په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

                      

                       ئه‌و دوو چڵ رێحانه‌ی '' ژیان ''ه‌ ، تا که‌نگێ بۆنیان دێت؟!

 

بەرزان هەستیار


لە هەر جێیەک هەڵێ خورشیدی عیشقی گوڵ ڕوخان " مەحوی "
ئەگەر عەقڵی ببێ ، لەو جێگە ئاونگی عەقڵ چبکا ؟!

                                            
''مەحوی ''

لە ناکاو ، خۆم ئەدەم بە شووشەی باڵەخانەکەی مردنا و
ئەو درزێکیش ناکەوێتە نێوچەوانی و
من وەک بێچووە کەنارییەکی ماندوو....
بە باڵی شکاوەوە بەرئەبمەوە سەر زەوی ،
فوو ئەکەم لە کڵپەی وەحشەت و
ئەو ، مێشێک نابێتە میوانی و
من ، زیاتر ، بڵێسەی تەنیایی
تاریکییم تیا هەڵئەکات ،
لەگەڵ گۆڕ لە یەکدی ورد ئەبینەوە و
من هیچی لێ حاسڵ ناکەم و
ئەو ، لە خۆم بەڵەدتر ،
پیاسە بە کووچەکانی خەیاڵما ئەکات ؛
بە خۆم ئەڵێم ، با هەموو شتێک وەلا نێین
خۆمان تەیار کەین و
گالیسکەیەکیش ئامادە ،
دەرفەت بە ساتەکان نەدەین ....
بە پێ دزکێ و بەبێ شەکرەبەفری ڕامووسان ،....
بە بەر چاومانا ڕەت بن و
پاشانیش پێمان بڵێن خۆتان گەمژە بوون
وەرە ، بەیانیان ژێر سەرینی ئەو شۆڕەژنانە بگەڕێین
کە " ستیان " ، پڕی کردوون لە بۆنی مێخەکی مەمک
نوێنەکانیشیان ، کانیی بخووردی ئاهە شێدارەکانی شەو ؛
وەختێتی ، ئێمەش ژێر بالیفەکانمان خاڵیی کەین لە چەقۆ....
تا شەیتان بە کەیفی خۆی زەفەرمان پێ بەرێت
چەند خۆشن ،...
ئەو شەڕە ساردانەی شەیتان ، بۆ گەرمبوونەوە ،
چەند بەدبەختە ،...
ئەوەی " ئاشتیی "یەکی مۆن نەگۆڕێتەوە .....
بە شەڕێکی دەستەویەخەی لێو زێڕین


******
شەپۆل لە کوێوە سنگ دەرپەڕێنێت
بە سوپایەکی سەرچڵی پڕ تفاقەوە پێشی لێ ئەگرم و
شەیپووری جەنگ ،…..
ئەبێت لەسەر خاکی نیشتیمانەکەی منەوە بەرز بێتەوە ؛
سەرشۆڕییە ، سەراپات لە شەڕێکا سوور نەبێت
کە" غەدر " سەنگەری تیا لە " بەرائەت " گرتبێت ،
شەرمەزارییە ، بەردەوام ئەسپێکی شەل بم و
سوارەکەم لە پێشبڕکێدا نائومێد کەم
چەند شوورەییە بارانێکی لووت بەرز بم و
دوعای بیابانێک ئاوێنەی غرورم نەڕووشێنێت
درەختێکی قەرسیلیی بم و
لە ئێوارەیەکی هەڵلەرزیوا ....
خۆم لە بێ داڵدەیی باڵندەکان نەبان کەم

******
ئەم دوو بست تەمەنە بەشی چی تر ئەکات ، تیا شین بێت !؟
ئەم دوو چڵ ڕێحانەی " ژیان " بەرگەی چی تر ئەگرن !؟
چیم ماوە ، ئەیبەخشم بە عیشقێک ،....
کوێرانە خۆی بکات بە کۆشی ژنێکی تەنیادا و
مەستانە ، قردێلەی ....
پێشانگەی سەمایەکی باڵگرتووی بۆ بقرتێنێت ؛
خۆی بکات بە ژووری نسرمی کچێکی قەیرەدا و
یەک پارچە ماڵەکەی بۆ پڕ کات لە گوڵ ئەستێرەی قسەی خۆش ،
پەرداخی شەرابی ....
بە وردە سەهۆڵی ماچێکی حەرامی ڕاونراو بۆ سارد کات
ئەم دوو بست تەمەنە بەشی چی تیا ماوە !
ئەم دوو چڵ ڕێحانەی " ژیان " ە
بۆنیان تا کوێ ئەڕوات !
تا کەنگێ بۆنیان دێت !؟؟


 

شوبات و مارت و مایسی 2008
ئەڵمانیا/ کۆلن

bhastiar@yahoo.de