په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٠\٢٠١٧

ئەو دەمەی (کۆتایی کارە).

 

       سەمیر عەتەڵا

وەرگێرانی: سەعید عارف باپیر

((کاتێک لەو دۆڵەدا دەسگیرمان کرد ،شێوەی نەدەچوەسەر وێنە بڵاوکراوەکانی. بەزەیت بە سیمایدادەهاتەوە، جلەکانی چڵکن، بۆ دڕنی لێ دەهات، ماندویەتی کەنەفتی کردبوو. ڕیشی پڕ و هەڵبژاو. کڵاوەکەی (ئەو بێریە فەرەنسیە بەناوبانگەکەی) پیس و تۆزاوی. پاڵتۆیەکی شینی بێ قۆپچەی کردبوو بەسەر بەرگە سەربازییەکەیدا، لە بری پێڵاو پارچەیەک پێستەی ئاژەلی کردبووە پێتاوی خۆی، جووتێک گۆرەوی لە پێدا بوو هەریەکەیان لە ڕەنگێک. لەو بێ ماڵ و لانەوازانە دەچوو کە عەرەبانەی دەستیی پاڵدەدەن لە شەقامی شاراندا.


گوللەیەک لە مەچەکی (چێڤارا) درابوو ئەو کاتەی ویستبووی لەگەڵ پیاوەکانی لە شیوەکەوە دەرباز بێ. گوللەیەکیش کڵاوەکەی بڕیبوو. چێڤارا بە یەکجاریی داڕماو و نائومێد بوو. هەر کە گوێی لێ بوو فەرمان دەدەم بە هاتنی سەربازی زیاتر بۆ شوێنەکە، گوتی: ''هێی نەقیب پێویست ناکا، کارمان کۆتایە.'')).


گاری برادۆ ساڵمۆن ئەفسەری سێ ئەستێرەی پۆلیڤی بەو جۆرە دوا ساتەکانی ژیانی ئەرنستۆ چێڤارا دەگێڕێتەوە, بەناوبانگترین جەنگاوەری شۆڕش لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم. لە یەکێک لە دارستانەکانی پۆلیڤیادا. لە ٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٧دا.


چێڤارا خۆی ڕادەستی هێزی دەوڵەتی کرد کە نمایندەیەکی دەزگای (سی ئای ئەی)یان لەگەڵ دابوو هاوتا بە بڕیاری نابووتکردنی ژیانی. لە ڕۆژی دواتردا گوللەباران کرا، لاشەیان مۆمیا کرد و بە پۆدرە و دەرمان ماکیاژ کرایەوە هەتا ئەوانەی لە جیهاندا پێی سەراسیمە بوون باوەڕ بکەن ئەوە وێنەی راستەقینەی ئەوە.


دواتر مێژوونووسان بە مێجەر (سالمون)یشەوە باوەڕیان کرد بەوەی چێڤارا وەکو یولیوس قەیسەر، بەر خەنجەری ناپاکیی کەوت، هەمووان دەوریان چۆڵکرد: لە ئەمەریکاوە کە ویستی ئیتر شۆڕشەکانی ئەمەریکای لاتینی بکوژێنێتەوە، لە کاسترۆی هاوەڵی کاتێک کەوتە ژێر گوشاری شوورەوی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی (گەریلایی) لە کیشوەرەکەدا، لە مۆسکۆوە کاتێک ئیتر ویستی جەنگی سارد لەگەڵ واشنتۆندا بگوێزێتەوە بۆ وێستگەکانی تر.


ئەو بڕیاری دا، وەکو خەونبینێک، درێژە بە شۆڕش بدا: نە کووبا ئامادەی پێشوازییکردن بوو لە خۆی و شۆڕشەکەی، نە خۆی ئامادەی گەڕانەوە بوو بۆ ئەرجەنتین نیشتمانی دایک. هەر لە دوای دەرچوونی لە کۆلێژی پزیشکیی، ژیانێکی ئارامی بۆ هەموار نەدەکرا. کاتێک لە ئێستاکەماندا گەواهینامەی نەقیب سالمۆن دەخوێنینەوە، دەبینین چێڤارا جەنگاوەری کووبا و ئەفەریقا، کاتێک دەچێ بۆ دارستانەکانی پۆلیڤیا لەگەڵ دەستەیەکی کەم لەو پیاوانە و هەندێک چەکی کەم. ئەو کاتەی گوتی (کارمان کۆتایە) مەبەستی کۆتاییهاتنی کەسی خۆی نەبووە، بەڵکو مەبەستی کۆتایی ئەو شۆڕشە بووە کە دەستیپێکردبوو..

_____________________________
سەرچاوە: رۆژنامەی  (ئەلشەرق ئەلئەوسەت)

www.aawsat.com/home/article/1048721/%D8%B3%D9%85%D9%8A%D8%B1-%D8%B9%D8%B7%D8%A7-%D8%A7%D9%84%D9%84%D9%87/%D8%B9%D9%86%D8%AF%D9%85%D8%A7-%C2%AB%D8%A7%D9%86%D8%AA%D9%87%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D8%B1%C2%BB

 

ماڵپه‌ڕی سه‌عید عارف باپیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک