په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\١٢\٢٠٠٩

ئەو دەمەى منداڵێک پاش هەڵاتنى لەدەست پۆلیسێک چاوەڕوانى ڕەحمەتى زللەکانى باوکێتى!
- گوزەرێک بە ناو ژیانى منداڵانى ئیشکەردا ..... لەنگەرێک لەپاڵ بەسەرهاتەکاندا -


گەرمیانى حەمەى‌پوور


ڕۆژنامەنووسەکەى هاوڕێم خێرا خۆى کرد بەژوورەکەمداو بەڕووخسارێکى تێکچووەوە بێ سڵاو کردن پرسى "گەرمیان کامێراکەت پێیە؟" بەنەخێر وەڵامم دایەوەو کەوتمە بەر ڕەخنەو بۆڵەبۆڵەکانى "تۆکەى ڕۆژنامەنووسى؟ ئاخر چۆن کامێرات پێی نییە؟"!!


دەى با تێبگەم چی بووە؟ سەباحى هاوڕێم کە بۆ خۆى چەند ساڵێک لە لانەى منداڵانى کوردستان ئۆفیسی کەلار کاریکردووەو یەکێکە لەو کەسانە بەرگرى لە مافەکانى منداڵان دەکات و ئێستاش لەگەڵ ئەوەى پیشەى مامۆستایە کارى ڕۆژناگەرى دەکات، پێی وتم وەردەرەوە بزانە چی ئەبینى؟! منداڵک کە عەرەبانەیەکى دەستگیڕى پێ بوو پۆلیسەکانى لیژنەى ئەمنى بەدواى کەوتن و ئەمیش تەنها بۆ ئەوەى نەکەوێتە دەستیان و عەرەبانەکەى دەستى بەسەرا نەگیرێت و لەماڵەوەش بەر ڕەحمەتەى ئیدانە کردن و لێدانەکانى باو کى نەکەوێت هەر وەکو دزیی لە بانکێک کردبێت ولە دەست پاسەوانەکان هە ڵبێت، بەعەرەبانەکەوە هەڵات و پۆلیسەکانیش دواى کەوتن، بەڵام عەرەبانەکەى بەلادا کەوت و هەموو خەیارەکەى سەر عەرەبانەکەى ڕژرا.


فریادى تەمەن یازدە ساڵ کە بەڕووخسارێکى خەمناک و پڕلەترسەوە بەدیار خەیارە ڕژاوەکەى و عەرەبانەکەیەوە وەستابوو هیچى پێ نەدەوترا، جار بەجار یەک دوو خەیارێکى هەڵدەگرتەوە هەرچى پرسیارم لێدەکرد وەڵامى نەبوو ئەوەندە نەبێت کە وتى "تەمەنم یازدە ساڵە" و ناوى خۆشى پێ نەوتین "لە ترسى ماڵەوە"، ڕازى بوو بەوەى ناوى فریادى بۆ دابنێین، هەر بەدیارییەوە وەستابووین و خەریکى وێنەگرتنى دیمەنە نەخوازراوەکەى ئەو بووین بە کامێراى مۆبایلەکانمان، لەو کاتەدا، هاوکات لەگەڵ گەشتنى منداڵێکى کەمێک لەخۆى گەورەتر واتە ئیشکەرێکى ترى گوزەرەکەیدا، پۆلیسەکانى لیژنەى ئەمنیش گەشتنە ئەوێ و قیڕاندیان بەسەر فریاددا بەوەى کە هەوڵى هەڵاتنى داوە لەدەستیان، هاوڕێکەى فریادیش کە ئەو دیمەنە تەواو نیگەرانى کردبوو بەدەنگى بەرز ئەیوت "ئەمانە تەنها بۆ بێدەسەڵاتەکان ئازان".


ئەوەى کە منى نیگەران کردبوو ئەوە نەبوو کە بۆچى ئەم منداڵانە کار دەکەن چونکە من و دەیان ڕۆژنامەنووسى تر ناتوانین بەدەیان و سەدان و هەزاران ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژو وتار نوسین ئەو دیاردە نەهێڵین بەڵکو ئەو نیگەرانییەى فریاد منیشى نیگەران کردبوو کە لە ترسى ئیدانە کردنەکانى باوکى ترس لە لێدان و زللەو تێهەڵدانەکانى باوکى کە ئەگەر ببیستێتەوە چی بەسەر دێنێت، فرمێسک لە چاوەکانیدا قەتیس مابوو! "ناوى خۆم نایەژم....... باوکم بزانێ هەر ئەمکوژێ" ئەم دێڕە ئەوەى بیر خستمەوە کە ئێوارانێک لەگەڵ هاوڕێکانم لە ناوجەرگى بازار وەستابووین لەو کاتەدا دەنگى گریانى منداڵێک کە تێکەڵ بوو بە "تووخوا باوکە توخوا باوکە"ى ئەو و "ئەوە چی بوو و ئەوەى چییەو ئەوە کێیە"ى خەڵکەکە گفتوگۆکەى پێ بڕین و نزیک تربووینەوە دیتمان باوکێک لەمنداڵە تەسبیح فرۆشەکەى خۆى دەدات بەڵام خەڵکەکەش مافیان بەسەرەوە نەبوو "کابرا منداڵى خۆیەتى و لێی دەدات، بزانە چی کردووە" بەرپرسێکى لانەى منداڵان و جێگرى داواکارى گشتیش لەو نزیکانە بوون، پاش تۆزێک لەوەستان جارێکى تر باوکەکە کەوتەوە لێدانى منداڵەکەى و گوێی بەقسەکانى داواکارى گشتى (کە لەوێ تەنها هاوڵاتییەکە) نەدا ئێمەش کەوتینە پرسیارکردن ئاخۆ بزانین ئەو کابرا شێتە یان چ کارێکى بەسەر ئەو منداڵەوە و بۆچى لێی دەدات؟ چونکە تا ئەو کات نەمانزانى باوکێتى و لەبەر ئەوە لێیداوە کە منداڵە تەسبیح فرۆشەکەى پارەى لێ دزراوە، لەو کاتە پۆلیس گەشتن و باوکەکەیان لەگەڵ خۆیان برد کە جێگرەکەى داواکارى گشتى داواى کردبوون، لەو کاتەدا ئەو منداڵە زۆر خراپتر لەوەى کە باوکى لێى دەدا دەنگى لێ بەرزبووەو هاوارى دەکرد "باوکم بەردەن، توخوا باوکم بەردەن" خەڵکەکەش پێیان ووت "ئەو لەسەر لێدانەکانى تۆ گیرا "ڕووى لە پیاوێکى تاڕادەیەک تەمەندار کردو وتى "ئاخر وەڵاهى ئەگەر قسەى پێ بکەن لەماڵەوە هەر ئەمکوژێت....".


داڕشتەنەکە لە چیرۆک ئەچێ، بەڵام ئەمە چیرۆک نییە، ئەمە سەربووردەى ئەو منداڵانەیە کە جگە لە ئیشکردنیان، خەمێکی تر بەرۆکیان دەگرێت ئەویش ترسە گەورەکەى ماڵەوە و ڕەحمەتى ئافاتەکانى بەخێوکەرانیانە.


لێرەوە پێویستە باسەکە دەست پێ بکەین:

کارکردن پێویستییە یان مەبەستێکى ترى بەخێوکەرە.


باوکێک کە خاوەنى سێ خانو و دوو عەرزەیەو ڕۆژانەکەى 75 هەزاردینارەو بە وتەى خۆى "پێویستى بەپارە نییە" دوو منداڵە تەمەن 11ساڵ و نۆ ساڵەکەى بە عەرەبانەیەکەوە لە ناو کۆڵانەکان نانەڕەق دەکرن و دەیفرۆشنەوە، ئەو باوکە پێى وتم "منداڵەکان خۆیان حەزدەکەن کار بکەن ئینجا منیش حەزەکەم کار بکەن شکور بۆ خوا پێویست بە پارە نییە، بەس توخوا لێیان گەڕێم لە ناو مناڵا شەڕەشەق بکەن باشە یان فێرى کەسابەت بن بۆ خۆیان، بالە ئێستاوە فێرى کار کردن ببن و خوێڕى دەرنەچن"، بەڵام ئاخۆ کەسێک هەیە پێویستى بە پارەى منداڵەکەى بێتى کە کارى بۆ بکات و بژێوى ژیانى دابین بکات؟


ئاریان ڕەئوف بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى مافى مرۆڤ لە گەرمیان لەو بارەوە ئاماژەى بەوە کرد کە " زۆر بەى خێزانەکان بارى داراییان لەو ئاستەدا نییە کە پێویستیان بە کارپێکردنى منداڵەکانیان، بەڵام بۆ ئەوە کارى پێدەکەن بۆ داهاتووى خۆى بتوانێت کارێک بکات و پشت بە خۆى ببەستێت نەک دەورووبەرەکەى، واتە خێزانەکەى کارپێکردن بە قۆناغى ڕاهێنان دادەنێت بۆ ئایندەى منداڵەکەى".


توێژەرێکى دەروونى کارکردن بە منداڵان بە دوو جۆر دابەش دەکات، نیشتمان جەمیل ئێژێ " ئێمە دوو جۆر منداڵمان هەیە، منداڵێک کە بەزۆر کارى پێ دەکرێت، منداڵێکیش کە بۆ خۆى کار دەکات، بەڵام بە شێوەیەکى ناڕستەوخۆ فشارى مالەوەى لەسەرە، منداڵان لەقۆناغێکدا نین کە هیچ تموحێکى ماددییان هەبێت، بەڵام بەشێک لە منداڵان لەماڵەوە وایان لێ دەکرێت کە بۆ خۆیان تموحێک بخرێتە بەردەستیان واتە ناڕاستەوخۆ ماڵەوەى کارى پێ دەکات".

کاریگەرى کارپێکردن لە سەر منداڵ.


بەرپرسەکەى مافى مرۆڤ لەم ڕووەوە ووتى "کارکردن بەمنداڵ کاریگەرى دەروونى خراپى لەسەر منداڵەکە دەبێت بەتایبەت کاتێک منداڵێک سەیر دەکات دراوسێکەشى لە ڕوویی داراییەوە لەگەڵ خێزانەکەى خۆى جیاوازى نییە کە منداڵەکەى ئەوان خۆشگوزەرانترەو کارناکات و هەلى خوێندنى زیاترەو بەشدارى چالاکییەکانى ڕۆژانەى منداڵان دەکات لە سەنتەرەکان و شوێنەکانى تایبەت بە منداڵان و ئەم لێیان بێ بەشە، ئەمەش وادەکات کە کاریگەرییەکى دەروونى زۆر خراپى هەبێت".


لە ڕووى کۆمەڵایەتیشەوە پسپۆرێکى بوارى کۆمەڵناسى پێی وایە کاریگەرى کۆمەڵایەتى زۆر خراپى لێ دەکەوێتەوە لە سەر خودى منداڵان دواتر گەورە بوونیشیان، مامۆستا سەرحەد محەمەد مامۆستاى کۆمەڵناسى لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى کەلار ووتى " کاریگەرى ئیش کردن لەسەر منداڵانى ئیشکەر چ لە کاتى خۆیداو چ لەکاتى گەروبوونیدا گەلێک دەرەنجامى خراپى لەڕووى کۆمەڵایەتییەوە لێ دەکەوێتەوە، منداڵى ئیش کەر زۆر جار لەگەڵ کەسانێکدا کرا دەکات کە خاوەنى پێگەیەکى کۆمەڵایەتى باش نین ئەمەش وادەکات بە تێکەڵ بوونیان یان بە کارکردنیان لەگەڵ ئەو کەسانە تووشى لادانى کۆمەڵایەتى بن".

ئەنجامەکانى توێژینەوەیەک.


ئەنجامى توێژینەوەیەکى مەیدانى لەسەر منداڵانى کار پێکراو لەگەرمیان کە هیوا محەمەد ئەنجامى داوە چەند لایەنێکى وەکو هۆکار بۆ کارپێکردن باس کردووە لەوانە (هۆکارى کەلتوورى،هۆکارى ئابوورى، هۆکارى بازرگانى، هۆکارىکۆمەڵایەتى، هۆکارى ئەنفال و ڕووخانى گوندەکان،نەبوونى چاودێرى خێزانهۆکارى دەروونى).


بە پێی توێژینەوەکە 30%ى منداڵانى ئیشکەر لە خوێندن دوورکەوتوونەتەوە، 10%باوکیان نییەو نزیکەى 4%یشیان دایکیان نەماوە 3% کارى دەستگێر دەکەن و 39%ى تریان شاگردى دەکەن و نزیکەى 2%یشیان شوان و گاوانن 23% لە 1_4 کاتژمێر کاردەکەن و 20%یش زیاتر لە 12 کاتژمێر کاردەکەن هەروەها 39،5%پارەکەى هیچى بۆ خۆیان نییەو لەبەرامبەردا 49% نیوەى بۆ خۆیانەو 15،5%ى تریشیان هەموو پارەکەیان بۆ خۆیانە هەر بە پێی ئەو توێژینەوەیە 34،5% کارى قورس دەکەن و ئەوەشى زۆر گرنگە ئەوەیە کە 50% ئەو منداڵانە لەلایەن دایکان و باوکانیانەوە دەنێردرنە بەر کارکردن11%ى تریشیان ئەندامانى ترى ماڵەوەیان دەیان نێرن هیچ منداڵێکیش ڕۆژانەکەى لە 10هەزار تێپەڕناکات.

بەکار هێنان بۆ کارى سێکسی.


زۆر جار سکاڵا لەسەر ئەو حاڵەتانە تۆمار کراوە کە منداڵانى ئیشکەر لەلایەن خاوەن کار یان کەسانى ترەوە بە زۆر یان بە پێدانى بڕێک پارە ئیستغلال دەکرێن بۆ کارى سێکسى یان زۆر جار ئەو ئەو منداڵا بە شاراوەیی دەیهێڵنەوە و باسى ناکەن هەندێک جاریش ڕەنگەوەکو خوویەکى لێ بێت لەلایەن ئەو منداڵانەوە کە بەکا ئەهێنرێن.


ئاریان ڕەئوف لە بارەى ئەو حاڵەتانەوە ئێژێ " من بۆ خۆم نەمبیستووە واتە منداڵێک نەهاتووەتەلام کە ئیستغلال کرابێت بۆ کارى سێکسى، بەڵام دەکرێت ئەو حاڵەتەش هەبووبێت ئەگەر نەشبووبێت بە دڵنیاییەوە ڕوو دەدات چونکە ڕەنگە لەدەرەوەى ئیشەکەى هەست بە تەماعى زیاتر بکات، دواجار ڕەنگە قوربانیان شتەکەیان لا ئاسایی بێتەوەو بیکەن بە خوو"، بەڵام مامۆستا سەرحەد ئاماژە بەوە دەکات کە " زۆرجار ئەو مندڵانە تووشى دەستدرێژى سێکسى دەبنەوە ".

پەنا بردن بۆ سواڵ کردن.


مامۆستا سەر حەد باس لەوەش دەکات کە ئەو منداڵانە زۆر جار تووشى زەرەر کردن ئەبنەوە لەو شتانەى کە ئەیفرۆشن و ئەمەش وادەکات لە ترسى ماڵەوە پەنابەرنەر سواڵ و ئێژێت " ئەو منداڵانە کە دەنێردرنە بەر کارکردن لەماڵەوە داواى ئەوەیان لێ دەکرێت کە ئێوارە گەڕانەوە ماڵەوە بڕێک پارەیان پێ بێت، بەڵام هەندێ جار ڕوو دەدات منداڵەکان ئەو شتانەى دەیفرۆشن ئەگەر خۆیان بیخۆن یان دزیان لێ بکرێت یان فرۆشتنى ساردەمەنییەکان بتوێتەوەو بەهەشێوەیەک نەتوانن ئەو بڕە پارەیە بدەنەوە ماڵەوەو لە ماڵیشەوە تووشى لێدان و لێ پرسینەوە دەبن، ئەمەش وادەکات کە ئەوانە پەنا بۆ سواڵ کردن ببنەو دواجار کەسانێکى دەرۆزەکەریشیان لێ دەدەچێت".

