په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٣\٢٠١٩

ئەرسەلان دەروێش مێژوی کورد دەباتە پاریس.

کامەران ئەلیاس    


زۆر جار لەھەر تابلۆیەکی ھونەرمەندانی شێوەکاردا (سەرەتا، کۆتایی، جوڵە، رووناکی، سینۆگرافیا، ململانێ، رەنگ، کەسایەتی، دیالۆگ..) بەدیدەکرێت بە تایبەتی لە تابلۆکانی واقعیدا ھەر بۆیە لە کاتی سەردان کردنم بۆ زۆربەی پیشانگای ھاورێیە شێوەکارانم دا ئەم حاڵەتە بە روونی دەبینم بۆیە لەو دەفتەرەی کە بۆ را و تێبینیەکان لە ھەموو پیشانگایەک دانراوە من یەکێک لە راو سەرنجەکانم دوای سەیرکردنی تابلۆکان بۆ ھونەرمەندەکە دەنووسم کە لە ھەر تابلۆیەک شانۆگەرییەکم بینی کە پڕە لە ململانێ، سینۆگرافیا، رەنگ، روناکی.. چونکە وەکو دەقێکی شانۆیی سەیری تابلۆکان دەکەم، ھەر تابلۆیەک چەندین بابەتی سەرەکی و لاوەکی لە خۆ دەگرێت.

لە شانۆگەری " تاریکتر لە شەوە زەنگ" لە نووسینی (دکتۆر دڵشاد مستەفا) و دەرھێنانی ھونەرمەند (ئەرسەلان دەروێش) من زۆربەی دەقەکانی نووسەر دکتۆر دڵشاد مستەفام خوێندۆتەوە یەکێک لە سیفەتەکانی دەقەکەکانی ئەم نووسەرە ئەوەیە تا رادەیەکی زۆر بناماکانی بونیادی دەقەکانی لەئاست دەقی جیھانین بەتایبەتی لە رووی ھەرەمی دەق (سەرەتا، ململانێ، لوتکە، چارەسەر، کۆتایی).

لە دەقی " تاریکتر لەشەوە زەنگ" نووسەر لە رێگەی ھونەرمەندێکی شێوەکار کەخەریکی نیگاری تابلۆیەکە بۆ ئەوەی بەو تابلۆیە بەشداری پیشانگایەک بێت لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە نێو ئەو تابلۆیە چەندین بابەت ،روداو ، کەسایەتی.. بەشێوەیەکی زیندوو دەردەکەون دەبنە ھێلی سەرەکی گقتۆگۆ لەگەڵ نیگار کێشە ھونەرمەندەکە،نووسەر زۆر بە وردی باس لە مێژوی و پرسی کورد (خەبات ، شۆرش ، نەھامەتی ، مەرگەسات ، جینۆساید ، ئەنفال ، ھەڵبجە و کیما ، خیانەت ، ئابرووی ھتکراو ، نیشتمانی پارچە پارچەکراو..) دەکات بێگومان لایەنی کۆمەڵایەتیش وەکو توندتیژی دژی ئافرەتان و باوک سالاری پشکی خۆی ھەبوو، خاڵێکی تری نووسەر ھەردەم ترۆپکی بابەتەکان یان چیرۆکەکان پەیوەست بووە بە دۆزی گەلەکەی بەواتایەکی تر خوێنەر یا خود بینەر بابەتەکانی نووسەری لەلا نامۆ نیین و خۆی تیا دەبینێتەوە و زۆر نزیکە لە ناسۆرییەکانی بەتایبەتی کێشەی نەتەوایەتی ئەمەش خاڵێکی گرنگی سەرکەوتنی دەقەکانی نووسەرە نابێ زمانی نووسینیش لە بیر بکەین کەھەم سادەیە ھەمیش زمانێکی پاراوە.

دەرھێنەر زۆر زیتەڵەنە و زۆر بەوریایی لە رێگەی تابلۆیەکی شێوەکاری زیندوو کاری لە سەر دەقەکە کردبوو کە گوزارشتی لە چەندین لایەنی دۆزی مێژووی نەتەوەکەمانی دەکرد بە تایبەتی ئەو نەھامەتییانەی کە لە رابردوو بەسەر کورد ھاتوون ئەوەی زۆر گرنگیش بوو ئەرسلان دەروێش ئەو ھەموو رووداو مەرگەساتانەی کورد بەدیقەتەوە بەزەمەنی ئێستا بەستۆتەوە بەتایبەتی لەگەڵ نەوەی ئێستای سەرکێش و یاخی...

دەتوانین بڵێین دەرھێنەر، دوو ھاوکێشەی ھاوتەریب و ھاوسەنگ (فکری و جوانناسی ) بەرجەستەکردبوو بەتایبەتی کێشەی کورد لەسەر ھەردوو ئاست وەکو نەتەوە و وەکو تاک بۆنموونە یاخی بوونی گەنج و کۆچکردنی تاکی کورد لەو دەقەدا بوونی ھەبوو بە جۆرێک مەبەستی سەرەکی بریتی بوو لە بەئاگاھاتنی تاکی کورد تا سیاسیەکانیش بە تایبەتی لەو گۆرانکاریانەی کە ئێستا لە دەوری بەری کوردستان و ناوچەکە ھەن.

دەرھێنەر سەرکەوتوونانە کاری لەسەر پرۆسەی دەرھێنان کردبوو ،ئەوەی زۆر سەرنجی منیش راکێشا ئەو رەھەندە شانۆییە بوو کە لەسەر شانۆ لەرێگای بەکارھێنانی موزیکی وێنەیی و رووناکییەکی گونجاو تا ئەو رادەیەی بینەر ھەستی بە چەندین رەھای فەلسەفی و ئیستاتیکی دەکردزۆر جار جوڵەی تابلۆیەکە وەکو گوزارشتێک لە دیالۆکەکان چێژی بە بینەران دەبەخشی چونکە ریتمی نمایشەکە دوور بوو لە ھات ھاوار.

بابەتێکی زۆر گرنگ و گەرم بەڵام ھێمن ئارام دەگەیشتە بینەران بە بۆچوونی خۆم ئەمەش ھۆکار بوو بۆ ئەوەی بینەر کپ وبێدەنگ بێت بەسەلیقەوە لەگەڵ کەش وھەوای شانۆگەرییەکە بێت بەبێ ئەوەی تووشی وەرز بوون بێت، ئەوەش بۆ خوێندنەوەی معریفی دەرھێنەر دەگەرێتەوە کە توانی بووی بەجوانی ئەوەی لە ھزروفکری خۆی ھەیبوو بە خوێندەیەکی دەقی نمایش بۆمان بەرجەستە بکات .

ھیچ گومانی تێدانیە ئەکتەری باش ئەرکی دەرھێنەر ئاسانتر دەکات بەواتایەکی تر ئەگەر ئەکتەری باش لە ژێردەستی ھەر دەرھێنەرێک بێت چەمک و خواستی دەرھێنەر باشتر دەکات بۆیە ئەرسلان دەروێش بۆ گەیاندی پەیامەکەی سوودێکی باشی لە توانستی ھەرسێ ھونەرمەند (بەھەمەن حاجی ، پشکۆ شێخ عەلی ، رۆزە فەرھاد) ھاوکارێکی باش بوون بۆ ئەوەی ھەرسێ ئەکتەر لە رێگەی توانستی دەرھێنەر لەم نمایشەدا زۆر جیاواز بن بەتایبەتی لە رووی دەنگ و جوڵە و ئاماژەکان وە بەتایبەتیش رۆزە خان (پەری) کە لەگەڵ زۆ بەی نواندنەکانی رابردووی جیاواز بوو بێگومان مەبەست لێرەدا ئەوە نییە نواندنەکانی رابردووی وەک پێویست نەبووە لەوانەیە رۆڵەکەی لەم شانۆگەرییەدا وای خواستبێت کە کارکتەرێکی ھێمن و ئارام بێت من بۆخۆم یەکەمین جارە ئەم جۆرە نواندنەی بەرێزیان ببینم.
ناکرێت باس لە رۆڵی ھەردوو ئەکتەری بەتوانا (بەھمەن حاجی و پشکۆ عەلی) خاوە توانستێکی زۆرن بەتایبەتی لە رووی نواندن و دەموودوو چونکە دەنگی شانۆیین توانیان ئەوەی دەرھێنەر مەبەستی بوو بگەینیە بینەران بەلڵام من پێم باش ئەو رۆڵەی درا بوو بە پشکۆ(خانی لەپ زێڕین ) بەھمن حاجی بەرجەستەکرا بە پێچەوانەش رۆڵی گەنجەکەی یاخی (بەھمەن حاجی) پشکۆ علی بەرجەستەکردبا ئەوە بۆچوونی خۆمە چونکە ھەردوو ئەکتەرەکە لە نزیکەوە بە دەنگ و ئاماژە و جوڵە و نواندنیان زۆر باش ئاشنام.. نابێ رۆڵی ئەکتەرەکانی ناو تابلۆیەکە لە بیر بکەین راستە دیالۆگیان نەبوو بەڵام جوڵە و ھێماکانیان زۆر جوان بەشێوەیکی ئیستاتیکی بەرجەستە دەکرد بەتایبەتی ھەندێ جوڵەی جێگیر چونکە ھەندێ لە جوڵەکان پێوستی بە وزەیەکی زۆر ھەبوو ئەوانیش سەرکەوتوو بوون لە ھەموو نمایشێکدا (دیکۆر ،جلوبەرگ ، روونکی ، میوزیک ، مەکیاژ) ھاوکاری ئەکتەر بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان و سەرکەوتنی نمایشەکە، لەم نماشەدا مەکیاژ بەووردی کرا بۆ کرابوو دەست خۆشی لە ستاڤی ئەم شانۆگەرییە دەکەم بەھیوای بەردەوامی.

شانۆگەری" تاریکتر لە شەوە زەنگ" بەرەھەمی بەرێوەبەرایەتی ھونەری شانۆی ھەولێر و تیپی شانۆی سالار بوو لە رۆژانی ٢٧/٢٨/٢٩/١٢/٢٠١٨ لە ھەولێر نمایش کرا.
 

 

kamaranrawandzi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک