١٧\١٠\٢٠١٠
ئەوانەى
دەبنە داکۆکیکارى
گەندەڵییەکانى سەرانى
حیزبى شیوعى کوردستان،
حیزبایەتى
دەکەن یان کاسبى؟

هیوا رەش
لێرە و لەوێ هەندێک دەنگى نەشاز کە لە پێستى پارێزەریى
حیزبى شیوعییەوە
خۆیان حەشار داوە ، بە بڕوبیانوى ناجۆرەوە ئەیانەوێ بە خشکەیی پەلامارى
ئەو کەسانە بدەن کە ڕەخنە ئاراستەى
حیزبى شیوعى ئەکەن ، بێگومان ئەوانەى
ڕەخنە ئەگرن زۆربەیان بریتین لەوانەى لە نێو
حیزبى شیوعیدا ( دەرکراون ،
دەرپەڕیندراون ، وازیان هێناوە ، ستەم و ناهەقییان بەرامبەر کراوە ) ،
دەگمەنن ئەوانەى بە مەبەست و لە هەست کردن بە مەترسیى ( کۆمۆمیزم ) ەوە
دژ بە حیزبى شیوعى بنووسن چونکە سەرانى
حیزبەکە باى ئەوەیان تێدا
نەهێسشتۆتەوە کە
حیزبەکە ببێتە جێبایەخى دوژمنانى و ئەو کارەساتانەى لە
نێوخۆى خودى
حیزبەکە بەسەر حیزبەکەدا ئەهێنرێ مەحاڵە دوژمنانى بتوانن بە
سەریدا بهێنن ، هەندێک کۆنە شیوعیش هەن چەشنى ئەوانەى کە ئێستا لە
ناوەوەى حیزبەکەدان و وێڵن بە دواى پارووى چەور و سەنگەریان فرۆشتووە و
چوونەتە نێو
حیزبە دەسەڵاتدارەکان و پێگەى باشیان وەچنگ هێناوە ، کاتى
خۆشى کە لە ڕیزى
حیزبەکەدا بوون ئێمە تێبینیمان لەسەریان هەبووە و وەکو
ئەوانەى ئێستا شتێکمان لە بارەیانەوە بوتایە بەرامبەرمان ئەڕشانەوە ،
مخابن ئێستا بە سۆنگەى هەندێک لەو کادیرە هەلپەرستانە و
سەرکردایەتییەکەیانەوە شتێک نەماوە بە ناوى ڕەخنەى فکرییەوە ئاراستەى
حیزبى شیوعى بکرێت و بە تەواوى لە هەموو ئەو تێزە فکرییانە داماڵدراون
کە حیزبەکە لەسەر بنەماکەى دامەزرێنراوە ، چونکە :
1 - ئەگەر باس لە ئیمپریالیزمى جیهانى و ئەمریکا و بەریتانیا و
ئیستیعمار بکەن ، خۆیان پیاویان نەبن بە ڕاستەوخۆ ، بە ناڕاستەوخۆ
بوونەتە پیاوى پیاوەکانى ئیمپریالیزم .
2 - ئەگەر باس لە خەباتى چینایەتى نێوان کرێکاران و سەرمایەداران بکەن
، لە هەناوى
حیزبەکەدا ئەو جیاوازییە چینایەتییە دەقى بەخۆوە گرتووە و
هەرگیز ژیانى پڕ نەهامەتى ئەندامێکى خوارەوە بەراوورد ناکرێ لەگەڵ هى
سەرکردایەتییەکى دابەستەدا .
3 - ئەگەر باس لە ململانێى فکریى
حیزبەکە بکرێت ، خۆ لە سایەى مەرحەمەتى
سەرکردایەتییەکەیدا هێڵێکى ڕۆشنیان نەهێشتۆتەوە تا خەڵک بۆى ئاشکرا بێت
و بزانن سەر بە کام بەرەى فکرین ،مارکسیزم
- لینینیزمیان هێندە کاڵ
کردۆتەوە تا ئەو ئاستەى لینینیزم بسڕنەوە و مارکسیزمیش سەرگەردان بکەن
و سۆشیالیزمیش بکەنە دروشمێکى بۆش و بەتاڵ .
4 - ئەگەر باس لە گوتارى نەتەوەییان بکەین بڕوا ناکەم جیاوازییەک لە
نێو ئەوان و ئاغاکانى ناو پارتى و یەکێتیدا هەبێت .
5 - ئەگەر باس لە سەروەریى یاساش بکەین ئەوا ئەوان نەیانوێرا دژ بە
تاوانبارێکى وەکو
- قاسم ئاغا - ى سەرەک جاشى ئەنفالچى دەست سوور بە
خوێنى هاوڕێکانیان دەنگ هەڵبێنن ، نەخوازەڵا ڕەخنە لە نەهامەتیەکانى
دەسەڵاتە هاوپەیمانەکانیان بگرن کە بەسەر کردستانیاندا هێناوە و
بوونەتە هەڕەشە بۆ داتەپینى کۆمەڵگاى کوردەوارى و نەهێڵانى ئینتیماى
نیشتمانیى لە لاى خەڵکى زەحمەتکێش ، نەبادا هاوسەنگەرە دۆستەکانیان
هەڕەشە لە بودجە و داهاتیان بکەن .
6 - ئەگەر باس لە یەکێتى فکریى بکرێت ، ئەو پاشاگەردانییەى لە نێو
ئەواندا هەیە لە قتووى هیچ عەتارێکدا بەدى ناکرێت ، بەس ڕەخنە لە
سیاسەتى سەرکردایەتییەکەى نەگیرێت ئیتر ئارەزوومەندی لە چ ئاوازێک
بخوێنیت !
7 - ئەگەر باس لە ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆ گرتنیش بکەیت بۆ خۆیان ڕەوایە
هەرچى تانە و تەشەر و درۆ و بوختانێک هەڵبەستن ، بەڵام لەسەر ڕەخنەیەکى
بچووک ، هەندێک قەلەموونى بە گوێز پەروەردە کراویان دێنە دەنگ و هەموو
ڕەخنەکانى بەرامبەریان بە ناڕەوا لە قەڵەم ئەدەن و سیاسەتى ( لە خۆم
عادەتە و لە تۆ عیبرەتە ) ئەگرنە بەر ، ڕەخنە بۆ خۆیان بە ڕەوا ئەبینن
و بۆ بەرامبەریش کفرێکى موتڵەقە .
8 - ئەگەر باس لە شکستەکانى
حیزبى شیوعى بکرێت ئەوا ئەندامە
لەمیشخۆرەکانى سەرکردایەتى بێئەوەى تەماشایەکى بچووک بوونەوەى
حیزبەکە
بکەن ، بە پاساوى بێبنەما و بە درۆى شاخدار خۆڵ بە چاوى گێل و
گەمژەکانى دەوروبەریاندا ئەکەن و دەم لە سەرکەوتنە یەک لە دواى
یەکەکانیان ئەکوتن و شانازى بە کورسییە سەدەقە وەرگرتووەکەى پەرلەمان و
پۆستە شلۆقەکەى حکومەت ئەکەن .
9 - ئەگەر باس لە ڕاى جیاواز بکرێت دەرگا کراوەیە بە مەرجێک شکستەکان
بکەیتە سەرکەوتن و سازشەکان بە داستان زاخاو بکەیت وگەندەڵى بکەیت بە
دەسپاکى و کلکایەتیش بە پرۆسەیەکى شۆڕشگێڕى بچوێنیت ، و بە دەست پانەوە
کردن و ڕوو لە ئاسمان بپاڕێیتەوە بۆ سەرکردایەتى و بە شان و باهوویاندا
هەڵبڵێى .
10 - ئەگەر باس لە مێژوو بکەیت ئەوان دواى چووان ئەکەون و قارەمانێتى
شیوعییە کۆنەکان هەڵئەدەنە و لەسەرى ئەلەوەڕێن و بۆ ئاییندەش هیچ
پێویستییان بە خەڵکانێکى وەکو ئەو شیوعییانەى جاران نەماوە و پەنا بۆ
کۆمەڵێک زوڕناژەنى کۆنە ڕەفیق و مەفیق ئەبەن بۆ تەشەردان لە هاوڕێ
شۆڕشگێڕەکانى دوێنێیان و ناوزڕاندنیان .
لینین ، ڕاستى فەرمووە : (( ئەگەر بورژوازیەت بە
حیزبى شیوعیدا هەڵبدات
پێویستە شیوعییەکان بە سیاسەتى خۆیاندا بچنەوە )) ، بەڵام ئەم بەناو
سەرکردایەتییەى
حیزبى شیوعى و یاوەرە بودەڵەکانیان لە خۆشییاندا ئەکەونە
هەلەکە سەما و ئەڵێى ختوکەیان ئەدەى دەمیان نایەتەوە یەک ! جا تۆ بڵێى
وانەى شیوعییەت فێرى کردبن دەست بە کڵاوەکانیانەوە بگرن با نەیبات ،
یان لەبەر ئەوەى سەروکڵاویان پیرۆزى با و ڕەشەبا بووە ؟ نازانم وەڵامى
زۆربڵێ و چەنەبازە ترسنۆکەکان چى بێت ؟ پەنا بە خوا لەوانەیە بڵێن
ئەوانەى ئەم ڕەخنانە ئەنووسن ( دەست لە پشتیان ئەدرێت ) ، لە کاتێکدا
پێست بە پشتى خۆیانەوە نەماوە ، لەگەڵ ڕێزى زۆرم بۆ ئەوانەى ناڵە و
نرکەى چاکسازى
حیزبەکەیان خەریکە دوژمنانى نێوخۆى
حیزبى شیوعى ئەکات بە
زوخاڵ .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|