٩\١\٢٠٢٢
ئەشقی خۆشەویست !

جەلال دهباغ
پێ بەسەر گەڵای
وەریودا دەنێم
پایزە و ئەشقی تۆم بیردێتەوە
وەک گوڵەگەشی بەهار دیارە لێم
ئەشقمان سەوزە و زەردنابێتەوە
کە خۆشەویستیی تۆ لەدڵمدا
کڵپەی سەندبێ و دانەمرێتەوە
بووبێتە ئەشقی هەموو ژیانم
رووناکیی بدا چۆن دەکوژێتەوە؟
هەمیشە کڵپەی بەتینتردەبێ
ئازاری ژیان نایکوژێنێتەوە
وەرە ئەشقەکەم هەتوانی زامم
ئازاری دوورییم لەبیربەرەوە
گوڵی گەشاوەی دڵەی ناکامم
دەرگای بەختیارییم لێ بکەرەوە
ترووسکەی دڵی ئاشق رووناکە
لە تاسەی دڵت وەک مۆم دەسوتێ
تارمایی دوورییت زۆر ترسناکە
گەر بە ناچاریی دوور لە من چووبێ
فرمێسکی ئاشق گەرم و بەتینە
سۆزی دەروونی لێ دەتکێتەوە
هەندێ جار ئاڵ و سووری گوڵینە
لە تاسەی دووریی دڵ دەتوێتەوە
ئاواز و سۆزی ئەشقی دڵداریی
دڵی هەردوولای گرتبێتەوە
هەرگیز ناتوانێ هەوڵی نەیاریی
کڵپەی ئەو ئەشقە بکوژێنێتەوە
ئەشق ژیانە.. گەشبینیی گیانە
چرای رۆشنی گشت دڵدارانە
ئەشق باوەڕە بە ئایندەی روون
دژی رەشبینیی چاوبەگریانە
یەکێک دڵەکەی ئەشق نەزانی
بە دڵی بەسۆز لە ژین نەڕوانێ
خۆری ئازادیی لێهەڵنایەت و
رۆشنایی رۆژان بە شەو دەزانێ
دەبێ..! ئاشقی گیانەکەی دڵان
بە خۆشەویستیی دەگەینە ژوان
تا ژیان تەواو بەختەوەریی بێ
بێترسیی دووریی لەیەکدابڕان..
وەرە ئەشقەکەم هەتوانی زامم
ئازاری دوورییم لەبیربەرەوە
گوڵی گەشاوەی دڵەی ناکامم
دەرگای بەختیارییم لێ بکەرەوە.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|