ئه‌رێ سوێندی عێراقچیه‌کان چی لێهات.
سه‌ردار پشده‌ری
هه‌ر هه‌موومان له بیرمانه‌و به‌چاوی خۆمان ده‌ماندی که عێراقچیه‌کانی کورد‌و عه‌ره‌ب پێش دانیشتنیان له‌سه‌ر کورسیه‌کانیان، سوێندیان به قورئان ده‌خوارد که سه‌روه‌ری و سنوری خاکی عێراق بپارێزن، وا له‌شکری بێگانه‌ی تورک ئه‌رزو ئاسمانی به‌شێک له عێراقی ئه‌و عێراقچیانه ئاگر تێبه‌رده‌دا، که‌چی هه‌ندێکیان قاقای خۆشی لێده‌ده‌ن و هه‌ندێکیشیان وه‌ک مه‌یمونی لاڵ له‌ترسی عه‌یبه ده‌ست به ده‌م و لێویانه‌وه ده‌گرن و ده‌ڵین ئه‌و هێرشه‌ی تورکیا کارێکی باش نیه.
بێ هۆ نه‌بوو که ئێمه‌ی ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر له رۆژی یه‌که‌می هه‌ڵوه‌شان و دروست بوونه‌وه‌ی عێراق دا له دژی ئه‌و عێراقچیه دزو درۆزن و هه‌لپه‌رستانه راوه‌ستابووین، ده‌مانزانی عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کان ئه‌و سوێنده بۆ پاراستنی عێراق له هێرشی کورده‌کان ده‌خۆن، نه‌ک بۆ پارستنی عێراق له له‌شکری بێگانه، کورده هه‌لپه‌رسته‌کانیش وه‌ک لاسای که‌ره‌وه‌یه‌کی کوردستان فرۆش ئه‌و سوێنده‌یان ده‌خوارد بۆ خاتری به‌ده‌ستهێنانی کورسی و داهات، نه‌ک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی، ئه‌گه‌ر بڕوانینه پله‌و پایه‌ی کورسیه‌کانی کورده له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا، ده‌بینین نیوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عێراقیان له ژێر ده‌ست دایه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له دڵ و ده‌رنه‌وه خۆیان به برای عه‌ره‌ب و تورک و فارس ده‌زانن، پله‌و پایه‌و کورسیه‌کانیاب ته‌نها بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی برایه‌تی ئه‌وان و ترساندنی کورد‌و باخه‌ڵ پڕ کردن به‌کار ده‌هێن، نه‌ک بۆ رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆ که به ده‌یان هه‌زار گه‌له گورگی تورک په‌لاماری داروبه‌ردی عێراقه‌که‌یان ده‌دات.
مالیکی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق بۆ خۆ دزینه‌وه له بارۆدۆخه‌که، خۆی نه‌خۆش کرد‌و ووڵاتی به‌جێ هێشت، ئێستا عیراق به‌ده‌ست کورده‌وه‌یه، به‌رهه‌م سالح جێگری سه‌رۆک وه‌زیره‌و ئێستا ئه‌و له شوێنی مالیکیه، سه‌رۆک کۆمار کورده، سه‌رۆک ئه‌رکانی له‌شکری عێراقی کورده، وه‌زیری ده‌ره‌وه کوورده، پێم ناڵێن بۆ هه‌ڵوێستێک له ئارادا نیه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر کورد‌و کوردستانیش به وه‌ڵام نه‌یه‌ن، ده له‌سه‌ر ئه‌و سوێنده‌ی که بۆ عێراقتان خوارد به وه‌ڵام وه‌رن، پرۆتسۆ کردن هه‌موو شتێک نیه، پڕۆتستۆ خۆ دزینه‌وه‌یه له سه‌نگه‌ر گرتن.
هه‌ر هه‌موومان پێشتر گوێمان له پڕۆپاگنده‌ی رابردوی هه‌ردوو حیزبی پارتی و یه‌کیه‌تی بووه که به سه‌دان ملوێن دۆلاریان به‌لا ناوه به‌ناوی دروستکردنی له‌شکری کوردستان و هه‌ر یه‌که‌یان باس له‌وه ده‌کات که خاوه‌نی زیاتر له سه‌د هه‌زار سه‌ربازی ده‌رس دادراوه، که‌چی دبنین وا به به‌ر چاوی ئه‌و دوو له‌شکره گه‌وره ده هه‌زار سه‌ربازێکی تورک زۆر به بێویژدانانه داروبه‌ردی ئه‌و به‌شه ئازادکراوه ده‌سوتێنن و ئه‌وانیش له‌شکری کوردی ده‌نێرن نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا بۆ عه‌ره‌ب ده‌پارێزن.
ئه‌ی کورده عێراقچیه‌کان، ئه‌ی تێکڕای داگیرکه‌رانی کوردستان، ئه‌ی گه‌له گورگه‌که‌ی ئه‌تاتورک، ئه‌ی کورد فرۆشه‌کان، وا سه‌د ساڵتان به‌سه‌ر برد بۆ له‌ناو بردنی کورد له‌ژێر ناوی پاراستنی سه‌روه‌ری و سنوری ئه‌و جوغرافیایه‌ی که کوردستانی دابه‌ش کردوه، دڵنیاتان ده‌که‌م کوردتان پێ له‌ناو ناچێ و دوا بستی خاکی کوردستانیشتان له‌ده‌ست ده‌ردهێنرێته‌وه.
بێده‌نگبوونی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی له هێرشی داگیرکه‌ران بۆسه‌ر کوردستان، هۆ کارێکه بۆ زیندوو کردنه‌وه‌ی هه‌ستی کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌وه له به‌رامبه‌ر کورد‌و رسوا کردنی سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه کوردیانه‌یه که خۆیان به شێری ماڵه‌وه‌و رێوی ده‌ره‌وه نیشان داوه.
ئه‌ی حیزبه ئیسلامیه‌کانی کوردستان، با به‌س بێ و به‌خه‌به‌ر وه‌رن، وه‌رنه ده‌ره‌وه له سه‌نگه‌ری هاو دینی ئه‌و بێدینه داگیرکه‌رانه، ده‌بینی وا 1400 ساله هه‌رسێک داگیرکه‌ری عه‌ره‌ب و تورک و فارس دین و ئه‌ڵاهو ئه‌کبه‌ره‌که‌ی تۆ به‌کار ده‌هێنن بۆ له‌ناو بردنی کورد‌و و داگیرکردنی خاک و نیشتمانت، ده وه‌ک قازی محه‌مه‌دو سه‌دان شێخ و مه‌لای کورده‌واری پێش‌و، دین و به‌رنامه‌که‌تان بکه‌نه شمشێری پاراستنی نه‌ته‌وه‌که‌تان و خاک و نیشتمانی خۆتان.
ئه‌ی گه‌لی کوردی خۆ راگر، نه‌ترسن، نه‌به‌زن، ده‌ست له کورد‌و کوردایه‌تی خۆتان هه‌ڵنه‌گرن، ئه‌و هێرشه دوا هێرشی تورکه‌و لێره‌وه رێگا خۆش ده‌بێ بۆ دابه‌ش بوونی هه‌موو وڵاته داگیرکه‌ره‌کان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی کوردستان.
له‌نده‌ن 25 – 2 – 2008
|