په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١۴\٦\٢٠١٠

عێراق نموونەی وڵاتێکی بێ خاوەن؟!


ستار محەمەد قادر


بە داوای لێبووردنەوە لە دوای قاڵبوونەوەی زۆرم بۆ زۆرێک رووداو و ئاریشە جۆراو جۆرەکانی نێو کایەی حیزبیی و ئیداریی و سیاسیی لەم وڵاتەدا، لە دەرەنجامدا گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە تێڕوانینی هەر یەکێک لە سیاسییەکان بۆ چەمک و خودی نیشتیمان، لە دێر زەمانەوە، تێڕوانینێکە زۆر لە هیی ئەو منداڵانە دەچێت کاتێک لە نێو کوچەی گەڕەکەکاندا کەرێکی بەرەڵای بێ خاوەن بەر دیدیان دەکەوێت، بەچی شێوەیەک لێی دەنواڕن و مامەڵەی لە تەکدا دەکەن، ئاساییە لە بەراییدا لێی دەدەن، پاشان سواری پشتی دەبن و گەمەی پێ دەکەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک خزمەتی ناکەن. برینەکانی سەر جەستەی ساڕێژ ناکەن. لەو رەوشەیشدا تاکە منداڵێک بە تەنها خۆی بە خاوەنی ئەو ئاژەڵە نازانێت، بەڵکو کۆی منداڵەکان لە پێناو تێرکردنی ئارەزووە شەڕانگێزو نەزانراوەکانی ناخیاندا، خاوەندارییەکی نا بەرپرسیارانەی لێ دەکەن؛ خاوەندارییەک جگە لەو شتانەی منداڵەکان بۆ خۆیان دەیانەوێت، لە بەرانبەردا هیچ شتێک بەو ئاژەڵە بەستە زوبانە نادەن!


گەمە کردنی منداڵەکان بە کەرەکە، راست بەو شێوە گەمەیە دەچێت کە ئێستا سەرۆکی لیست و قەوارە سیاسییەکان لە رێی فەلسەفەی حیزبایەتییەوە لە گەڵ نیشتیمانی دایکدا دەیکەن. ئەمڕۆ لە سەر ئاستی عێراق کۆمەڵێک گەمە کەرمان هەن، هەر یەکەیان بە شێوەیەک لە بەرنامەیدایە درێژە بە جۆری گەمەکان بدات. هێندێک لە سەرەوە وا خۆیان وێنا دەکەن، لەم پانتاییەدا لەوان وڵات پارێز ترو دڵسۆزتر نەبووەو ناش بێت، گەمە کەرەکانی دیکەش وا لە ریز بەندی خواری خوارەوەن، باش لە حەقیقەتی ئەوە گەیشتوون، ئەوانەی وا لە بان پشتی کەرەکەن، هەرگیز ئامادە نین بۆ چرکەیەکیش ئەو سەنگەرە بۆ کەسانی خوارەوەی خۆیان چۆڵ بکەن!

کەر لە گەمەی منداڵەکاندا، لێی دەدرێت، بریندارو برسی و ماندوو دەکرێت، بەڵام لە گەمەی سیاسییەکاندا، نیشتیمان، جگە لە گەمە کردن، تێهەڵدان و سووکایەتی پێ کردنیش لەولاوە بووەستێت، بۆ زانیاریتان هێندێک جار ئەگەر بەرژەوەندییەکان وا بخوازێت، دووای کووشتنی، پارچە پارچەیش دەکرێت!


ئەمڕۆ ئەگەر بمانەوێت چاوێک بە سیاسەت و ئەجێنداو تاکتیکی لیستە براوەکانی نێو گۆڕەپانی ئەم وڵاتە هەش بە سەرە بخشێنین، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، ئەوەی لە رێی تۆنی دەنگەکانەوە دەیبیستین، هەرگیز لە رووی پراکتیکییەوە لە سەر ئەرزی واقیع، بە خەونیش نایانبینین!


کێشەی سەرەکی لەم وڵاتەدا ئەم یان ئەو، شیعە یان سووننە، زەید یان عوبەید نییە، بەڵکو لە تێڕوانینیاندایە بۆ چەمکی نیشتیمان. رەنگە زۆرینەیان لە ناخەوە هەڵگری بیرۆکەو تێڕوانینی ئەو منداڵانە بن کە بە بێ هۆشیاریی یان زانیاریی پێش وەخت، بۆ کەرەکە، لە پێناو بەتاڵکردنەوەی شتە نەزانراو و شەڕانگێزییەکانی ناخیاندا، بە گەمەیەکی نەخوازراو و نا تەندرووست، پرۆسەی ناسینی کەرەکە وەکو ئاژەڵێکی بێ خاوەن و بێ ماف دەست پێ دەکات! بە هەمان چەشن، پرۆسەی نیشتیمان پەروەری لە وڵاتێکی بێ سیستمی وەکو عێراقدا، بە درووشم و قسەی بریقەدار دەست پێ دەکاو، بە سەربڕین و ئەتک کردنی نیشتیمان لە واری پراکتیکییەوە کۆتایی دێت. لە رێی فەلسەفەی داد پەروەری و سەروەری یاساوە، پاسیڤترین گۆڵ بۆ بەرژەوەندیی حیزبیی و کەسیی لە مێژووی پڕ نەفرەت لێکراوی ئەم وڵاتەدا بۆ خودی خۆیان تۆمار دەکەن. ئەوان وا راهاتوون، کاتێک کە باس لە دیمۆکراسییەت دەکەن، بە هەموو هێزی خۆیان، ئیش بۆ بەرجەستە کردنی دیکتاتۆریەتێکی مۆردێڕن دەکەن. هەر کاتێ باس و خواسیان چووە سەر پلان و بەرنامەی پێشڤە چوون، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە ئەجێندایاندایە پیلانی یەکێک لە وڵاتە ئێقلیمییەکان لە سەر ئەرزی واقیع دیفاکتۆ بکەن؟!


بێ گومان لە سەر ئاستی عێراق، ئەگەر بمانەوێت بە راشکاوی قسە لە سەر چەمکی ئینتیما بۆ نیشتیمان بکەین، دەبێت ئەوە لە یاد نەکەین، پێدراوەکانی ئەم وڵاتە تا ئەمڕۆ بۆ هاوڵاتییان، جگە لە شەڕ، کارەسات و ماڵ کاولی، زیندان و لە سێدارەدان، بۆ خودان پێداوەکانیش، جگە لەوەی ئەم وڵاتە لە نێو ئاوەزو کەڵکەڵەی دەسەڵاتێکی رەهادا بۆ خۆیان بە یەکێک لە شتە حەلاڵەکان وێنا دەکەن، لە دەرەوەی خۆیان، ئەگەر بە نێرینی منداڵەکان لێی نەنواڕن، ئەوە دڵنیا بن، هەر وەکو کەرەکە بێ خاوەن و بێ ماف، ئەو وڵاتە تەنها لە خزمەتی خۆیاندا ... بە بێ دەمامک ... دەبینن؟!
 

کەرکووک

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر