٤\١١\٢٠١٦
ئەرگەنەکۆن یا
فەتۆچی کامیان دوژمنێکی ئایدیاڵترن بۆ ئەردۆغان؟

هۆشیار
ئەوڕەحمان
لە راستیدا ئەردۆغان بە واڕسک سروشتێکی تاکرەوانەی هەیە، هەر بۆیە
هەمیشە پیویستی بەدوژمنێکی (وەهمی) هەیە، گەر بەیادەوەری خۆماندا
بچینەوە سەرانی ئاکپارتی لەساڵی ٢٠٠٢ دوژمنێکی وەهمی قیزەونیان بۆ
خۆیان دروست کردبو بەناوی ئەرگەنەکۆن ولەماوەی چەند ساڵێکدا زۆربەی
نەیارەکانی خۆیان لەناو سوپا ودامەزراوەکاندا پێ بەکێشی دادگاکان کرد
لەژیرناوی (دۆسیەی ئەرگەنەکۆن) دا... ئەم هەڵمەتەی ئاکپارتی لەنوێ
دەستگەیشتو بەدەسەلات سەرجەم جەنرالەکانی سوپای تورکی گرتەوە
بەخانەنشینکراوەکانیشەوە ، ئەوەب وبەشێک لەو جەنراڵانە کە پێشتر
پارێزبەندییان هەبو، تەنانەت گەڕەک وبولواری تایبەتی خۆیان هەبو تێکەڵی
خەڵکانی ئاسایی نەدەبون ناچار بەخۆکوشتن کران ... ئەم هەڵمەتە
رۆژنامەنوسان وسیاسەتمەدارانیشی گرتەوە دادگای تایبەتی بەدۆسیەی
ئەرگەنەکۆن لەهەر هەر (٨٢) ولایەتەکەی تورکیا کەوتەکار قەڵاچۆی بەشێکی
زۆری نەیارانی خۆیان پیکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی عەسکەر هێنا...
دادگاکانی دۆسیەی ئەرگەنەکۆن تا سالانی ٢٠١٢ کارابون، بەڵام
تاوانبارانی ئەو مەسەلەیە لەکورتیاندا، بۆیە ئەردۆغان دەگەرا بۆ
ئەلتەرناتیڤێکی باشتر وقەلەوتر، کە قەرەبوی هەڵەی تێوەگلانی لە شەڕی
سوریادا بۆ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئایدیاڵترین دوژمن بزوتنەوەی
خزمەتگوزاریە ، کەبەگولەنیەکان وئێستاش بەفەتۆچی ناوزەد دەکڕێن ئەو
دوژمنە وەهمیەن، کە ئەردۆغان دەمێک ساڵە عەوداڵێتی ... دەوڵەمەند و
سەلامەت... مێدیاکانی بەئاراستەی بەرجەستەکردنی ئەو دوژمنە فویان
پێداکرد لەماوەیەکی کورتدا دوژمنی زەرورەت قیتکرایەوە وهۆجا فەتحوڵاش
لە پەنسلڤانیا لە فیکەی خۆی تێگەیشت وزانیتی خوێندکارەکانی ئەربەکان
چاویان بڕیوەتە سەروەت وسامان وزانکۆ وخوندنگاکانی لە تورکیا ودەرەوەی
تورکیا... لە تورکیادا بانقی تایبەتی خۆیان هەبو خاوەندارێتیەکەی گۆرا
بەئاکپارتی وسەروەت و سامانی هەرکەسێکیش ، کەگومانی فەتۆچێتی لێبکرێت
سەروماڵی دەستی بەسەرداگیراوە و بۆتە موڵکی ئەردۆغانی موفتەخۆر... بەم
شێوەیەش توانییان کەمێک لەو بودجە ئاچوغە و کورتهێنانی سێکتەری
گەشتیاری پڕبکەنەوە... هەرچی تێچوی شەڕی سوریا وبەخێوکردنی (داعش) و
هێزەدەسەندەخۆرەکانیترە ئەوا عەرەبستانی سعودی ومیرنشینی قەتەر
گرتویانەتە ئەستۆی خۆیان، بەڵام هەڵە کوشندەکەی ئەردۆغان لە تێوەگلانی
لەگەڵ گروپەتیرۆرستیەکانی وڵاتانی شەڕگەی بەهاری تورکیای کردە (کاروانسەرای)
ئەم گروپە تیرۆرستانە و گەشتیارانی ئەوروپی و ئاسیایی ، کەساڵانە (٥٨)
ملیارد دۆلاریان دەکردە گەنجینەی حکومەتەکەی ئەردۆغانەوە لە سوڵتان
احمد کرانە ئامانج و تیرۆر کران ئیتر گەشتیار روی خۆی لە تورکیا
وەرگێرا بەرەو ئیسپانیا و ئیتاڵیا وئاسیای دوور، ئەمە جگە لەوەی
سەرمایەی بێگانەش سەرلەبەریان کۆچڕەویان کرد، چونکە سەرمایە پێویستی
بەژێماڵەیەکی ئارام وسەقامگیرە وتێگەیشتن ، کە ئیتر تورکیا ئەو وڵاتە
نیە، کە بە پارە ڕاوی پارەی تێدا بکرێت!
ئەردۆغان توانیوێتی عەقڵی نیوەی کۆمەڵگای تورکی بەجۆرێک مۆبیلیزە بکات
کە هەر نەهامەتیەک بەسەر تورکیادا هاتبێت ئەم دوژمنانە هۆکارەکەین
وخائینی گەل ونیشتمانن... ئەرگەنەکۆن هەر نەیسا ، کە هێشتا نیوەی خەڵکی
تورکیا خۆشیان نازانن ، کە ئەرگەنەکۆن چیە و بۆچی باشە و بۆ قیزەونە
وبۆ پیرۆزە ؟؟؟ بەڵام فەتحوڵا گولەن لەماوەیەکی کورتدا لە سوفیەکی
خواپەرستەوە کرایە شەریکی شەیتان وماسۆنیەت ... لە کاتێکدا گولەن پتر
لە (٥٠) کتێبی لەسەر ئیسلام وخواپەرستیدا نوسیوەتەوە وهەمیشە بانگەشەی
پێکەوە هەڵکردن و پێکەوەژیانی ئایینەکانی کردوە.
ڕێکخراوەنێودەوڵەتیەکانی داکۆکیکار لەمافی مرۆڤ و یەکێتی ئەوروپا تا
ئێستا پتر لە (٥٠٠) سکاڵای پێشێلکردنی مافی مرۆڤیان لاکۆبۆتەوە ، کە
تەنها دوای کۆدەتاکەی ١٥ ی تەموز لەلایەن پۆلیس وجەندرمە و
تیمەتایبەتەکانی ئەردۆغانەوە هێرشی کرابێتەسەر وماڵ وموڵکی تاڵانکرابێت
. هەر کەسێک گومانی فەتۆچێتی لێبکرێت ئەنفال دەکرێت ، خۆی بۆ زیندان
وماڵ وموڵکی دەستی بەسەردا دەگیرێت . بەسەدان هەزار مامۆستای
خوێندنگاکان ، بەهەزاران مامۆستای زانکۆ دەرکراون لەسەرکارەکانیان
دورخراونەتەوە ... مەسەلەی پاکردنەوەی ڕیزی سوپا لە فەتۆچیەکان هێشتا
زۆر بەچڕی درێژەی هەیە .
گەر لە روی سۆسیۆلۆژیەوە شیکاری بۆ رەفتاری ئەردۆغان بکەین ، کە چۆن
دەتوانی ئەم راستیانە لەبەرژەوەندی خۆی وپارتەکەی هەڵگێڕێتەوە دەگەینە
ئەو دەرەنجامەی ، کە ئەردۆغان توانیوێتی بەدو ڕێگە خۆی بسەپێنێت
متمانەی نیوەی خەڵکی تورکیاش بەدەست بهێنێت ئەویش یەکەمیان ئەردۆگان
لەهەشت ساڵی یەکەمی حوکمڕانیاندا ژیانیکی ئاساییان بۆ زۆربە فەراهەم
کردوە وئەوەی لە ئاکپارتی نزیک بۆتەوە پشکی بەرکەوتوە وبەپارتەکەوە
نوساوە لە گوندیەوە بۆتە شارستانی وخاوەن کارێک لەکارگەیەک، ئەوەی
لەگەڵیشی نیە بەفشارەوە ژیانی پێ دەباتە سەر بەتایبەتی ، ئەگەر تورک
نەبێت . هەژمونی ئاکپارتیش بەو ئاراستەیە کاردەکات، کەبە تاکی کۆمەڵگا
دەڵێ ئەوەی لەگەڵ ئاکپارتی نەبێت داهاتوی ژیانی نادیار دەبێت .
ئەردۆغان وەکو دیارترین سیاسەتمەدار و سەرکردەی ئیسلامی سیاسی، یەکێکە
لەناودارترین کەسایەتیەک ، کە توانیبێتی (دین) وەبەرهەمبێنێت و دین (استثمار)
کات بۆ ئامانجە سیاسیەکانی دەسەڵاتەکەی خۆی... ماوەیەکی زۆر لە
فەلەستین منداڵانی( غەزە) ی کردبوە سیمبۆڵ ویاری بەهەست وسۆزی
موسڵمانان دەکرد وئێستاش لەکولەگەی تەڕیشدا ناوی غەزە ناهێنێت ...
ئیسرائیل بەسودترە لە منداڵانی غەزە... بەنیسبەت دوژمنە وەهمیەکانیشەوە
لە ڕێگەی دینەوە کەوتۆتە وێزەیان لە دۆخی هەردو دوژمنە وەهمیەکەدا کەسی
تاوانبار بێ دینە و مولحیدە ، بەتایبەتی ئەرگەنەکۆنچیەکان ، گوایا
زۆربەیان کەمالیست و عەلمانین...
لێرەدا هەرچی کورد و پارتە سیاسیەکانێتی بە دوژمنی دیار و راستەقینە
وهەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورک دێتە ژماردن ، بەڵام
بە پێچەوانەی دو دوژمنە وەهمیەکەیەوە کورد و پارتەسیاسیەکانی دوژمنێکی
بێ کەڵک وسەرسەختن بۆ تورکیا ، چونکە ئەردۆغان ناتوانێ وەکو ئەرگەنەکۆن
وفەتۆچیەکان بۆ بەرژەوەندییەکانی چۆنی بوێ بەو شێوەیە هەڵیسوڕێنێت، کە
خۆی دەیەوێت ...جگە لەوە پەکەکە و پارتەسیاسیەکانی (هەدەپە ) و( دەبەپە)
و( هەدەکە) و(دەتەکە) و(ئەمەک) دۆست و پەیوەندی نێودەوڵەتی و قولایی
نەتەوەیی خۆیان هەیە لەباکور و رۆژهەڵات ورۆژئاوا و باشور... شەڕکردنیش
لەگەڵ پەکەکە شەڕێکی پڕ تێچو دەبێ ... جاران ناتۆ فیشەک و قەوانی شەڕی
سوپای تورکی لەگەڵ هێزەچەکدارەکەی پەکەکە دا (هەپەگە) دا قەرەبو
دەکردەوە ، بەڵام ماوەی ١٣ ساڵە تورکیا وەکو ئەندامێکی بوندی ناتۆ هیچ
ئەرکێکی ئەندامیتی خۆی لە ڕیزەکانی ناتۆ دا بەجێنەهێناوە ، جگە
لەناردنی گروپیکی بچکۆلە بۆ ئەفغانستان ، کە ئەویش بۆ پاراستنی قەومی (هەزارە)
یە کەبەڕچەڵک گوایە تورکن !!!
فاکتەری دورکەوتنەوەی تورکیا لە ئەوروپا و ئەمەریکاش پەیوەندی
راستەوخۆی بەسروشتی ئەردۆغان و پارتەکەیەوە هەیە، کەلە بنچینەدا دژە
ئەمەریکایی و رۆژئاوان... شوێنی شیاو و ژێماڵەی راستەقینەی تورکیا ،ئەوەی
ئێستایەتی میحوەری سونی بەسەرۆکایەتی عەرەبستانی سعودی، تورکیا ناتوانێ
لەم هاوپەیمانانەی داببڕێت.
سەبارەت بە ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپاش تورکیا دەمێکە نائومێدبوە لەبونە
ئەندامی خۆی لە نێوئەو یەکێتیە کۆنفدرالیەدا. تورکیا هەمو تواناکانی
خۆی بەو ئاراستەیە تاودا ، کە ببێتە ئەندام، هەر ڕیفۆرم وچاکسازی
وکرانەوەی دێمۆکراتیش گەڵاڵەبوبێت لە رابوردودا ،هەر لەو پێناوەدا بوە
بەپرۆسەی ئاشتیشەوە لەگەڵ کورد دا. ئەگەینا لە راستیدا حکومەتی
ئاکپارتی بەسروشت سیکڵدانە و حەوسەڵەی دێمۆکراتیەتی نیە ، هەر بۆیە
ئەردۆغان زۆر پەلەدەکەن لە ئەنجامدانی ڕیفراندومیک بۆ پەڕینەوە بەرەو (سیستەمی
سەرۆکایەتی جۆری تورکی) ، کە بەنیازن لەناو ساڵی ٢٠١٧ هەڵبژاردنێکی
پێشوەختی لەهاوینی داهاتودا بەڕێوەبچێت ولەو هەڵبژاردنەدا پارتەکانی
هەدەپە ومەهەپە لەمپەڕی لە ١٠% تێنەپەڕێنن و لەو دۆخەشدا ئاکپارتی
سیستەمەکە تێدەپەڕێنێت، ئەگەرچی ئێستاش وڵاتەکە هەر وەکو ئەوە وایە ،کە
سیستەمەکە سەرۆکایەتی بێت ،چونکە بە پراکتیک سەرۆکایەتیە ، تەنها
هەموارکردنەوەی دەستورەکەی ١٩٢٣ ماوە . سیاسەتی پەلاماردان وکاولکردنی
زیدی کوردان وڕاوەدونانی پەڕلەمانتارانی هەدەپە وڕەشبگیری سەرۆک
شارەوانیەکانی باکور هەر هەمو لەپێناوی ڕێگە خۆشکردنە بۆ گۆڕینی
سیستەمی پەڕلەمانی بۆ سەرۆکایەتی..، بەکوردی بەکورتی ئەردۆغان بەهیچ
شێوەیەک بون وشەرعیەتی کوردی پێ قەبوڵ ناکرێت لەپەڕلەمان و
شارەوانیەکان... هەر وەکو لە پێشەوە باسمان کرد ئەردۆگان ناهێڵێت
جارێکیتر نوێنەرانی کورد هەناسەیەکی ئازادی هەڵبکێشن وبڕگەیاسای
جیاجیای بۆلێپرسینەوە ودادگاییکردنیان داهێناوە وڕاوەدونانی
پەڕلەمانتاران وسەرۆک شارەوانیەکان درێژەی دەبێت ، چونکە لەنەزەری
ئەردۆغاندا ئەوانیش درێژکراوەی پەکەکەن ویاسای قەڵاچۆکردنی تیرۆر
دەیانگرێتەوە.
ماڵپەڕی هۆشیار
ئەوڕەحمان
|