په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٨\٢٠١٠

دۆسییەى کەرکوک (1)

ئەوانەى ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، ئاژاوەچی نین!!


رابەر رەشید   


بە ئاڵۆزبوونی رەوشی کەرکوک لە خەراپەوە بۆ خەراپتر، ماوەیەکە جەماوەری شاری کەرکوک، زۆر بەتایبەتیش خەڵکی گەڕەکەکانی شۆڕیجە و رەحیماوە و فەیلەق و چەند شوێنێکی دیکەی شارء قەزای چەمچەماڵ و شارۆچکەی پردێ، لە ئەنجامی بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسان بۆ دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانى وەکو کارەباو ئاوو...تاد. خەڵکی ئەو گەڕەکانە پەنایان بردە بەر خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین.


بەداخەوە خۆپیشاندانەکان جۆرە شپرزەیی و بێ بەرنامەیی و پەرشوبڵاویی پێوەدیارەو هەندێجاریش بەهاتنەناوەوەی هەندێ کەس دۆخی خۆپیشاندانەکان کەشێکی نائاسایی و نایاسایی وەردەگرێت و بەرگێکی ناشرینی گێرەشێوێنی بەبەر ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکدا دەکات، کە ئەمەیان پێویستە بۆ لەمەودوا رێگەی لێبگیرێت و ئەو لیژنانەی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان دەکەن، لێنەگەڕین جڵەوی ناڕەزاییەتییەکانیان لەدەست بچێت و بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان مۆرکێکی ناحەزانەی پێوەدیار بێت و پاساو بداتە دەستی دەسەڵات، بەوەی کە ئەوانەی ناڕەزایی دەردەبڕن و خۆپیشاندان دەکەن، گوایە تێکدەرو ئاژاوەچی و دەستی دەرەکین!!


ئەوانەی لەم چەند رۆژەی رابردوو لە کەرکوکدا رژانە سەرشەقامەکان و راشکاوانە داوای سەرەتاییترین مافە خزمەتگوزارییەکانیان کرد کە ئەویش کەمی کارەباو ئاوە، خیانەت و تاوانێکی گەورەیە ئەوانە بە ئاژاوەچی و تێکدەرو دەستی دەرەکی و کۆمەڵێک تۆمەتی دیکە تاوانبار بکرێن، چونکە ئەو بارودۆخەی کە هەر لەدوای نەمانی بەعسەوە شاری کەرکوک و شوێنەکانی دیکەی پێدا تێدەپەڕیت، بارودۆخێکە هەرگیز بەرگەی دواخستن و چارەسەر نەکردن ناگرێت، کورد وتەنی: (جام پڕ بوو لێی دەڕژێت).


هۆکاری سەرەکی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییانەش، گەندەڵی و کەمتەرخەمی و بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسانی شارە بۆ دابینکردنی کەموکووڕی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خەڵک. ئێستا لە کەرکوکدا پرسیاری کەموکووڕی و کەمتەرخەی بەرپرسانی شار لە هەر تاکێکی کەرکوکی بکەیت، نەک تەنها کورد، بەڵکو سەرجەم نەتەوەو پێکهاتەکانی دیکەی شارەکە، زۆر راشکاوانە دەنگ هەڵدەبڕێت و باسی گەندەڵی و مشەخۆری و پاشاگەردانی دۆخی شارو بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسانی شار دەکات.


لێرەدا پرسیارێک خۆی دەسەپێنێت، ئەویش ئەوەیە: بۆچى تەنها کوردەکانی کەرکوک ناڕەزایی دەردەبڕن و پێکهاتەو نەتەوەکانی دیکە تێکەڵی ئەو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە نابن؟، ئایا ئەوانیش هەمان کێشەیان نییە؟


بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، رەوتی رووداوەکان و بەهەڵواسراوەیی پرسی کەرکوک کە لە ئێستادا زیاتر خۆی لە جێبەجێکردنی مادەی 140 دەبینێتەوە، کوردانی کەرکوکی، بەتایبەتیش ئەو ئاوارانەى بە گەڕانەوەیان بۆ شارەکە، جارێکیتر خۆیان ئاوارە کردەوە، بەو ئومێدەی لە کەشێکی ئارام و ژیانێکی ئاسوودەدا بژین، هەرهەموو ئەمانە ئەو خەڵکەی تووشی نائارامییەکی دەروونی و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوام کردووە و هیچ ئاسۆیەکی روونیش بۆ رزگاربوون لەو دۆخە ترسناکە بەدیناکرێت.


