٢٧\٢\٢٠١١
ئەرێ جەنابى
وەزیرى ناوخۆ، ماوى؟!

هیوا رەش
(موعەممەر قەززافى = مودەممەر قەززافى) سەرۆکى لیبیا بە ئاشکرا
ڕایگەیاند کە جەنابى بە شۆڕش هاتۆتە سەر دەسەڵات و چاوى میللەتى -
دواکەوتووى - لیبیاى کردۆتەوە و نەیارەکانیشى بە حەبخۆر و مشکەکوێرە
چوواند و بەڵێنى دا تا دوا فیشەک ، تاکبەتاک ، ماڵبەماڵ ، خانوبەخانو ،
باڵەخانەبەباڵەخانە ، شەقامبەشەقام و شاربەشار ڕاویان بنێت تا (
کورسیشەهید ) دەبێت .
(مودەممەر قەززافى) دەبوایە بە ئەدەبەوە باسى مشکى بکردایە و بیوتایە
لە کیسەى مشک بە زیادبێت ، چونکە ئەگەر مشک نەبوایە ئەوا سیکۆتینى مشک
دروست نەدەکرا و ئەگەر سیکۆتینى مشکیش دروست نەکرایە جەنابى بەو شێوەیە
بە کورسییەکەیەوە نەدەنوسا .
ئەم پەتاى ( کورسى تا مردن ) ەى دووچارى سەرۆکە دیکتاتۆرەکان هاتووە
نامۆ نیە و لاى ئێمەش نزیکەى نیوسەدەیە خۆرى هەڵاتووە و ئێستا لە
دەمەدەمى ئاوابوونیدایە ، بۆ ڕاستى ئەمەش ئەو ناو و دەموچاوە هەمیشە
میوانانەى تێکەڵ بە خەو و خۆراکمان بوونە چ لە شاخ و چ لە شاردا
باشترین بەڵگەى زیندوون ، خۆمان و نەوەکانمان و نەوەى نەوەکانیشمان
هەموویان ناوى جەلال تاڵەبانى و مەسعود بارزانى لە سێبەر زۆرتر بە
دوایانەوە بووە ، کە دەڵێم لە سێبەر زیاتر ، مەبەستم ئەوەیە لە
تاریکیشدا بەرۆکیان بەرنەداوین ، وەچەکانى دواى ڕاپەڕینیش لە ئێمە
بەدبەختتر ناوى فەرخە سەرۆکگەلێکى زۆر و زەوەند تر پێیان ئاشنا بووە ،
خودایە علاجێ ، چارەیێ ، ڕوحمێ ئامان ده ستم بە دامانت !
سەرۆکە دیکتاتۆرەکان گڵۆڵەیان کەوتۆتە لێژى ، لەبەر چاوى خەڵک کەوتوون
، دواى تێکشکانى بتەکانى تونس و میسر نۆرە گەییشتە سەر ( مودەممەر
قەززافى ) ى لیبیا ، گەردەلوولى ڕاماڵینى دیکتاتۆرەکان بەردەوامە ،
یەمەن ، مەغرب ، جەزائیر ، بەحرەین ’ ئوردن و هى دیش بە دوادا دێن ،
هەموویان باس لەوە دەکەن بە شۆڕش ، هەڵبژاردن و پرۆسەى دیموکراسی
هاتوونەتە دەسەڵات ، بە داخەوە سەرۆکەکانى لەمەڕ خۆشمان لە باتى پەند و
وانە وەرگرتن ، پێَداگیریى لەسەر هەمان بالۆرە بێزراوەکەى ئەوان
دەکەنەوە و ناڕەزایەتى دەربڕینى جەماوەرى کوردستان بە ناڕەوا دەزانن و
بە ناڕەواش تۆمەتى جۆراوجۆرى نەخوازراویان دەدەنە پاڵ و لە باتى مشک و
حەبخۆر و دەستى ئوسامە بن لادن ، بە ئاژاوەچى و گێرەشێوێن و دەستى
دەرەکى ناویان دەزڕێنن .
