په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٩\٢٠١٣

ئەرک و ئەگەرەکانی پاش هەڵبژاردن.

پشکۆ نەجمەدین    


هەڵبژاردن، تەنیا ڕەگەزێک یاخود خەسڵەتێکی پرۆسەی دیموکراسییە و ناکرێت هەمیشە و لە هەموو زەوینە و زەمانێکدا، وەکوو دنگەیەک بۆ ڕۆنانی دیموکراتی و گۆڕینی سیستەمی سیاسی، چاوی لێ بکرێت.


لە کوردستاندا، ساڵێک پاش ڕاپەڕین، خەڵکی کورد بە هەڵبژاردن ئاشنا بوون و بە کردەوە و بۆ یەکەمجار، لە ڕێگای بەکاربردنی مافی دەنگدانەوە (کە مافێکی سروشتیی هەموو مرۆڤەکانە)، ئەنجوومەنی نیشتمانییان دامەزراند.


لە سۆنگەی نامۆییی کۆمەڵ و هێزە سیاسییەکانی بە کەلتووری دیموکراتی و پرۆسەی هەڵبژاردن لە کوردستاندا، نەبوونی لێبووردەیی و یەکتر قبووڵکردن لە ئەقڵی سیاسیی هێزە کوردییەکاندا، یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان، جگە لە تەوافوقێک بۆ دابەشکردنی پەنجا بە پەنجای کورسییەکان، ئەنجامێکی سروشتیی دیموکراتیی لێ نەکەوتەوە.


حوکمڕانیی نیو بە نیوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستان، دوو ساڵێک زیاتری نەخایاند و کارەساتی لێ کەوتەوە!


شەڕی نێوخۆ، ئاسەواری پرۆسەی هەڵبژاردنی لە کوردستاندا بۆ ماوەی13 ساڵ نابووت کرد. نائامەدەییی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی زەمەنیدا، نەیتوانی سیستێمێکی سیاسی و حکومەتێکی یەکگرتوو و تەندروستمان بۆ دابمەزرێنێت و ئێستاش و پاشی هەڵبژاردنی ساڵی 2009ش، ئەگەرچی فەزایەکی ئاوەڵاتری دیموکراتی و ئازادیی سیاسی لە کوردستاندا هەیە، بەڵام هێشتا نە حکومەتێکی بە نێوڕۆک تەندروست و یەکگرتوومان هەیە و نە پرۆسەیەکی سیاسیی ساغڵەم و لەخەمڕەخسیو.


گرفت و تەنگژە جددییەکانی نێوان ‌دوو هێزی حوکمڕان لەلایەکەوە و نێوانی ئەوان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەلایەکی دیکەوە، لەمپەری نووسینەوە و خستنە ڕیفرەندۆمی دەستوورێکی گەلپەسەند بوون.


ئەم ڕۆژانەی دەگوزەرێن، زەمەنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستانن. هەڵبژاردنی ئەمساڵ، پێ ناچێت تەنیا هەڵبژاردن و کێبەرکێیەکی ئاساییی نێوان حیزبە کوردستانییەکان و لیستەکانیان بێت، هێندەی بە دەستپێکی کردنەوەی دەروازەیەک دەچێت بۆ ئاوەڵابوونی فەزای گەمەیەکی سیاسی کە دەشێت نەخشەی سیاسی و باڵانسی هێز لە ئەنجوومەنی داهاتوو و لە حکومەتی چاوەڕوانکراوی نوێشدا بگوڕێت.


بانگەشەی هەڵبژاردن، وێڕای خەسڵەتی ناشارستانەتی و میتۆدی دواکەوتووانەی جێبەجێکردنی و هەندەک ڕووداوی نەخوازراو و بە توندوتیژی بارگاوی، دیسانیش بەرچاوڕوونییەکمان بۆ ئەگەرەکانی زەمەنی پاش خۆی پێ دەدات، کە نەخشەیەکی سیاسیی جیاوازترمان بۆ دەسەڵاتی ئاییندە پێ دەبەخشێ و دەرکەیەکمان لەبەردەم ئاسۆی گۆڕانکارییەکاندا بۆ دەکاتەوە.


هەڵبژاردنی ئەمجار و ئەوەی کە سەرپاکی هێزە گەورە و بزێوە سیاسییەکان، سەربەخۆ و جیا بەشداری ئەم گەمە دیموکراتییە دەکەن، یەگڕەنگیی سیاسی دەبەزێنن و چەپکەگوڵی ململانێ و پێکەوەژیان دەکەنە سەرمەشقی ئەزموونێکی نوێی سیاسی، هیوایەک بۆ نابووتکردنی هەژموونگەراییی ئەم یان ئەو لایەن دەژیێننەوە!


هەڵبژاردنی گشتی، ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٣ بەڕێوە دەچێت، کام لیست براوەی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەن دەبێ، گرنگییەکی زۆری نییە.


خەسڵەتی گرنگ لەم هەڵبژاردنەدا، نییەت و نیازی هێزەکانە بۆ سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەستەڵات لە حکومەتی ئاییندەدا و مەییلێکی دیار و پەرۆشییەکی بەرچاوی بەشێکی زۆری هێزەکانە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستێمی دەسەڵات و حوکمڕانییە لە کوردستاندا. ئاگێندای بەشێکی زۆر لە لیستەکان و لەپشت ئەوانیشەوە حیزبەکانیان؛ گۆڕانکاریی قووڵ و ڕیشەیییە لە سیستێمی بەڕێوەبردندا و هەوڵدانە بۆ تەنگکردنەوەی بازنەی هەژموونگەرایی و قۆرخکردنی جومگە سەرەکییەکانی دەستەڵات، کۆکردنەوە و خستنەگەڕی هێزی فشارە بۆ کاراکردنی ئەو بیرۆکە و تێروانینانەی کە لە بواری پراکتیکی کاری سیاسیدا، قۆناغی ناتەندروستی حوکمڕانی قوفڵ بدەن و سەرەتایەک بۆ دەورانێکی نوێ لە پرۆسەی دیموکراتیدا بڕەخسێنن.


هیچ حیزب و لایەنێک، زۆرینەیەکی هیندە زۆر ناباتەوە، کە بە تەنیا مافی دامەزراندنی حکومەتی هەبێت. حکومەتێکی بنکەفراوانی هاوبەش و ڕەنگاوڕەنگ، دەشێ یەکێک لە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە بێت.


پەرلەمانی هەڵبژێردراو، موزاییکێکی ڕەنگینتر دەبێت و گرووپەکانی فشار، ئەگەر ململانێ تایبەت و حیزبییەکانیان تێپەڕێنن، دەتوانن پرۆسەی گۆڕانکارییەکی جددی وە ڕێ بخەن بۆ:


گێڕانەوەی پرۆژەی دەستوور بۆ پەرلەمان و هەموارکردنەوەی بە مەبەستی تێپەڕاندنی پارادۆکسی سیستێمی دەسەڵات و جێهێشتنی ئەو تێکڵاوییە نەخوازراوەی نێوان شێوازی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە سیستێمی سیاسیدا.
هەوڵدان بۆ جێخستنی سیستێمێکی پەرلەمانیی دیموکراتی لە کوردستاندا کە لەوێدا؛ سەرۆک هەڵببژێردرێت، دەستەڵاتەکانی بە یاسا کەم بکرێنەوە و دیاری بکرێن، هەژموون و هەیمەنەی سەرۆک بەسەر کۆی دەسگاکانەوە کاڵ بکرێنەوە.
سیستێمێکی پەرلەمانی کە هەموو دەستەڵاتدارانی هەرێم (بە سەرۆکیشەوە) لەبەردەم هێزی یاساییی ئەو دامەزراوە شەرعییەدا بەرپرسیار بن و لێیان بپرسرێتەوە.
یەکخستنەوەی حکومەت و سڕینەوەی شوێنەواری دووئیدارەیی و بە کردەوە بەزاندنی سنوورەکانی زۆنی سەوز و زەرد لە حکومڕانیدا، دەشێ یەکێک لە ئەرک و ئۆباڵە هەرە گرنگەکانی ئەنجوومەنی نوێ بێت.
بەدامودەسگاییکردنی جومگەکانی دەستەڵات و یاساریژکردن و چاودێریکردنی دەسەڵاتی دەستەڵاتداران، لە جومگەی سەرۆکەوە بۆ خوارترین پۆست، دیاردەیەکە هێشتا بوونی نییە و بێ خولقاندن و جێخستنی ئەم ئەرکەش، پرۆسەی حوکڕانی لە کوردستاندا، لەم پاشاگەردانییەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ڕزگاری نابێت.
هێشتا چەند هێزێک و گوڕوتینێک بۆ دامەزراندنی حکومەتی هاووڵات، کۆمەڵی خۆشگوزەران و دابینکردنی دادی کۆمەڵایەتی هەن. داخۆ ئەو هێزانە لە ئەنجومەن و دەورانی نوێدا، چۆن دەتوانن هێزی کارای خولقاندنی گۆڕانکارییەکان بن؟


ئەرکەکانی ئەنجوومەنی نوێی هەڵبژێردراو سەختن و چاوەڕوانییەکانیش فرەن!


٢٠\٩\٢٠١٣
ماڵپەڕی پشکۆ نەجمەدین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک