په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١۴\١\٢٠١٠

ئەوە کێیە لە پیرەمەگروون تەقەتەق دەکات؟!


گۆران دوکانى  

 

(دەستى دەرەکیان لەپشتە...دەستی سیاسیان لەپشتە...کۆمەڵێک کەسی نەیاربوون...دژبە بەم ئەزموونەى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستانن)... ،بەم ووشە تەقلیدیانە و کۆمەڵێک دەستەواژەى سواوى دیکە هه‌ژده‌ ساڵە دەسەڵاتى کوردى مێشکى میللەتى پڕ کردووە، لە بەرامبەریشدا لە دنیادا هیچ دەسەڵاتێک نییه‌ بەقەد ئەم دەسەڵاتەى لەمەڕ خۆمان دەستى سیاسی و دەرەکى لەپشت نەبێت و بەرپرس نییه‌ نیشانه‌ی پرسیاری لەسەر نەبێت!، ئەوەى کە لە مێدیاکاندا لەسەر سیخوڕیی و په‌یوه‌ندیی بەرپرسانى کورد لەگەڵ ڕژێمى پێشووى عێراق و ووڵاتانى بەرودراوسێ بڵاوکراوەتەوە کە بەشێکى زۆر لەو بەرپرسانە ئەمڕۆ خاوەن پۆستى باڵاى حوکمڕانیکردنن، ئاخۆ دەبێت چەند زانیاریی دیکەى نهێنى هەبێت کە تا ئەمڕۆ دەستى مێدیاکانى ڕاگەیاندن نەکەوتوون و پڕن لە فەزیحەى جۆراوجۆر؟!.


کەچى بەپێچەوانەوە دەسەڵاتى سیاسی کوردى ڕۆژلەدواى ڕۆژ دەستەواژەى بەد و ناشرین نەما نەیخاتە پاڵ خەڵکى قوڕِبەسەر و ڕەشوڕوتى ئەم هەرێمە، لەکاتێکدا کەخەڵک حەقێکى یاسای خۆیەتى لەپێناو بنەبڕکردنى گەندەڵى و نەبونى خزمەتگوزاریە سەرەتایەکان بێتەسەرجادەو نەک وەک ئەوەى کەلەخۆپیشاندانەکانى ڕابردووى شار و شارۆچکەکانى هەرێم و دواین خۆپیشاندانى شارۆچکەى پیرەمەگرووندا بینیمان کەڕێگەیەکى سەرەکى بگیرێت ،یاخود ئۆتۆمبێلێک ،یان بینایەکى حکومى بسوتێندرێت بەڵکو بەراورد بەو گه‌نده‌ڵه‌ ئیداریەى کە ئەمڕۆ بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتووە و نەبوونى یاسا و ئەو سیستەمى خەساندن و سەندنەوەى شوناس و ڕووخانى ئیرادەى تاک کەماوەى چەندساڵێکە دەسەڵاتى کوردى لەباشووردا گرتوێتیەبەر ،شتێکى زۆر ئاساییە ئەگەر بێت و یەک بە یەکى بەرپرسەکانى ئەم هەرێمە بەردباران بکرێن.


دوایین خۆپیشاندان کەلەشارۆچکەى پیرەمەگرووندا ئەنجامدرا ،ئەگەربێت و هەرکەس لەنزیکەوە و بەوردى ئاگادارى ئازارەکانى دانیشتوانى ئەو شارۆچکە بێناز و مەزڵومە بێت بێشک لەگەڵ ئەو بۆچونەى مندایە کەدەبێت یەک بەیەکى بەرپرسانى ئەم هەرێمە بەردباران بکرێن،چونکە ئەوەى ڕۆژێک لەڕۆژان لەسەردەمى شاخدا خزمەتى پێشمەرگەی کرد،ئەوەى ڕۆژانێک شوناسی کوردبون وکوردایەتى لێ یاساغ کرا، ئەوەی زێدى باوباپیرانى وێرانکراو بەزۆر ڕاپێچى ئەو ئۆردوگا زۆرەملێیە کرا، ئەوانەى کەزەمەنێک هەموو ژیان وسەروەت وسامانى خۆیان کردەقوربانى بۆهاتنەدى ئەو بەناو ئازادیەى کەئەمڕۆدەسەڵاتی کوردى لافوگەزافى پێوە لێدەدات،ئەوەى کەلەپێناو فریشتەکانى دوێنێو فایلدارەکانى ئەمڕۆى دەسەڵاتدا ئازیزانیان بێسەروشوێنکران و لەئێستشادا ڕۆژلەدواى ڕۆژ ئێسکوپروسکى ڕۆڵەکانیان دەگاتەوەدەست...زۆرینەى ئەو خێزانانەن کەلەئێستادا دانیشتوى ئەو شارۆچکەیەن و ئەمڕۆ فریشتەکانى سەردەمى شاخ لەسایەى ئەو((ئازادیو دیموکراسیەى کەپێیان وایە لەدنیادا وێنەى نییه‌)) کون بەکون شوێن منداڵە بێنازو بێباوکەکانیان کەوتون ،کەتەنهاگوناهیان ئەوەیە لەپێناو دەستەبەرکردنى سەرەتاترین مافەکانیان بۆچەند خولەکێک ڕێگایەکى گشتیان گرتو ئۆتۆمبێلێکى پۆلیسیان سوتاندو بەردبارانى بینایەکى ڕەقوتەقى ئەوشارەوانیەیان کرد کەسەرۆکەکەى لەکەناڵێکى تەلەفزیۆنەوە سوکایەتى بەهەست وشعوریان دەکات.


