ئەوانەی
هەڵەبجەیان کردە کەربەلا و کەرکوکیش بە مەحەمەرە،
قەت ناتوانن
داکۆکی لە ئیحسانەکان و شێرکۆکان بکەن.
عەلی مەحمود محەمەد
کۆمەڵێک لایەن کە دوێنێ بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوت کوردستانیان گلاندە
شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و ئێراقەوە،ئەو شەڕەی کورد بەکۆمەڵ لێی هەڵات
ئەوان ئاگرەکەیان هێنایە ناو ماڵمانەوە ،بۆ خۆیان و کەسوکاریشیان وەکو
بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و هەڵاتن.
ئەمانە هەزاران ڕایەڵە دەیان بەستێتەوە بە خاڵخاڵییەکان و
خامنئییەکانەوە،ئەمانە هەزاران نهێنیان لای قەرارگاکانی ڕەمەزانەکان و
فەلاحییەکان هەیە،ئەمانە سەدان تێکۆشەریان بۆ ئەو کۆمارە دڕندەیە
ئەنجامداوە،ئەمانە ڕیکلامەکانی هەڵبژاردنیشیان لە دەروازەکانی ئێرانەوە
دێتە ژورەوە،ئەمانە ئەوەندە ڕەشن هیچیان سپیایی لە سیمایان
نییە،هەرکامیان بێن هەر دەبێت خۆزگە بە کفن دز بخوازین،بۆیە ئەوەندە
بچووکن لە ئاست باڵای ئیحسانا،شایانی داکۆکیکردن نین لەو کێوە،قەت
بینیوتانە چاڵ خۆشی بێت بە باڵای چیایا؟،شەو ئاشقی ڕوناکی بێت؟،بولبل
چاوەڕوانی ڕەحمەتی کوندەبەبوو و نێچیر ئاوات بۆ هاوکاری ڕاوچی بخوازێت؟.
نابێت قەت چاوەڕوانی هەڵوێست بین لێیان،بە درۆکانی ڕاگەیاندن چۆن
هەڵبخەڵەتێین،ئەوانە شەڕی سەر و ماڵیان بۆ کورسی و پارەیە،چۆن دوێنێ
ئێمەیان کردە سوتەمەنی شەڕی ئێران و ئێراق،شەڕی تورکیا دژ بە گەریلا،
ئاواش ئەمڕۆ دەمانکەنە سوتەمەنی شەڕی گڵاوو نەگریسی کورسیەکانیان.
ئاخر دەستێک بە خوێن سور بێت چۆن دەبێتە دیموکراسی؟.ئاخر هێزێک دوێنێکە
نۆکەری کۆماری ئیسلامی بوبێت ئەمڕۆ چۆن دەبێتە خاوەند هەڵوێست؟.
ئاخر تاران شوێنی کەیف و سەفای ڕۆژنامەوانەکان بێت چۆن زەندەقیان لە
بڵاو کردنەوەی هەواڵی ئیحسان ناکەوێت ،کە زیندان و پەتی سێدارەی لە
ئاستی خۆیدا هێنایە لەرزین.
ئیحسان گیان..
توخوا،بە خاتری ئەو ڕوحەت کە ئێستا لەگەڵ سوقراتەکان گەیشتوونە بە
هەقیقەت،تۆ زۆر بەرزتری لەوەی چاوەڕوان هەوڵوێست لەنۆکەرانی ئەو ڕژێمە
بیت کە پەتی سێدارەکەیت شەرمەزار کرد،کە مەرگت ڕسوا کرد،جیفاراو خاڵە
شەهاب و فەهد و نیرۆداو .....هەموویانت سەرسامکرد.
فەرزادەکان، شێرکۆکان..
چاوەڕوانی هیچ لە باشوور مەکەن،تەنها چاو لە ئیحسان بکەن،شەق لە مەرگ
هەڵدەن،تف لە ڕیشی جەلادەکانتان بکەن،ئێوە بۆ جیهانەکەی مەزڵوم
دۆغانەکان و ئارامەکان و فوئاد مستەفا سوڵتانەکان و جەمال حەیدەرییەکان
ئۆغرتان خێر و سەفەرتان سەلامەت.
|