ئەمە لایەکی رەوشەکەیە، لایەکەی دیکە: کەمتەرخەمی و خۆدەوڵەمەندکردنی زۆربەى هەرەزۆرى بەرپرسانی شارو دوورەپەڕێزی و بێئاگاییان لە باروگوزەرانی خەڵکی شار، چونکە هەر بەرپرسەو ئەگەر هێڵی کارەبای فوولی نەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە (موەلیدە)یەکی گەورەی کارەبا لەبەردەمی ماڵەکەی، یان لەناو پارچە زەوییە چۆڵەکەی تەنیشتی ماڵەکەیدا هەیەو هەر کە کارەبا بڕا، ئیدی ئەو بێ کارەبا نییەو گڕەگڕی دەنگی موەلیدەکەش لەولاوە بوەستێ، جا ئەم دیمەنانەو چەندان دیمەنی گەندەڵی دیکەی زۆربەی بەرپرسانی شار وایان لە خەڵکی کردووە برژێنە سەرشەقامەکان و داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بکەن.


لێ ئەو مافەش بە کەس نادرێت، هەرزەکارانە پەلاماری پەرژینی باخچەو تابلۆی پرۆژەو وێنەو پەیکەری شەهیدان بدات و رق و تووڕەیی خۆیانیان پێ بەتاڵ بکەنەوە. دیاردەی تایە سووتاندن و هاتنەکایەی رەوشێک کە لە ئاژاوە بچێ، بەدڵنیاییەوە وەکو پێشتر ئاماژەم پێیدا، لە لاوازی و کەم ئەزموونی ئەو لیژنانەوەیە کە سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکان دەکەن.


جارێکی دیکەش جێگەی داخە دەسەڵات بەچاوی تێکدان و گێرەشێوێنیی لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵک بڕوانێت و لە خوێندنەوەی خۆپیشاندانەکاندا درک بە رەوایەتیی ناوەڕۆکی ناڕەزاییەتییەکان نەکات و قامکی تۆمەت و ئاژاوەگێڕی بۆ خەڵکی ناڕازیی رابدێرێت، یان پەلاماری رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکاران بدات و کامیراو پێداویستییەکانی دیکەى کارەکەیان وردوخاش و زەوت بکات.


بۆیە پێویستەو دەبێ بەرپرسان و دەسەڵاتی شار وردترو دوور لە خۆبەستنەوە بە کورسیی دەسەڵاتەکانیانەوە لەو ناڕەزایەتییانەى جەماوەر بڕوانن و بەدەنگیانەوەش بچن و قەتوقەتیش بەچاوی گێرەشێوێنی لێیان نەڕوانرێت، چونکە داواکانیان رەوایەو مافیش هەر دەسەنرێت، ئەگەرنا دیکتاتۆرێکی وەکو سەدام دوای زیاتر لە 35 ساڵی حوکمڕانی، وەکو شێرەبەفرینە توایەوەو کرایە پەندی مێژوو و فڕێدرایە قێزەونترین زبڵدانی مێژووەوە.


کەرکوک و دەوروبەری پێویستی بە بەرپرسانی دڵسۆزو خەمخۆرو بوێرە، بێدەنگی و خۆدوورەپەرێزگرتن و خۆبەستنەوە بە کورسی دەسەڵاتەوە سەری کورسی و خاوەن کورسییەکانیش دەخوات.


16\8\2010 - کەرکوک
rabersaley@yahoo.com