دەمەویت لێرەدا باس لەڕاستیەک بکەم ئەویش ئەوەیە کەجگە لە هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانى دیکەم ،بەتەنها خۆم چەندین ڕاپۆرت و هەواڵم لەهەردوو ڕۆژنامەى هاوڵاتى و ئاوێنەو هەروەها ڕادیۆى نەوادا لەسەر نەبوونى خزمەتگوزاری و گەندەڵى لەم شارۆچکەیە بڵاوکردۆتەوە،تەنانەت چەندین بەرنامەى تایبەتم لەڕادیۆى نەوادا لەسەر ئەم شارۆچکەیە ئامادەکردوە،ئەوەى کە مەبەستمە لێرەداباسی لێوەبکەم ئەوەیە ،ئەگەردەسەڵاتدارانى هەرێم خوێنەر و گوێبیستى بەتەنها هەواڵ و ڕاپۆرتى مێدیاکانى ڕاگەیاندن بووبن بەتەنها لەساڵى ڕابردوودا،((کە من دڵنیام ئاگادارى تەواویان بوون))، باش ئەو ڕاستیەیان دەزانى کەدانیشتوانى ئەوشارۆچکەیە تاسەرئێسقان لەدەسەڵات تووڕەن و بەو هۆیەشەوە خۆپیشاندانێکى ناڕەزاى توند ئەنجام دەدەن،چونکە زۆربەى ئەوهاوڵاتیانەى کەلێدوانیان بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن دەدا هەڕەشەى خۆپیشاندانیان دەکرد ئەگەربێت و بەزوترین کات داواکاریەکانیان جێبەجێنەکرێت، تەنانەت تەنها لەساڵى ڕابردوودا دانیشتوانى ئەو شارۆچکەیە چەندجارێک بەشێوەى هێمنانە لەبەردەم دامودەزگاحکومى وحیزبیەکانى ئەوشارۆچکەیەدا داواى چارەسەرى کێشەوگرفتەکانیان کرد بەڵام دەسەڵات مێشێکى میوان نەبوو، نەک وەک ئەوەى کەدواى خۆپیشاندانەکە زۆرێک لەموریدەکانى یەکێتى لەمێدیاى حیزبەکەیانەوە باسیان لەوەدەکرد کەدەبووایە ئەو خۆپیشاندانە بەشێوەیەکى هێمنانە ئەنجام بدرایە، وەلێ بەپێچەوانەوە دواى ئەوەى کە دانیشتوانى پیرەمەگروون چەندجارێک بەشێوەى هێمنانە داواى مافەکانى خۆیان دەکرد بەڵام گوێیان لێنەگیرا و دەسەڵات کابرا ووتەنى دەیگووت ئەرێ (ئەو دەنگەدەنگە لەکوێوە دێت)!!.


تەنانەت من دڵنیام دواى ئەو خۆپیشاندانەش هیچ لە بابه‌ته‌که‌ ناگۆڕێت تەنها ئەوە نەنێت کابرا ئەم جارە لەجیاتى ئەوەى بڵێت ئەو(دەنگە دەنگە)لەکوێوە دێت ،دەبێژێت ئەو(تەقە تەقە لەکوێوە دێت!!) .
 


ئەنقەرە
Goran.Dukani@yahoo.com