|
٧\١٠\٢٠٢٦
عێراق و هەرێم لە
ژێر ئاسمانێکی ڕووتدا.

ئەرسەلان مەحمود
هەندێک ڕووداو هەن، لە ڕووکەشدا سەربازی دەردەکەون و لە قووڵاییدا
مێژوویی. سەربازگەکان چۆڵدەکرێن، پاتریۆتەکان باردەکرێن و کاروانەکان
ڕێگەی باشوور دەگرنەبەر، ئەمە ئەو دیمەنەیە کامێرا دەیبینێت. بەڵام
ئەوەی کامێرا نایبینێ کۆتاییهاتنی پێکهاتەیەکە بیست و سێ ساڵ بوو
ڕێڕەوی بیرکردنەوەی سیاسیی عیراقی و کوردیی بوو، بوونی زلهێزێک وەک
پێوەری کۆتایی هاوسەنگی. بەغدا یەکی تشرینی یەکەم بە ڕۆژێکی نوێ
ناودەبات و واشنتن'ـیش ئاسایی دەڵێ تەواو ئیتر پێویستی بە ئامادەیی
سەرباز نەماوە لەوێ. لە نێوان ئەم دوو ڕستەیەدا، یەکێکیان پڕیەتی لە
شانازی و ئەوی تریان تەژییە لە بێباکی، دەی دوای ڕۆیشتنی پاسەوانەکە،
ڕووخساری ماڵەکە چۆن دەردەکەوێت؟
تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ناوێکی بۆ ئەم جۆرە لە پاسەوانییە
هەیە، ڕێگریی درێژکراوە. زلهێزێک لایەنێکی لاوازتر دەخاتە ژێر چەتری
ترساندنییەوە، بە جۆرێک هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو لایەنە، ببێتە ڕیسکی
بەرکەوتن لە خودی زلهێزەکەدا. لەم هاوکێشەیەدا چەند سەد سەربازێک تەنها
ڕۆڵی ئەلەرمێکی ئاگادارکردنەوە دەبینن. کەم و زۆرییان لە ژمارەدا
بایەخێکی ئەوتۆی نییە، بەهاکە شوێنبوونیانە، چونکە هەر کاتێک پێویست
بێت، دەتوانێت جەستەی زلهێزەکە بخەنەوە ناو گۆڕەپانەکە. هەریر و
فڕۆکەخانەی هەولێر، دوازدە ساڵە ئەم ئەرک و ڕۆڵە دەگێڕن و ڕادەپەڕێنن.
مەسەلەن هیچ پەیمانێکی فەرمی و نووسراو لە ئارادا نەبوو بەرگریی لە
هەرێم بکات، بەڵام هەر لایەک دەیزانی لەمپەرێکی ئەمریکی لەبەردەم
ئەگەری هەر هێرشێکی ئەگەری و گەورەدا بوونی هەیە. ئەم پاسەوانە بێدەنگ
بوو، بەڵام لەناو بێدەنگییەکەیدا هێزی خۆی هەبوو.
لە ژێر ئەم چینە ستراتیژییەدا، چینێکی قووڵتر هەیە. ئەوەی گیدنز بە
ئاسایشی بوونناسی ناوی دەبات و جێنیفەر میتزن هێنایە ناو سیاسەتی
نێودەوڵەتییەوە، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی گەلان و دەوڵەتان بەو
ئەندازەیەی پێویستیان بە سنووری پارێزراو هەیە، هێندەش پێویستیان بە
جێگیریی ئەو چیرۆکەیە بۆ خۆیانی دەگێڕنەوە. گوتاری سیاسیی کورد، لە
دوای ٢٠١٤ـەوە بەشێکی زۆری لەسەر چیرۆکی هاوبەشی متمانەپێکراوی جیهان
لە جەنگی داعشدا بونیادنرا. کشانەوەکەی ئەمریکا هیچ سنوورێک ناگۆڕێت،
ئەوەی دەیگۆڕێت خودی ئەو چیرۆکەیە و تەواو دەیخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە
ترسەکە دوو ڕەهەندی هەیە، ترسێکی فیزیکی لە درۆن و مووشەک و
دڵەڕاوکێیەکی بوونناسی بۆ لەدەستدانی ئەو وێنەیەی کورد خۆی لە ئاوێنەی
جیهاندا بۆ خودی خۆی کێشابووی. بەرپرسانی کورد دەڵێن پێشوەختە
ئاگادارنەکراونەوە لە جووڵەی هێزەکان، ئەم وردەکارییە بچووکە،
ڕاستگۆترین پێناسەیە بۆ ئاستی ڕاستەقینەی ئەو هاوبەشییە.
