په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٤\٢٠٢٢

    ئەوان کێن!؟

دارا خونچە

ئەوان ناخوازن بۆنی بەهار بکەن و

        ئارەزووەکان بەرهەڵبدەن..

        سەرسەختانە دژە ژوان و ماچومووچ و رامووسانن!

                چون هەست و سۆز.. لە کنە وان

                پڕ ئاریشەن.. زیان دەگەیننە پەزەکان!

ئەوان

جەستە و مەژیی و تێکڕای بوونیان

            بە پارچە پەڕۆیان.. بە لچکە فەرموودان..

                بە تیلمە گوتە پیرۆزەکانیان دادەپۆشن!

                چون جوانییەکان.. لە کنە وان

                    زۆر نابەجێ و ناشیرین و ناڕەوان!

ئەوان دەیانەوێ

          یار لە باوەش و

                    ماچ لە لێوان و

                               مرۆڤ لە ڤین بتۆرێنن!

ئەوان دەیانەوێ

گوڵەکان سەرببڕن.. لە بۆنەکان وە بن پێیانیان بخەن!

ئەوان دەیانەوێ

هەناسەمان لەبەرببڕن.. زمانمان لە بنەوەڕا قوتبکەن!

ئەوان دەیانەوێ

رۆشناییەکان وەشێرین.. رۆژ بە رەنگی رەش بۆیە بکەن!

ئەوان

شالووران لە زیندانان دەپەستن

      ماسییان لە گۆمیلکان دەئاخنن

         کسۆکان لە کونە ژۆران دادەڕزێنن

              گوڵان لە گوڵدانان قەتیس دەکەن

                  چیمەنان لە ژێر پێیان هەڵدەشێلن!

ئەوان

پارووی دەوی زارۆکەکان دەفڕێنن

       زار و زمان و فەرهەنگەکان دەشێوێنن!

             نیشتیمان بە خاک و ئاو  و ئاسمانیەوە

                                    هەڕاج دەکەن!

ئەوان

نێرەوزە گونسالارە بەلەسەکانن

                  دژە ژیانە مەرگدۆستەکانن

       ئەوان.. دەربارانی دیوانانی خودایانن

                   بەندەواری کەنیزانی ئاسمانانن!

 

سەرەتای نیسانی ٢٠٢٢ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک