په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١٠\٢٠١٦

ئەو جیهانە شایستەی قوربانیی نییە!


تاڤگە سابیر       


ئەو جیهانە شایستەی قوربانیی نییە بە ناوی هزر و باوەڕەوە ،ئایە ئێمە ئەمڕۆ چەند بەختەوەرتر یین بە هۆی ئەوەی ئەوانی دی لەبەر خۆشبەختیی و رۆشنگەریی ئێمە مردن؟ خۆشبەختیی؟ رۆشنگەریی؟ ئەگەر هەر کەسێك لەبەرئەوە مرد تا من بەختەوەر بم، ئەوە من تەنانەت بەختەوەرترم، چونکە من نامەوێ ژیانم لەسەر گۆڕستان بینا بکەم.


ئایە شەڕی خوێناویی دەیان ساڵەی کورد و کورد لەولاشەوە کوڕوزانەوەی هێزە کوردییەکان لەبەردەم ئەوی دیکە و ناپاکییە بێ ئەژمارەکانی هێزە سیاسییە کوردییەکان لە هەمان گرێوە سەرچاوە ناگرن؟ چەند جارمان بیستوە کە سەرکردەیەکی کورد هەرگیز ئامادەی یەك ریککەوتنی راستەقینە نەبووە لەگەڵ هێزیکی دیکەی کوردییدا، وای پیشان دەدا بۆ یەکێتیی عەرەب بۆ یەکێتیی خاکی ئێران یان بۆ دەولەتی تورك دەگری؟ منیش وەکو هەر هاوڵاتییەکی دیکەی کورد پێموایە شەر بەسەر کورددا سەپێنراوە و هەست دەکەم ئەوە پێویستی بە شیکردنەوە نییە، بەڵام لە راستییدا من تا رادەیەك پێموایە شۆڕشی چەکداریی لە شاخ ئەوەندەی هەڵهاتن بووە لە رووبەڕووبوونەوە ئەوەندە یاخیبوون نەبووە.


ئەو سەختییەی کە تا ئەمڕۆ لە کۆمەڵی کوردییدا بەرز سەیر دەکرێ و پیرۆز دەکرێ، یا سەختیی شاخ سەختییەکی فیزیاییە و کڕینی قارەمانییە لە رێگایەکی ئاسانترەوە بۆ ئەوەی لە تاران یان لە بەغدا یان ئەنکەرە و ئەستانبۆڵ ناو دەربکەی، دەبێ ئازارێکی زۆر بکێشی و لە رووی دەروونیی و گیانییەوە یەکجار جیاواز بێ و یەکجار ورد ژیانی رۆشنبیریی و سیاسیی خۆی بونیاد بنێ، بەڵام شاخ رێگایە ئاسانەکەیە هەم بۆ هەڵهاتن لەو رووبەڕووبوونەوەیە هەم بۆ ناودەرکردن وەك قارەمانی نەتەوە!!! دیارە ستەمە ئەو خوێندنەوەیە وەکو حوکمێك سەیر بکرێ بەسەر یەکە بە یەکەی ئەوانەی لە شاخ بوون یان هێشتا لە شاخن، بەڵام بێگومان دەکرێ لە چەند دیوێکەوە سەردەمی شاخی پێ بخوێندرێتەوە!!! بێگومان گیانی پر میهری بێ وێنە لە شاخ بوو، کە بەر ئەم باسە ناکەون و بێ گومان هەندێ لەو کەسانەی لە شاخ بوون بۆ من قارەمانن بگرە فەرامۆشکردنی ئەوان لە لایەن ناوەندە رۆشنبیریی و هونەرییەکانی کوردەوە تەنیا بەڵگەیەکی دیکەی خۆبەکەمزانینی کەسایەتیی باوی کوردە، بەڵام مەبەستی من لە زەمینەی ئەو باسەدا توێکارییکردنی ئەزموونی شاخە بە گشتیی وەک بەشیکی گرنگی توێکارییکردنی کوردبوون.


با بەراوردێکی کورتی ئەو دوو جۆرە رووبەرووبوونەوەیە بکەم، بێگومان هەر دووکیان پەیوەندییان بە پەسەندنەکردنی کەتوارێکی نایەکسان و نامرۆییەوە هەیە؛ یەکەم: ئەو چالاکوانەی کە لە شار (بۆ نموونە لە بەغدا) شەڕی کوردبوونی دەکرد، دووەم: ئەو سیاسییە یان پێشمەرگەیەی کە لە شاخ شەڕی کوردبوونی دەکرد.


پێش هەموو شتێك گەورەترین هۆ کە وا دەکا کۆمەڵی کورد ئەفسووناوییانە بڕوانێتە ئەو کەسەی لە شاخ بوو ئەوەیە کە ئەو هەمیشە رووبەڕووی مەرگ دەبۆوە و خودی پێشمەرگەش هەر لەبەرئەوە پیرۆز دەکرا، بەڵام چالاکوانێک لە بەغدا هەموو چرکەیەک نەك هەر تەنیا رووبەڕووی مەرگ دەبۆوە بەڵکو تا مردن رووبەڕووی ئەگەری ئەشکەنجەی بێ وێنە دەبۆوە، مەرگ بۆ چالاکوانێک نەك هەر گەورەترین قوربانیی نەبوو بەڵکە زۆر کات دیاریی و خۆشبەختیی بوو لە چاو ئەو ئەشکەنجانەی کە رووبەڕویی دەبۆوە ئەگەر تووش بووایە، ئەنجا کە ئەو هەمیشە هۆشیار بووە بەرامبەر بەو چارەنووسە ئیدی لە راستییدا هەمیشە لە ئەشکەنجەی ئەو ئەشکەنجەدانەدا دەژیا، ئەوەی شاخ هەمیشە لە دەرەوەی ئەو جۆرە رووبەڕووبوونەوەیە بووە، کاتێك رووبەڕوو دەبۆوە بە چەکەوە رووبەڕوو دەبۆوە ئەویش لەگەڵ چەند چەکدارێکی دیکە، بەڵام ئەوەی بەغدا هەمیشە بە تەنیا و بە بێ چەك لە روبەرووبوونەوەی دەیان دەزگەی پۆلیسدا بوو، ئەوەی بەغدا ئەگەر حیزبیی نەبووایە ئەوە کە گیانیشی دەبەخشی کەس پێی نەدەزانی، ئەوەی شاخ بە شێوەیەکی گشتیی حیزبی بوو، کە بریندار دەبوو یان گیانی دەبەخشی پێی دەزانرا و بە لایەنی کەم لە رووی هەست و سۆزیی نەتەوەیی و مرۆییەوە کۆمەك دەکرا.


بەڵام ئەوەی پتر پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەبێ جیاوازییە رۆشنبیرییەکانی ئەو دوو جۆرە ''رووبەڕووبوونەوە''یە، ئەوەی لە ناوەوەڕا ئەو شەڕە دەکا هۆشیارە بەوەی کە پڕۆژەی کوردبوون پڕۆژەیەکی فیزیایی و سیاسییە، ئەو لەبەردەم سەدان نووسەری بە توانای ناسێونالیستی عەرەبیدا دەوەستێ، لەبەردەم شەڕێکی فەرهەنگیی ئاڵۆز و فرەلایەنی لەو بابەتەدا یان دەبێ خۆت پێبگەیەنی یان راستەوخۆ بە هۆی کوردبوونتەوە لە دەرەوەی ململانێیەکە وەستاوی.


ناسێۆنالیزم بەرلەوەی هەر هەست و سۆزێکی شاعیریانەی رۆمانسییانەی نێرگسییانە بێ پڕۆژەیەکی تەواو رۆشنبیرییە و وەکو هەر پڕۆژەیەکی دیکەی رۆشنبیریی پێوستی بە خۆپەروەردەکردن و تێگەیشتنی تێوریی و تێوریزەکردن و دامەزراندنی هۆشیاریی نوێ هەیە، ئەوە تەنیا بەر لە سەرەتایە بە بێ ئاگاداربوون لە (لانی کەم) دەنگە سەرەکییەکانی مۆدێرنیزم، ناکرێ کورد جگە لە تیرەییبوون هیچی دیکە بگەیەنێ، ئەوەی کە لە ناوەوەڕا رووبەڕوودەبێتەوە زوو ئەو پێوستییە دەزانێ، چونکە هاندەرێکی زۆر راستەوخۆی هەیە، کە پڕۆژەی فرەلایەنی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی یان تورکیی یان فارسییە.


هەموو شکستەکانی دیکەی کورد لە شێخ سەعیدی پیرانەوە تا کەلەپچەکردنی ئۆجەلان پەیوەندیی بەو وێنانەوە نییە کە شاعیرەکان دەیانکێشن بەڵکە پەیوەندیی بە نەگەیشتنی رۆشنگەرییەوە هەیە، ئەو لەوە تێدەگەیشت کە رێکەوتنیك نییە لە نێوان هێزە ئاسمانییەکان و هێزە سەرزەمینییەکاندا لەسەر دوژمنایەتیکردنی کورد بەڵکو بابەتەکە زۆر لەوە مادییانەترە، کاتێک کامالیستەکان لەگەڵ هاوپەیمانەکاندا رێکەوتن کورد هێشتا کێشەی ئەوەی هەبوو چەند چالاکوانی هەیە لە ئەوروپا یەکێ لە زمانە ئەوروپیەکان بزانن، کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی تورك سەرقاڵی دروستکردنی (لۆبی)یەکانی خۆی بوو لە رۆژاوا، کە سیاسییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی خەریکی دروستکردنی هاوپەیمانیی بوون لە نێوان لایەنەکانی جەنگی جیهانیی دووەم، پێشمەرگە خەریکی سوتاندنی پۆلیسخانەکان بوون! کە ئێراق دەستی بە ئەنفال کرد کێشەی سەرەکیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان هێشتا گومرگی نێوان دیهاتەکانی کوردستان بوو (ئێستاش هەر ئەوەیە کێشەکە)، تا هەنووکەش زۆربەی کەسایەتییە سیاسییەکانی شۆڕشی چەکداریی و نووسەرە پاشکۆیەکانیان نەك هەر لەوە تێبەگەیشتوون کە ناسریی (جەمال عەبدولناسر) سەرچاوەی بیری فاشیزمی عەرەبییە دژی کورد بەڵکە زۆر بە شانازییشەوە سەرسوڕمان و خۆشەویستیی خۆیان دەردەبڕن بۆ ناسرییەکان و دادگەریی رەگەزپەرستیکی وەك جەمال عەبدولناسر، زۆربەیان تەنانەت هەستیان بەوە نەکردوە کە بەعسیزم چ ئایدیۆلۆژییەکی رەگەزپەرستانەی عەرەبیی ترسناکە، دەیانەوەێ بڵێن کێشەکە تەنیا درندەیی باڵە سەدامییەکەی بەعسە! بەو شتانە دەردەکەوێ کە شۆرشی چەکداریی لە ئاسانترین و روونترین خاڵە سەرکییەکانی شەڕە راستەقینەکە نەگەیشتوە، واتە ئەو شۆڕشە چەکدارییە جگە لەوەی خۆی لە شەڕە رۆشنبیرییەکە دزیوەتەوە هەر نەشیتوانیوە خۆی لە بیری فاشیزمی راستەوخۆی ناسیۆنالیزمی عەرەبییش پاك بکاتەوە (وەک ناسریزم و بەعسیزم)!

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک