په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٦\٢٠٢٦

ئەرێ بە ڕاست نەخشەی ناوچەکە گۆڕرا یاخود دەگۆڕرێ؟


زاھیر باھیر       

 
دوای ھێڕشە ترۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٠٧/١٠/٢٠٢٣ و وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسرائیلی بە جینۆسایدکردنی خەڵکانی غەزە خەیاڵێک لە مێشکی گەلێک لە ڕۆشبیران و سیاسییەکان و ئەکادیمییەکاندا ماخۆلانی بوو کە گوایە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت. ئەم بیر و بۆچونە لەناو ھەندێکیاندا کە ھەرە دیارەکەیان خانمی مامۆستای زانکۆ و بە ناو شارەزا لە سیاسەتی ئەمریکا 'خاتوو شاڵی' تا ئەو ڕادەیە دەڕۆیشت کە ھیچ گومان و لێکدانەوەیەکی بۆ ڕای پێچەوانە نەدەھێڵایەوە.


لە ڕاستیدا خاتوو شاڵی ئەوەندە بە جوانی و ئاسانی و وردەکاری و بەڵگەی نادروستەوە باسەکەی دەکرد و ڤیدۆی لەسەر دەکرد ، کە ئەوانەمان باوەڕمان پێی نەبوو ھەر زۆر زۆر کەمینە بوین . ئەو ڤیدۆیانەی ئەو و قسە و خیتابی سیاسییەکان و نوسین و وتاری ئەکادیمیەکان و ڕۆشنبیران بە ڕوودانی شەڕ ڕەحمەت بەسەر کورددا دەبارێت کارێکی زۆریان کرد لەسەر شۆردنەوەی مێشکی تاکی کورد و کۆمەڵگەی کوردی تا ئەو ڕادەیەی کە خەیاڵپڵاوی و کەلەپووتی جێگە بە ھەموو ڕاستی دروستییەک لە مێشکیاندا لێژبکات و جێگایان بگرێتەوە.


پاش ئەم ھەموو ماوەیە ئەوەی ئاشکرایە گۆرانکاراییەکی وا لە ناوچەکەدا ڕوی نەداوە جگە لە ھێنانی بەشێکی داعش بۆ حوکمڕانی سوریا، ئەو نەخشەیەی کە لە خەیاڵی ئەو توێژاڵە کۆمەڵایەتییەی سەرەوە داڕێژرابوو نەک ھەر ڕووی نەدا، بەڵکو ڕووش نادات چونکە بەرژەوەندی ئێستای ئەمریکا و ڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوانی دیکەیان ئەوە ناخوازێت . تورکیا و ئێران و عێراق و سعودییە و میرنشینەکانی کەنداو وەکو خۆیان مانەوە و ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکی و ھەمیشەیی بوو نەگبەتەکانی فەلەستین بوون . ھەرچیش پەیوەندی بە بارودۆخی کوردەوە ھەیە ئەوەندەی من مێژوی کوردم خوێندبێتەوە ھەرگیز بارودۆخی کورد لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا وەکو ئێستا خراپ و مەترسیدار نەبووە . بە خوێندنەوەیەکی خێرای بارودۆخی بەشەکانی کوردستان دەکرێت ئەوەی کە وتوومە ڕوون بکەمەوە.


باشووری کوردستان : لام وایە دەربارەی کوردانی باشوور زۆر ئاشکرایە کە ناکۆکی ھەردوو پارتە سەرەکییەکەی کوردستان لەسەر پشکی پارە و پایە و پلە و دەسەڵات ھەرگیز ئەوەندە خراپ نەبووە . ئەوە بیست مانگ بەسەر ھەڵبژاردندا تێپەڕی ھێشتا دیوەخانی چەلەحانییەی دەمھەراشان و چەنەبازان و مشەخۆرانی پەڕلەمانتاری دەنگپێدراو نەکراوەتەوە تاکو بەردەوام بن لە ھەڵخەڵەتاندن و درۆ کردن لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا. ھاوکاتیش ھەموان دەزانن کە ھیچ کام لەو حیزبانە بە حیزبە موعارەزەکانیشەوە ھیچ کامیان نە خاوەنی ڕاوبۆچوونی خۆیانن و نە خاوەنی بەرنامە و پلانیان. ئاشکرایە کە ئێران و تورکیا و ئەمریکا بۆیان دادەنێن و ھەڵیاندەسوڕێنن.


ڕۆژئاوای کوردستان: بە داخەوە کە بە دەردێک چووە و دەچێت کە نەک ھیچ بەھایەک بۆ ئەوانەی کە دروشـم بوون وەکو : خۆسەری و فێمێنزم و کۆنفیداراڵیزمی دیمۆکراتیک و ئیکۆلۆجی و ئابووری ھەرەوەزییانە نییەو نەماوەتەوە، بەڵکو ئەمانە تا نەمانیان کاڵ بووەنەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا حکومەتەکەی جۆلانی و ئەمریکا پێی رازی نین و دەیانەوێت ھەسەدە و پەیەدە لەوە زیاتریش سازش بکەن. لەمەش خراپتر تا ئێستاش کەسمان نازانین چارەنوسی ڕۆژئاوا بەرەو کوێ دەڕوات.


باکوری کوردستان: تاکە ھەنگاوێکی گەورە کە نرابێت بێ دەنگکردنی چەکەکانی پەکەکەیە کە گەورەترین خزمەتی بە کوردی سێ پارچەی کوردستان کردووە . جگە لەمە پرسی کورد لە باکوردا لە ماوەی ئەم ١٦ مانگەدا ھەنگاوێک نەچۆتە پێشەوە.


ئۆجەلان چەند پێشنیارێکی تاکلایەنانەی بێ گەڕانەوە بۆ قەندیل بۆ دەوڵەتی تورکیا کرد بەڵام تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکی دیاری نیە و نەبووە. ئەم پێشنیارەی ئۆجەلان کە پەکەکە و ھەرە زۆرینەی ڕۆشنبیران و ئەکادیمی و سیاسییەکان بە پرس و پرۆسەی ئاشتی دایانە قەڵەم زیانێکی گەورەی بە متمانە دا و تۆوی بێ ھیوایی و بێ بڕوایی لە دڵی کوردانی ھەموو پارچەکاندا چاند. لەوێش وەکو ڕۆژئاوا ھەموو پرسی کورد لەو دروشمە بریقەدارانەی پەکەکەوە ھاتۆتە سەر سێ خاڵی سەرەکی کە مورات قەریلان لەم ڕۆژانەدا بەیانی کرد:

یەکەم: ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دیاریکردنی پێگەیەکی سیاسی و یاسایی بۆی وەک نوێنەری سەرەکیی کورد.
دووەم: داننان بە بوون و ناسنامەی گەلی کورد بە شێوەیەکی فەرمی لە ناو دەستوور و یاساکانی تورکیادا.
سێیەم: دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ گەڕانەوە و تێکەڵبوونی دیموکراسییانەی چەکدارەکان (گەریلا) بە ژیانی مەدەنی و سیاسییەوە.


ئەم سێ مەرجە یاخود داخوازیانە کە ھیچ نین بۆ بزوتنەوەیەکی وەکو پەکەکە کە ئەو ھەموو قوربانییەیان داوە ، لە ئێستادا لانی زۆری یا لانی باڵای داخوازی پەکەکەیە. کەچی دەوڵەتی تورکیا بەوەش ڕازی نییە و دەیەوێت کە پەکەکە بێ چەند و چوون ، بێ یەکدی بینین و وتووێژ خۆی لە چەک داماڵێت و خۆی ڕادەستی دەوڵەت بکات. دەوڵەتیش بە گوێرەی یاسای " تاوان و تێوەگلانیان" لە کێشەی "تیرۆریزم و تیرۆریستیدا" مامەڵەیان بکات. ھەرچیش سەرکردەکانیشیانە لەبەرخاتری خاترداران ڕێگایان پێبدرێت کە بچنە وڵاتێکی ئەوروپی یا وڵاتانی دیکە بەو مەرجەی کە دەستبەرداری سیاسەت ببن.


ڕۆژھەڵاتی کوردستان : نە ئێستا و نە ئایندەش کەس نازانێت حیزبە موعاریزەکانی ئەوێ چارەنوس و دواڕۆژیان چییە و چی دەبێت . سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمەریکا کە لە ڕێگەی تۆم باڕاک-ەوە جێبەجێ دەکرێت دوور نییە کە پێداگری و فشاری زۆر لەسەر حکومەتی ھەرێم دابنێت کە سەران و بەرپرسانی ئەو حیزبانە ڕادەستی ئێران بکرێنەوە، یاخود ڕێگەیان پێبدرێت بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بڕۆن. ئەمە گومانێکی چاوەرواننەکراو نییە کاتێک سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا و لە تورکیا و لە عێراق و ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێراندا دەبینین.


ھاوکاتیش مەترسی بوونەوەی شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران کە کورد زەرەرمەندی زیاتر دەبێت گریمانی ڕوودانی زۆرە تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێران ئاوا بمێنێتەوە کە زۆربەی گرفتەکانی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن لە ملی ئەودایە، ھاوکاتیش ھیچ ئاشتەواییەک لە نێوانی ئێران و ئیسرائیلدا نییە.


لەسەر بناخەی ئەوانەی سەرەوە ناکرێت لەسەر بۆش و بێ بەڵگە و لە کاتێکیشدا کە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبینین گەشبین بین بەرانبەر بە بارودۆخەکە. لەبەر ئەوە وا ھەست دەکەم کە بارودۆخی کورد لە ھەر چوار پارچەکەدا نادیارە و لەو پەڕی خراپیدایە. لێرەشدا تەنھا سیاسییەکان و سەرانی پارتەکانی ھەموو پارچەکانی کوردستان دەبێت بەرپرسیاری ئەم مەترسییە ھەڵگرن و لۆمەی خۆیان بکەن نەک ئەمریکا و حکومەتەکانی دەر و دراوسێ و عێڕاقیش.

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک