١٣\١٠\٢٠١٨
ئەشکەنجەدانی
زیندانیان لە ژێر هەر
بیانوێکدا بێ مەحکومە.

عەبدولڕەحمان رەسول
لە چەند پەیجێکدا بڵاوکراوەتەوە کە ( ئیسماعیل سوسێی) لە ٦/۱۰/۲۰۱۸ لە
ژێر ئەشکەنجە و ئازاردانی زۆر ، زۆر بەداخەوە گیانی لەدەست داوە ،زۆرم
پێ ناخۆشە. ئەو جۆرە کارە مەحکوم و ڕیسوا دەکەم . لەبەرئەوەی ئەشکەنجە
و ئازاردانی زیندانی سیاسی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤی زیندانی کراوە.
نابێت ڕێگەی پێ بدرێت لەژێر هەر بیانوێکەوەبێت ئازار و ئەشکەنجەی کەسی
زیندانی کراو بدرێت. پێویستە ئەگەر تاوان بارە بە ئاشکرا سزای یاسایی
بدرێت و حکوم بدرێت بە پێی یاسا.
ئەگەر حکومەتی هەرێم دژی بڵاو کردنەوەی بیروباوەڕی توندڕەوی و
کۆنەپەرستی یە پێویستە بەپێی یاسا هەموو ئەو شوێن و جێگایانە دابخات کە
گەشە بەبڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی توندڕەوی و فکری توندڕەوی و تیرۆریستی
دەدەن لەژێر ناوی پەروەردە و فێربوونی ئاینیی و دینی دا ، پێویستە
دەستی بیروباوەڕی دینی لەپەروەردە و فێربوون لە ناو خوێندنگا و
قوتابخانە و زانکۆکان دەربهێنێت و دابخرێن.
پێویستە کاربکرێت بۆ جیاکردنەوەی دین لەپێگەو بوارەکانی ئیدارەدا.
پێویستە حکومەت بەپێی یاسا ڕێگا بگرێت لە فتوادانی مەلاکان لە بەرامبەر
خاوەن هەبوونی ئاینیی جیاواز و بیروباوەڕی جیاواز و فکری جیاواز.کاتێک
مەلایەک سەرپێچی یاسایی کرد و کاری بۆ گەشە و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی
توندڕەوی و فکری توندڕەوی و تیرۆریستی کرد ئەوا بە ئاشکرا بانگهێشتی
دادگا بکرێت و بەپێی یاسا سزا بدرێت و حکوم بدرێت ،نەک بە نادیاری و
شاراوەیی بکوژرێت یان لەژێر ئەشکەنجەدا بکوژرێت.
لەبەرئەوەی هەبوونی ئەشکەنجە و ئازار لە زیندانەکاندا لە گەڵ بنەماکان
و بەند و بڕیارنامەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ نایەتەوە و پێچەوانەیە
بە بڕیارنامەکانی بەرگری کاران و داکۆکی کارانی ڕێکخراو و ناوەندە
جیهانی یەکان و دەوڵەتانی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتانی پێشکەوتووی
مرۆڤ دۆست.
وێڕای هەبوونی بیروباوەڕی جیاواز و دینی جیاواز و فکر و بیرکردنەوەی
جیاواز بەڵام وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی و ئازادیخوازی ناکرێت ڕێگا بە
هەبوونی ئەشکەنجەدان و ئازار دانی زیندانی یەکان بدرێت ،دواجار ئەوانیش
هەر مرۆڤن ،پێویستە مرۆڤایەتی بوونیان بپارێزرێت ، مافی ژیان و
تەندروستی تەواو یەکێکە لەمافە سەرەتایی یەکانی مرۆڤە.
ماڵپهڕی عهبدوڕهحمان
رەسول
|