٥\٢\٢٠٢٢
ئەردۆگان ھەڕەشەی
زمانبڕین لە ژنە گۆرانیبێژێکی تورک دەکا.

بوڕھان غەفوور
لە
دوای نوێژی ھەینی ھەفتەی رابردوو ئەردوگان لەبەردەم نوێژکەراندا
ھەڕەشەی زمانبڕینی لە خانمی گۆرانیبێژ سەزەن ئاکسو کرد.
ژنە گۆرانیبێژی بەناوبانگی تورکی سەزەن ئاکسو ماوەیەکە رووبەڕووی
ھەڕەشە و تاوانبارکردن بۆتەوە لەسەر گۆرانییەک کە گوایە سووکایەتی بە
ئادەم و حەوا دەکا. ئەم گۆرانییەی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٧
بڵاوکردۆتەوە.
ھاوکاتیش جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای رادیۆ و تەلەفزیۆن ئیبراھیم
ئۆسلۆ ھەموو رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی لە سەرانسەری تورکیاوە
ئاگادارکردۆتەوە کە نابێ گۆرانیی ئەو گۆرانیبێژە پەخش بکرێ.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکەش راستەوخۆ لایەنگرانی حیزبەکەی ئەردۆگان
رژانە بەردەم ماڵی گۆرانیبێژە تەمەن ٦٧ ساڵەکە و دەستیان بە ناڕەزایی
دەربڕین کرد، پاشانیش داواکاری گشتیی ئەنقەرە داوای یاسایی لەسەر
گۆرانیبێژەکە تۆمارکرد.
ھاوکاتیش ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و ھونەرمەندان ھەڕەشەی خۆپیشاندانی گەورە
دەکەن لەسەر ئەم ھەڵوێستە کۆنەخوازییەی ئەردۆگان دژ بە ھونەر و
ھونەرمەندان لە تورکیادا.
سەرچاوە: (زەمان)
و چەند سەرچاوەیەکی تریش لە گۆگل.
_________________________________________________
سەزەن ئاکسو بە درێژایی ژیانی ھونەریی ئاشتیخواز
بووە، ھەردەم دۆستی کورد بووە، خۆی تورکە بەڵام لەبەر خۆشەویستیی بۆ
نەتەوەی کورد چەندین جار گۆرانی بە کوردی چڕیوە بۆ ئاشتی.سەزەن ئاکسو
لە رێگەی شیعرێكەوە بە ناوی (راوچی) وەڵامی ئەردۆغانی داوەتەوە، كە
ئەمەی خوارەوە شیعرەكەیە و لە ماوەیەكی كەمدا بۆ سەر زمانی سوریانی و
ئەرمەنی و ئینگلزی وەرگێردرا، (کارازان گلی) شیعرەكەی بۆ سەر زمانی
شیرینی كوردی وەرگێڕاوە:
راوچی.
تۆ ناتوانیت من نیگەران بكەیت
چونكە دەمێكە نیگەرانم.
سەیری هەر لایەك دەكەم ئازارە،
سەیری هەر لایەك دەكەم ئازارە،
من نێچیرم و تۆش راوچی،
لێمدە، با بزانم چۆنم لێ دەدەیت.
تۆ ناتوانیت هەستم پێ بكەیت
ناتوانیت زمانم بخەیتە ژێر پێڵاوەكانت،
سەیری هەر لایەك دەكەم ئازارە،
سەیری هەرلایەك دەكەم ئازارە،
كێ رێبوارە و كێش خانەخوێ
دەی بوەستە.
تۆ ناتوانیت بمكوژیت
دەنگم، سازم، تێكستم هەیە
كە دەڵێم من، من هەموو كەسم.
bwrhanb1@yahoo.com
|