په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٢

ئەرسەلان رەحمان: پەیەدە و پەکەکە بە مەترسیی ھاوبەش دەزانن.


دیاری محەمەد       


لە لێدوانێکیدا رۆژنامەنووس و مامۆستا ئەرسەلان رەحمان ئاماژە بە پیلانەکانی تورکیا لەدژی گەلی کورد دەکات و دەڵێت تورکیا بۆ پاکتاوکردنی ھێزی کورد پەنای بۆ ھەموو شتێک برد، نەیتوانی بە ئەنجام بگات، ئێستا بەدوای پیلانی نوێوەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا بۆ ANF ئەرسەلان رەحمان دەڵێت:"لەدوای سەردانی چاوەڕواننەکراو و بە پەلەیدا بۆ ھەرێمی کوردستان داود ئۆغڵۆ توانی بارزانی ناچار بە رێککەوتنێک بکات کە لە مەودای دوور و نزیکدا بە زیان بۆ رەوشی کورد لە سوریا ئەنجام گەلێک بدات بە دەستەوە." .

ئەردۆغان بە پیلانی نوێ دەیەوێت شکستی تورکیای سەردەمی ئەکەپە بشارێتەوە.


ئەرسەلان رەحمان ڕۆژنامەنووس و مامۆستا دەستنیشانی دەکات کە ئەردۆغان و تورکیای سەردەمی پارتەکەی ئەردۆغان لەبەرامبەر بە ھێزی کورد دا شکستیان ھێناوە و لە ئێستادا تورکیا لە ھەوڵی خۆ قوتارکردندایە و دەڵێت:"تورکیای سەردەمی ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدان دوای شکستی سیاسەتەکانی لە ھەمبەر چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە و شکاندنی ھێزی گەریلا لە رووی سەربازییەوە، گەمارۆدانی قەندیل، پەلامارە ئاسمانییەکانی، ھەوڵەکانی بۆ بێدەنگکردنی کورد لە باکووری کوردستان، ئێستا بە ھاوکاری ھەندێک ھێزی ناوچەکە سەرقاڵی پیلانگێڕییەکی نوێیە بۆ ئەوەی پرسی پەکەکە و کێشەی کورد لە ناوخۆی تورکیا بگوازێتەوە بۆ سوریا و بە ھێزە کوردیەکانی ناوچەکە شەرێکی سیاسی لەگەڵ پەکەکەدا بەڕێوە دەبات.".

پەیەدە وەڵامی تورکیای دایەوە.

بەردەوام دەبێت لەسەر نرخاندنەکانی و دەڵێت:"لە سەرەتای قەیرانی سوریادا، تورکیا ھەموو ھەوڵێکی خستەگەر بۆ ئەوەی کوردانی خۆرئاوا لە مافە بنەرەتییەکانیان لە پەیمانی نوێی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا بێبەش بکات و وەک ھەموو لایەک ئاگادارن یەکەم ھەولی تورکیا کۆکردنەوەی بەرھەلستکارانی سوریا و کۆبوونەوەیان بوو لە تورکیا، بەڵام ئەو ئەنجومەنەی تورکیا دەستی لە پشت ئەدا وێڕای ئەوەی نەیتوانی ھیچ ئەرزشێکی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی لە خۆرئاوای کوردستان ھەبێت، بەو ئەندازەیەش لە لایەن جەماوەری کورد و تەڤگەڕەکەیەوە وەڵام درایەوە و لەسەر ئەرزی واقیع ھێزی راستەقینەی کورد کە خۆی لە پەیەدە دەبینێتەوە چالاکانە ھاتە مەیدانەکەوە.".

داودۆغڵو و بارزانی رێکەوتوون.


ئەرسەلان ئەوەش دەستنیشان دەکات لە دوا سەردانی چاوەڕواننەکراو و بە پەلەیدا بۆ ھەرێمی کوردستان داوود ئۆغڵۆ توانی بارزانی ناچار بە رێککەوتنێک بکات کە لە مەودای دوور و نزیکدا بە زیان بۆ رەوشی کورد لە سوریا ئەنجام گەلێک دەدات بە دەستەوە و دەڵێت:"با سەیری رێکەوتنەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆکی ھەرێمی باشووری کوردستان بکەین بزانیین ئەو دوو لایەنە لەسەر چی رێککەوتوون. ئەوان لە راگەیەندراوی رۆژنامەوانی رێککەوتنەکەدا وتویانە:(ھەر ھەوڵێک بۆ قۆستنەوەی بۆشایی دەسەڵات لەلایەن ھەر گروپ و رێکخراوێکی توندوتیژەوە بەھەڕەشەی ھاوبەش دادەنرێ و پێویستە بەھاوبەشی چارەسەر بکرێ)." وتیشی:"کەواتە (رێکخراوی توندوتیژ) کێیە، مەبەست لە چییە، ئایا تورکیا و پارتی چەکدارە ئیسلامییەکانی (سوپای ئازاد) یان مەبەستە یاخود گەریلاکانی پەکەکە و یەکینە رێکخراوەکانی پەیەدە..؟ ئەم پرسیارە حەقە ئەو دوولایەنەی رێککەوتنەکە وەڵامی بدەنەوە، بەڵام روونە ئەوان مەبەستییان کێیە؟".

ئەرسەلان سەرنجێک بۆلای خاڵێکی تری گرنگ رادەکێشێت و دەڵێت:" بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامە رۆژنامەوانییەی بارزانی و داودئۆغڵۆ ھەقە ھێڵی سووری بەژێردا بھێنرێت کە دەڵێ: (پێویستە سوریای نوێ لە ھەر گرووپ یا رێکخراوێکی توندڕەو خاڵی بێت و ھەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامی راوێژکردن و ھاریکاری بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دابێت).

ھەردوولا پەیەدە و پەکەکە بە مەترسیی ھاوبەش دەزانن.


ئەرسەلان رەحمان دەستنیشانیشی دەکات کە ئەگەر لەو روانگەیەی سەرەوەوە تەماشای ئەو رووداوانە بکرێت ئەوا دیارە تورکیا بە پلەی یەکەم پەکەکە و پەیەدە بە مەترسیی بۆسەر خۆی دەزانێ و دەڵێت:"بەم پێودانگە بێت؛ ئەوان بەیەکەوە ھاوڕان کە پەیەدە و پەکەکە مەترسیی ھاوبەشن و دەبێت بە ھاوبەشی ھەوڵی لەناوبردنی بدەن، ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی دەستووری ئێراق و یاسا کار پێکراوەکان ھەرێمی کوردستان مافی ئەوەی نییە، یەکلایەنە رێککەوتنی ئەمنی و سیاسیی تایبەت بە وڵاتانی دراوسێ و دەستوەردانە کاروباری ناوخۆیانەوە لەگەڵ ھیچ وڵاتێک ئیمزا بکات، چونکە سیاسەتی دەرەکی ئێراق لە بەغداوە نەخشە دەکێشرێت نەک لە ھەرێم و پارێزگاکاندا. کەواتە ئەم رێککەوتنە سیاسییە کە رەنگە سەر بکێشێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش دژ بە (مەترسییەکان) چ مانایەکی ھەیە؟ ".

نابێ ھیچ کەسێک بە پشتیوانی تورکیا بکرێتە نوێنەری کورد.


لەکۆتایی لێدوانەکەیدا ئەرسەلان رەحمانی رۆژنامەنووسی و مامۆستای پەیمانگا ئاماژە بە پێگەی عەبدولباست سەیدا دەکات و دەستنیشانی دەکات کە ھەر ھێز و کەس و لایەنێک بە ھاوکاری تورکیا ببێتە نوێنەری کورد، بەھیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ئەنجامی باشی لێ ناکرێت، ئاماژە بەوەش دەدات کە ھیچ کەس و لایەنێک کارئاسانی بۆ ھێزە دەرەکییەکان نەکات تا دەست لە رۆژئاوای کوردستان وەربدات و دەڵێت:"باشترین شتێک لە ئێستادا سەرجەم لایەنەکان و بەتایبەتیش سەرۆکی ھەرێمی باشوری کوردستان بۆ کوردانی خۆرئاوای بکات ئەوەیە نە رێگە بدات وڵاتێکی وەک تورکیا دەستوەربداتە کاروباری ناوخۆیانەوە و نە خۆیشی ببێتە ئامرازێک بۆ ئەوەی تورکیا دەست لە کاروباری ناوخۆی کوردانی خۆرئاوا وەربدات، پێویستە گەلی کورد لە خۆرئاوا خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و خۆیان ئەو نوێنەرانە بکەنە دەمڕاستی خۆیان کە ھی راستەقینەی جەماوەریین و شەرعیەتی نەتەوەیی و شۆرشگێرییان ھەیە و ھیچ کەس و لایەنێکی دیکە کە ئەرزشی لای کوردان نییە، نابێت بکرێتە نوێنەری کورد و بە ناوی خواستی جەماوەرییەوە قسە بکات.".

 

 

ھەولێر

diaryzana@ymail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌ران