په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئەرێ سەرۆکی لیستەکان و پاڵێوراوانی سەرۆکایەتی

بۆ ژنەکانیان بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن ناکات؟

   
عەلی مەحموود محەمەد


ژنان ئەگەر بەشی زۆربەی دەنگدەران نەبن لە کوردستان،ئەوە نیوە پێک دەهێنن،لە هەڵبژاردنی یەکەمەوە لەئایاری ساڵی 1992 بۆ ئێستا و لە قۆناغی شۆڕشی چەکدارییەوە بۆ هەنووکە زۆر هەنگاوی لە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا بڕیووە،لە سەردەمی خەباتی چەکداریدا ژنان بەشی کەمی بزاڤی چەکدارییان پێک دەهێنا لە باشووری کوردستان"کۆمەڵەی ڕەنجدەران و حیزبی شیوعی" هەرچەندە لە خەباتی ژێر زەمینیدا چالاک بوون،"لەسەردەمی شۆڕشی 14 تەمووز ژنان کاریگەرانە بەشداری مقاوەمە شەعبیان کرد"، بە پێچەوانەی ڕۆژهەڵات و باکوور.ئەوە لە باکوور ژنان هێزی چەکداری و بزاڤە جەماوەری و لایەنە سیاسی و هژمۆنیای شەقام بەڕێوە دەبات،سەرناسترین فەرماندەی سەربازی و جەماوەریترین ڕابەر و بەرزترین پلەی حیزبی لە ڕیزی ژناندایە،لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ژنان لە ڕیزەکانی کۆمەڵە هەموو شتێک بوون ،هەرچەندە بەشێک زۆر کەم لە سەرکردایەتیان پێک دەهێنا بگرە هەر نەبوو،لە ڕیزەکانی دیموکراتیشدا ژنان بوونی هەبوو وەلێ کەمتر لە کۆمەڵە،کۆمەڵە-ڕۆژهەڵات ڕچەی بەشداری بەرفراوانی ژنانی لە خەباتی چەکداری شکاند،پەکەکە پەرەی پێدا و دەسەڵاتی دایە دەستیان،ئەوەی دەبینین بە شێوەی گشتی چەپەکان ژنانیان هێنایە ناو سیاسەت،تا کار گەیشتە ئەوەی ئیسلامیەکان کوردستان چاو لە هاوبیرەکانیان لە کوەیت نەکەن دژی بەشداری ژنان بوەستنەوە لە خۆ کاندیدکردن، بەڵکە بە ڕێگای ئیسلامییە تورکەکاندا بڕۆن،دەستەیەک ژنانی چالاکیان گەیاندە پەرلەمان.


سستەمی کۆتا هەنگاوی باشی بە بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسیدا نا،هەرچەندە ئەو ژنانەی دەچنە پارلەمان و پلەی بەرزی کاڕگێڕی وەردەگرن زۆریان ژنانێک نین لە پێناو خۆیاندا،بەڵکە ژنانێک بوونە لە پێناو حیزب و سەرۆکدا.


لە هەڵبژاردنی ئەمجارە سستەمی کۆتای30%سەپێنرا بەسەر لیستەکاندا،هاوکات 2 لیست لیستی هیواو و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی"55" سەرۆکی لیستەکانیان ژن بوون بگرە هەردوکیان کچ بوون "نەجیبە و هاژە"،ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو لە بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسی کوردستاندا،کە لیستی هیوا ڕەتکرایەوە ئەوا لیستی 55 بووە یەکەم لیست ژنێک بۆ سەرکردایەتی کیانەکەی دیاری کرد،هاوکات قسەکەری لیستی کوردستان سوزانی خاڵە شهاب ژنە.
ئەوەی غائیب بوو لە پرۆسەکە :


- ژنان لیستی تایبەتی بە خۆیان درووست بکەن.
- ژنان خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندید بکەن .


دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا ژنان هێزی خۆیان تاقی بکەنەوە بەم هەنگاوانەش،چونکە بەشدارییان لە ڕێگای کۆتاوە هێزیان دیاری ناکات،سستەمی کۆتا سستەمێکی داسەپاوە .


با ئەم بابەتانە بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەجێ بهێڵین،ئێستا بێینە سەر بەشداری ژنانی کاندیدەکانی سەرۆک و سەرۆکی لیستەکان لە بەشداریکردن لە بانگەشەی هەڵبژاردن.لە هەواڵێکدا خوێندمانەوە دووان لە کاندیدەکان بڕیاریان داوە ئەگەر دەرچون لە هەڵبژاردنەکان،ئەوا ژن دەکەنە بە جێگیری خۆیان،ئەوانی دیش مافی ژنان بۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زاریان حەیران و شیعر و گۆرانی بۆ دەڵێن.


تاکو هەنووکە هیچکام لەم 5 کاندیدە خانمەکانیان بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنیان نەکردووە،بارزانی لە 4 ساڵی ڕابردووش کەس ژنەکەی نەبینی،بەهەمان شێوە لە 18ساڵی ڕابردوو،کە دەبوایە بۆ نیشان دانی نوێخوازی سستەمی سیاسی کوردستان بە ئەندازەی ئیسلامیەکانی تورکیا هەنگاوی بنایە.


لەم لایەنە تاڵەبانی لە هەموو سیاسییەکانی کورد بە ئۆپۆزسۆن و دەسەڵاتدارەوە ،مۆدێرن و پێشکەوتنخواز و پاشکەوتنخوازەوە لە پێشتر بوو،تەنانەت مۆدێرنخوازترین سەرکردە،ئەوانەی لە ئەوروپاشەوە گەڕانەوە،ئەوانەی چەپن و داوای گۆڕانیش دەکەن،نەیانتوانیوە هەنگاوی وەک تاڵەبانی لەم بوارەدا بنێن.


لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، کاندیدێک نەتوانێت ژنەکەی بێنێتە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە،چۆن ژنێک دەکاتە جێگیری خۆی؟.

باشە ئەگەر ژنانی کوردستان ئاگاداری ژیانی خێزانی کاندیدەکان نەبن،چۆن و بە چ پێوەرێک دەنگیان بدەنێ؟،پاڵێوراوێک ئامادە نەبێت ژنەکەی بهینێتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە چۆن دەتوانێت لە داهاتوو مافی ئەو نیوەیە بپارێزێت؟.


بۆیە من پێشنیار دەکەم بە ژنانی کوردستان،هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی و سەرۆکی لیستێک ژنەکەی هاوشانی خۆی نەهێنایە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بایکۆتی بکەن و دەنگ بە لیستەکەی مەدەن.