٣\٦\٢٠١٣
ئەو
چیڕۆکەی پێویستە بخوێندرێتەوە؟!

ستار محەمەد قادر
زۆر چیڕۆک هەیە کورتە بەڵام دەوڵەمەندە بە تاقیکردنەوەیەکی گەورە، هەشە
هێندە دوورو درێژو بێ تامە، جگە لەوەی هیچ سوودێک بە بیسەر یان خوێنەر
ناگەیەنێت، تەنها کاتت پێدەکووژێت، ژیانی هەر یەکێک لە ئێمە بۆ خۆی
چیرۆکێکەو گوزارشت لە دونیا بینی و ئاستی تێفکرینی ئێمە دەکات، مرۆڤ
هەیە کاتێکی کەمت پێدەدات، لێ سوودێکی گەورەت پێدەگەیەنێت، هەشە کاتێکی
زۆرت لێدەگرێ، بەبێ ئەوەی هیچ وانەیەک لێیەوە فێر ببیت، تا ئێستا چەند
جارێک بە خزمەتی مامۆستایەک گەیشتووم، کاتێکی کەم بەڵام بە چیرۆکی پڕ
مانا سەرسامی کردووم، دوا دیدارم قسەمان لەسەر سایکۆلۆژیای ئینسان کرد،
وا دیارە پارتە کوردیەکانیش بەدەر نین لەو سایکۆلۆژیایە، راپرسی لەسەر
دەستوورو بەرگریکردن و تانە لێدانی، گوزارشت لە زۆر شتی شارراوە دەکات،
کە پارتە کوردیەکان لەڕێی گەمە کردن بە زاراوەکانەوە بەشێوەیەکی
ناڕاستەوخۆ ئەوەی دەیانەوێت بیڵێن، نایڵێن و بە یەکتری دەفرۆشنەوە، هەر
چەندە ئەوە جێگەی خۆشحاڵیە دوور لە تووندو تیژی قسە لەسەر بابەتێکی وا
هەستیار دەکرێت، لێ ئەوەی نا شەرعیە ناکرێت گەمە بە چارەنووسی گەلێکەوە
بکرێت و پارتێکی سیاسی بیەوێت هەموو شتەکان لەڕێی رەهەندە فیکریەکەی
خۆیەوە وێنەی بۆ بکێشێت!
کێ لە ئێمە هەیە ناوی لوقمانی حەکیمی نەبیستێت، بەر لەوەی بکەوێتە لای
حەزرەتی داودەوە، بە چەند دەستێک وەکو کۆیلە فرۆشراوە، هەر چەندە باس
لەوە دەکەن لوقمانی حەکیم روخسارێکی زۆر ناشیرینی هەبووە، بەڵام ناخێکی
جوان و دەوڵەمەند، دەگێڕنەوە رۆژێک حەزرەتی داود داوا لە لوقمان دەکات
ئاژەڵێکی بۆ سەر ببڕن، لە خۆشترین شوێنی دوو شیش گۆشتی بۆ ببرژێنێت،
لوقمانی حەکیم شیشێک لە زوبانەکەی و شیشێکیش لە دڵەکەی دەبرژێنێ و
دەیبات بۆ حەزرەتی داودوو پێیدەڵێ: گەورەم ئەمە خۆشترین شوێنیەتی بۆتم
هێناوە، پاش ماوەیەکی تر دیسان داوای ئەوە لە لوقمان دەکات، تا
ئاژەڵێکی دیکە بۆ سەرببڕن، بەڵام ئەمجارەیان لە ناخۆشترین شوێنی دوو
شیشی بۆ ببرژێنێت، دیسانەوە لوقمانی حەکیم لە دڵ و زوبانەکەی بۆ
دەبرژێنێ و بۆی دەبات، حەزرەتی داود تەماشا دەکات هەر لە دڵ و
زوبانەکەی بۆ هێناوە، بۆیە لە لوقمان دەپرسێت: من داوای خۆشترین شوێنیم
کرد تۆ دڵ و زوبانیت بۆم هێنا، داوای بێ تامترین شوێنیم کرد، هەر لە دڵ
و زوبانەکەت بۆ هێناوم؟! لوقمانی حەکیم دێتە وەڵام و دەڵێ گەورەم: ئەم
دوو شوێنە خۆشترین و بەتامترین شوێنن ئەگەر جوان بەکاریان بهێنین، لە
هەان کاتدا ناخۆشترین و بێکەڵکترین شوێنن ئەگەر خەراب بەکاریان بهێنین،
حەزرەتی داود باوەڕ بەو قسانەی لوقمان دەکاو دەستخۆشی لێدەکات!
بەڵێ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەیبینین، گوزراشت لەوە دەکات ئێمەی
کورد تا ئێستا نەمانتوانیوە یان نەمان ویستووە زوبان و ناخمان
بەشێوەیەکی جوان بۆ گوزارشت کردن لەویترو یەکتری قبووڵکردن بخەینە کار
یان بەکاریان بهێنین، هەر حزبەو دەیەوێت هەوادارانی لەسەر درووستکردنی
وێنەی ناشیرین بۆ ئەوی تر رابهێنێ و ئاراستەی بکات، بۆیە هەرگیز نابێت
بەوە قەڵس ببین کاتێک سەرکردەی پارتێک تا چ ئەندازەیەک بە خەم
میللەتەکەیەوە بێ و بەردەوام بەرگری لێ بکات، لە لایەن ئەویترەوە کەم
بایەخ ببینرێت!
ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بۆ ئەوە نیە گەشە بە پرۆسەی دیمۆکراتی بدەین،
بەڵکو کارکردنە بۆ مانەوەی پارتێک لە گۆڕەپانی سیاسیدا لەڕێی بارگاوی
کردنی هەوادارانی بە نەخۆشی دەروونی، ترس لە لەدەستدانی دابەزینی کێرڤی
جەماوەری وای لە سەرکردەکانیش کردووە بەردەوام بن لەسەر هەمان میتۆد،
بۆیە کاتێک ئەو راستیەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە تۆ هەر چی بکەی، لەلای
ئەویتر هەر ناشیرینتر دەبیت، نابێت تووشی هێدمە ببین، چونکە ئەوە بۆ
زەممەنێکی دووروو درێژ دەڕوات ئێمە لە ژێر هەژموونی ئەو یەکتری
ناشیرینکردنەوە درێژە بە مانەوەی خۆمان دەدەین!
ئەگەر ئێمە هەرێمی کوردستان بە ماڵە گەورەکەی خۆمان دەزانین، دەبێت
وەکو ئەندامانی خێزانێک لە خزمەتیدا بین، ئاخر کام خێزان دەتوانێت
سەرکەوت و بێت، لە کاتێکدا لە هەوڵی یەکتری سڕینەوەدا بن، چۆن دەکرێت
چاوەڕوانی گەشە کردن و بەرەو پێش چوون لە ماڵێک بکرێت، یەکێک رەنج بداو
ئەوانی تر بەهەدەری بدەن؟ کام خێزان لە توانایدایە روویەکی زۆر جوان
بەوانی تر نیشان بدات، لە کاتێکدا نەتوانن بچووکترین کێشەیان بە
شێوەیەکی راست و رەوان چارەسەر بکەن؟! ئەگەر شەڕی نێو خۆ بووە بە
چیرۆکێک بۆ ئێمەو ئەزموونمان لێی وەرگرتووە؟! ئەی بۆ لە ژێر هەمان باری
دەروونیەوە لەویتر دەڕوانین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|