٢۴\٨\٢٠١٠
عێراق،
ووڵاتێکی بێ ئایینده!

حه‌مه غه‌فور
شه‌ش مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی عێراقدا تێئه‌په‌ڕێ‌و ته‌واوی
هێزو کوتله‌و قه‌واره سیاسیه براوه‌کانی مه‌یدانی سیاسی عێراق، سه‌ره‌ڕای
شه‌که‌تبوونیان به‌ده‌ست ململانێکانه‌وه، هێشتاش نوقمی گفتوگۆ‌و
دانوستانی بێکۆتایی‌و بێئه‌نجامن وه سه‌رو به‌ری خۆیان نادۆزنه‌وه.
باڵانسی هێزه‌کان‌و جووڵه‌و ئاراسته‌ی به‌رکه‌وته سیاسیه‌کان به‌رده‌وام
سه‌ر ئه‌کێشێت به دیواری ته‌نگژه‌و قه‌یرانه‌کانداو هیچ کام له هێزه‌کان
شایسته‌گی بچوکترین پێشڕه‌ویان بۆ گه‌یشتن به ڕێکه‌وتنێک یان ڕێگاچاره‌یه‌ک
له خۆیان نیشان نه‌داوه. جه‌نگی جیهانی دووهه‌م سه‌رباری مه‌ودای
جیهانی نه‌هامه‌تیه‌کانی به هه‌ر هه‌مووی شه‌ش ساڵ درێژه‌ی کێشاو
جیهان ڕووی له ئارامی کرده‌وه. حیکمه‌تی جه‌نگی "ڕزگار کردنی خه‌ڵکی
عێراق" که په‌یامی هێرشی سه‌ربازی ئه‌مریکا بوو بۆ سه‌ر عێراق، ئه‌بێ
چی بێت پاش حه‌وت ساڵ تازه به تازه ناوچه‌که‌و فه‌زای سیاسی به‌ره‌وڕووی
بارگرژی‌و ئاڵۆزی‌و نائارامی زیاتر ئه‌بێته‌وه!؟ له پای ستراتیژی
شکست‌خواردووی ئه‌مریکادا، کۆمه‌ڵی عێراق‌و ناوچه‌که‌ش ڕۆچۆته نێو
گێژاوێکی سیاسی بێکۆتاییه‌وه، که ئه‌وسه‌ری دیار نیه‌و دنیایه‌ک نه‌هامه‌تی
به‌شوێنه‌وه‌یه بۆ هاوڵاتیانی ناوچه‌که.
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره پێویسته له‌و ئه‌رگۆمێنت‌و فاکته‌رانه وورد
بینه‌وه که ئه‌مریکای ناچارکردوه له جیاتی گۆڕینی جوگرافیای سیاسی
عێراق بۆ ئیسرائیلی دووهه‌م له ناو جه‌رگه‌ی خۆره‌ڵاتی ناویندا، ئێستا
به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی هێزه شه‌ڕکه‌ره‌کانی خۆی ئه‌کێشێته‌وه‌و عێراق
جێدێڵێت، وه سه‌رقاڵی وه‌رگرتنی ڕۆڵی هێوڕکردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌یه له
جێگای ته‌حه‌دای هه‌ژموونی به‌سه‌ر جیهاندا.
پرسی کێشانه‌وه‌ی به‌شێکی گه‌وره‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له عێراق، که
بڕیار وایه تا کۆتایی ئه‌م مانگه بۆ نزیکی 50 هه‌زار سه‌رباز که‌م
بکرێته‌وه، له پاڵ ده‌نگۆی بڕیارێکی هاوشێوه‌ی ئه‌مه له ئه‌فغانستان،
جارێکی تریش بوحرانی خۆره‌ڵاتی ناوینی قووڵتر‌و ئاڵۆزکاو تر کرده‌وه.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریکا، که خۆی له پاشه‌کشه‌یه‌کی سیاسی‌دا ئه‌نوێنێت
له به‌رامبه‌ر ڕه‌قیبه‌کانی چه‌شنی ڕژێمی ئیسلامی ئێران‌و بزووتنه‌وه‌ی
تاڵیبان، به‌ره‌نجامی شکستی ستراتیژی نیوکۆنسه‌رفاتیڤه‌کانی ئه‌مریکایه
به سه‌رۆکایه‌تی جۆرج ده‌بلیو بووش، که به‌ر له حه‌وت هه‌شت ساڵ
بڕیار وابوو له ڕێگای به‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازی‌و وه‌شاندنی گورزی
غافڵگیرانه‌وه، به فه‌تح کردنی عێراق‌و ئه‌فغانستان، دواتریش سڕینه‌وه‌ی
جمهوری ئیسلامی ئێران له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ناوچه‌که، جوگرافیای سیاسی‌و
تۆپۆگرافیای مێژوویی ڕۆژه‌ڵاتی ناوه‌ند له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی هه‌ڵگێڕێته‌وه‌و
ڕێگا خۆش کات بۆ دامه‌زراندنی ئیسرائیلێکی نوێ له‌سه‌ر خاکی عێراق. ئه‌مڕۆ
به چاوی خۆمان ڕۆڵ‌و جێگا‌و ڕێگای داشکاوی ئه‌مریکا له هاوکێشه‌ی
ناوچه‌که‌دا ئه‌بینین، که ئه‌توانرێ له گرتنه پێشی ستراتیژی که‌مکردنه‌وه‌ی
زه‌ره‌رو زیانه‌کان‌و جێگیرکردنی ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی هێناوه وه‌کو سه‌رکه‌وتن
وه له دواجاریشدا وه‌رگرتنی ڕۆڵی ناوبژیوان‌و ئۆقره به‌خش بۆ ناوچه‌که
تا ڕاگرتنی جۆرێک له سه‌قامگیری نیسبیانه‌و باڵانسی ئێستای هێزه
سیاسیه‌کان له عێراق، نیشان بدرێت.
نه‌خشه‌ی لابردنی ئێران له ده‌ستووری ئه‌مریکادا جێی خۆی داوه به
سازان‌و دانوستان له‌گه‌ڵیدا. هه‌ڕه‌شه‌ی په‌لاماری سه‌ربازی بۆ سه‌ر
ئێران، کارتێکی گوشاره بۆ ناچارکردنی ئێران به گفتوگۆ‌و دانوستان له‌گه‌ڵ
ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به ڕۆڵ‌و نه‌خشی هه‌ردووکیان له ناوخۆی عێراقدا.
ئه‌گه‌ری په‌لاماری ئاسمانی له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه بۆ سه‌ر ئێران به
بیانووی بنکه ئه‌تۆمیه‌کانیه‌وه، هه‌ڕه‌شه ئیستفزازیه‌کانی ئێرانیش
له دژی ئه‌مریکاو ئیسرائیل، هه‌میشه وه‌کو کابوسێک به‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکی
ناوچه‌که‌وه له ئارادایه. به‌ڵام ئه‌مریکا نه‌خشه‌ی لێدانی ئێرانی
نیه‌و کۆنترۆڵی هه‌ڵایسانی جه‌نگیشی پێ ناکرێت! ئێران‌و ئیسرائیل هه‌ردووکیان
سیاسه‌تی ئیستیفزازو موغامه‌ره‌ی سیاسی‌و سه‌ربازیان له به‌رنامه‌دایه
بۆ ڕاگرتنی به‌ره‌کانی نفوزی فاشیزمی ئیسلامی‌و فاشیزمی ئیسرائیلی به‌رامبه‌ر
یه‌کتر، که ڕۆڵی کارا ده‌گێڕێت بۆ ئاماده‌باشی بزووتنه‌وه سیاسی‌و
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیان له ناوخۆی خۆیان‌و ناوچه‌که‌شدا بۆ درێژه‌دانیان
به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و کۆنترۆڵی بارودۆخی نێوخۆییان. ته‌نانه‌ت ده‌سه‌و
دامێن بوونی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودی‌و سوریا‌و ئه‌رده‌ن بۆ
کۆکردنه‌وه‌و به‌هێزکردن‌و ته‌یارکردنی جه‌ره‌یاناتی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی
سکۆلاری نه‌وعی به‌عسیه‌کان، هه‌تا له ململانێکانی نێوخۆی عێراقدا سه‌باره‌ت
به دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌کیه‌کان، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی
ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی شیعه‌گه‌ری جێ بڕوای ڕژێمی ئێران به‌کاریان بێنن،
هۆکارو ئاماژه‌ی واقعی ڕۆڵی ڕوو له نشێوی ئه‌مریکا نیشان ئه‌دا له
نێوخۆی عێراقدا. هه‌ر که‌س ئه‌م شکست‌و پاشه‌کشه‌یه‌ی ئه‌مریکا درک نه‌کات،
سه‌ری له خشته‌ی سیاسه‌تی عێراق‌و ناوچه‌که ده‌رناچێ‌و له ناو ته‌م‌و
مژی ته‌بلیغاتی جه‌نگی ڕیزبه‌ندی‌و باڵانسی هێزه سیاسیه‌کاندا ده‌ست‌و
پێی خۆی وون کردووه!
سه‌ره‌نجام، ئه‌گه‌ر به ووردی سه‌رنج بده‌ینه قانونمه‌ندی کێشمه‌کێشه‌کان،
ئه‌بینین؛ دوای حه‌وت ساڵ ته‌حه‌دای له‌شکری ڕۆژئاوای مژده به‌خشی فه‌راهه‌مکردنی
دیموکراسی له جێگای ڕژێمی دیکتاتۆری‌و داپڵۆسێنه‌ری به‌عسی، ئێستا
هێشتا عێراق ووڵاتێکه که هیچ کام له بزووتنه‌وه ئه‌سڵیه سیاسی‌و
کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی باڵاده‌ست نین تیایدا. یانی نه ناسیونالیزم نه
لیبراڵیزم نه سۆشیالیزم هیچیان موقه‌ده‌راتی کۆمه‌ڵگایان له‌ژێر چنگدا
نیه‌و جه‌نگ‌و ده‌عوا بۆ به‌لاداخستنی ئه‌م ڕۆڵه به‌رده‌وامه. به‌م
پێیه به دوای نه‌مانی ڕژێمی سه‌ددامدا عێراق هێشتا یه‌ک ووڵاتی یه‌کپارچه
نیه‌و دابڕانی گه‌وره تیایدا سه‌ری هه‌ڵداوه. وه هه‌ر ئه‌مه‌ش ئه‌سڵ‌و
سه‌رچاوه‌ی نائارامی‌و ناجێگیرییه تیایدا. کاتێک قسه له ووڵاتێکی سه‌قامگیرو
موته‌عاریف ئه‌کرێت، مانای وایه له‌و شوێنه‌دا له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا یه‌کێک
له ڕه‌هه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تیه ئه‌سڵیه‌کانی وه‌کو ناسیونالیزم یان
سۆشیالیزم باڵاده‌سته تیایدا‌و هه‌م شوناسنامه‌ی پێبه‌خشیوه هه‌م
ئارامش. ئه‌و جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه ووڵات یه‌کپارچه ئه‌کات‌و
ئینجا ناسنامه‌ی میللی یاخود کیشوه‌ری بۆ ئه‌گێڕێته‌وه. عێراق له سه‌رده‌می
ڕژێمی به‌عس‌و سه‌ددامدا ئه‌م شوناسه‌ی هه‌بوو. عێراق ووڵاتێکی عه‌ره‌بی
بوو که به گورزی بۆمبی شیمیایی‌و حه‌وزی تێزاب‌و ئیعدام‌و گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ
سه‌بات‌و ئارامشی بۆ دابین کرابوو! سه‌ره‌نجام جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکیش له
چوارچێوه‌ی ڕێ‌وشوێنی مه‌ده‌نی‌و قانونمه‌نی سیاسی‌و ئابوری یه‌ک
ووڵاتیدا ژیان‌و گوزه‌رانیان ئه‌برده‌پێشه‌وه.
به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌مشێوه‌یه نیه. ئه‌مڕۆ ناسیونالیزمی کورد له
کوردستان مه‌یدانداره‌و حکومه‌تیشی به‌رپاکردووه. به‌ڵام حکومه‌تێکی
واقعی‌و فه‌رمی نیه. له ڕاستیدا حکومه‌تێکه له‌سه‌ر بنچینه‌ی دابه‌شکردنی
پاره‌ی نه‌وتی عێراق له‌م جه‌نگ‌و ده‌عوایه‌دا هاتۆته ئاراوه‌و مه‌رجداره
به دۆخی هه‌ڵواسراوی ئێستای عێراقه‌وه. له کوردستان به‌رهه‌مهێنان‌و
فۆنکسیۆنی گرنگی مالی‌و بازرگانی به‌رقه‌رار نیه. هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه
ئایینده‌یه‌کی ڕوون له به‌رده‌میدا نیه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌شی له
کوردستان ئازادیه سیاسیه‌کان له‌چاو ووڵاتانی تری ڕۆژه‌ڵاتی ناویندا
فه‌راهه‌مه، به‌ڵام هیچ که‌س داهاتوویه‌کی جێمتمانه له‌پێش خۆیدا
نابینێته‌وه. له ناوچه عه‌ره‌ب نشینه‌کانی عێراقدا دوو ڕشته یان
دوو به‌ره‌که ناسیونالیزممان هه‌یه. لایه‌کیان که ئایینده‌و گه‌شه‌و
هه‌ڵدانی سه‌رمایه‌داری له عێراقدا له ڕێگای یه‌کێتی‌و یه‌کگرتن له‌گه‌ڵ
ئێران‌دا ئه‌بینێته‌وه، ئه‌وه‌که‌ی دیکه‌شیان پایه‌و بناغه‌کانی به‌عسیه‌کانه.
ئه‌م جۆره‌یان به پێودانگی خۆره‌ڵاتی ناوه‌راست، سکۆلاریسته‌و گه‌شه‌و
نه‌ش‌و نمای بۆرژوایی عێراق وه‌کو ڕه‌قیب‌و دوژمنی سه‌رسه‌ختی ئێران
چاولێئه‌کات. بێگومان ناسیونالیزمی نه‌وعی یه‌که‌مین جه‌ره‌یاناتی شیعه‌کان
نوێنه‌رایه‌تی ئه‌کات.
کۆمه‌ڵگای عێراق بۆ قوتاربوون له ته‌نگژه‌ی ئێستای، یان ده‌بێ دابه‌ش
ببێت بۆ دوو یاخود بۆ سێ ووڵاتی جیاواز، یان ده‌بێ ببێته‌وه به
ووڵاتێکی یه‌پارچه. ته‌بعه‌ن یه‌کپارچه‌کردنه‌وه‌ی عێراق‌و کردنه‌وه‌ی
به کیشوه‌رێکی یه‌کگرتوو هه‌رگیز له شان‌و شه‌وکه‌تی ناسیونالیزمی
کوردی ناوه‌شێته‌وه. یان ده‌بێ یه‌کێک له دوو باڵه‌که‌ی ناسیونالیزمی
عه‌ره‌بی به‌م کاره هه‌ڵسێت، یاخود جووڵانه‌وه‌ی سۆشیالیستی چینی
کرێکار که به داخه‌وه ئێستا قودره‌تی پێویستی نیه. ناکرێ‌و
ناتوانرێت عێراق وه‌کو سویسرا ببێته فیدراڵی. له سویسرا یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی
یه‌کگرتووی مالی- بانکی سه‌رجه‌می کانتۆنه‌کان(هه‌رێمه‌کان)ی له ده‌وری
یه‌ک ڕاگرتووه. له عێراقی ئه‌مڕۆدا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی له‌م چه‌شنه
بوونی نیه.
ده‌ره‌نجام هه‌رچه‌ند واپێئه‌چێت که له درێژماوه‌دا عێراق نه‌توانێت
له نێو ئه‌م بار‌و دۆخه‌دا بمێنێته‌وه، به‌ڵام به کرده‌وه هه‌تاکو
ئه‌م هێزانه ململانێ‌و ناکۆکیه‌کانی نێوانیان به‌لایه‌کدا نه‌خستبێت‌و
چاره‌نووسی خۆیان ڕۆشن نه‌کردبێته‌وه، هه‌ل‌و مه‌رجی سیاسی عێراق هه‌ر
به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای درێژه‌ئه‌کێشێت.
من وای بۆ ئه‌چم کۆمه‌ڵگای عێراق که‌وتۆته نێو گێژاوێکی سیاسی گه‌لێک
لێڵ‌و نادیاره‌وه، لانی که‌م له کورت ماوه‌دا، به‌ڵام به شێوه‌ی
واقعی عێراق له‌نێو سه‌نتێزی ئه‌م چه‌ند ڕێیانه‌دا قه‌راری گرتووه‌و
بازیکه‌رانی ئه‌م سه‌حنه‌یه‌ی باسی لێوه کرا، دیاری ئه‌که‌ن که کێ
براوه ئه‌بێت‌و کێش دۆڕاو. هه‌تا کاتێک که یه‌کێک له‌م هێزه ئه‌سڵیانه
باڵاده‌ستی ته‌واو که‌ماڵی به‌ده‌ست نه‌هێنابێت، عێراق یه‌ک ووڵاتی بێ
ئایینده‌یه که بۆرژوازی پاره‌و پوول په‌یدائه‌کا یان ئه‌یڕفێنێ‌و ئه‌یخاته
حسابیه‌وه‌و تێی ئه‌ته‌قێنێت. بۆرژوازی دوو بنه‌یی ئه‌یگوزه‌رێنێت،
پێیه‌کی له هه‌نده‌رانه‌و پێیه‌کیشی له ناوه‌وه‌یه.
به بێ ڕووداوێکی گه‌وره، وه‌کو جه‌نگی ئه‌مریکا یان ئیسرائیل له‌گه‌ڵ
جمهوری ئیسلامی ئێران، وه یان چه‌شنی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ته‌واوی هێزه‌کانی
ئه‌مریکا له عێراق، گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له بارودۆخی عێراقدا پێش
نایه‌ت. ململانێ‌و ووتووێژ‌و دانوستان‌و سازش‌و ملشکاندنه‌کانی ئێستای
نێوان هێزو قه‌واره سیاسیه‌کانی عێراق، جگه له جه‌نگ‌و ده‌عوا بۆ
دابه‌شکردنی دزی‌و داهاتی نه‌وت، له بواری سیاسه‌ت‌و یه‌کاڵاکردنه‌وه‌ی
باری خواری سیاسی عێراقدا جگه له کوتانی ئاسنی سارد هیچی تر نیه.
زۆر ساده، چونکو خۆیان به‌شێکن له فاکته‌رو هۆکاری بوحران‌و گێژاوه‌که‌و
ڕۆڵیان بووه‌و هه‌یه له خولقانیدا. ژوڕنالیزمی ئه‌ڵقه‌له‌گوێش ئه‌دای
وه‌زیفه‌یه‌کی ناشیرین‌و ناشه‌ریفانه ئه‌کات له‌م قۆناغه‌دا که به
گه‌رمی سه‌رقاڵی ته‌حمیقی ڕای گشتی‌و ناوخۆیه که گوایا پرۆسێسی
دیموکراسی مێژووی عێراق ئه‌نه‌خشێنێ‌و به‌م نزیکانه پێکی شه‌ڕابی سه‌رکه‌وتنی
دیموکراسی به‌سه‌ر دیکتاتۆری‌دا هه‌ڵئه‌درێ!.
22\8\2010
ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور
|