په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١٠

ئێرە ناوچەی ژەهری مارە ناکۆکی لەسەرەکانە!

 

سەلام عەبدوڵا    

 

ئایا کەس بیستویەتی خاوەن ماڵێک یان گەلێکی سەر ئەم ئەستێرە سەوزە لەبارەی ماڵ و خاکی خۆی بڵێت(ماڵە کێشە لەسەرەکە)یان(ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان)؟


بەڵێ، کوردان تاقە میللەتی ئەم زەمینە، خانەوەنی ئەم"داهێنانە"ن، زۆرێک لە سیاسەتمەدارو رۆژنامەو هەفتەنامەی بلیمەتی عەیار بیست و چواری"ئۆپۆزیتسیون"و نیشتمانپەروەر و"حەقبێژ"و دڵسۆز" هەیە، ئەگەر لە بەکارهێنانی ئەو پێناسە سەقەت و رسواکەرە پشکی شێریان بەرنەکەوتبێت، ئەوا پشکی گورگیان هەیە!


ئەم ناوچە پەراوێزو پشتگوێخراوانە، وەک بڵێی بەشێک نەبن لە مێژووی گەلی کوردستان: بۆ نموونە ناکرێ بەراوردکاری لەنێوان کتێبخانەی گشتی مەندەلی و کتێبخانەی گشتی سلیمانی و هەولێرو کۆیە و تەنانەت کەلاریش بکرێ، چونکە یەکەمەکەیان کلاوە شڕێکە و لەبری شوێنی کتێب و خوێندن، کراوە بە زبڵخانەو ئەوانی تر بە شان و شەوکەت، شانیان لە شانی کتێبخانەکانی بەرلین و پاریس دەدەن. ئایا بەو حاڵە دەتانەوێت خەڵک بۆ سەر زێدی باوباپیرانیان بگەڕێنەوە؟


ئەگەر ئەو بەڕێزانە لەم کێشەیە کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی مەرکەزی هەیە، لایەنی سێهەم پێکدەهێنن وەک نەتەوە یەکگرتووەکان یان بزووتنەوەی ئاشتی جیهان یان ئەگەر ناوبژیکەرن، ئەوا راستتان فەرمووەو دەستتان خۆش بێت، بەڵام ئێوە لایەکی کێشەکەن و ماڵەکەش ماڵی خۆتانەو دەبێ لە بەکارهێنانی(ناوچە بە زۆرەملی داگیرکراو و تەعریبکراو) یان(ناوچە دابڕاوەکان)کەمتر نەیەژن-نەڵێن-!


ئاخر کو دەبی بەڕێزتان وەک خەمخۆری گەلە چەوساوەکەتان بەشێکی بەرینی خاک و میللەتە چەپۆک لەسەرەکەتان بەو شێوەیە ناونووس بکەن؟!
ئایا لە کاتی نووسین یان وتنی(ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان) ئاگاتان لە خۆتان و قەڵەم و بەرپرسیاریتان هەیە؟


بڕواناکەم، چونکە ئەو وەسفە پشتکردنە لەو ناوچە پان و پۆڕانە کە لە پێناویاندا چەندین جەنگ و بەرگری کراوە.


تکایە، هیچ نەبێت بۆ خاتری کەرامەتی خۆتان یان بۆ خاتری سەروەت و سامانە لە بن نەهاتووەکانیان، چیتر(خانەقین، سەعدیە، جەلەولا، مەندەلی، قەرەتەپە، جەبارە، کەرکوک، شنگار، بەحزانی، بەعشیقەو کەرکوک...هتد) ناونەنین(ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان)!


ئەگەر بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم شێوەیە رەفتار لەگەل ناوچە بە زۆرەملی دابڕاوەکان بکەن، ئەوا بێگومان لە ئێستاوە دەتوانین بڵێین، زۆرێکیان لەدەست دەچن و خۆمان لەبەردەمیدا بەرپرسیارین نەک زۆرداری عارەبە شۆفێنستەکان...


بەگشتی ئومیدەوارین لەمەودوا سوکایەتیمان پێ نەکرێت...ئامین!


ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا