په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠٢٤

ئەرێ راپەڕین ئەندازیاری هەبوو؟ 


عەلی مەحمود محەمەد   


ئەگەر باسی راپەڕینی ٥ی ئاداری ١٩٩١ بکەین, ناتوانین باسەکە دەرباز بکەین بێ ئەوەی بچینەوە سەر جەنگی کەنداوی دوو و راپەڕینی باشووری عێراق کە ئیسلامی سیاسی شیعە ناوزەدیان کردووە بە راپەڕینی شەعبانییە, چونکە پانۆرامایەکی هەمە لایەنە نەخەینە بەردەست, وا دەبینرێت کەسێک هاتووە لە کوردستان راپەڕینی ئەنجامداوەو کۆشکە زستانییەکانی قەیسەرەکانی یەک لە دوای یەک گرتووە, بۆیە کە باسی راپەڕین دەکەین دەبێت روداوەکانی ئەو ٧ مانگ و سیچ رۆژە بە وردی بخوێنینەوە.


دەشێت کەسێک, فەرماندەیەککی پلە یەک یان خوارتر دوای دەستپێکی راپەڕین لە عێراق بە ٥ رۆژ لە کوردستان نەخشەی گرتنی شارو شارۆچکە و مەخفەری پۆلیس و رەباییەک و دەزگایەک و خۆپیشاندانێکی دارشتبێت, وەلێ روداوەکان پێمان دەڵێن راپەڕین و کۆڕەو محاڵەو بارودۆخی زاتی نەک مەوزوعی هێنابیانیەتە پێشەوە, بەڵکە کارە زاتییەکان دوای روداوە مەوزوعییەکان کە گرتنی کوەیت و لێدانی عێراقە خولقاندویەتی.

پانۆرامای شەڕی دووەمی کەنداو "کوەیت".


سوپای عێراق رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢-٨-١٩٩٠ کوەیتی داگیر کرد, هەواڵەکە جیهانی تاساند, سەرشێتییەک لە لایەن سەدام حوسێنەوە ئەنجامدرا دوور لە پێشبینییەکان. بەرەی لە ٧ی ئایار دوای تێپەڕ بوونی تاوانی هەڵەبجەو ٤ پرۆسەی ئەنفال پێک هاتبوو. کاردانەوەی بەعس لە هەڵەبجەو ئەنفالدا چاوترسێنیانی کردبوو, بۆیە دەترسان وەک پێشوو هەلەکە بقۆزنەوە, خەنجەر لە پشتەوە تەمێیانی کردبوو, هەر زوو ئاڵای سپییان هەلکرد لە بەرامبەر سەدام و تەقەیان راگرتز, لە ١٢ی ئابی هەمان مانگ واتا ١٠ رۆژ دوای داگیرکردنی کوەیت بڕیاری ئاگر بەستی دا بەرامبەر عێراق" شیوعی و پارتی گەل دژی بوون, پاسۆکیش بەشداری نەکردبوو", هاوزەمان لە هەمان کاتیشدا کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکیانی لە شاری کرماشان کۆ کردبوەوە بۆ ئەگەرەکانی روداوەکانی شەڕ و پێشهاتەکانی, بۆیە بەشێک لە نوێنەرەکانی بەرە لەو کۆبونەوەیەی بەرە بەشداری ناکەن, دەچنە کرماشان, ئەم کۆبوونەوانە تا راپەڕین لە ژێر سەرپەرشتی ئاغای محەمەد سەرکردەی قەرارگای نەسر بەردەوام دەبێت.


لە کاتێکدا جیهان بەرەو روی داگیرکاری کوەیت لە لایەن عێراقەوە ببوەوە بە یەکێتی سۆڤیەتیشەوە, بۆ یەکەمجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی لە عێراق بەکار نەهێنا. لە رێکەوتی ٧-٨ ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی درعی سەحرای راگەیاند, لە ١٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٠ عێراق بڕیاری دا نەکشێتەوە لە کوەیت, بە دوایدا هاوپەیمانی جیهانی ئۆپەراسیۆنی عاسفە سحرا راگەیاند"ئۆپەراسیۆنی رزگاری کوەیت", کە لە رێکەوتی ١٧ی کانوونی دووەمەوە بۆ ٢٨ی شوبات بۆ ماوەی ٤٢ رۆژ بەردەوام بوو.
ئۆپەراسیۆنەکە پێک هاتبوو لە هاوپەیمانی سوپای ٣٤ وڵات و بە بەشداری ٩٦٦٣٤٤ سەرباز.


لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٧ی کانوونی دووەمەوە فرۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان سەرتاپای عێراقیان بۆردومان کرد, بە بەشداری ٢٤٣٠ فڕۆکەی پێشکەوتووی نوێ, هاوپەیمانان لە ماوەی چل و دوو رۆژدا ١٠٩٨٦٧ جار بۆردومانی ناو عێراقیان کرد, بەڕێژەی ٢٥٥٥ جار لە رۆژێکدا, رۆژانە ٦٠٦٢٤ تەن بارودیان بەسەر خەڵک و سەربازگاکانی عێراقدا دەباراند, عێراقیان غەرقی دوکەڵ و ئاگرو خوێن و مەرگ و وێرانە کرد, شوێنەوارە تەندروستی و ژینگەییەکانی ئەو جەنگە تا هەنووکە ماوە, تەنها لە جارێکدا لە پەناگەی عامریە لە شاری بەغدا ئێسک و پروسکی ٣١٥ ژن و منداڵیان هاڕی و تاوانی جەنگیان ئەنجامدا. هاوکات ئەمەریکا بە رۆکێتی دور هاوێژی کرۆز و بۆمبی هیشۆیی و بۆمبی زیرەک و چەکی لیزەری پێشکەوتوو تا دەگاتە یۆرانیۆمی چاککراو لە عێراقی دەدا, ٢٨٨ تۆماهۆکی لە دەریای سورەوە بە عێراقەوە نا, عێراقیش ٨٦ سکودی نا بە ئیسرائیل و سعودییەوە. بە گشتی لە دوای جەنگی کۆریاوە شەڕی کوەیت گەورەترین جەنگ بوو لە جیهاندا لە ماوەی چوار دەیەدا. لە بەرامبەردا سەدام حوسێن لە هەمان رۆژی راگەیاندنی عاسیفە سەحرا, ئوم ئەلمەعارکی راگەیاند کە لای عێراقییەکان بە ئوم هەزائم بەناو بانگ بوو.


لەسەر داوای یەکێتی سۆڤیەت لە رێکەوتی ٢٢ی شوبات, عێراق رازی بوو هێزەکانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە کوەیت بکشێنێتەوە, لە رێکەوتی ٢٤ی مانگ هاوپەیمانان هاتنە ناو کوەیتەوە, ٢٦ مانگ لە هێزەکانی عێراقیان دا کە لە حالەتی پاشەکشەدا بوو, لە ئەنجامدا لە ماوەی چەند کاژێرێکدا ٧٠ بۆ ١٠٠ هەزار سەربازی عێراقی کوژرا, بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مێژوو تۆمارکرا, هەروەها سوپای عێراق زیاتر لە ٣٠ هەزار دیلی دا, لە گەڵ تێکشکانی٤٠٠٠ تانک, ٣١٠٠ تۆپ, ١٨٥٦ ئۆتۆمۆبیلی سەرباز گواستنەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە ٢٣ی کانوونی دووەم لە کۆی ٧٥٠ فرۆکەی جەنگی عێراق تەنها ١٢٢ فرۆکەی بە ساغی مابوو, ئەویشی تەسلیم ئێران کرد. لە کاتێکدا لە ماوەی ٨ ساڵەی شەڕی ئێران - عێراق هێزی ئاسمانی عێراقی جوڵەی لە هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, هەمان ئەو فڕۆکانە تاوانیان ئەنجام دەدا, ئێستا لەسەر سینی زێڕین پێشکەش ئێران دەکرێت.