دەرکەوت تۆکمەترین سیستمى دیکتاتۆرى رژێمى لیبیایە ، ئەویش لە ڕەفتار و
بڕیارەکانى ( موعەممەر قەززافى ) سەرۆکى وڵاتەکە خۆى پیشان دا ، وێڕاى
سووربوونى بنەماڵەى قەززافى لە بە خوێن سوورکردنى دەستى خۆیان بە
کوشتوبڕى خەڵکى ڕاپەڕیو ، زۆرێک لە بەرپرسەکانى سوپا ، پۆلیس ، ئاساییش
، فڕۆکەوان و دیپلۆماتکاران ، ئەو ستەم و ناهەقییەى سەرۆکە
خۆسەپێنەکەیان پێ قبوڵ نەکرا و دەستیان لەکار کێشایەوە ، لە نێو هەموو
ئەوانەشدا بەڕێز - وەزیرى ناوخۆ - ى وڵاتەکەیان بوو ، کە جگە لەوەى
دەستى لەکار کێشایەوە و بەرەى زۆرداریى جێهێشت ، چوونە ڕیزى بەرەى
گەلیشى بە بوێرانە ڕاگەیاند ، کەچى لەم نیشتمانە چکۆلانە زامدارکراوەى
ئێمەدا کە دەیان کەس لە خەڵکى ڕاپەڕیو لەسەر داوا کردنى مافى ڕەواى
خۆیان خوێنیان بە ناهەق ڕژا و هەندێک لە جگەرگۆشەکانمان شەهیدیش بوون -
وەزیرى ناوخۆ - نەک نە باى دیوە نە باران ، بەڵکو مێشێکیش میوانى نیە !
ئەم ڕووداوە ناوخۆییانەى کوردستان لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا کە خەڵک
ڕژانە شەقامەکان و توندوتیژى لێکەوتەوە و لەسەر دەستى چەکدارەکانى
وەزارەتى ناوخۆ و پاسەوانى بارەگاکان و میلیشیاکانى حیزبەکەى وەزیرى
ناوخۆ خۆپیشاندانەکان خڵتانى خوێن کرا ، بە هەموو پێوەرێک وەزیرى ناوخۆ
بەرپرسى یەکەمى ئاکامەکانیەتى و دەبوایە هەڵوێستی خۆى دەرببڕیبایە ،
ئەگەر هێزەکان بە ئیعازى جەنابى نەجووڵاون و بێئاگایە لێیان ، دەبوو بە
سۆنگەى ئەو سەرکێشییانەى ئەو هێزانە ئەنجامیان داوە و تاکەکانى وەکو
بکوژ ڕەفتاریان کردووە و بە تەقە وەڵامى خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە و
خۆپیشاندانەکانیان خوێناوى کردووە دەستى لەکار بکێشایەتەوە ، لەبەر
ئەوەى : 1 - سنورى دەسەڵاتى ئەویان بەزاندووە ، 2 - کردەى کوشتنى تێدا
ئەنجام دراوە ، بە دیوێکى تریشدا ئەگەر بە فەرمانى جەنابى بەرپەچى
خۆپیشاندەران دراوەتەوە و ئاکامە خوێناوییەکەى لاى ئەو نەخوازراوە ،
هەر دەبوو دەستى لەکار بکێشایەتەوە بۆ ئەوەى خۆى لەو بەرپرسیارێتییە
مێژووییە بتەکێتێت .
جەنابى وەزیرى ناوخۆ ، لە بێدەنگیت سەرسوڕماوم ! مەزەننەى خراپ و
ئەگەرى ناپەسەندیش ئەوەیە ، تۆ ڕەزامەندى خوێناوى کردنى ڕووداوەکان بیت
، لەم حاڵەتەدا دەبێت داواى دەست لەکار کێشانەوەت لێ بکرێت ، ئەگەر دڵت
نایەت کورسییەکەشت جێبهێڵیت پێویستە داواکارى گشتى لە ڕێگەى دادگاوە
کارى پێویستت لە بەرامبەردا بکات ، لە کۆتاییدا دەڵێم : تۆ بڵێى باى
وەزیرى ناوخۆى لیبیات لە دەست نەیات کە زیاتر لە چل ساڵە سیستمێکى
دژەگەلى بە گەندەڵى و نادادپەروەرى زاخاوى دەکات ؟ وەڵامێکى چەند وشەیى
ئەم پرسیارەم بۆ خۆت جێدەهێڵم ، دڵنیام بێوەڵامیشم بکەیت ، مێژوو
ناهێڵێت بێوەڵام بین .
لە نووسینەکەم نەبووبوومەوە لە کاتژمێرى یەک و پێنج خولەکى دواى
نیوەشەو کەناڵى ئاسمانى - العربیە - دا ، بەڕێز ( شەلقەم ) نوێنەرى
لیبیا لە نەتەوە یەکگرتووەکانم بینى ، دواى هێرشێکى مەردانە بۆ سەر
سەرۆکى وڵاتەکەى ، ئینجا دەستى بە گریان کرد بۆ تاوانى بە خوێناوى
کردنى جەماوەرى گەلەکەى و سەنگەرى بەرەى دەسەڵاتى جێهێشت ، چووە
سەنگەرى گەلەوە ، منیش هاوکات موچڕکەیەکى حەپەسان و گریانێکى ناوەخت
دایگرتم .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|