٢١\١٢\٢٠١٣
ئەوانی تریش
مرۆڤن.
میدیاکان دەبێت ئەوە باش بزانن کە جیاوازیی لە نێوان کرێکارێک و بازرگانێک و سیاسییەک و عەرەبێک و مەسیحێک و کوردێک و کۆنەجاشێک و بەعسییەکی دانیشتووی ھەرێمدا نییە لە کاتێک دەکوژرێن، چونکە مرۆڤ ھەر چییەک بێت دواتر مرۆڤە و ناکرێت بە ھەر بیانووێکی ئاینیی و ئایدۆلۆژیی و هزریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی و شەرەفەوە بکوژرێت یان دووچاری ئازاردان ببنەوە، ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا دیاردەی کوشتن بە زەقیی دیارکەوت ئەوکات تەواوی ئەو کۆمەڵگەیە بە تەواوی کایە سیاسیی و ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەکەوێتە بەردەم پرسیاری رەخنەی جیدییەوە و ھاوڵاتیانیش مافی خۆیانە دووچاری ترس ببنەوە و بە ھۆیەوە ھەڵوێست لە دامەزراوەکانی ئەمنیی و حکومیی تایبەتمەند بە بواری پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان وەرگرن.
پێویستە دامەزراوە ئەمنییەکانی سلێمانی بە ئاشکرا داوای ھاوکاریی لە ھاوڵاتیان بکات بۆ ھاوکاریکردنیان لە دۆزینەوەی تاوانباران و دان بنێت بەوەی سەرکەوتوو نەبوونە لە پاراستنی ئەمن و ئاسایش بۆیان، ھەر ھیچ نەبێت داوایان لێ بکات پشت بە خودی توانا و بیرۆکەی خۆیان ببەستن بۆ پارێزگاری کردن لە گیانی خۆیان و بە ئاشکرا بە ھاوڵاتیان بڵێت ناتوانن سەروماڵیان لە دەست چەتە و دز و تاوانبارەکان بپارێزن، بە دڵنیاییەوە ئەوکات ھاوڵاتی ھەڵوەستەیەک دەکات و ناھێڵێت بە ئاسانیی بکەوێتە ناو تۆڕی تاوانکارییەوە!
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|