانکاری، چونکە لەگەڵ ھەموو ئەو تێبینانەی لەسەر سیستەمە
سیاسیەکەی و شێوازی حکومڕانیەکەی ھەیە کە تاڕادەیەک شیعەکان مۆنۆپۆڵی
دەسەڵاتیان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە عێراق دامەزراوە ھەیە، وە
دیموکراسی پەرلەمانی تەوافقی پەیڕەوی لیکراوە، ئەمەش وایکردووە کەم تا
زۆر ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بەشداربن لە حوکم، بۆیە گۆڕانکاری واردە،
ھەلومەرجی عێراق دوای شەڕی داعش زەمینە سازی گونجاوی کردووە بۆئەوەی
ھاوڵاتیان سەرنجیان زیاتر لەسەر ئەدای حکومڕانی بێت وە داوای حوکمی
ڕەشید بکەن، ھۆکارێکی تر لاوازی سەرۆک وەزیران لە دەستگرتن بەدەسەڵات و
موماڕەسەکردنی، وەک ئاشکرایە”عادل عەبدول مەھدی” کوتلەی پەرلەمانی نیە،
تا بەرگری لێبکات لە پەرلەمان، وە شەرعیەتی جەماوەری نیە چونکە لەناو
گەلدا ھەڵنەبژێردراوە، بەڵکو سەرئەنجامی ڕێکەوتنی نێوان چەند
ھاوپەیمانیەکی سیاسیە بۆ دانانی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، کەئەمەش
وایکردووە پێگەکەی ھەردەم لەژێر ھەڕەشەی گۆڕانکاری دابێت، بەتایبەت کە
لەگەڵ بەرژوەندی ئەو لایەنانە یەکانگیرنەبێت، سەرەڕای کاریگەری عێراق
بەوڵاتانی ئیقلمی و دەرەوە ھەردەم موعەرەزە بە گۆڕانکاری، چونکە
دەوڵەتی عێراق لە داوی ٢٠٠٣ نەیتوانیوە خاوەنی سیادەی خۆی بێت، بەشێک
لە دەوڵەتەکان بە ئاشکرا تەداخول لە عێراق دەکەن ڕووە و
بەرژەوەندییەکانیان ئاڕاستەی سیاسەت دەکەن لەم وڵاتە، بوونی میلیشای
زۆری چەکدار کەسەر بەگروپ و ئەخرابە جۆربەجۆرەکانی شیعەن، مەترسی لەسەر
دەسەڵاتی حکومەت دروستکردووە، نزیکە تێکەڵی خۆپیشاندانەکان ببن
گۆڕانکاری دروستبەکەن، کاریگەری ھەرێمی کوردستان و فشارەکانی بۆ سەر
حکومەتی ناوەند، بەتایبەت رێکەوتنی پڕۆژە بودجەی ٢٠١٩ کە ھەرێم پابەند
نەبووە بە ڕادەستکردنی نەوت، وەھەروەھا ناوچە جێناکۆکەکان و ھەوڵی
گەڕاندوەی پیشمەرگە و دەسەڵاتی کوردی بۆ ئەم ناوچانە ئەرکی عەبدول
مەھدی قورس تر کردووە و نەیارە سیاسیەکانی بەھێزترکردووە، دواجار
خۆپیشاندانەکان ڕەنگدانەوەی گەلی عێراقە وە داواکاری ئەوانە بۆ
گۆڕانکاری وە مافی ڕەوای ھەموو کەسێکە لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە
دواکاریەکانی بگەیەنێت و فشاربکات و مانبگرێت، پێویستە ڕێز لەخواستی
گەل بگیرێت داواکاریەکانیان بەھەند وەربگیرێت و کۆتای بەکوشتن و
ھەڕەشەو ڕفاندن و تۆقاندنی خەڵکی سڤیلی خۆپیشاندەر و چالاکونانی
کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان بھێنرێت.
لەکۆتای ئەم باسەدا دەمەوێت ئەوە بیربخەوە کە توڕەیی ئێستای لاوان و
خۆپیشاندەرانی عیراق ، ھەمانتوڕەیی خۆپیشاندانەکانی ھەرێکی کوردستان
بوو لە ستەم و نادادی و مافیای نەوت و گەندەڵی ، بەڵام جیاوازیەکە
ئەوەیە لە عیراق بەغدا سەنتەری توڕەبونەکەیەولە ھەرێم ھەرگیز رێگەی
ھەناسە دان بە ھەولێریەکان نەدرا ، دەنا ھەرێمی کوردستانیش لیپە
لەنادادی ، سەیر نەکردنی دۆخی خەڵک ، لەوەڕاندنی کەمینەیەک بۆ
جوانکردنی سیستمەکە و لە پەل و پۆ خستنی زۆرینە ، ئەوە جگەلەوەی ئێستا
دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان ،بە دەر لەوەی خۆیانباسی نزیکەی ٢٥
ملیاردۆلار قەرزاری دەکەن ، کە کەس نازانێ لە پای چی ئەو ھەموو قەرزە ،چارەیەکی
خەیاڵی ھاووڵاتیانیش کەوتوەتە لایانەوە کە زۆر ئەستەمە بدرێتەوە ،
ئەوانیش لە کۆشک و ڤێللاو شەوە سورەکانی خۆیاندا ھیچ ئاگایانلە دۆخی
ھاونیشتمانیەکانیان نیە دواجار ئەگەرێکی زۆری ھەیە دەرئەنجامی بەردەوام
بونی خۆپیشاندەکانی عێراق بتەقێتەوە و پەلبھاوێتە ھەرێمی کوردستان و
خەڵکی بەشمەینەت تۆڵەی ئەو چەندین ساڵەی ژیانی دەردەسەری مەمرەو مەژیەی
ڕۆژانەی لە حکومەتی کوردی بکاتەوە.
ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر
|