٣\٧\٢٠١٠
عەشق.

هیوا رەش
عەشق : ئەو ڕوحە پاکەیە کە لە کانیاوى ناخەوە قوڵپ ئەدات و ئەڕژێتە
ڕووبارى خەڵوەتەوە و زەمینى ژیان پاراو ئەکات و باخى تەمەن بە گوڵ و
پەپولە و مەلى خۆشخوان ئەلاوێنێتەوە و دنیایەکى گەلێک ، لە بەهەشتى کەس
نەدیوى باس لێکراوى لێ دێتە بەرهەم ، کە ڕۆژانە ملیۆنەها خەڵک بە
یەخسیرى لە کڕنوشدان و ئەژنۆى بۆ ئەکوتن تا پێى بگەن .
عەشق : ووشەیەکە نیە لەو جوانتر ، ئاوازێکە نیە لەو سازتر ، ئاوێتەیەکە
لە تێکەڵ بوونى دڵەکان و زۆر جار و زۆر دڵ لە پێناویدا لە ترپە ئەکەون
و زۆر جەستەشى بۆ ئەبنە تەنێکى سارد و سڕى بێ جووڵە .
عەشق : پڕە لە ڕێژنەى ماچى خودایى و سادەیى هەست و پاکیى ویژدان .
عەشق : خەڵوەتگەیەکە جێگاى هەموومانى تێدا ئەبێتەوە و میهرەبانە وەکو
دایک و خۆشەویستە وەکو جگەرگۆشە و بە ویقارە وەکو فریشتە .
عەشق : بە دوورە لە درۆ و بوختان و کەڵبە و چڕنوک و یەکتر بڕین .
عەشق : ئەڵتارى پەرستگایەکە کە بە بە بانگۆزى دڵ جاڕى خۆشەویستى لە
بڵندگۆى ئەوینەوە تێکەڵ بە وەشت و سروەى بەیان ئەکات و سییەکان لە
ناپاکى و بەدگومانى ئەشواتەوە .
عەشق : بورکانى گڕگرتووى نەستە و دوو جەستە لە ناو یەکدا ئەتوێنێتەوە و
لە خیزەى هەناسەى یەکتر ئاگاداریان ئەکاتەوە و بێ یەک دى ، نەئەزانن
خەندە بخەنە لێوان و نە ئەتوانن ماچ بکەنە لێزمەى باران و نەپێیان
ئەکرێت ئامێز بۆ یەکتر بکەن بە جێژوان .
عەشق : تا ئەو جێیەى ماناکەى سوێر و خوێواوى نەکرێت و نەێتَت بە
مەملەکەتى خوێڵێن ، لە هەنگوین شیرینتر و لە شەراب مەستتر و لە بەهار
نەخشینترە و خوداکانى نوشتە و نسیب و جاد و لە دیوانى ئەودا دەسەپاچە و
هیچ نەکردەن .
عەشق : هەتا سەر خۆشەویستى پێیە و شەیدایى مەنزڵگایەتى و دەسلەملان
ئاوێزانیەتى و ڕەنگى ئەرخەوانى باڵا پۆشیەتى .
عەشق : سنورى وا بە ڕۆخى مردنەوە و سڵیش ناکاتەوە و ڕق و کینە نازانێت
و بڕواى بە تۆڵە نیە و چارەنوس ناداتە دەستى لێک ترازان .
عەشق : نیشتمانى ماچ و دنیاى ڕامووسان و هەوارى فریشتەکانە و نە
بەدگومانى و نە بەدکردارى و نە بەدگۆیى تیایدا جێیان نابێتەوە .
عەشق دۆزەخە بۆ ئەهریمەنەکان و خواکانى جنێو و پەیامبەرەکانى ناشرینى و
تۆڵەستێنەکانى سەوداسەرى و هەموو بوغزاوییە سەرشێتەکان .
عەشق : ئەستێڵێکە و هەر کەس مەلەى تێدا بکات ڕق و کینە و بوغز و تۆڵە
لە فەرهەنگى بوونیدا ئەشۆرێتەوە .
عەشق : ئەخوازێت هەموومان عاشق بین و کاتەکانمان بە خۆشى بەسەر بەرین و
خەوەکانمان بە ئارامى پێشوازى بکەین و خەونەکانمان لێوان لێو بێت لە
جوانپەرستى .
عەشق : ناپرسێت لە نەتەوە و هەقى نیە بەسەر ئاین و بایەخ بە ڕواڵەت
نادات و ڕەنگى بە لاوە مەبەست نیە و هەر خۆشى تاکە زمانى لێک
تێگەییشتنى عاشقانە .
عەشق : نە پەساپۆرتى گەرەکە و نە چاوەڕوانى ڤیزا ئەکات و وەکو مەلێکى
بێ ئاڵا و بێ وڵات سنوورەکان تەى ئەکات و کام جێگەى پێخۆش بێت ئەوێندەر
ئەکات بە هەوارنشینى خۆى .
عەشق : نەماڵى ئەوێ و نە پارەى تێ ئەچێ و نە ڕوخسارى لا گرنگە .
عەشق : ئامێزێکى گەرم و ماچێکى نەرم و ڕاموسانێکى تەزوواوى نەبێت هیچى
ترمان لێ داوا ناکات .
عەشق : نە شەرمنە و نە ئابڕووبەر ، سروشێکە بۆ ئەوین و ئەخوازێت ناخمان
بکاتە شوێنى حەوانەوە و پارسەنگى دەرونمان لە هەڵچوون و داچوون
بپارێزێت و پاڵمان پێوە ئەنێت بە بناردا هەڵزنێین بەرەو لوتکە .
عەشق : ئەو لوتکەیەیە کە ئیدى ناهێڵێت دەستى ئاشوب یەخەگیرمان بێت و
خۆپەرستى بەرۆکى خۆشەویستانمان دا بدڕێت .
عەشق : خودایە و ئێمەش ئەتوانین بۆى ببین بە پەیامبەر .
ئەدى ئیتر بۆچى گشتمان عاشق نەبین ؟
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|