کارکردن لە دەرەوەى توانا.


بەڕێوەبەرى مافى مرۆڤ لە گەرمیان ئاشکراى دەکات زۆرجار منداڵ کارێکى پێ دەکرێت کە لەدەرەوەى تواناى جەستەى ئەوەو ئێژێت " من پێم وایە نەک هەر لە ڕووى سێکسییەوە بەڵکو لە ڕووى کارپێکردنى قورسیشەوە منداڵان ئیستغلال دەکرێن، هەندێ جار دەبینیت منداڵێک لە بەردەستى وەستایەک کار دەکات کارى پێدەکات کە چوار ئەوەندەى تواناى منداڵەکە زیاتر وەستا هەیە کارێک کە خۆى ناتوانێت بیکات بەمنداَڵەکەى دەکات کە بۆى بکات".

لادانە کۆمەڵایەتییەکان.


پسپۆڕەکەى بوارى کۆمەڵناسى چەند لادانێکى کۆمەڵایەتى دەخاتە ڕوو کە منداڵانى ئیش پێکراو گیرۆدەى دەبن و وتى "دەبینین زۆربەى ئەو کەسانەى کە مەیخۆرو جگەرەکێش و بەکارهێنەرى مادە سڕکەرو هۆشبەرەکانن ئەو کەسانەن کە باکگراوندێکى ئیشکردنیان لە مندالێدا هەیە، هەروەها ئەو منداڵانە بەو حوکمەى کە زۆر جار لەگەڵ کەسانێکى خراپ کار دەکەن و ڕەنگە بۆ خۆیان ڕووبەڕووى توندوتیژى ببنەوە، کەسانێکى توندوتیژیان لێ دەردەچێت، جگە لەمانەش کە بەرتوندو تیژى و لادانى کۆمەڵایەتى و بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر دەبنەوە".

منداڵان چى ئەڵێن؟


لە میانى ئەم ڕاپۆرتەدا چەند منداڵێک بە تەمەنى جیاواز لە کارى جۆربەجۆر دوێنراون کە هەموویان جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە خۆیان ئارەزوویان بۆ کارکردن نییەو هەندێکیشیان رەتیان دەکردەوە کە فشارى زۆرى ماڵەوە لەسەر بێت لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەیان دانیان بەوەدا دەنا لەماڵەوە زۆر پێویستیان بەوە نییە کە ئەمان کاریان بۆ بکەن بەڵام بە بیانووى جیاجیا کاریان پێ دەکرێت و هەندێکیشیان ئاماژەیان بەوە دەدا کە بۆ ڕۆژانەى خۆیان و پێویستییەکانى وەرزى خوێندن و خەرجى ماڵەوە کاردەکەن، هەوەک چەند منداڵێکیشیان ئەوەیان نەشاردەوە کە کارەکەیان زیاتر لە تواناى خۆیان بەڵام ناچارن و ئەبێت کار بکەن، لەبەر درێژ نەکردنەوەى زۆرى بابەتەکە بە پێویستمان نەزانى یەکبەیەک ناوو قسەکانى هەموو ئەو منداڵانە بخەینە ڕوو.

مافەکانى منداڵان چییە؟


ڕێککەوتننامەى نێودەوڵەتى تایبەت بە مافەکانى منداڵان بە بڕیارى 44/25ى کۆمەڵەى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە 20/11/1989 متمانەى پێ بەخشرا، بەڵام لە 2/9/1990 دەست کرا بە جێبەجێ کردنى و لە پەنجاو چوار ماددە پێکدێت.


لە مادەى نۆزدە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە "دەوڵەت دەبێت منداڵ بپارێزێ لە هەموو جۆرە بەد ڕەفتارى و لێدان و زۆر لێکردنێک لە لایەن باوان و بەخێوکەرانى ترى منداڵەوەو، یارمەتى قوربانیانى ئەم جۆرە کارانە بدات".


بەم پێیە دەوڵەت دەتوانێت ڕێگر بێت لەو کارانەى کە بەزۆر بەمنداڵان دەکرێت و دەوڵەت لەم ڕووەوە مافەکانى منداڵ بپارێزێت.


پسپۆران لە ئاماژەدان بە دەرەنجامەکانى کارکردن بە منداڵان جەخت لەسەر دواکەوتنى گەشەى جەستەیی و عەقڵى و ژیانى نەگونجاو لەگەڵ تەمەندا دەکەنەوەو لەم ڕووەشەوە ماددەى بیست و حەوتى ڕێککەوتننامەکە دەڵێ "هەموو منداڵێک مافى ژیانێکى گونجاوى هەیە لەگەڵ گەشەى جەستەیی و عەقڵیدا بگونجێ ئەمەش ئەرکى باوانە، دەوڵەتیش ئەبێ یارمەتى بەجێگەیاندنى ئەم ئەرکە بدات".


لەگەڵ ئەمانەشدا ماددەى سی و دووى رێککەوتننامەى نێودەوڵەتى مافەکانى منداڵان تایبەت بە منداڵى کاپێکراوو دەڵێت "منداڵى ئیشکەر دەبێت پارێزراو بێت لە ئیستغلالى هەرئیشێک مەترسى بۆى هەبێت و ڕێگر بێت لە گەشەى جەستەیی و عەقڵى و کۆمەڵایەتى و خوێندن و تەندورستیدا"، ئەگەر ئەم مادەیە بەراورد بکەین لەگەڵ ئەو دەرەنجامانەى کەپسپۆران ئاماژەیان پێدا نابێت هیچ منداڵێک کار بکات، چونکە ئەوان جەخت دەکەنەوە کە هەر منداڵێک کارى پێبکرێت بەدەر نییە لەو گرفتانەى کە لەم ماددەیەدا ڕێگرى لێ کراوە.

دەرەنجامەکانى کارپێکردن.


بە پرسەکەى مافى مرۆڤ کە "دەرەنجامى کارکردن بە منداڵان کاریگەرى زۆر خراپى لێ دەکەوێـەوە لە ڕووى خوێندنەوە ڕەنگە دواى بخات، لە ڕووى تەندروستى و گەشەى جەستەیی و تەندروستییەوە دواى دەخات لەڕووى دەروونییەوە کاریگەرى سلبى دەبێت، لە ڕووى بنیاتى عەقلى و گەشەى عەقلیشەوە لە هاوڕێکانى خۆى دواى دەخات ، هەروەها دواى دەخات لەو ئامانجانەى کە هەوڵى بۆ دەدات لە داهاتووى خۆیدا پێی بگات، منداڵێکى توندو تیژی لێ دەردەچێت لە نێو کۆمەڵگادا دیارە مەبەستمان لە و منداڵانە کە بارى دارایی خێزانەکان باشە بەڵام دەیان خەنە بەرکارکردن بەشێوەیەکى گشتى منداڵانى ئیشکەر لە چالاکییەکییە کۆمەڵایەتییەکان و لە خوێندن و لە ڕووى عەقڵى و جەستەییشەوە لەو منداڵانە لاوازتر دەبن کە ناخرێنە بەرکارکردن، تەنانەت ئەوانەى کە ئیشى قورس تر دەکەن کاریگەرییەکەى لەوانە زیاترە کە کارەکانیان قورس نییە".