دوای ئەو تێکشکانە سوپای عێراق لە سوپایەکی ملهوڕی شەڕەنگێزەوە لە ٤-٣-١٩٩١ بووە سوپایەکی تەسلیم بووی ملکەچ لەناو خێمەی سەفوان, وێنای ئەو رۆژانە لە جەنگی جیهانیشدا نەبووە, ریزی دیلەکان و تەرمی قەراغ رێگاو بانەکان و تارمایی ئامێرە تێکشکاوەکان لەناو چڕە دوکەڵی بیابانە پان و بەرین شاشەی تەلەفزیۆنەکانی لە جیهان داگیر کرد.


لە ٢٦ی شوبات لە گەڵ کشانەوەدا, عێراق ئاگری لە بیرە نەوتەکان کوەیت بەردا, ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رژاندە کەنداوی عەرەبییەوە, لە کۆی ١٠٨٠ بیرە نەوتی کوەیتی ٧٢٧ بیرە نەوتی تەقاندەوە, ١٢٨ پەڵە نەوتی گەورە کەنداوی عەرەبی داپۆشی, بەمەش گەورەترین تاوانی ژینگەیی لە مێژوودا ئەنجامدا.


لە ٤ی ئازار لەناو بیابانەکانی سەفوان لە سنوری سعودییە, بە سواری زرێپۆشی ئەمەریکی, شاندی عێراقی چوونە ناو خێمەی سەفوانەوە, عێراق بە فەرمی لەژێر خێمەکەدا تەسلیم بوو, ئەمەش سەرەتای مێژووییەکی نوێی جیهان بوو لەناو سیاسییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن پێی وترا سستەمی نوێی جیهانی, ئەمەریکا لە رێگەی ئەو خێمەیەوە بووە تاکە جەمسەری جیهان, لەناو ئەو چڕە دوکەڵ و قەسابخانەیە نیولیبرالیزم و باڵادەستی تاقانەی ئەمەریکا لە دایک بوو, لە ژێر ئەو خێمەیە نەزمێکی تازەی جیهانی لە دایک بوو ئەمەریکا تیایدا بووە کەڵەگای بێ ڕکابەری جیهان, لە بەرامبەر ئەم خۆبەدەستەوە دانەی عێراق هێزی ئاسمانییەکەی دەستکراوە کرا لە لێدانی خۆپیشاندەرانی باشووری عێراق. لەو سەرو بەندەدا هێزەکانی هاوپەیمانی ئامادە نەبوون پێشوازی لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی باشوور بکەن, هۆکارەکەشی باڵا دەستی ئاراستەی ئیسلامی سیاسی بوو لە راپەڕینەکەیان. لە دوایدا لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمەریکا ئەو ژەهرەی بە ناچاری نۆش کردو عێراقی لەسەر سینیەکی زێڕین پێشکەشیان کردەوە, بە مەش لە قەتڵگاکان زیاتر تۆڵەی لە خەڵکی عێراق کردەوە, وڵاتی بەرەو جەهەنەمی ترسناکتر لەوەی سەدام بردەوە.

راپەڕینی باشووری عێراق.

لە ٢٨ی شوباتەوە, شاری بەسرە جمەی دێت, چ لە ئەو سەربازانەی بە ساغی و بە برینداری لە ریزە دورو درێژەکاندا بە دوای یەک, دەڵێی مێرولەن, بە برینداری و سیمای دوکەڵاوی چڵکنەوە, بە سەری شۆڕەوە, بە سکی برسی و جەستەی تێک شکاوەوە ملی رێگایان بەرەو ناو عێراق گرتۆتە بەر, وە چ کەسوکاری سەربازان لە هەموو عێراقەوە لە سەرسنووری کوەیتەوە تا بەسرە کۆبونەتەوە بۆ هەواڵپرسی رۆڵەکانیان, لەو کاتەدا سەربازێک بە لێدانی گولەیەک بە وێنەی سەدامەوە چەخماخەی راپەڕین لێدەدات, بێدەنگی دەشلەقینێ.


وەک دەگێڕنەوە لە ١ی ئازار ئەفسەرێک لە شارۆچکەی زوبێری سونی نشینی سەر سنوری کوەیت بە پێوە نانی گولە بە وێنەکەی سەدامەوە گڕی راپەڕینی لە عێراق هەڵگیرساند, لە لایەکی دییەوە دەڵێن بەیانی زووی رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی ئازاری ١٩٩١ لە گۆڕەپانی سەعد لە شاری بەسرە, سەربازێک کە لە شەڕی کوەیت بە دۆڕاوی گەڕابوەوە, لە داخی ئەو هەموو نەهامەتیەی لە شەڕ بینیبوی, گولەیەکی نا بە وێنەکەی سەدامەوە و گڕی راپەڕینی لە عێراق هەڵگیرساند, هەردوو روداوەکە لە پارێزگای بەسەرا و هەمان رۆژ رویاندا. پێی دەچێت شیعەکان بۆیە باسی ئەوەی زوبێر نەکەن چونکە شارێکی سونی نشینە. هەمان رۆژ شارەکانی بەسرەو میسان و کەربەلا کەوتە دەست خۆپیشاندەران, دواتر نەجەف و کەربەلا و دیوانیەو سەماوەو حیلەو کوتیشی گرتەوە, لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی باشووری عێراق هەمووی کەوتە دەست خۆپیشاندەران, تا راپەڕین گەیشتە شارەکانی عەزیزیەو مەحمودیەی رۆخی بەغدای پایتەخت, بە گشتی راپەڕین ١٤ پارێزگای گرتەوە بە کوردستانیشەوە.


لە رێگای سنووری ئێرانەوە هێزە شیعەکانی وەک ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حیزبی دەعوە زوو هاتنە ناو عێراقەوە, بۆ رێکخستنی خۆپیشاندەران, دیارە لە زووەکەوە لە ژێر فەرماندەیی قەرارگای نەسری سوپای پاسداران ئامادە کرابوون.

راپەڕینی کوردستان.

لە ٤ی مانگ کە عێراق لە ژێر خێمەکەی بیابانی سەفوان تەسلیم بوو, لە بەرامەردا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا بۆ ئەوەی راپەڕین سەرکوت بکات. لەو چرکە ساتەوە قۆناغی سەرکوتکردنی راپەڕین لە باشوور دەستی پێکرد, هەمان رۆژ لە خەباتەوە راپەڕین گەیشتە کوردستان, رۆژی دواتر بە دەروازەی رانیەیا کڵپەی سەند, لێرەدا دەبینین هیچ دەست پێشخەرییەک نەک نییە بۆ راپەڕین لە کوردستان بگرە کات لە دوای باشووری عێراق و هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی هاوپەیمانانەوەیە بۆ سەرکوتکردنی راپەڕینی باشووری عێراق.


لەوکاتەدا ئێران گوشارەکان لەسەر هەندێک لە سەرکردەکان کورد توند دەکات تا بەرەیەکی دیکە بکەنەوە گوشار لەسەر هاوپەیمانەکانی لە باشووری عێراق کەمبێتەوە, نامەو هەوڵەکانی ئەوکات ئاماژەی وایان تێدایە. ئەگەر راست بن و لە پشکنینی کاربۆنی دەرچن, لە کاتێکدا زەمینەی راپەڕین دوای رێکەوتنی سەفوان و دەستکراوە کردنی هێزی ئاسمانی عێراقی بۆ سەرکوتکردنی راپەڕین لاواز بوو, وەلێ کە خەڵک ئەنجامی دا, ئیتر هێزەکانی بەرەی کوردستانی دوای کەوتن, هەرچەندە هەندێک لایەن وەک ینک, حشع, کۆمۆنیستەکان, و...... لەدوای لێدانی عێراقەوە گەڕانەوە ناوخۆو لە جوڵەدا بوون.


ئەگەر راپەڕین لە کوردستان وەک باشووری عێراق سەرکوت بکرابایا بێ دەستکەوتەکانی کۆڕەو, کە کرا وەلێ کۆڕەو مایەکەی هێنایەوە, وەک هەڵەبجەو ئەنفال ئەندازیاری نابوو, بگرە ئەندازیارەکەشی وەک تاوەنەکانی هەڵەبجەو ئەنفال و حاجی ئۆمەران کە هەی بوو خۆی دەشاردەوە, وەک ئەو تاوانانە هەتیو و بێکەس سەری دەنایەوە, کەس نەک باسی ئەندازیاری ناکرد, بگرە بەڵگەنامەی قولابیشیان بۆ پاکانە کردن لێی دروستە کرد.


تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بڵاو کراوە نییە هیچ هێزێکی کوردی پێش ئەو مێژووە" راپەڕینی بەسرە ١-٣-١٩٩١ "بانگەوازی بۆ راپەڕین کردبێت, ئەوەی هەبووە جوڵەو پەیوەندیکردن و خۆ رێکخستنەوە بووە, لەو بێ ئومێدییەی تێی کەوتبون وەک خۆیان وتویانە جورئەتمان نییە وەک م م بڵێین ئاش بەتاڵە., دەشێت دوای گرتنی کوەیت وەک خوێن جمانی بهارانە ئومێدێکیان پەیدا کردبێت لایەکیان لێ بکرێتەوە منداڵێکیش بەو کەم هۆشیەی خۆیەوە بایی ئەوە ژیری هەبوو, دوایی حەڤدەی جەنیوەری کە دەست بە لێدانی عێراق کرا ١٩٩١ ئەگەرێک بۆ روخانی رژێم و راپەڕین لەناو کۆمەڵێک ئەگەری دی دابنێ.


بە بڕوای ئێوە راپەڕینێک دوای ئەم هەموو روداوە گەرم و شکستە مەزنەی سەدام هاتبێت, دەشێت ئەندازیاری هەبێت؟؟, وە ئەندازیارەکەشی بۆ خۆیان فیشەکێکیان نەتەقاندبێت؟؟ ئازیزێکیان خوێن لە لوتی نەهاتبێت؟


هەموو کەس لە تاریک و روونی شەبەقی بەیانی پێنج شەممەی رێکەوتی ١٧-١-١٩٩١ەوە دەیزانی سەدام لە شکستە, چاوەکان دوکەڵ و ئاگری فرۆکەکانی هاوپەیمانانی دەبینی, گوێیەکانیش گوێ بیستی تەقینەوەکان بوون, لەبان خانووەکانەوە چەپڵەیان بۆ لێدەدرا, ئەم بیرکردنەوەیە عەقڵێکی خاریقی ناویست, تەنانەت ئەوەشی سیاسەتی نەکردبوو لە ژیانیدا بەو ئەنجامە گەیشتبوو, جاشەکانیش لەوە تێگەیشتبوون دەبوایا خۆیان بە لایەکدا بدەن, ئاخر ئەوان راستە ئاخوڕیان لای رژێم بوو, بەڵام هەریەکەیان کلکیان بە لایەنێکەوە بەسترا بوو.

راپەڕین و دەستکەوتەکانی.


راپەڕین تەنها دوو ساڵ و نیو دوای هەردوو تاوانی هەڵەبجەو ئەنفال ئەنجامدرا, هێشتا شوێن بزر بوونی ئەنفالکراوان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە زەینی خەڵکدا مابوو, هێشتا دوکەڵی کیمیاوی و تەپ و تۆزی روخانی گوندەکان و کوشتنی خەڵک لە بەرچاوان بوو, هێشتا خەڵک بە دوای چارەنووسی ئەنفالکراوانەوە بوون بە زیندویی, هێشتا ترس و لەرزی فڕی دانە خوارەوەی هاووڵاتیان لە کۆپتەرەوە لە زەین و هۆشدا بوو, هاوکات دژە سەرکوتکردنی راپەڕین لە باشووری عێراق. حوسێنی زیندوو" حوسێن کامل" گولەی تانکەکەی کە نای بە حوسێنی مردوەوە, نیشانەی دەست نەپاراستن بوو. کوژرانی ٥٠٠٠ بەعسی لە راپەڕین بە کوشتنی ١٠٠ هەزار لە هاووڵاتیانی باشوور وەڵام درایەوە, ئەم دوو وێنە تراژیدیایە ئێستا و ٨٨ خەڵکیان هاندا کۆڕەو بکەن. لە سەرەتادا هێزەکانی بەرەی کوردستانی لە ناو شاری هەولێر رێگری توندیان لە خەڵک کرد شار بەجێ بهێڵن, ئێمە تا بەرە بەیان بە ئۆتۆمۆبیلی پڕ لە ژن و منداڵی جل وبەرگ رەشەوە, هەموو لە پرسەی شەهیدو ئەنفالدا بووین, رێگایان نەدا لە شار دەرچینە دەرەوە, وەلێ کە گولەی تۆپەکان گەیشتە دەوروبەری هەولێرو رێگرکەران هەڵاتن, ئیتر وەک روبار جەماوەر رێگای خۆی کردەوە, لێرەشدا خوێنی ئەو خەڵکەی لەو رۆژەدا بووونە قوربانی لە ئەستۆی ئەوانەیە کە رێگرییان کرد.


خەڵک بە بەجێ هێشتنی ماڵ و شار, ئەو داستانەیان خولقاند کە لە مێژوودا ناوی نرا کۆڕەو, دوای تەنها چوار رۆژ, داستانی برسی و سەرما بردووەکان چووە سەر مێزی نەتەوە یەکگرتووەکان. ٥ی نیسان بڕیارێکی هەشت خاڵی بە ناوی بڕیاری ٦٨٨ لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەرچوو بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل, بەمەش کۆڕەو بووە هۆکاری گۆڕانکاری بۆ یەکەمجار لە مێژووی گەلی کورددا لە باشووری کوردستان. هەڵەبجە و ئەنفال لە کاتی خۆیدا نەیانتوانی کاریگەری دابنێن, بەڵام کۆڕەو کە روحی هەڵەبجەو ئەنفال و کاردانەوەی ئەو دوو تراژیدیایە بوو, جیهانی هێنایە دەنگ.


راپەڕین ئەنجامی نەبوو, وەلێ شکستی راپەڕین بووە سەرکەوتن. دوو هۆکاری دواتر هاتنە پێشەوە شەڕی کۆڕێ و بە رادەی کەمتر ئەزمڕ و راپەڕینەکانی مانگی تەموزی هەمان ساڵی ناو شارەکان, وە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە سەرقەڵاو گەرمیان, هەموو ئەمانە سەرکەوتنەکانی کۆڕەویان جێگیرترو بەرفراوانتر کرد.


کەواتە لە راستیدا هەر ئێمەی جەماوەر ئەندازیاری راپەڕین بوبێتین, ئەوا بێشک ئەندازیاری کۆڕەوی ملیۆنی و راپەڕینی تەموزی ناو شارەکان بووین, ئەم واقعەی دروست بووە بەری رەنج و تێکۆشای هەموومانە, نەک بەشداربووانی کۆبونەوەکانی فەیلەقی نەسر لە کرماشانو بە دەست لێدان بۆ هاوکاری پاشکۆکانی ئێران لە باشوور جوڵەیان کرد.


هەموو روداوەکان ئەوە دەرەخەن, دەستپێکی راپەڕین لە عێراق و کوردستان خۆرسکی بووەو ئەنجامی رق لە شکست و سەرکوت, نەک ئەنجامی نەخشەو پلانەکانی کۆبونەوەکانی کرماشان.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک