په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠١٦

عەرەبستانی سعودیە و خەونی سەربەخۆیی کوردستان.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


لەم رۆژەنەدا دوژمنایەتی لە نێوان دوو وڵاتی ئیسلامی گەورەو دەوڵەمەندو کۆنەپەرست و دوواکەوتوو (ئێران و عەربستانی سعودییە) بە ھۆی مەزھەب و دەمارگیری نەتەوەیی شیعەو سوننە گەیشتووەتە لوتکەو سەر ئێسقان و ھەردوولا لە رۆژنامەو رادیۆو تەلەفزیۆن و سەتەلایت و ھەموو بەشەکانی راگەیاندن و ماس میدیا ھێرش ئەکەنە سەر یەکترو ئەوەی سەیرە لاف و گەزافی مرۆڤدۆستی و دیمو‌کراسی لێئەدەن.


ھەر لەم رۆژانەدا ھەندێ کەس لەوانەی ماڵپەری کوردییان بۆ ئامادە کراوەو پارەی نووسین وەرئەگرن، خۆشحاڵن بە عەرەبستانی سعودییەو ، دەستێوەردانی لە خاکی کوردستان و، بە پشتبەستن بە ھاشەوھوشەی باڵیۆزو قونسڵ و راگەیاندنەکانی ئەو وڵاتە، دەستیانداوەتە نووسین و، بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستان ئەکەن.


پێگەی عەرەبستانی سعودیە لە ناوچەکەو جیھانیشدا زۆر گرنگەو، وڵاتێکی دوواکەوتوو داخراوەو، بەڵام بە ھۆی نەوت فرۆشتن بووەتە وڵاتێکی دەوڵەمەندو پێگەی بەناوبانگە لە ‌ خەرجکردن وبەخشینی دۆلارو لە ئێستادا بۆ وڵاتانی شۆڤەنیست وتاقمە توندرەوو تیرۆریستەکان بۆ نموونە تورکیاو حەماس و دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش) و ئەحرار ئەلشام و بەرەی نوسرە ( فتح الشام) و ئەنجومەنەکەی ئیستەنبوڵ و پێشتریش بۆ تاقمی قاعیدەی خوێنرێژو ئوسامە بن لادن و تالێبانی ئەفغانستان و بزوتنەوە ئیسلامییە رەنگاورەنگەکان سەلەفی و وھابی و جیھادی و... ھتد.


دزین وفرۆشتنی نەوت و گەندەڵی بنەماڵەی ئال سعود کە خۆیان کردووە بە خاوەنی گشت خاک و سەرمایەو نەوت و دەسەڵات و، ھەرچی پۆستی شایستە ھەیە وەک : سەرۆک وەزیران و، وەزیری دەرەوەو ناوخۆو وبەرگری و، ئاژانسی ئەمن و ئاسایش لەو پەری گەندەڵیدایەو، زوربەی گەندەڵییەکان لە بواری نەوتدا بەدی ئەکرێن کە یەک لە سەر چواری نەوتی دونیایەو لە ژێر رکێفی بنە ماڵەی شا سەلمانی خەڵەفاو نەزانە.


‌ئەتوانین بڵێن ئەم بنەماڵە گەندەڵە سەرپەرشتی کێڵگە نەوتییەکان ئەکات و،‌ بووەتە پاسەوانی بەرژەوەندی ئابووری ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواو،‌ گەڵی عەرەبستانی سعودی لە زۆر رووەوە فەرامۆش کراوەو، نەوتەکەیان لە خزمەتی بێگانەیەو بووەتە بەڵا بەسەریانەوە.


ھەندێ لە نووسەران دڵخۆشن کاتێک راوێژکاری شای پێشووی سعودییە (ئەنوەر عیشقی) باس لە مافی سەربەخۆیی کوردستان ئەکات و، وەک رێوییەکی فێڵبازو لە ژێرلێوەوە ئەڵێت: پشتیوانی لەسەربەخۆیی کوردستان ئەکەین و، ھەر زوو خۆی بەدرۆ ئەخاتەوەو ئەڵێت : ئێمە لەسیاسەتی دەرەوە باس لە یەکپارچەیی خاکی عێراق ئەکەین و، لێرەدا پێویستە ئەو نووسەرانە ھەڵوەستەیەک بکەن و بزانن کە وڵاتێکی عەرەبی کۆنەپەرست وەک عەرەبستانی سعودی قەت لە گەڵ مافێکی رەوای گەلەمان یەکناگرنەوە.


عەرەبستانی سعودی لە ژێر دروشمی ئیسلام و، ئاڵای ئەڵلاھو ئەکبەر بزوتنەوە توندرەوەکان بڵاو ئەکاتەوەو، رەخنە لە ھەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بەگشتی و، ئەمریکا بە تایبەتی ئەگرێت و، لەم بارەیەوە ھێلاری کلێنتۆن پاڵێوراوی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە وتارێکدا وتی: کاتی ئەوە ھاتووە بەر لە سعودییەکان و قەتەرییەکان و کوێتییەکان و، کەسانی تر لە وڵاتەکانیان بگێرێت بۆ ئەوەی چیتر پارە نەدەن بە رێکخراوەکانی توندوتیژی و، پشتگیری لە قوتابخانەو مزگەوتەکانی توندوتیژی نەکەن، کە پاڵ بە ژمارەیەکی گەورەی گەنجان ئەدات لە سەر رێی توندوتیژی لە جیھاندا خۆیان بنوێنن.


لە شەستەکانی سەدەی رابردوو عەرەبستانی سعودییە کەوتە یارمەتیدانی توندرەوەکان دژ بە بیروباوەری جەمال عەبدولناێر و ئایدلوژیای سۆسیالیوم و شیوعییەت و، سعودییەکان وتوویانەو ئێستاش ئەیڵێنەوە: ئیسلامێتی رێگایەکی بەسوودە گەر بتەوێت لە بوارێکی فراواندا بەکاری بێنێت و، لێرەدا شایانی باسە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا راشکاوانە وتی: عەرەبستانی سعودی بە ئاشکرا توندوتیژی لە جیھاندا بڵاو ئەکاتەوەو، رووی ئیسلام ناشیرین ئەکات.


عەرەبستانی سعودییە بەوە ناوەستێت تەنھا خەرجی توندرەو تیرۆریستان دابین بکات، بەڵکو ئەم بیرە توندرەوە ( وھابییە)‌ لە رێی مزگەوت و قوتابخانەکانی جیھان بڵاو ئەکاتەوەو. بۆیە لاپەرەی وڵاتی عەرەبستانی سعودییە لە بواری مافەکانی مرۆڤ پرە لە کارەسات و، بێ وێنەیە لە جیھاندا وەک: سەرپەراندن و، بێبەشکردنی ئافرەتان لە ھەموو مافەکانی.


لە رووی جوگرافیاوە عەرەبستانی سعودییە نزیکە لە تەنگەی ھورمزو تەنگەی باب ئەلمەندەب و کەنالی سوئیس و، ئەم شوێنە زۆر گرنگە بۆ ئەمریکا کە ھەمیشە لە ھەوڵی زامنکردنی رێگای گواستنەوەی نەوتەو، لە ساڵانی پێشوودا رێگابرین لەوەی بیرو نفوزی شیوعییەت پەرەبسێنێت و، ھاوکات عەرەبستانی سعودییە بوو بوو بە بنکەیەکی ئابووری ئەمریکاو، شان بە شانی ئێران کە بنکەی سەربازی ئەمریکا بوو.


ئەو قۆناغە، قۆناغی ئاڵتونی ئەمریکا بوو، چونکە عەرەبستانی سعودییە لە گەڵ ئێران ھاوپەیمان بوون بۆ بەربەرەکانی شیوعییەت و، لە پاش شۆرشەکەی میسرو ھاتنی جەمال عەبدولناێرو، بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوایەتی عەرەب، میسر بوو بە رکابەری بەھێزی عەرەبستانی سعودییە.


سامر ئەلسەھبان باڵیۆزی عەرەبستانی سعودییە لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی الشرق الاوسگ پشتگیریی تیرۆریستە سعوودییە زیندانیکراوەکانی ناو عێراقی کردو، داوای لە حکومەتی عێراق ئەکات ئەو تیرۆریستە سعوودییانەی لە بەندیخانەکانی عێراقدان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی بکرێن و، ھەروەھا لە بەشێکی تری گفتوگۆکەیدا داوا ئەکات مافی مرۆڤ بۆ ئەو تیرۆریستە زیندانیکراوانە پارێزراو بێ.


رێکخراوی ھومان رایتس رەخنە لە دەسەڵاتی پیاوان بۆ سەر ژنان ئەگرێت و، تا ئێستا ژنان مافیان پارێزراونییە و، ھیچ ژنێک بەبێ فەرمانی پیاوەکەی ناتوانێت گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵات بکات یان لە جێگایەک ئیش بدۆزێتەو کار بکات و، ئافرەتێک لە تەمەنی ٦٢ ساڵ ئەڵێت ھەست بە شەرمەزاری ئەکەم چونکە بەبێ مۆڵەتی کورەکەم ناتوانم بچمە دەرەوە، من ئەوم گەورە کرد بەڵام ئەو خاوەنی منە.


رێبازی عەرەبستانی سعودییە بە پێی "" دەستەی گەورە زانایان "" لە سەر شەریعەتی ئیسلامەو، ھەموو مافێکی دەستبەرکردووەوەو، بنچینەکانی دادپەروەری و ئازادییەکانی چەسپاندووەو، لەم رووەوە ئەمینداری گشتی دەستەی زانایان شیخ فەھد سەعد ئەلماجد ئەڵێت: شانشینی عەرەبستانی سعودییە وڵاتی ھەردوو ( حەرەمی شەریفە) و لانکی پەیام و دەستپێکی ئیسلامەو مافی مرۆڤ و کەرامەتی ئەپارێزێت.


بۆ وەڵامی ئەو "" گەورە زانایانە "" درۆزنانە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی بەرگری لە ئازادییەکان ئەکەن ئەڵێن: عەرەبستانی سعودییە پێشەنگە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و، ئەمە راستییەکی حاشاھەڵنگرەو، ھەر لە مێژەوە لە ساڵی ١٩٢٧ وە لە سەر دەستی شا عەبدولعەزیز تا ئێستا پەیرەو ئەکرێت و، ئەم وڵاتە خۆی لە قەرەی ٣٠ ملیۆن کەس ئەدات ‌و، ساڵانە ٦٠٠ ملیار دۆلار ئەچێتە سەر گەنجینەی وڵات، بەڵام خەڵکێکی زۆر ھەژارو برسی بەدی ئەکرێن.


ھیچ کاتێک شا بە تەنگی ھاوڵاتیان نایەت و، تەنھا بۆ بنەماڵە کار ئەکات و، ھەرچەندە باس لە کۆمەڵگەیەکی دوور لە گەندەڵی و دەمارگیری ئەکرێت، بەڵام عەرەبستلنی سعودییە بووەتە وڵاتێکی دوواکەوتوو، باری ئاسایشی بەرەو خەراپە مل ئەنێت و، تاقمێک خۆیان کردووە بە زاناو موفتی و، ئەم موفتییانە بە ئارەزووی شاو بنەماڵەی شا فتوای - دەستبرین و، چاو ھەڵکۆڵین و دەرکردن و، لێدانی جەڵدە (ھەر مرۆڤێک تاوانبار بکرێت) بە کردەوەیەک جەستەی ئەخەنە بەر لێدانی قایش و سوندە (ئەوەش موفتی بریار ئەدات چەند جەڵدەی لێ بدرێت).


بە پێی رێکخراوی فریدۆم کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە دەربارەی دیموکراتییەت و ئازادی سیاسی عەرەبستانی سعودییەو تورکیا لە ریزی خراپترین وڵاتانی جیھانن، لە پێشێلکردن و سەرکوتکردنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ و، کەس ناتوانێت دەنگ بەرز بکاتەوە یەکسەر راپێچی ئەکەن ولە پاش سوکایەتی و لێدان تووری ئەدەنە زیندانەوە.


چالاکەوان و ئافرەتانی ئەکتیڤ لە بەرگری لە مافی ژنان، ئاماژە بەوە ئەکەن رژێمی عەرەبستانی سعودییە دوواکەوتووەو، ئافرەت ھیچ ئازادییەکی نییەو، ئەم وڵاتە یەکەمێن وڵاتە ئافرەت بۆی نییە ئۆتۆمبێل واژو بکات.


لەناو بنەماڵەی شا سەلمان باڵ باڵێنەو زورانێک لە نێوانیاندا بەرێوە ئەچێت و، ئەمریکا چاودێری ئەو بارودۆخە ئەکات و، وایداناوە بەم زووانە شازادە محەمەد سەلمان ئەبێتە شای عەرەبستانی سعودی چونکە شا سەلمان و، جێگرەکەی شازادە محەمەد نایف نەخۆشن و توانایان نەماوەو، بۆیە ئەمریکا بانگھێشتی محەمەد سەلمانیان کردو سەردانی ئەمریکای کرد لە پێناو ناسینی لە نزیکەوەو، وردەکاری و زانیاری لە سەر ژیانی.


لە ئایندەیەکی نزیکدا زۆرانی ئێران و شیعەکان و، عەرەبستانی سعودییەو سوننەکان ئەبێنێن و، ھەردوولا ئەیانەوێت لە کوردستان نزیک ببنەوەو، کوردستان راپێچی جەنگ بکەن، بۆیە پێویستە ئێمەو، ئەو نووسەرە بەرێزانە بانگەشەی سەربەخۆیی کوردستان ئەکەن لە گەڵ گەلە ‌قارەمانەکەمان و پێشمەرگە ئازاو خۆراگرەکانی سەنگەر دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ‌داوا بکەین لە ئاگری ئێران و عەرەبستانی سعودییە دوور بکەوینەوەو، قەت دڵخۆش نەبێن وڵاتێکی کۆنەپەرست و دوواکەوتوو سەربەخۆیی بێنێتەدی.‌


٢٨\٩\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک