١١\٦\٢٠١٨
ئەردۆگانیش وەکو
دۆناڵد ترامپ مەترسییەکی گەورەیە.

زاھیر باھیر
ئەم سیستەمە کەسانی زۆر مەترسییدار دروستدەکات ، بەڵام مەترسیدارترین،
خودی سیستەمەکە خۆیەتی، ھاوکاتیش دەتوانێت خەڵکی بێ توانا و بێ کەڵکو
بێ ئیرادە بکات و تەنانەت دەتوانێت بیشیانکاتە کۆیلە. بێ گومان ئەمانەش
لەڕێگای ھێزە تاریکانەوە دەکات، کە میدیا یەکێکیانە.
میدیا کە بەشێکە لەم سیستەمە ، کاری ئەو جوانکردن و ناشیریکردنی سەرانی
دەوڵەت و خەڵکانی بەتوانا و ناودارە ھەروەھا دەتوانێت بە خراپ یا باشیش
ناونوسیان بکات. ئەمەشی کە میدیا دەیکات خزمەتێکی باشی سیستەمەکەیە بە
بەردەوامبوونی و پاراستنیشی. ئەم خزمەتەش لە چەند ڕێگایەکەوە دەکات کە
یەکێکیان ھەوڵدانێتی لەگەڵ خەڵکی بۆ فەرامۆشکردن یاخود چەواشەکردنیانلە
کێشە و گرفتە سەرەکییەکانیان. کردنی ئەم کارەش زۆر چاکە بۆ دەوڵەتێکی
وەکو بریتانیا تاکو ھاووڵاتیان و دانیشتوانی چی تر گرنگی و بایاخبە
کێشە سەرەکییەکانیان کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە نەدەن کە کێشەی
سیستەمی تەندروستی، پەروەردە و پێگەیاندن ، خانووبەرە و کێشەی بێ
جانووبەران[ سەرەپانان] ، پەنابەران و کۆچبەران، ڕایسسیزم و سیستەمی
ھاتوچۆی شەمەنەفەر و دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ... کە ئەمانە
ھەندێکیانن.
ئەوەتەی دۆناڵد ترامپ ھاتۆتە سەر حوکم ، میدیا لە زۆر شوێندا لە ھەوڵی
نابووتکردنی ئەو و بە خراپناساندنی ئەوە کە مەترسیدارترین کەسی ئەم
دونیایەیە و بە جۆرەھا شت بەدناوی دەکات. گومان لەوەدا نییە کە زۆرێک
لەوانەی کە میدیا ئەم کابرایەی پێ سواغ داوە ڕاستە ، بەڵام ئەم
سیسستەمە ناوبەناو کەسانی ئاواشی پێویستە.
ئایا دۆناڵد ترامپ بەڕاستی مەترسییە بۆ جیھان؟!
زۆرێک لە سیاسەتەکانی ترامپ ھەر لە سەرەتاوە تاکو ئێستا نەک ھەر ھەڵەن
بەڵکو زۆریش نامرۆڤانەن . لەوانە بڕین و کەمکردنەوەی پارە و
کۆمەنەکردنی ھەژارانە لە سیستەمی چارەسەر و تەندروستی، سیاسەتی ڕایسستی
سەبارەت بە پەنابەران و کۆچبەران و تەنانەت زیارەتکەرانی ئەمەریکاش ،
بەردەوامبونی سیاسەتی " جەنگی دژە تیرۆر" کەمکردنەوەی ھەل و ئازادیی
منداڵ لەباربردن ، کشانەوە لە پەیمانی پاریس سەبارەت بە ژینگە،
کەمکردنەوەی باج لەسەر خەڵکانی دەوڵەمەند و کۆمپانیا زەبەلاحەکان ،
کشانەوەی ئەمەریکا لە پلانی ڕوتکردنەوەی ئیران لە چەکی ناوکی ،
گواستنەوەی سەفارەتی ئەمریکی لە تەلئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم وەکو ھێمای
ناساندنی ئەوێ بە پایتەختی ئیسرائیل، ھەروەھا جەنگی مامەڵە و بازرگانی
بەرانبەر بە ئەوروپا و کەنەدا و چین و ئۆسترالیا و مەکسیکۆ.
ترامپ کابرایەکی تووندڕەو، ڕەگەزپەرست ، دژ بە ئیسلام ،لایەنگری
ھەلاواردن و پێشداوەریی ، ھەروەھا دەکرێت فاشستیش بێت.
گەلێک لە ئێمە بەھۆی ئەوانەی سەرەوە ئاواھەستدەکەین کە ترامپ
مەترسیدارترین کەسە لەسەر جیھان و ھەڕەشەش لە ئاشتی جیھانی دەکات. لە
ڕاستیدا دەکرێ و دەتوانێ، بەڵام وشەی " دەکرێ و دەتوانێ" زۆر جیاوازە
لەوەی کە لە ئێستادا " دەکرێ و دەیکا" . ھاوکاتیش ئێمە دەبێت لەوە
تێبگەین کە ئەو کابرایەکی لاواز و بێ تواناشە لەبەرئەوەی لە ڕێگای
ھەڵبژاردنەوە ھاتۆتە سەر حوکم و ھاوکاریی و کۆمەکپێکردنی دەتوانرێت لە
لایەن سامانداران و کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە، سنووردار بکرێت و پاوەری
ترامپ تەنھا دەتوانرێت بۆ شەش ساڵی دیکە درێژبکرێتەوە ، ئەمە لە
کاتێکدا کە تەنھا ئەگەری مانەوەی لە حوکما بۆ تەنھا دووساڵی دیکە ھەیە
چونکە جێگای گومانە ھەتا ئەگەر خۆشی بیەوێت، ھەڵببژێرێتەو. لەگەڵ ھەموو
ئەوانەی سەروەدا ترامپ ھەرچۆنی بوێت نەک ھەر ناتوانێت نەخشەی جیھان
بگۆڕێت، بەڵکو ھی خۆراوای ناوینی-شی بۆ ناگۆڕێت.
ئەی ئەردۆگان؟ ئایا ئەو کەمتر ھەڕەشە و مەترسییە لەسەر جیھان، یاخود
لانی کەم لەسەر خۆرھەڵاتی ناوین؟
با پێشەکی ئەردۆگان و سیاسەتەکانی و حیزبەکەی ، ئاکەپە، بەوانەمان کە
بە باشی نایناسن، بناسێنم، دوای ئەوە حوکمکە بۆ خودیی خوێنەر خۆی
بەجێدەھێڵم.
ھەر لە سەرەتاوە ئەردۆگان توندڕەوبووە ، لە پاشخانێکی ئیسلامیەوە
ھاتووە و ئەو خودی خۆی وەکو : موحافیزکارێکی دیمۆکرات ، وەسف کردووە .
ئەردۆگان لە نێوانی ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبول
بووە. دواتر لە دەسەڵات ڕوتکرایەوە و بە ھۆی ئارەزوی ھەڵبەست و
سەوابیتی دینیەوە.بەھۆی یەکێک لە خوتبەکانی ساڵی ١٩٩٨ یەوە کە
برەوپێدان و پێشخستنی دینی ئیسلامی بوو، لە پایە و پلەی سیاسی ،
قەدەغەکرا.
ئەردۆگان ئاکەپەی لە ساڵی ٢٠٠١ دا دروستکرد و توانی سێ ھەڵبژاردنی گشتی
لە ساڵی ٢٢٠٢ ، ٢٠٠٧ و ٢٠١١ بباتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ببێتە
سەرەکوەزیرانی تورکیا و لە ساڵی ٢٠١٤ شدا بووە سەرەککۆمار.
ھەر وەکو ترامپ ئەردۆگاون-یش ڕەگەز پەرست، لایەنگری ھەڵاواردن و
پێشداوەرییە ، توندڕەو ، ڕایسستە . ئەو توندڕەوێکی دینیە ، نەتەوە
پەرستە و بە دڵنیایشەوە دیکتاتۆرێکی دڕندە و فاشستە. خۆیی و دەزگە
سیخوڕییەکەی ، میت، بە ھاوکاری قەتەر و ئەمریکا،خولقێنەری داعشن.
ئەو کار لەسەر فراوانکردنی دەسەڵاتی ئاکەپە و بوژاندنەوەی خەلافەت
دەکات و خەونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دەبینێ . زۆر دڕندانانە دەست لە
سوریا و عێراو وەردەدا و دەیەوێت ڕۆڵی سەرەکی لە ناوچەکەدا ببینێت بۆ
سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی . ئەردۆگان دەسەڵاتی بە جۆرێکی ئاوا خراپ
بەکارھێنا نەک ھەر شەڕی دژی پەکەکە بەڵکو دژی ھەموو کورد لە باکوردا
ھەڵگیرسانەوە دوای کوژرانی دوو پۆلیس لە حوزەیرانی ٢٠١٥ دا کە لە لایەن
پەکەکەوە ڕەتکرایەوە کە ئەوان ئەو کارەیان کردبێت. چالاکییەکانی
ئەندامان و ھەوادارانی ھەدەپە و پەکەکەی یاساخکرد و بە ھەزارانیان لە
بەندیخانە توندکران کە زۆرێک لە سیاسییەکان و پەڕلەمانتارەکان-یشن ،
کەلە ناویانا ھەردوو سەرۆکەکەی ھەدەپەی تیادایە . لە مانگی تەموزی ٢٠١٥
وە تاکو ئێستا خەڵکێکی زۆر لەسەر دەستی سوپاکەی ئەردۆگانا کوژرا و
برینداربوون ، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کەس لە شوێنەکانیان ھەڵکەنراون و
ژمارەیەکی زۆر لە شارۆچکە و گوندەکان وێرانکراون.
ئەردۆگان بیانوی کودەتاکەی مانگی تەموزیی ٢٠١٥ ی بۆ بەندکردنی ھەزاران
کەس لە بەشی سووپا و سیاسییەکان و خەڵکانی سیڤل-ی وەکو دادەوەر و
یاساناس و پارێزەر و مامۆستا و برینپێچ و ئەکادیمی و ڕۆژنامەنوس ،
بەکارھێنا و ھاوکاتیش ھەزاران کەسی دیکەی لەسەر کارەکانیان دوورخستەوە.
لە ١٦/٠٤/٢٠١٧ دا ڕیفرۆندەمێکی بۆ دەستکاریکردنی دەستوری تورکیا کرد
تاکو ١٨ پێشنیازەکەی لە تەعدیلکردنی دەستوری تورکیدا،بکات کە یەکێکیان
گۆڕینی سیستەمی سەرەکوەزیران بوو بە سیستەمی سەرەککۆماریی . لە سای ئەم
سیستەمە نوێیەدا ئەردۆگان دەکرێت بە سەرەککۆماری تورکیا تا ساڵی ٢٠٢٩
بمێنێتەوە. لە ٢٠/٠١ ی ئەمساڵدا بڕیاری ھێڕشکردن و داگیرکردنی عەەفرین-ی
داو پاش ٥٨ ڕۆژ دوای شەڕێکی خوێناوی لە ڕۆژی ١٨/٠٣ دا توانرا
داگیربکرێت . لەم چەند ھەفتەی پێشوشدا ھەڵبژاردنی گشتی تورکیای لە
مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٩ وە پێشخست بۆ ٢٤/٠٦ ی ئەمساڵ لەبەر مەترسی
دەرنەچونی خۆیی و حیزبەکەی گەر ھەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا بەڕیوە
بچوایە.
لەکاتێکدا کە ھێشتا ئەو کۆمەک بە گروپە تیرۆریستەکان دەکات بەتایبەت
داعش چ بە پارە و بەچەک و چ لە ڕێگای دیکەوە ، کە ئەمەش ھەڕەشەیەکی
گەورەیە لەسەر ژیانی خەڵکانی ئاسایی ئەمەریکا و بریتانیا و تەواوی
ئەورروپا و عێراق و پاکستان و ئەفغانستان ھەروەھا لەسەر پرسی ئاشتەوایی
لە ڕۆژھەڵاتی ناوین . ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ تاکو زیاتر لە دەسەڵاتدا
بمێنێتەوە ، بۆ تورکیا ، ناوچەکە ، ئەوروپا و ئەمەریکا، مەترسیدارتر
دەبێت.
پرسیارەکە لێرەداس ئەوەیە : پیاوێک لەگەڵ ئەم ڕیکۆردە خراپە و ئەم
کاراکتەرە ناوازەیەدا ، بۆچی ھێشتا لە دیدی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا و
ئەمەریکاوە مەترسی، نییە؟ بۆچی لە ھاتنیا بۆ بریتانیا لە ڕۆژی ١٣/٠٥ دا،
ڕووبەڕووی سەدەھا ھەزار خۆپیشاندەر و ناڕەزاییکەران نەبووەوە؟
لە ڕاستیدا دەبوایە ئاوا پێشوازی لێبکرایە ، دەبوایە لەلایەن
خۆپیشاندەرانی توڕەوە بەو دروشمانەی کە شایستەیین ، بەخێرھاتنی
لێبکرایە ، بەڵام میدیا و دەوڵەتی بریتانی ئەوەیان نەدەخواست بۆ ئەوەی
سەرەکوەزیرانی بریتانیا و ئەردۆگان خەجاڵەت و شەرمەزار نەبن. میدیای
بریتانی ھەر وەکو نەریتی ھەمیشەییان بێ دنگییان کرد ھەر وەکو چۆن بە
دەگمەن دڕندەکاریی و وێرانکاریی ئەرردۆگان و حیزبەکەیان کە بۆ ماوەیەکی
یەکجار درێژ دژ بە کورد و خەڵکانی جالاکی دیکەی تورکیا ، ڕوماڵ کردووە.
سەبارەت بە سەرەکوەزیرانی بریتانیا و حکومەتەکەشی ئەوانەی کە ڕویداوە و
ڕودەدات لە وڵاتی تورکیا بە کورد و تورک خەڵکانی دیکەشەوە ، گرفتێک
نییە و نەبووە بۆ ئەم دەوڵەتەی بریتانیا، بۆیە بزنس لەتەک ئەردۆگان و
حکومەتەکەیدا بەردەوام و ئاساییە. لە ڕاستیدا کودەتا تێشکاوەکە و
سەرکوتکردنی کورد و خەڵکانی دیکە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە سوودمەند
بووە بۆ حکومەتی بریتانی. ھەر بۆیە لەو ڕۆژەدا لە ھاتنی ئەردۆگاندا
کاتێک کە ترێزە مەی-ی سەرەکوەزیران کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانییان بەست ،
بەڵێنی کۆمەککردنی بە ئەردۆگان دا و کوردیشی بەگشتی بە تیرۆریست بە
ھەموو بریتانیا ناساند . لە لایەکی دیکەشەوە مامەڵەی بازرگانی چەک و
تەقەمەنی لەتەک تورکیادا بەردەوامە و لە ساڵی ٢٠١٦ وە حکومەتی بریتانی
زیاتر لە بڕی ١ ملیار پاوەند لە چەکی قورسی بە تورکیا فرۆشتوووە.
بۆ ئەوانەمان کە پێشتر نەیاندەزانی ، با ئێستا باش بیزانن کە لە
قازانجی دەوڵەتی بریتانی نییە کە ئەردۆگان و سیاسەتەکەی سەرزەنشت بکات
چونکە تورکیا یەکێکە لە ئەندامە بەھێزەکانی ناتۆ و ھاوپەیمانێکی گەورە
و گرنگە بۆ ئەمان لە جەنگی " دژە تیرۆردا" ھاوکاتیش شەریکێکی باشە لە
مامەڵەی ئایندەی بازگانی کاتێک کە بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دێتە
دەرەوە ، کە ئەمە ناتوانرێت پشتگوێبخرێت.
بەم ھۆکارانەی سەرەوە ھەلوێستی بریتانیا و میدیاکەی بەرانبەر بە
ئەردۆگان و حکومەتەکەی، بێ دەنگیی بوو ، ھاوکاتیشش خۆپیششاندانەکەی
ڕۆژی ١٥/٠٥ دژ بە ھاتنی ئەردۆگان بۆ بریتانیا تەنھا بەجێھێڵرا بۆ کەمێک
لە کورد و تورک و ھەندێکیش لە چەپ و نقابی و سۆشیالیت و ئەنارکیستەکان،
کە لە حاڵەتێکی ئاواشدا من ھیچ سەرسام نیم.
ئایاری ٢٠١٨
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|