ئاریان درێژەى بەقسەکانى داو وتى "لەکۆمەڵگاى ئێمە منداڵان نەگەشتوونەتە ئەو ئاستەى کە بۆ خۆیان تموحى داراییان هەبێـ بەڵکو ئەو منداڵانە لە خێزانەکیانیانەوە دەرنێردرنە بەرکارکردن وابیر دەکەنەوە یان وا گۆشکراوین کە دەبێـ منداڵ هەر لە منداڵییەوە دەبێت تەماعى بۆ داهاتووى خۆى هەبێت بەڵام ئەمە کاریگەرى دەبێت لە سەر بنیاتى گەشەى منداڵان و ئەو منداڵانەى کە کاریان پێ دەکرێت، هاوەڵەکانى فێرى بەکارهێنانى کۆمپیوتەرو ئینتەرنێت ئەبێت و کەچى ئەمیش لێ بێ بەشە بەڵام ئەم بە هۆى دابڕانى لە دنیاى تەکنۆلۆژیاو ئەو یارییەانەى کە هاوەڵکى دەیکەن و ئەم لێ مەحروومە واى لێ دێت کە کەسێکى شەرمن و ترسنۆکى لێ دەربچێت بەترسەوە قسە لەگەڵ دەرووبەرەکەى دەکات بەترسەوە قسە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە پێی وایە لەخۆى زیاتر شت دەزانێ بەترسەوە مامەڵە لەگەڵ دەورووبەرەکەى دەکات بەترسەوە دەچێتە نێو قوتابخانەو بەرامبەر مامۆستاکەى".


لەم ڕووە نشیتمان ڕای وایە "دەرەنجامەکانى بەشێک لەوان منداڵى شەڕەنگێزو چاوچنۆک و بەدڕەفتارى لێ دەردەچێت جۆرە ڕەفتارێک دەکات کە هی خەڵکانى سەرجادەیەو زۆر دوورە لە تەمەنى ئەوە، منداڵێکى جنێوفرۆش و دەم پیسی لێ دەدەچێت، تەنانەت ئەوانەشى دەخوێنن بڕوانە جۆرە ڕەفتارێک لەگەڵ مامۆستاکانیان دەکەن کە زۆر هەرزەکارانەیە، یان جۆرە توانجێک لەو کچانە دەگرن کە هاوپۆلییانن یان لە قوتابخانەکانیانن، لەو سەرجادەو سەرکارانەوە فێربوون کە تێدا کار دەکەن، منداڵانى ئیشکەر بەشێکیان لە خوێندن دابڕاون، بە شێکیشیان ئەوانەن تاقێک کاریان پێ دەکرێـت و تاقێکیش دەخوێنن کە ئەمەش کاریگەرییەکى زۆرى لەسەریان دەبێت".


ئەو توێژەرە دەروونییە ئاماچەى بە هەندێ لادانى تر کردو وتى " لەکاتى زەرەرکردن لەو شتانەى دەیفرۆشن یان لەوکارەى کە دەیکەن ترس و لەماڵەوە والەو منداَڵە دەکات مندالێکى درۆزن و فێڵباز بێت نەک تەنها لە ماڵ’وە بەڵکو لە گەڵ خاوەن کارەکانیشی کەسێکى فێڵباز بێت".

چارەسەر.


نیشتمان جەمیل توێژەرى کۆمەڵایەتى بۆ چارەسەرى هەموو ئەو گرفتانە هۆشیار کردنەوەى سەرپەرشتیاران بەپێویست دەزانێ و وتى "دایکان و باوکان یان سەرپەرشتیارانى منداڵان هۆشیار بکرێنەوە لە بارەى مافەکانى مندلاًَن و زیانەکانى منداڵانى ئیشکەر لە ڕووى دەروونى و گەشەى عەقڵى و تەندروستى و گەشەى جەستەیی و لادانە کۆمەڵایەتییەکان و داهاتووى منداڵ و خووڕەوشت و گرنگى دان بە ژیانى منداڵان لە ڕووى خوێندن و ناردنیان بۆ کازیوەو سەنتەرو ڕێکخراوەکانى تایبەت بە منداڵان، و مومارەسەکردنى تەمەنى خۆیان وەک منداڵێک نەک وەکو گەورەیەک؛ و نەخستنە ئەستۆى دەیان کارى قورسى لە تواناى منداڵان بەدەر".