١٠\٤\٢٠١١ ئەوانیش گورگ دەرچوون.
چوومە ناو مێگەل دەبینم خوێن گۆمى کردیە سەرم سوڕما، ئاخۆ دەبێ چ رەوە گورگێگ هاتبێتە ناو مێگەل و سەگەکان ئاگایان لێنەبووبێ؟ ئەى بۆ سەگەکان نەوەڕین؟ ئەى هاوار ئەو رەوە گورگە لە کوێوە هاتوونەتە ناوەڕاستى مێگەلەکەم؟ چواردەورى مێگەل گەڕام و خۆم لە بۆسەى گورگ دانا دەبینم لە ناوەڕاستى مێگەل زرووکە و باڕە باڕى مێگەل دێ، بە غار چووم دەبینم سەگەکانم خۆیان بە هەردووکیان لە مەڕەکان بەربوونە و پێشبڕکێیانە لە خنکاندنیان. چاوم چووە پشتی سەرم، گوتم ئەى هاوار من کە سەگیشم رانەگرتبوو ئەوجا گورگ بەو شێوەیە بەرنەببووه ناو مێگەلم، ئێستا دەبینم هەردوو سەگ کارى رەوە گورگەکان زۆریش بە زیادەوە ئەنجام دەدەن، چوومە لاى مام فارسى دراوسێم کە شوانێکى دێرینە و حاڵ و مەسەلەکەم تێگەیاند.
ئەویش گوتى: پێدەچێ تۆ یەکەم جارت بێ سەگت ڕاگرتبێ؟
گوتم: بەڵێ یەکەمجارمە.
گوتی: برالە سهگ بۆیە ناوى سەگە لەبەر ئەوەى خوێندنەوەى بۆ خاوەنەکەى زۆر بەهێزە، بۆیە کە زانى خاوەنەکەى بێدەسەڵاتە ئەوە یەکسەر گورگ ئاسا رهفتار دەکا. ئەوە تەنیا بەختى تۆ نییە کە سەگ وەک گورگ لە مێگەلەکەى بەربێ بەڵکو هەموو خاوەن مێگەلێکى ترسنۆکى هیچ لەبارنەبوو هەمان سەگیان هەبووه، بەڵام کاتێک لەسەر نواندنى رۆڵی گورگ سەگێکیان لەدارداوە ئەوە ئەو خاوەن مێگەلە بۆ هەتاهەتایە هەر سەگێکى راگرتبێ نەیتوانیوە گورگ ئاسا بجولێتەوە، بەڵکو وەکو سەگى بە وەفا پاسەوانیی خۆى بۆ مێگەل بردۆتە سەر. سمایلە منیش سەردەمێک سەگى هاوشێوەى سەگى تۆم هەبوو. بەڵام کە پێم زانى لێم هەڵگەڕایتەوە و مەڕ و ماڵاتم دەخوا، دەستبهجێ قاچیم شکاند و بە هەموو مێگەلەوە بەسەرى کەوتین تاکو لەگەڵ زەوى کردمانە یەک و ئاسەواریشمان نەهێشت، ئێستاش ئەوەتە سەگم راگرتوە و تاکو ئێستا چەندین گورگیان خنکاندووە بێ ئەوەى یەک مەڕیشیان ئازار دابێ.
گوتم: ئەى مام فارس چارەى من چیە لە دەست ئەو دوو سەگ گورگە؟
گوتی: وادێم سەیرى سەگەکانت دەکەم.
کە دەهاتینەوە لاى مێگەلەکەم هەردوو سەگ بە توندیی پێمان وەڕین.
مام فارس گوتی: نیشانەى سەگى هیچ لەبارنەبوو و درۆزن بە خاوەن وەڕینە،
گوتم: بۆ چما مام فارس بە من دەوەڕن یان بە تۆ؟
مام فارس پێکەنى و گوتی: کورە بە تۆ دەوەڕن، دەنا من گوێشیان دەربێنم بە من ناوەڕن.
گوتم: ئاخر بۆ بە تۆ ناوەڕن ؟
گوتی: ئەوانە سەگى پاراستنى مێگەل نین تا بتوانن بە من بوەڕن.
گوتم: ئەى دراوسێى ئازیزم چارەیەکم بۆ دانێ تا لە دەستیان رزگارم بێ؟
مام فارس گوتی: وەڵا بۆ ئەوەى زیاتر مێگەلەکەت لەیەک دانەبڕێ و هەمووى کەرت و پارچە نەکا، چارەت ئەوەیە زوو لەناویان ببهی.
گوتم: ئاخر تازە بوونەتە کەڵەگام پێم ناکرێ؟
گوتی: کوڕە عەمرت نەمینێ هەر بە مەڕەکان گەمارۆیان بده.. ئەوانە ترسنۆکن گەر ترسنۆک نەبوونایە دەبووایە بچن راوى مامز بکەن و بیخۆن نەوەک بێن ماڵاتى خاوەنى خۆیان بخۆن.
مام فارس وتى: خۆزگە سەگى من بووایە وەڵا دەبووایە کەڵبەیان لە رەگەوە هەڵکێشم و قاچیان بشکێنم و بۆ هەتاهەتایە بمکردنایە پەند بۆ ئەوەى جارێکیتر سەگم گورگ دەرنەچێ. گەر بێدەسەڵاتیی و فەقیرحاڵیی تۆ نەبێ کەى باوى سهگ گورگ ماوە لە ناو مێگەل.
گوتم: ئینجا بە راى تۆ تەمبێکردنى ئەوانە بە من دەکرێ؟
گوتی: زۆر ئەستەمە.. ئەو سەگانەى تۆ لەمێژە رەنگ و رفتارى گورگیان گرتوە. وا بزانم گەر بە گەلەکۆمەکیی خۆت مێگەلەکەت نەبێ ئەستەمە پێت بکرێ.
گوتم: ئەرێ بە راى تۆ گەر ئەم دوو سەگ گورگە لە ناو مێگەلەکەم بمینێ و کەسیش هاوکارم نەبێ بۆ دەرکردنیان. ئایا هیچ تاقە سەرمەڕم بە ساغیی دەمینێ؟
مام فارسى دراوسێم دەستى کردە پێکەنین و گوتی: من خەمى ئەوەم نییە هیچ لە مێگەلەکەت دەمینێ یان نامینێ ئەوە کەیفى خۆتە، بەڵام دەمەوێ ئەوەت پێبڵێم لە پاشەملە هەموو شوانەکانى دەوروبەر پێت پێدەکەنن و دەڵێن دیارە نانەکەى مام سمایل زۆر رەق و سوێر بووه.. کە سەگەکانى بەو دڵسۆزییه بەخێوکرد بۆ ئەوەى پارێزگاریی لە مێگەلەکەى بکەن، کەچى سەگەکانى خۆیان بوونەتە گورگ زۆر لە گورگیش دڕەندانەتر بەربوونەتە مێگەلەکەى.
گوتم وا باشە بچم لە جیاتى دوو گوجیلە سێ بینم.. بەڵکو ئەو سێ گوجیلەیە گەورەبن و سێ سەگى ئازایان لێدەرچێ و ئەو دوو سهگ گورگەم لە ناو مێگەلەکەم بۆ دەرکەن، بۆیە ئەوجارە بە مەزەندەى خۆم سێ گوجیلەى زۆر باشم هێنا بۆ ماڵ.. دواى ئەوەى کەمێک گەورەبوون فێرى وەڕین بوون بردمنه ناو مێگەلەکەم بەو نیازەى هەردوو سهگ گورگەکەم بۆ دەرکەن، کەچى هەرچەندى تەمەشایان دەکەم واپێکەوە وەستاون و مڕ و هۆڕیانە و پەلامارى یەک نادەن، گوتم وا باشە بانگى مام فارس بکەم بەڵکو ئەو بزانێ لەبەرچى ئەو سەگانە وا پێکەوە وەستاون، بۆیە چوومە لاى مام فارس و پێمگوت:
دە وهرە مام فارس پێم بڵێ ماناى چییە وا هەر پێنجیان پێکەوەن و پەلەمارى یەک نادەن؟
مام فارس گوتى: هەى لە خۆت غەریبێ ئەوانە وا کۆبوونەوە دەکەن.
گوتم: کۆبوونەوە بۆ چى؟
گوتى: بۆ ئەوەى بە (تەوافوق) لە ناو مێگەلەکەت بمینێنەوە.
ماڵپهڕی ئیسماعیل
عهبدولڕهحمان
|