ئێستا ئەوەی دەڕوات ڕوونە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە لێڵە. سەربازەکان بۆ
ئوردن و وڵاتانی دراوسێ دەگوازرێنەوە، بنکەکان دەدرێنە پێشمەرگە،
واشنتن خۆی دەڵێت بنکەی هەولێر بە پاشەکشەی داعش بایەخی جارانی نەماوە.
جێگەی ئەمانە ڕێککەوتنێکی دوولایەنەیە لەگەڵ بەغدا، هێشتا شکڵ و
ناوەڕۆکی دیار نییە. هەولێر لە هاوکێشە نوێیەکەدا دەبێتە بەشێک لە
دۆسیەیەکی عیراقی و واشنتن لەمەودوا لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندییەوە
دێتەوە هەرێم. پەیوەندییە دوازدە ساڵییە ڕاستەوخۆکە تەواو، لێرەوە بە
ئارامی کۆتایی دێت.
کارل شمیت دەڵێ سەروەر ئەو لایەنەیە بڕیار لەسەر حاڵەتی ئاوارتە دەدات.
بەم پێوەرە، سەروەریی عیراق بە دەرچوونی ئەمریکا تەواو نابێت،
تاقیکردنەوەکەی تازە دەستپێدەکات و پرسیارەکەش سادە و ترسناکە، کێ
بڕیاری جەنگ و ئاشتی دەدات؟ حکومەتی زەیدی چەکداماڵینی کردە کارنامەی
خۆی و ٣٠ی ئەیلوولی بە وادەی کۆتایی دانا، بەڵام کاتێک وادەکە نزیکبۆوە
و نەتواندرا جێبەجێ بکرێ، گۆڕا بۆ سەرەتای پرۆسەیەک و واشنتن'ـیش ٢٠٢٧ی
بە دوایدا هێنا. وادە سیاسییەکان لە عیراقدا خوویەکی سەیرییان هەیە،
کاتێک دەگەنە ئاستانە، درێژدەبنەوە.
بیانووی کۆن، واتە ئامادەیی فیزیکی سەربازی بیانی، دەمرێت، بەڵام
بیانووی نوێ هەیە. بەهێزترین گرووپە نزیکەکانی ئێران ڕادەستکردنی
چەکەکانیان ڕەتکردەوە، یان ئەو مەرجانەیان داناوە دەزانن حکومەت
ناتوانێ جێبەجێیان بکات. ئەم بەرگرییە لە بۆشاییدا نییە، لە پشتییەوە
جەنگێکی گەورە دەچەرخێ و تاران لە ناوەڕاستی ئەم جەنگەدا کارتەکانی لە
عیراق دانانێت. ئەو گرووپانەی سەدانجار دامەزراوە ئەمریکییەکانیان کردە
ئامانج، واشنتن لە بەرامبەردا جگە لە فڕۆکە، پارە نەختینەکانی داهاتی
نەوتی عیراقی ڕاگرت، ئەو داهاتەی لە بانکی فیدراڵی نیویۆرکدا دادەنرێت.
ئەمە کلیلی تێگەیشتنە لە سەردەمی دوای کشانەوە. کاریگەریی ئەمریکا لە
وجودی سەربازی و سەربازگەوە دەگوازرێتەوە بۆ مامەڵەی بانکی، هێزێکی
نەرمتر، کەمخەرجتر و هەندێکجار کاریگەرتر. عیراق لێرەوە زیاتر بە دۆلار
تاقیدەکرێتەوە تا بە پاتریۆت. دەوڵەتێک دەیەوێ لە ناو گەردەلوولێکدا
سەروەری بسەلمێنێ و مێژووش بەدەگمەن کاتی گونجاو بۆ ئەم جۆرە
سەلماندنانە هەڵدەبژێرێت.
هەرێم لەم ساتەدا سێ شت لەدەست دەدات و ئەوەی بەدەستیدێنێ تەنها یەک
شتە. ئەلەرمەکە دەبڕدرێت، ئەو دەنگانەی دەڵێن ڕۆیشتنی ئەمریکا بیانوو
لە ئێران دەسەنێتەوە، ئەوە فەرامۆش دەکەن تاران و گرووپەکانی، پێشتر
شوێنگەلێکیان پێکاوە هیچ پەیوەندییەکی بە سەربازگەکانی ئەمریکییەوە
نەبووە، ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ڕۆژهەڵات، دامەزراوەکانی وزە و خوێنی
پێشمەرگە لە هێرشەکانی ئەم ساڵدا. هەڕەشەکانی سەر هەرێم بە درێژایی
هەموو ئەو ماوەیە، بەهۆی ئەمریکاوە نەبوون، هۆکارەکە جوگرافیا و
ناسنامە بوو، هەرگیز ئەمانەش بە کاروانی سەربازی ناڕۆن.
پشتیوانیی داراییش کۆتایی هات. یاداشتی لێکتێگەیی پێشمەرگە چوار ساڵ بە
هێواشی کەمکرایەوە تا گەیشتە ئاستی سفر، دوایین پشکەکەی ئەم مانگە
دابەشکرا. ئەمە بڕیارێکی تەکنیکی نییە، ڕەنگدانەوەی ئەولەوییاتێکی
نوێیە لە واشنتندا، تێیدا هەرێم پلەیەک دابەزیوە. سێیەمیش ئاسمانە.
بەغدا بەڵێندەدا بە سیستەمی نوێی کڕدراو لە کۆریا و تورکیا و ئەمریکا
ئاسمانی هەرێمیش بپارێزێت. پارادۆکسەکە ئاشکرایە، ئاسمانی هەولێر بە
دەوڵەتێکەوە دەبەسترێتەوە، ئەو دەوڵەتە خۆی هێشتا لە ململانێیەکی
قورسدایە لەگەڵ چەکی نافەرمی.
لە بەرامبەر ئەمانەدا، ڕووداوێکی گرنگ لە سێبەری هەواڵی کشانەوەدا
خەریکە وندەبێ، ڕاگەیاندنی تەواوەتی یەکخستنی پێشمەرگە و گۆڕینی
یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بۆ فەرماندەیی ناوچەیی و فیرقەی یەکگرتوو. ئەگەر ئەم
هەنگاوە هەر تەنها لە بڕیاردا ببینرێت و لە هێڵکاریی ڕێکخستندا
نەمێنێتەوە، دەتوانێت گرنگترین هەنگاوی ئەمنیی هەرێم بێت لە دوای ١٩٩٢ەوە.
مێژوو فێریکردووین هێزێکی دابەشکراو لە ساتی تەنگانەدا دەبێتە دوو بەرە،
هێزێکی یەکگرتوو دەبێتە دەوڵەتێکی بچووک.
ترسناکترین خاڵ لە شوێنێکی ترەوە دێ. ئەو مەرجانەی گرووپە چەکدارەکان
بۆ دانانی چەکەکانیان دایانناوە، پێشمەرگە دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای
ناوەند و پککە و ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێم دەردەکات. بەم
جۆرە، هەرێم بەبێ ئاگاداریی خۆی دەبێتە کارتی دانوستان لە دۆسیەیەکی
عیراقی ناوخۆییدا. ئەوەی لە بەغدا وەک یەکسانی چەک دەخرێتەڕوو، لە
هەولێر وەک هەڕەشە بۆ پێگەی دەستووری دەخوێنرێتەوە، لەم دوو
خوێندنەوەیەدا ململانێی داهاتوو خۆی حەشارداوە.
داهاتوو لە نێوان سێ ڕێگەدا دابەشبووە. لە ڕێگەی یەکەمدا، بەغدا بە
هێواشی چەک و ئاسمان قۆرخ دەکات و واشنتن لە ڕێگەی ئابوورییەوە پاڵپشتی
دەکات، هەرێم سەقامگیری بەدەستدێنێت، بەڵام بە نرخی کەمبوونەوەی
سەربەخۆیی ئەمنی و فشاری بەردەوام بۆ تێکهەڵکێشکردنی پێشمەرگە لە
زنجیرەی فەرماندەیی فیدراڵدا. لە ڕێگەی دووەمدا گرووپەکان چەکەکانیان
دەپارێزن و جەنگی ئێران درێژەدەکێشێ، عیراق دەبێتە مەیدانێکی کراوە و
هەرێم لە نێوان درۆنی تاران و سزاکانی واشنتن دا، گیر دەبێت و
ئاسمانەکەی دەبێتە کێڵگەی تاقیکردنەوەی پەیامە هەرێمییەکان. ڕێگەی
سێیەم کۆنترین ڕێگەیە، ئەمریکا لە ٢٠١١دا ڕۆیشت و لە ٢٠١٤دا گەڕایەوە.
ئەگەر جەنگەکە بەرفراوانتر بێت یان داعش لە سووریاوە سەرهەڵبداتەوە،
گەڕانەوە دەبێتە ئەگەرێکی ڕاستەقینە. جوگرافیای هەرێم بایەخی خۆی
لەدەستنادات، تەنها کاتی بەکارهێنانەکەی دوادەخرێت.
ئەم ساتە بانگهێشتێکە بۆ گواستنەوە لە ڕێگریی درێژکراوەوە بۆ ئۆتۆنۆمیی
ستراتیژی، واتە توانای هەڵبژاردن لە نێوان چەند هاوبەشێکدا لە جیاتی
پشتبەستن بە یەک پارێزەر. ڕێگەکەی ئاڵۆز نییە، هەرچەندە ئاسانیش نییە،
پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی، هاوبەشییەکی
دەستووریی ڕوون لەگەڵ بەغدا لە مووچەوە بۆ بودجە و ئاسمان و
دیپلۆماسییەتێکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەنقەرە و تاران و پایتەختە عەرەبییەکان.
دوازدە ساڵە هەرێم ئاسایشی خۆی، بە دووری لە بنکەیەکی بیانی دەپێوێ. لە
بەیانی یەکی تشرینی یەکەمەوە ئەو پێوەرە نامێنێت و تەنها پێوەرێک
دەمێنێتەوە، ڕادەی یەکگرتوویی ماڵەکە لە ناوەوە. زلهێزەکان وەک
وەرزەکان دێن و دەڕۆن، ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە خاکە و ئەو
خەڵکانەن لەسەری دەژین. ئاسمانی هەولێر ڕووتدەبێتەوە، ئەمە ڕاستییە.
پرسیاری مێژوویی ئەوەیە ئایا ئەم ڕووتییە دەبێتە ترسێکی هەمیشەیی، یان
دەبێتە ئەو ساتەی تێیدا گەلێک یەکەمجار بە چاوی خۆی سەیری ئاسمانەکەی
خۆی دەکات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|