په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک
 

ئەوانەى هەوڵى جێگرتنەوەى مالکى دەدەن

هەڵوێستیان بەرامبەر بەکورد چیە ؟

نەوزدادى موهەندیس

 

*  هەموو پێشبینیەکان بۆ ئەوە دەچن کەنورى مالکى سەرۆک وەزیران و کابینەى حکومەتەکەى تەمەنێکى درێژى نەمابێت و ئەو ماوەیەى کەماویەتى لەدەسەڵاتدا زۆر کورتە .چونکە شەخسی نورى مالکى کەسایەتیەکى نەرمو نیان و زۆر جارانیش لاوازو لەکاتى تەنگانە و کاتە هەستیارەکاندا بڕیارى یەکلاکەرەوەى بۆ نادرێت، لەژێر چەند فشارێکدا وەک فشارى حیزبى دەعوەو باڵەجیاوازەکانیدا لەلایەک و لەلایەکى تریشەوە فشارى لیستى ئیئتلافى شیعەکان و لەلای سێیەمیشەوە لەژێر فشارەکانى ئێراندا ، حکومەتەکەى مالکى لەئیستادا کە ( 17) وەزیرى دەستیان لەکار کێشاوەتەوە یان کارەکانیان هەڵپەساردوە لەهەرسێ لیستى سەدرو توافوق و ئەلعیراقیەدا، کەنیوەى کابینەى حکومەتەکەیەتى لەبەردەم هەڕەشەى هەڵوەشانەوەدایەو لەپێگەیەکى لاوازى وەهادایە کەحەسودى پێنابرێت، ئەم حکومەتە لەبەردەم هەڕەشەى لێسەندنەوەى متمانەشدایە لەلایەن پەرلەمانى عیراقیەوە، ئەگەر نوێنەرکانى سەدرو تەوافوق و ئەلعیراقیەو فەزیلە کە هەموویان زۆر تەبانین لەگەڵ ئەم حکومەتەدا لەپەرلەمان بکشێنەوە ئەوا بەدڵنیایی ڕۆژى دوایی ئەم حکومەتە دیارى دەکەن.

لەئێستادا تەنیا وەزیرو نوێنەرەکانى لیستى ئیئتلایف و هاوپەیمانى کوردستان زامنى مانەوەو بەردەوامبونى ئەم حکومەتەن.

ئەگەرچى( نورى مالکى ) لەبەرامبەر داواو ماف و مەسەلەى کوردا نەرمو نیان و خاوەن هەڵوێستێکى تاڕادەیەک باش بوە، بەڵام هێشتاش نەیتوانیوەو جورئەتى ئەوەی نەکردوە کەڕاشکاوانە بڕیارى کۆتاییان دەربارەى بدات، وەک کێشەکانى بودجەو هێزى پ.م و یاساى نەوت و گازو مادەى140و ....هتد.

هەر لەسەرەتاى پێکهێنانى ئەم حکومەتەوەو تائێستاش بەبەردەوامى هەندێ کەسایەتى لەهەوڵى دروستکردنى کێشەو گرفت نانەوەدابون بۆ ئەوەى لاواز دەربکەوێت و نەتوانێت بەرنامە سیاسیەکەى خۆی جێبەجێبکات لەو کەسایەتیانەش  ( د . ئەیاد عەلاوى ) سەرۆکى لیستى ئەلعیراقیەی خاوەن 25 کورسی پەرلەمانو شەش وەزیر و سەرۆک وەزیرانى پێشوتر ، ( د .ئیبراهیم جەعفەرى ) سەرۆک وەزیرانى پێشوو، ( د. عادل عەبدول مەهدى )  جێگرى سەرۆک کۆمارو پاڵیۆراوى پێشوو بۆ سەرۆک وەزیران و دواتریش ( د.مەهدى حافز ) سەر بەلیستى ئەلعیراقیەو پیاوى تەکتنۆکرات و وەزیرى پلاندانانى پێشوو. بەتایبەتى هەردوو ( د. عەلاوى و د.جەعفەرى ) زۆر سەرسەختانە لەهەوڵى بەردەوامدان بۆ ڕوخاندن و گۆڕینى ئەم حکومەتە بۆ ئەوەى خۆیان جێگەى بگرنەوە، ئەم دوو پیاوە خۆشەویستیەکى سەرسوڕهێنەریان هەیە بۆ کورسی دەسەڵات و پەنادەبەنە بەرهەموو شێوازو هۆکارێک بۆ وەدەستهێنانى هەرلەپێکەوەنانى گروپ و هاوپەیمانى  سیاسیو فشارى دەرەکیو...هتد.

   لێرە پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم کەسایەتیەکانە هەڵوێستیان چیە لەبەرامبەر کوردو داواکارىو* مافەکانیدا؟

ئاشکرایە هەر یەکە لە( عەلاوىو جەعفەرى)  لەسەردەمى دەسەڵاتیاندا کارێکى گەورەیان بۆکورد ئەنجام نەداو بگرە ڕێگرو هۆکارى وەدینەهاتن و جێبەجێنەکردنى مافەکانو مادەى 58 ى یاسای کاتى ئیدارەى دەوڵەتى عیراق بون، هەمیشە کەلەڕەقو وشکو دەمارگیربون دژ بەکورد.

( د. عادل عەبدول مەهدى ) بەئاشکراو سەرزارەکى پیاوێکى نەرمو نیان و دۆستى کوردەو هەڵوێستى پۆزەتیفە دەربارەى کوردو مافەکانی و چاکەى کوردیشى لەبیر ناچێت کە پێشنیاریانکرد لەکاتى کێبڕکێیدا دژ بە ( د. جەعفەرى )،  بەڵام ئەمیش تانەگاتە دەسەڵات ناتوانرێت بڕیارى لەبارەوە بدرێت.

هەرچى ( د .مەهدى حافز ) یشە کەچانسى لەهەموان کەمترە، چونکە کەسایەتیەکى سەربەخۆو تەکنۆکراتەو نەحیزب و نە مەزهەب و نەعەشیرەتێکى بەهێزى لەپشتەوەیە بۆیە ناکرێت بریارى کۆتایی لەسەر بدرێت. ئەم چوار کەسایەتیە هەموانیان شیعەن و هەموانیشیان دکتۆرن ، بەڵام پێشبینى ناکرێت بتوانن و لە توانیاندا هەبێت چارەسەرى دەردى عێراق و عێراقیەکان بکەن چونکە هەموانیان  بەشێواز و ڕێژەیەک دەمارگیرى تایەفى و دینى و نەتەوەییان تیادایە و زاڵە بەسەر فکر و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیاندا و هیچ کامیان ناتوانن وەک کەسایەتیەکى میانڕەو و کاریزما و بێلایەن و دادپەروەر حوکم و دەسەڵات پەیڕەو بکەن.

     بەڵام ئاشکرایە هەموو ئەو کەسایەتیانە چ سونەبن یان شیعە هەمیشە بیرى شۆڤێنی و* ڕەگەزپەرستى نەتەوەى عەرەب تیایاندا زاڵەو هیچ کاتێک مساوەمەناکەن لەسەر ئەو مەسەلەیەو تاڕادەیەک نەرمو نیان دەبن لەبەردەم داواکاریەکانى کورددا کەزیان بەپێگەو ناو و ناونیشانیان نەدات لەسەر ئاستى نەتەوەى عەرەب، بۆیە کورد دەبێت باش لەگەمە سیاسیەکان تێبگات و خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنى جدىو ووردى هەبێت بۆ ڕابردو و داهاتووى هەر کەسایەتیەک کە هەوڵى وەدەستهێنانى پۆستى سەرۆک وەزیران دەدات و نابێت سازش لەسەر بچوکترین داواکاری و مافەکانى کورد بکات و مەرجى پشتگیریکردنى هەرکەسێک ببەستێتەوە بەسەلماندنى مافەکانیەوە.

بۆیە لەئێستادا بۆ کورد ( د.نورى مالکى ) لەهەموان باشترەو تابتوانرێت و بکرێت دەبێت کورد ڕێگربێت لەبەردەم گۆڕان یان هەڵوەشانەوەى ئەم حکومەتەدا، و درێژە بەهاوپەیمانى ستراتیژى بدات لەگەڵ شیعەکاندا بەگشتی و هەردوو حزبى ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامى لەعیراق و حزبى دەعوەدا بەتایبەتى، چونکە پارت و ڕێکخراوە سونە مەزهەبەکان تائێستاش دژایەتى هەمووداواکارى و مافەکانى کورد دەکەن و هەمان بەرنامەو نەهجی بەعسیان هەیەو بەدەستیان بێت بچوکترین مافى کورد نەسەلمێنن.جا بۆیە کوردو سەرکردایەتى سیاسی پێویستە زۆر ژیرانەو حەکیمانە لەگەڵ هەموو ڕوداو و پێشهاتە سیاسیەکاندا مامەڵە بکات لە بەرژەوەندى ئێستا و داهاتووى مەسەلەکەى .

 

Nawzad_mohandis@yahoo.com